له سێ ده‌یه‌ی داهاتوودا زۆربه‌ی وڵاتانی زلهێزی ئابووری دنیا، له‌و وڵاتانه ده‌بن كه ئه‌مڕۆ به وڵاتانی تازه‌پێگه‌یشتوو ناسراون و پێش وڵاتانی ئه‌مه‌ریكا، ژاپۆن و ئه‌ڵمانیا ده‌كه‌ونه‌وه. وڵاتان ئه‌گه‌ر پشت به توانا و لێهاتووییان ببه‌ستن و سوود له سه‌رچاوه‌كانیان وه‌ربگرن، ده‌توانن خه‌ونی ئه‌وه به‌دی بهێنن ببنه پێشكه‌وتووترین ئابووری.
له‌وانه‌یه هه‌ریه‌ك له رووداوه‌كانی برێگزیت، كۆرۆنا و باجی گومرگی كۆمه‌ڵێك له‌مپه‌ر و كێشه‌ی ئابووری بۆ دنیا بهێننه كایه‌وه، به‌ڵام پێشبینی ده‌كرێ سه‌ره‌ڕای ئه‌و كێشه گه‌ورانه ئابووری دنیا له سێ ده‌یه‌ی داهاتوودا به خێرایی گه‌شه بكات. به پێی خه‌مڵاندنی پسپۆڕانی ئابووری، قه‌باره‌ی بازاڕه‌كانی دنیا تا ئه‌وكاته دوو هێنده گه‌شه ده‌كه‌ن له كاتێكدا به پێی پێشبینی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ژماره‌ی دانیشتووانی دنیا تا ساڵی 2050 له 26% زیاتر گه‌شه ناكات.
هه‌ندێك وڵاتی تازه‌پێگه‌یشتوو، جێی وڵاتانی زلهێزی ئه‌مڕۆ ده‌گرنه‌وه.
ئه‌م گه‌شه ئابوورییه كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاریی گه‌وره به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت و له‌وانه‌یه زۆر له چاودێران و پسپۆڕانی ئابووری له‌سه‌ر هه‌موو پێشبینییه‌كان هاوڕا نه‌بن، به‌ڵام له‌سه‌ر ئه‌وه هاوڕان زۆر له‌و وڵاتانه‌ی ئێسته به وڵاتانی تازه‌پێگه‌یشتوو هه‌ژمار ده‌كرێن، له داهاتوودا رۆڵی وڵاتانی زلهێزی ئابووری دنیا ده‌گێڕن و جێی وڵاتانی زلهێزی ئه‌مڕۆ ده‌گرنه‌وه.
كۆمپانیای خزمه‌تگوزاریی پسپۆڕیی نێوده‌وڵه‌تیی pwc له راپۆرتێكدا له ژێر ناوی دنیا له ساڵی 2050دا پێشبینی كردووه له حه‌وت وڵاتی زلهێزی ئابووری دنیا، له ساڵی 2050 شه‌شیان له‌و وڵاتانه ده‌بن كه ئه‌مڕۆ به وڵاتانی تازه پێگه‌یشتوو هه‌ژمار ده‌كرێن و وڵاتانی زلهێزی ئابووری ئه‌مڕۆ ئه‌و رۆڵه‌یان نامێنێت و له ریزبه‌ندییه‌كه‌دا دوا ده‌كه‌ون.
ژاپۆن له ریزبه‌ندی چواره‌وه بۆ هه‌شت داده‌به‌زێت
ئه‌مه‌ریكا له ریزبه‌ندی دووه‌مه‌وه بۆ سێیه‌م داده‌به‌زێت. ژاپۆن له ریزبه‌ندی چواره‌وه بۆ هه‌شت داده‌به‌زێت. ئه‌ڵمانیا له ریزبه‌ندی پێنجه‌مه‌وه به‌ره‌و ریزبه‌ندی نۆیه‌م داده‌به‌زێت. به پێی پێشبینییه‌كه ته‌نانه‌ت وڵاتانێكی وه‌ك ڤێتنام، فیلیپین و نایجیریاش به رێژه‌یه‌كی به‌رچاو گه‌شه ده‌كه‌ن.
چین
ئه‌گه‌ر بنه‌مای لێكدانه‌وه ئابوورییه‌كان ppp بێت كه جیاوازی نرخ له وڵاتانی دنیا له‌به‌ر چاو ده‌گرێت، هه‌ر ئێسته چین گه‌وره‌ترین ئابووری دنیایه. له چه‌ند ده‌یه‌ی رابردوودا ئاسیا توانیویه‌تی باش پێش بكه‌وێت، به‌ڵام پسپۆڕان ده‌ڵێن جارێ ئه‌مه لێلێیه و هێشتا لۆلۆ ماوه.
هاووڵاتییانی چین رۆژ به رۆژ زیاتر هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ن وڵاته‌كه‌یان به‌ره‌وپێش ده‌چێت و ئابوورییه‌كه‌یان گه‌شه ده‌كات. ره‌وان كول نووسه‌ری زنجیره په‌رتووكی "چینی له یه‌ك خوله‌كدا” ده‌ڵێت، "ماڵی من له پاركی پیشه‌سازی سوژووه كه له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا پڕ بووه له ماركێت و پارك و رێستورانت و شوێنی گه‌شتیاری، له كاتێكدا 15 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر كاتێك بۆ یه‌كه‌م جار هاتمه چین شوێنه‌كه چۆڵه‌وار بوو و ئه‌وه‌ش مشتێكه له خه‌ڵواری گۆڕانكارییه خێراكانی چین”.
هاوكات جۆن پابون دامه‌زرێنه‌ری كۆمپانیای راوێژكاریی كۆلكروم له شانگهای ده‌ڵێت، ئه‌و عه‌قڵه‌ی به‌سه‌ر شانگهای چیندا زاڵه، كار و كاسبی و داهێنان و بازرگانییه له ورده‌واڵه فرۆشه‌كانی بازاڕه‌وه بگره تا ده‌گاته ئه‌و مۆتۆڕسكیلانهی له پشت ترافیك لایتهكانهوه وه‌ستاون، له ماسیفرۆشهكانهوه بگره تا ده‌گاته ئه‌و كارمه‌ند و كرێكارانه‌ی له دره‌نگانێكی شه‌و له نووسینگه و كارگه‌كانیان خه‌ریكی كارن، هه‌موویان بیر له یه‌ك شت ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌ویش پێشكه‌وتنه. خه‌ڵك حه‌ز ده‌كات گوێت لێ بگری و رێنوێنیت پێ بدات به پێچه‌وانه‌ی نیویۆرك كه خه‌ڵكێكی پارێزگاریخوازی هه‌یه.
هیندستان
به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌ی pwc ئابووری دووه‌م وڵاتی پڕحه‌شیمه‌تی دنیا له سێ ده‌یه‌ی داهاتوودا گه‌شه‌یه‌كی به‌رچاو به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت، تێكڕای گه‌شه‌ی سه‌رووی 5% ده‌بێت و له ناو وڵاتانی تازه پێگه‌یشتوودا خێراترین گه‌شه‌ی ئابووری ده‌بێت. پێشبینی كراوه له سێ ده‌یه‌ی داهاتوودا هیند پێش ئه‌مه‌ریكا بكه‌وێت و ببێ به دووه‌م گه‌وره‌ترین ئابووری دنیا، 15% له كۆی داهاتی نه‌پاڵاوتووی ناوخۆیی دنیا داگیر بكات.
ساوراب جینداڵ دانیشتووی هیند و به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌پلیكه‌یشنی تاك تڕاوڵ ده‌ڵێ "له كۆتایی سه‌ده‌ی بیسته‌می زاینی، من به مانای ته‌واوی وشه بۆم ده‌ركه‌وت گۆڕانكاری یانی چی و ئه‌وه‌م له پێش چاوی خۆم له هیندستان بینی. گه‌شه‌ی ئابووری به ته‌واوی گۆڕانكاری به‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵكدا هێناوه. خانووه‌كان خۆشتر بوون و مۆبایل و پێداویستییه‌كانی رۆژانه‌ی خه‌ڵك زۆر پێشكه‌وتووتر بوون. هه‌رچه‌نده داهاته‌كان به یه‌كسانی دابه‌ش نه‌كراون و گۆڕانكارییه‌كان گشتگیر نه‌بووه له‌سه‌ر دانیشتووانی هیندستان به‌ڵام كۆی گه‌شه‌كه به‌رچاوه.
تا ئه‌و كاته‌ی ژنانی هیند له شوێنه گشتییه‌كان سه‌لامه‌ت نه‌بن، نابێ باس له پێشكه‌وتن بكرێت.
هه‌رچه‌نده نامیتا كۆلكارنی وێبلاگنووس پێی وایه گه‌شه‌ی هه‌ر وڵاتێك له‌سه‌ر بنه‌مای رێزگرتن له مافی هاووڵاتیی ده‌پێورێت و تا ئه‌و كاته‌ی ژنانی هیند له شوێنه گشتییه‌كان سه‌لامه‌ت نه‌بن، نابێ باس له پێشكه‌وتن بكرێت.
به‌رازیل
به‌رازیل له‌م وڵاتانه‌یه كه له داهاتوودا ده‌بێت به پێنجه‌م زلهێزی ئابووری دنیا و پێش ژاپۆن، ئه‌ڵمانیا و رووسیا ده‌كه‌وێته‌وه. ئابووری به‌رازیل له چه‌ند ده‌یه‌ی رابردوودا له ژێر سایه‌ی سه‌رچاوه سروشتییه‌كان به خێرایی گه‌شه‌ی كردووه، هه‌رچه‌نده گه‌نده‌ڵی و هه‌ڵاوسان ئه‌و وڵاته‌ی تووشی هه‌ندێك كێشه كردووه.
پاشه‌كشه‌ی ئابووری ساڵی 2016 گورزێكی خراپی له به‌رازیل وه‌شاند، به‌ڵام به گوێره‌ی راپۆرتێكی رۆیته‌رز دیسان نیشانه‌كانی گه‌شه‌سه‌ندن له به‌رازیل ده‌ركه‌وتوون و پێشبینی ده‌كرێ به هاتنه‌سه‌ر كاری حكوومه‌تی نوێ ئه‌و وڵاته گه‌شه‌ی زیاتر به‌خۆیه‌وه ببینێت.
مه‌كسیك
له راپۆرته‌كه‌ی كۆمپانیای فۆلكروم كه
bbc بڵاوی كردووه‌ته‌وه، پێشبینی كراوه مه‌كسیك تا ساڵی 2050 ببێته حه‌وته‌م ئابووری دنیا و چوار پله پێش بكه‌وێت. گرنگیدان به به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده هۆكار بووه له‌وه‌ی ئابووری مه‌كسیك به خێرایی گه‌شه بكات، هه‌رچه‌نده دۆخی ئێسته‌ی ئابووری دنیا كاریگه‌ریی خراپی بۆ سه‌ر گهشهسهندنهكه هه‌بووه، به‌ڵام كاتییه و ئه‌مه‌ش تێپه‌ڕ ده‌بێت.
خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی و گواستنه‌وه له مه‌كسیك له هی ئه‌مه‌ریكا و كه‌نه‌دا و ئه‌وروپا هه‌رزانتره. سوزان هسكینز كه سه‌رنووسه‌ری ماڵپه‌ڕی "ژیانی نێوده‌وڵه‌تیی”ه ده‌ڵێ، به‌مدواییه له مه‌كسیكۆسیتی بووه و كرێی تاكسی له ناو شار چوار تا 10 دۆلار بووه كه ده‌ری ده‌خات له چاو ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا هه‌رزانتره.
نایجیریا
نایجیریا به یه‌كێك له گه‌وره‌ترین وڵاتانی ئابووری ئه‌فریقا هه‌ژمار ده‌كرێت، ئه‌و وڵاته تا ساڵی 2050 تێكڕای گه‌شه‌ی ئابووری بگاته 4.2% و له ریزبه‌ندی 22 بۆ 14 پێش بكه‌وێت، هه‌رچه‌نده حكوومه‌تی نایجیریا له‌گه‌ڵ گه‌نده‌ڵی به‌ره‌وڕوو بووه، به‌ڵام گیانی حه‌زكردن به پێشكه‌وتن و كار و گه‌شه له‌م وڵاته زۆر به‌هێزه و 30% له دانیشتووانی نایجیریا خاوه‌نی كار و كاسبی خۆیانن كه به‌راورد به وڵاتانی تر زۆر به‌رزه.
ته‌نانه‌ت كێشه‌كانی گواستنه‌وه‌ش بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی هه‌لی كاری نوێ بێته كایه‌وه.
هه‌لی كار له‌م وڵاته به خێرایی هاتووه‌ته كایه‌وه و ته‌نانه‌ت كێشه‌كانی گواستنه‌وه‌ش بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی هه‌لی كاری نوێ بێته كایه‌وه. نایجیرییهكان له‌باره‌ی داهاتوویان گه‌شبینن.
كۆی ئه‌و باسه ده‌ری ده‌خات وڵاتان ده‌توانن به پشتبه‌ستن به تواناكانیان پێش بكه‌ون و مه‌رج نییه وڵاتێك تاهه‌تایه به دواكه‌وتوویی بمێنێته‌وه.