ره‌سووڵ محه‌مه‌د عه‌زیز كه پێشتر به ناوى "ره‌سووڵ به‌ختیار" زیاتر له 20 كتێبى به وه‌رگێڕان و نووسین بڵاو كردووه‌ته‌وه، له دیمانه‌یه‌كى كورتى "وشه" باس له كاره‌كانى خۆى ده‌كات. ره‌سووڵ جیا له بڵاوكردنه‌وه‌ى كتێب، زیاتر له 25 ساڵه كارى رۆژنامه‌وانى ده‌كات و له چه‌ندان ده‌زگاى میدیایى كارى كردووه و ماوه‌یه‌كیش سه‌رپه‌رشتیارى گۆڤارێكى عه‌ره‌بى بووه كه له هه‌ولێر به زمانى كوردى ئاماده كراوه و بڵاو كراوه‌ته‌وه.
ئه‌و نووسه‌ره له دیمانه‌كه‌یدا باس له‌وه ده‌كات، هه‌رچه‌نده خاوه‌نى ژماره‌یه‌كى زۆر كتێبه، به‌ڵام ئێسته‌یش حه‌ز له كارى په‌یامنێرى ده‌كات و ده‌ڵێ، "چونكه په‌یامنێر له دنیاى نووسین به‌وه جیا ده‌كرێته‌وه، راسته‌وخۆ خۆى راستییه‌كان ده‌بینێ".
دواى بڵاوكردنه‌وه‌ى 20 كتێب هه‌ر حه‌زم له كارى په‌یامنێرییه
ره‌سوول عه‌زیز محه‌مه‌د ناسراو به "ره‌سووڵ به‌ختیار" زیاتر له 25 ساڵه كارى نووسین و رۆژنامه‌وانى و وه‌رگێڕان ده‌كات، ده‌ڵێن له هه‌موو كاره‌كان زیاتر ئێسته‌یش حه‌زى له كارى په‌یامنێرییه هۆكارى ئه‌مه چییه؟
نووسین خۆى پرۆسه‌یه‌كى مه‌زنه، به‌ڵام چۆن بتوانین مه‌زنایه‌تى نووسین هۆی بدۆزینه‌وه، بۆیه كاتێ له ناوه‌ندى باس و خواسته‌كانى نووسیندا مه‌زنى نووسین خۆی له‌ناوه‌ندى وشه و دێڕه‌كاندا ده‌دۆزێته‌وه، بۆیه ده‌مه‌وێ بگه‌ڕێمه‌وه كارى په‌یامنێر تا خۆم له ناوه‌ندى گۆڕه‌پانه‌كه‌دا بابهتهكان ببینم، له‌لایه‌ك ئه‌وه‌ى كارى په‌یامنێرى بڕبڕه‌ى پشتى هه‌موو ده‌زگه راگه‌یاندنه‌كانه، كارى په‌یامنێر له‌یه‌ك كاتدا زۆربه‌ى وێنه‌كان به‌چاوى خۆی ده‌بینێ، له‌لایه‌كى تره‌وه رۆژنامه‌نووسى راسته‌قینه ده‌كرێ به‌راست و دروستى هه‌موو بابهتهكان بگه‌یه‌نێ، كاره‌كانى تر‌ى رۆژنامه‌نووسى له‌پشت مێزهوهیه، هه‌ست بهماندووبوونێكى زۆر ناكات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر په‌یامنێر بێت ده‌زانێت ماندووبوون و سه‌رئێشه چییه.
تا ئێسته چه‌ند كتێبت وه‌رگێراوه و بڵاوت كردوونه‌ته‌وه؟
زیاتر له 15 كتێب.
وه‌ك زۆربه‌ى وه‌رگێڕه‌كانى تر‌ى كوردستان له یه‌ك بوار كتێب وهرناگێڕى، هۆكارى ئه‌مه چییه، بۆ خواستى بازاڕ و ده‌زگاكان ده‌گه‌ڕێته‌وه، یان خۆت ده‌ته‌وێ كتێبى جیاوازت هه‌بێت؟
خواستى بازاڕ و ده‌زگاكانى كتێب بڵاوكردنه‌وه‌یه، به‌ڵام ده‌كرێ بڵێین ئێمه سه‌رچاوه‌مان كه‌مه له زۆربه‌ى بواره‌كاندا، له‌م ساڵانه‌ى دواییدا ده‌توانین بڵێن هه‌زاران كتێب بۆ سه‌ر زمانى كوردى له زمانه‌كانى عه‌ره‌بى و ئینگلیزى و زۆر له زمانه‌كانى تر هاتوونه‌ته وه‌رگێڕان، له‌ته‌ك ئه‌وه‌ى ده‌مه‌وێ له بوارى توێژینه‌وه و له چه‌ندان بواردا وه‌رگێڕان ئه‌نجام بده‌م، هاوكات رۆمان وهرناگێڕمه كوردى، با هه‌موومان یه‌ك كار نه‌كه‌ین، زیاتر ده‌مه‌وێ توێژینه‌وه‌كانى مێژوویى و فه‌لسه‌فه و ئاین وه‌ربگێڕم.
پێوه‌ندیت له‌گه‌ڵ ده‌زگاكانى بڵاوكردنه‌وه چۆنه؟ چى ده‌ڵێى له‌باره‌ی نه‌بوونى گرێبه‌ست بۆ كارى وه‌رگێڕانى كتێب؟ ئایا ده‌زگاكان رێز له ماندووبونى وه‌رگێڕ ده‌گرن له ڕووى مافى داراییه‌وه؟
ده‌زگاكانى بڵاوكردنه‌وه هه‌ر كه‌س به‌ئاره‌زووى خۆى كار ده‌كات، واته تا ئێسته له كوردستان نه‌بووه‌ته كولتوور كه به‌شێوه‌یه‌كى له‌بار ماندووبوونى وه‌رگێڕ به‌هه‌ند وه‌ربگیرێ.
ده‌گوترێ كاتێك ره‌سووڵ به‌ختیار كارى وه‌رگێڕان ده‌كات، له شوێنێك جێگیر نابێت و كه‌شێكى تایبه‌تى نییه، له هه‌ر شوێنێك ده‌رفه‌ت هه‌بێت ده‌ست به وه‌رگێڕان ده‌كات، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌یش كارى زۆره؟
لێره‌دا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك كه‌شت بۆ دروست نابێت، چونكه كۆمه‌ڵگه خۆی له‌هه‌ر كه‌شێكدا بیت دێ به‌ئه‌نقه‌ست لێت تێكده‌دا، بۆیه ده‌بێ خۆت له‌گه‌ڵ هه‌موو كهشهكاندا بگونجێنیت.
جگه له وه‌رگێران چه‌ند كتێبێكى ترت هه‌یه، له‌وانه "ماستاوچییهكان" كتێبێكى ته‌نزئامێزه، ئایا چه‌ند كتێبی ترت هه‌یه؟
چه‌ندان به‌رهه‌مى ترم هه‌یه، له‌وانه "شته‌كان" كورته چیرۆكه، "دوو وانه" و "گوڵه‌كان مهقرتێنن" چیرۆكى منداڵان، له‌سه‌ر كارى رۆژنامه‌نووسى چه‌ند كتێبێكم هه‌یه، له‌وانه "رۆژنامه‌نووس و بوارى رۆژنامه‌گه‌رى" و "راگه‌یاندنى نوێ" و چه‌ندان كتێبى تریشم هه‌یه، ئێسته ناوه‌كانم له خه‌یاڵ نه‌ماوه.
كامه كتێب له‌و كتێبانه‌ى وهرتگێڕاون زۆر شانازى پێوه ده‌كه‌یت؟
هه‌موو ئه‌و كتێبانه‌ى وه‌رمگێڕاون شانازیان پێوه ده‌كه‌م، به‌ڵام زیاتر ئه‌و كتێبانه‌ى مێژوویی و فهلسهفهیین.
رێك كه‌وتووه كه دواى چاپكردن كتێبێكى خۆت به ته‌واوى خوێندبێته‌وه؟
به ته‌واوى نه‌مخوێندووه‌ته‌وه، به‌ڵام به خێرایى پێداچوونه‌وه‌م كردووه تا بزانم له كوێ هه‌ڵه‌ى زه‌قم كردووه. به‌ڵام زیاتر گوێ له‌وانه ده‌گرم كه كتێبه‌كانیان خوێندووه‌ته‌وه، تا بزانم له ڕووى وه‌رگێڕان و زمان تا چه‌ند سه‌ركه‌وتوو بوومه، زۆرجاریش به‌خراپى باسیان كردووه، به‌لاشمه‌وه زۆر ئاسایى بووه، بۆ وه‌رگێڕانى كتێبێكى تر سوودم لێ وه‌رگرتووه.