ئه‌ستێره غازی شێوه‌كارێكی هه‌ولێره، به‌ڵام خوێندنی سه‌ره‌تایی و ئاماده‌یی له چۆمان ته‌واو كردووه، پاشان گه‌ڕاوه‌ته‌وه شاری هه‌ولێر و ده‌چێته كۆلێژی هونه‌ره جوانه‌كان و زیاتر بره‌و به هونه‌ره‌كه‌ی ده‌دات. ئه‌و له دیمانه‌یه‌كیدا بۆ "وشه" ده‌ڵێ، ژن به‌شێكی گه‌وره‌یه له كاره هونه‌رییه‌كانم و كار له‌سه‌ر جه‌سته‌ی مرۆڤ به‌ڕووتی ده‌كه‌م.
ده‌ستپێكی كاری هونه‌ریت بۆ كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
ده‌ستپێكی كاری هونه‌ریم ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تای خوێندنم له كۆلێژی هونه‌ره جوانه‌كانی هه‌ولێر، به‌ڵام پێشتریش له چالاكیی قوتابخانه‌كان به‌شداریم كردووه، هه‌روه‌ها له پێشانگه‌ی ساڵانه‌ی قوتابخانه‌كاندا به‌شداریم ده‌كرد چ به فۆتۆ چ به وێنه و كاری ده‌ستی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له منداڵییه‌وه خولیای ئه‌م دوو هونه‌ره‌م هه‌بووه.
بیركردنه‌وه‌ت بۆ كاری شێوه‌كاری له چییه‌وه سه‌ری هه‌ڵدا؟
هونه‌ر منداڵی ڕۆحی من و هه‌ڵقوڵاوی عه‌قڵ و بیر و هۆشی منه، به هونه‌ر ده‌توانم گۆڕانكاری بكه‌م و ده‌توانم ئه‌و هه‌ستانه‌م ده‌رببڕم كه له ناخمدا قه‌تیس ماون و ناتوانم به شتێكی تر ده‌ریانبڕم، هونه‌ر ده‌توانێ بچێته ناو بیر و هۆشی خه‌ڵكه‌وه گۆڕانكاری له بیركردنه‌وه و هه‌ستیاندا بكات و ببێته هۆی گۆڕانكاری له كۆمه‌ڵگه و شۆڕش به‌رپا بكات. له هه‌مان كاتدا ده‌توانێ ده‌ست ببات بۆ شته بڤه‌كان و بۆ ئه‌و شتانه‌ی خه‌ڵكی ئاسایی ناتوانن و بوێری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یان نییه. هه‌روه‌ها ده‌توانێ مرۆڤایه‌تی به‌ره‌و باشتربوون و ساغڵه‌میتر ببات.
وێنه‌ی جه‌سته‌ی ڕووتم كێشاوه
سه‌ره‌تا به چ وێنه‌یه‌ك ده‌ستت پێ كرد؟
ده‌ستپێكی هه‌ر هونه‌رمه‌ندێكی ئه‌كادیمی به سكێچ یان هێڵكاری ده‌ست پێ ده‌كات، ئینجا قۆناغه‌كانی تر و تا ده‌گات به ستایلێكی خۆی و خۆی ده‌دۆزێته‌وه، منیش سه‌ره‌تا به‌م شێوازه ده‌ستم پێ كرد، به‌ڵام ئێسته كاره‌كانم خۆی له چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی هونه‌ری هاوچه‌رخ و (body art) ده‌بینێته‌وه، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من ئێسته له ئه‌كادیمیای هونه‌ره جوانه‌كانی هه‌ولێر ده‌خوێنم و چه‌ندان تابلۆشم كێشاوه.
تابلۆكانت زیاتر به‌چی و له‌سه‌ر چی ده‌كێشیت؟
تابلۆكانم له هه‌ر بوارێكه كه پێوه‌ندی به مرۆڤ و ژینگه‌وه هه‌بێت، من زیاتر له‌باره‌ی ئه‌و كێشانه كار ده‌كه‌م و تیشك ده‌خه‌مه‌سه‌ر خاڵه نه‌بینراوه‌كان یاخۆ ئه‌و كێشانه‌ی كه هه‌ن له كۆمه‌ڵگه‌دا و پشتگوێ خراون. من به‌هۆی هونه‌ره‌كه‌مه‌وه پێشانیان ده‌ده‌م و هه‌وڵ ده‌ده‌م باشتریان بكه‌م.
هیچ پڕۆژه‌یه‌كی شێوه‌كاریت ئه‌نجام داوه؟
دوو پڕۆژه‌ی تایبه‌تم له‌سه‌ر بابه‌تی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان بۆ 16 ڕۆژه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژن ئه‌نجام داوه. هاوكات پێشانگه‌یه‌كی هاوبه‌شم له‌گه‌ڵ خوشكی ئازیزم "ئاهه‌نگ غازی" كردووه‌ته‌وه، ئه‌مه جگه له چه‌ندان پێشانگه‌ی تری هاوبه‌ش كه له‌گه‌ل گرووپی ڕه‌نج و ڕێكخراوی ڕه‌نج و فێستیڤاڵی كۆلێژی هونه‌ره جوانه‌كان و قوتابخانه‌كان ئه‌نجامم داون. بۆ ئاینده‌ش چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی ترم له به‌رده‌ستدا بوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه بارودۆخه‌كه به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه ڕێگر بوو له به‌رده‌م پڕۆژه‌كانم و گشت چالاكییه‌كان.
به كام له هونه‌رمه‌ندانی شێوه‌كاری سه‌رسامیت؟
به هیچ هونه‌رمه‌ندێك سه‌رسام نیم، له‌به‌رئه‌وه‌ی من زاده‌ی بیر و هۆش و خه‌یاڵ و عه‌قڵی خۆمم، ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت سوودم له هونه‌رمه‌ندانی تر بینیوه چ له ڕووی ته‌كنیك و كاركردنه‌وه بێت و چ له ڕووی ڕه‌نگ و جێبه‌جێكردنی كاره هونه‌رییه‌كانه‌وه بێت، بۆ نموونه له ناوخۆدا بۆ كاره هونه‌رییه هاوچه‌رخه‌كانم سوودم له ئه‌حمه‌د نه‌به‌ز و هیوا عه‌زیز بینیوه، بۆ تابلۆكانیشم سوودم له سمكۆ ئه‌حمه‌د و مامۆستا حه‌سه‌ن بینیوه. له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌ش وه‌ك هونه‌ری هاوچه‌رخ سوودم له شیرین نه‌شئه‌ت و مارینا ئه‌برامۆڤیك وه‌رگرتووه، بۆ تابلۆكانیشم سوودم له كلۆد مۆنیت و ڤان كوخ وه‌رگرتووه. جگه له‌مانه سوودم له زۆر هونه‌رمه‌ندی تر وه‌رگرتووه، جا هه‌ریه‌كه و به‌پێی ستایل و تایبه‌تمه‌ندی خۆی.
له كاره‌كانتدا تا چه‌ند گرنگیت به ئازار و مه‌ینه‌تییه‌كانی ژنان داوه؟
ژن به‌شێكی گه‌وره‌یه له كاره هونه‌رییه‌كانم، دوو پڕۆژه‌ی هونه‌ری نوێ "هونه‌ری جه‌سته"ـم هه‌یه له‌باره‌ی ژن كه تایبه‌ته به 16 ڕۆژه‌ی پڕته‌قاڵی "١٦ڕۆژه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان". پێم وایه هونه‌رمه‌ند ده‌بێ بۆ یه‌كسانی ڕه‌گه‌زی و دژی توندوتیژی بجه‌نگێت.
هیچ تابلۆیه‌كت هه‌یه باس له جه‌سته‌ی مرۆڤ و ڕووتیی ژنان بكات؟
هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێ به شێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمی ده‌ست بكات به وێنه‌كێشان، سه‌ره‌تا ده‌بێت له جه‌سته‌ی ڕووتی مرۆڤ ده‌ست پێ بكات، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ هێڵكاری زۆرباش بكێشێت بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتوو بێت، چونكه ئه‌وه بنچینه‌ی ئه‌كادیمیبوونی هه‌ر هونه‌رمه‌ندێكه. من هه‌م بۆ تابلۆ و هه‌م بۆ كاره هونه‌رییه هاوچه‌رخه‌كانیشم وێنه‌ی جه‌سته‌ی ڕووتم كێشاوه و ئیشم له‌سه‌ر جه‌سته‌ی مرۆڤ كردووه، بۆ داهاتووش به هه‌مانشێوه به‌رده‌وام ده‌بم، چونكه جه‌سته‌ی مرۆڤ به‌شێكی گه‌وره‌ی كاره هونه‌رییه‌كانم له‌خۆ ده‌گرێت.
وشه/ محه‌مه‌د جه‌مال