"به‌بێ‌ ڕه‌زامه‌ندیی حكوومه‌ت لامه‌ركه‌زیی‌ سلێمانی‌ سه‌ر ناگرێ‌"

:: PM:12:25:03/05/2020 ‌

 

 ئازاد محه‌مه‌د ئه‌مین سه‌رۆكی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ له‌و چاوپێكه‌وتنه‌ی‌ له‌گه‌ڵ "وشه‌" باس له‌وه‌ ده‌كات، داهاتی‌ سلێمانی‌ به‌شی‌ شاره‌كه‌ ناكات، هه‌رچه‌نده‌ تا ئێسته‌ ڕوون نییه‌ چه‌نده‌. دووپاتیش له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ لامه‌ركه‌زی‌ ره‌زامه‌ندی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ له‌سه‌ر نه‌بێ‌ سه‌رناگرێ‌.


 

-بڕیاره‌ پڕۆژه‌ی‌ لامه‌ركه‌زی‌ بۆ سلێمانی‌ ئاماده‌ بكه‌ن، ئه‌وه‌ هه‌مان ئه‌و لامه‌ركه‌زییه‌ی‌ له‌ به‌رنامه‌ی‌ حكوومه‌تدا هه‌یه‌؟
لامه‌ركه‌زی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ یاسای‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ پارێزگاكان هه‌یه‌ و باسی‌ ئه‌وه‌ ده‌كات، ده‌سه‌ڵاتی‌ سه‌ربه‌خۆ له‌ ڕووی‌ كارگێری‌ و داراییه‌وه‌ بدرێ‌ به‌ پارێزگاره‌كان، ئه‌وه‌یشی‌ له‌ كارنامه‌ی‌ حكوومه‌ت هه‌یه‌ باسی‌ سیسته‌می‌ لامه‌ركه‌زی‌ ده‌كات له‌ پارێزگاكان و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان له‌ژێر چاودێری‌ و بڕیاری‌ حكوومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، بۆیه‌ له‌ هه‌موو حاڵه‌تێك بۆ رزگاركردنی‌ حكوومه‌ت له‌ ته‌نگژه‌ی‌ دارایی‌ و بارگرانی‌ پڕۆژه‌كان لا مه‌ركه‌زی‌ پێویسته‌، لامه‌ركه‌زییه‌كه‌یش پێویستی‌ به‌ بۆچوونی‌ هه‌موو حزب و لایه‌نه‌كان هه‌یه‌.

داهاتی‌ سلێمانی‌ ته‌نیا به‌ ژماره‌ ده‌چێته‌وه‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌
-هیچ كۆبوونه‌وه‌تان كردووه‌ له‌باره‌ی‌ ئاماده‌كردنی‌ پڕۆژه‌كه‌؟
نه‌خێر، ته‌نیا داوا كراوه‌ كه‌ فراكسیۆنه‌كان نوێنه‌ری‌ خۆیان بۆ لیژنه‌ی‌ ئاماده‌كاری‌ پڕۆژه‌كه‌ ئاماده‌ بكه‌ن و ده‌ست به‌ ئاماده‌كردنی‌ پڕۆژه‌كه‌ بكرێ‌، به‌ڕوونی‌ پڕۆژه‌كه‌ دابه‌شكردنی‌ ده‌سه‌ڵاته‌ به‌سه‌ر پارێزگاره‌كان و باسی‌ داهاتی‌ سامانه‌ سروشتییه‌كان ناكات، به‌ڵام ده‌بێ‌ شه‌فافی‌ له‌ داهاته‌كانی‌ تر هه‌بێ واتا پڕۆژه‌كه‌ باسی‌ ئه‌وه‌ نه‌كات داهاتی‌ سلێمانی‌ بۆ سلێمانی‌ بێت.

-ده‌مه‌وێ‌ به‌ڕوونی‌ بیزانم ئه‌و لامه‌ركه‌زییه‌ی‌ كه‌ باسی‌ ده‌كه‌ن ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌به‌رنامه‌ی‌ حكوومه‌تدا هاتووه‌؟
به‌ڵێ‌، به‌ دڵنیاییه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و سیسته‌مه‌ ده‌بێ‌ له‌ژێر چاودێری‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ وه‌زیران بێت و په‌رله‌مانی‌ كوردستان په‌سه‌ندی‌ بكات، واته‌ ئه‌و پڕۆژه‌ی‌ لامه‌ركه‌زیه‌ ناچێته‌ واری‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌ ئه‌گه‌ر سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ كوردستان ره‌زامه‌ندیی‌ نه‌دا.

-داهاتی‌ سلێمانی‌ جیا ده‌كرێته‌وه‌؟
نه‌خێر داهاتی‌ سلێمانی‌ جیا ناكرێته‌وه‌ و ته‌نیا سیسته‌مه‌كه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتی‌ كارگێرییه‌، هه‌موو داهاته‌كان دێنه‌وه‌ ناو بانكی‌ ناوه‌ندی‌ و له‌وێ‌ كۆ ده‌كرێنه‌وه‌ و به‌پێی‌ ژماره‌ و پسووله‌ حكوومه‌تی‌ لێ‌ ئاگه‌دار ده‌كرێته‌وه‌، به‌ڵام پارێزگار ده‌ستكراوه‌ تر ده‌بێ‌ له‌ دانانی‌ پڕۆژه‌ی‌ خزمه‌تگوزاری‌.

-داهاتی‌ سلێمانی‌ چه‌نده‌؟ به‌شی‌ سلێمانی‌ ده‌كاته‌وه‌؟
ئاگاداری‌ نیم و نازانم داهاتی‌ سلێمانی‌ چه‌نده‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ مانگانه‌ گۆڕانكاری‌ به‌سه‌ر دا دێت، ئه‌و داهاتانه‌ی‌ كه‌ هی‌ سلێمانییه‌ به‌شی‌ شاره‌كه‌ ناكاته‌وه‌، چونكه‌ بابه‌تی‌ سامانی‌ سرووشتی‌ پێوه‌سته‌ به‌ مووچه‌وه‌ و داهاته‌كانی‌ تر بۆ خزمه‌تگوزاری‌ هاووڵاتییان به‌كار دێ.

داهاتی‌ سلێمانی‌ به‌شی‌ سلێمانی‌ ناكات
-ئه‌ی‌ له‌ ڕابردوو چۆن داهاتی‌ شاره‌كه‌ خه‌رج كراوه‌؟
داهاته‌كانی‌ سلێمانی‌ ته‌نیا به‌ ژماره‌ چوونه‌ته‌وه‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی حكوومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و چۆنیه‌تی‌ خه‌رجكردنی‌ روون كراوه‌ته‌وه‌.

-زۆر باسی‌ ئه‌وه‌ ده‌كرێ‌ كه‌ ئه‌و لامه‌ركه‌زییه‌ دوو ئیداره‌ییه‌؟
ئه‌وه‌ به‌ بڕیاری‌ هه‌موو حزبه‌كان ده‌كرێ‌، به‌ڵام پڕۆژه‌كه‌ به‌هیچ جۆرێك باسی‌ دوو ئیداره‌ی‌ تێدا نییه‌ و له‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ وه‌زیران ئه‌گه‌ر ره‌زامه‌ند نه‌بن پڕۆژه‌كه‌ ناكرێ‌. پێشتر كار له‌سه‌ر یاساكه‌ كراوه‌ و له‌سه‌ر لامه‌ركه‌زی‌ 2017 پڕۆژه‌ دراوه‌ بۆ شۆڕكردنه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كان و ئه‌وجاره‌ گشتگیرتره‌.

-گوشاری‌ یه‌كێتیان له‌سه‌ره‌ و ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ئاماده‌ ده‌كه‌ن؟

 

گوشاری‌ حزبی‌ له‌ هه‌موو جێیه‌ك هه‌بێ‌ ناتوانن له‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ پارێزگا هه‌بێ‌، ئه‌وه‌ پڕۆژه‌ی‌ ته‌نیا لایه‌نێك نییه‌ و 15 ئه‌ندامی‌ ئه‌نجوومه‌ن واژوویان له‌سه‌ر یاداشته‌كه‌ كردووه‌ و شتێكی‌ زیاده‌ و حزبی‌ نییه‌.



 




وشە - سه‌رخێڵ هاشم

ئه‌م بابه‌ته 1228 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌