"نابێت لە سلێمانییەوە دەستوەردان لە هەڵەبجەدا بكرێ‌"

:: PM:04:41:08/05/2020 ‌
كاوە عەلی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ "وشە" رای دەگەیەنێت، لەكاتی چەسپاندنی لامەركەزییەت دەمانەوێت لامەركەزی سەربەخۆمان هەبێت، چونكە هەڵەبجە خۆی لە هیچ لە پارێزگاكانی عێراق و كوردستان بەكەمتر نازانێت. هەروەك دووپات دەكاتەوە كە حزبەكان ڕێگربوون لەبەردەم پێكهێنانی ئەنجوومەنی پارێزگا.

ڕای ئێوە لەسەر پرسی لامەركەزی پارێزگاكان چیە؟

لە ستراتیجیەتی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێم و سەرجەم لایەنە سیاسییەكاندا هەیە لامەركەزییەت بدرێت بە پارێزگا و شارۆكەكان و شارەدێیەكان، بۆیە ئێمەیش‌ لەگەڵ لامەركەزی پارێزگاكانین، بەڵام بەهیچ شێوەیەك ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و پارێزەگاكانی تر بۆیان نییە، هیچ دەستێوەردانێت لە كاروباری ناوخۆی پارێزگای هەڵەبجە بكەن، بەپێ یاسا و بڕیار و فەرمانەكانی ئەنجوومەنی وەزیران، بەپێ یاسایی ژمارە یەكی ساڵی 2015 هەڵەبجە یاسای بەپارێزگابوونی هەیە لە مادەی 10 دەڵێت، پاش ئەم یاساییە كار بەهیچ یاساییەكی تر ناكرێت و ئەنجوومەنی پارێزگایی سلێمانی سنووری دەسەڵاتیان دیارە كە تەنیا دەسەڵاتیان بەسەر سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین.

پارێزگای هەڵەبجە بە فەرمانی هەرێمی ژمارە 19ـی ساڵی 2014، لەگەڵ بڕیاری ئەنجوومەنی  13/3/2014 سنووری ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە دیاری كراوە، بۆ هیچ ئەنجوومەنی پارێزگایەك نییە بەدواداچوون و چاودێری ئیش و كارەكانی پارێزگای هەڵەبجە بكات، ئەگەر ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەسەڵاتی بەسەر هەڵەبجەدا هەبووایە ئەوە دەبوو پارێزگار و جێگرەكانی بەڕێوەبەرە گشتییەكان و قایمقام و بەڕێوەبەری شارەدێیەكان بودجەی پڕۆژەكان ئەوان دیاریان بكردایە، ساڵی 2015 دەست تێوەردانێكی لەو شێوەیە هەبوو، ئەنجوومەنی وەزیران بەنوسراویان ژمارە 8092 ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئاگادار كردەوە، سنووری پارێزگای هەڵەبجە دیاری كراوە و بە فەرمانی هەرێمی ئێوە ‌ناتوانن دەست وەردەنە ئیداری پارێزگای هەڵەبجە.

لەسەر ئەوەی لەگەڵ ناوهێنانی پرسی لامەركەزی سلێمانی وا دەوترێت هەڵەبجە لە چوارچێوەی لامەركەزی سلێمانی بێت ڕاتان چییە؟

سلێمانی و هەولێر و دهۆك داوای لامەركەزی دەكەن ئێمەیش وەك پارێزگای هەڵەبجە لە كاتی جێبەجێكردنی لامەركەزییەت بۆ پارێزگاكان دەمانەوێت، هەڵەبجە لامەركەزی سەربەخۆی هەبێت و بڕواش ناكەین ئەنجوومەنی پارێزگایی سلێمانی گوتبێتی هەڵەبجە با سەر بە لامەركەزی سلێمانی بێت هیچ كەسیش قبووڵی ناكات پارێزگاكەی سەر بە لامەركەزی پارێزگایەكی تربێت ئەوكات لەجیاتی مەركەزی ئەنجوومەنی وەزیران دابەزین بۆ لامەركەزی ئەنجوومەنی پارێزگا، حكوومەتی هەرێم لامەركەزی بەتەنیا پارێزگایەك نادات، یاسایی نوێ بۆ دادەندرێت و پێداچوونەوەی بەیاسایی ژمارە سێی 2009 پەرلەمانی كوردستاندا دەكرێت.

ئەوەی هەیە سەرۆكی ئەنجوومەن و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی گوتویانە ڕای پارێزگای هەڵەبجە وەربگرین، ئەگینا وەك دەستێوەردانبێت داوای ئەوە بكەن هەڵەبجە سەر بە لامەركەزی سلێمانی بێت قبوڵی ناكەین و كۆبوونەوەی لەوبارەوە بكرێت بەشداری له ‌كۆبوونەوەكەش ناكەین، ئێمەش ناتوانین بڕیارێكی لەو شێوەیە بدەین ئەوە بڕیاری هەموو جەماوەری هەڵەبجە بووە پارێزگاكەیان سەربەخۆبێت كەسیش ناتوانێت نەداوای وابكات و نەدەسەڵاتی ئەو بڕیارەشی هەیە، هەڵەبجە هیچ كات خۆی لە پارێزگایەكی تر بەكەمتر نازانێت لەسەرئاستی كوردستان و عێراق.

ڕای هەڵەبجە لەگەڵ چ لامەركەزیەتێكە، ئایا قبووڵ دەكەن لامەركەزی ببێتە پڕۆژەیەكی حزبی و سیاسی؟

 لە ڕێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان بۆ حكوومەتی هەرێم پرسی لامەركەزی هەبووە، بەڵام بۆ لەم كاتەدا داوای لامەركەزی بەرز دەكرێتەوە ئەوەیان نازانم لە خۆیان بپرسن، بەڵام پڕۆژەی لامەركەزی لە سلێمانییەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرزدەكرێتەوە نوێنەری هەموو حزبەكانی تێدایە.

بابەتی پێكهێنانی ئەنجوومەنی پارێزگا بە كوێ‌ گەیشت؟

نە پارتی و نە یەكێتی تاوەكو ئێستە لەسەر هێڵ نین بۆ دروستكردنی ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە و هەردوو لایەنی سیاسی زیانیانە.

ئەگەر هەڵەبجە بووە لامەركەزیی سەربەخۆ ئابووری وای هەیە لەسەرپێ خۆی ڕاوەستێت؟

پارێزگای هەڵەبجە لە ڕووی ئابوورییەوە بەهێزە ئەگەر باسی ئابووری بكەین، بەڵام هەڵەبجە هێشتا 50% دامەزراوەكانی پارێزگای نییە، سەرەكیترینیان ئەنجوومەنی پارێزگایە پێنچ ساڵە پارێزگاین دامەزراوەكانی بۆ زیاد نەكراوە، دڵنیاشبن سیستەمی لامەركەزی بڕیاری بۆی دەرچێت لە حكوومەت و پەرلەمان بەپێنچ ساڵی تر نایخەنە بواری جێبەجێكردن.

بۆ هەردوو دەروازەی بازرگانی پشتە و شۆشمێ تەوێڵە تاوەكو ئێستە سەر بە هەڵەبجە نییە؟

مەرزی پشتە سەر بەئیدارەی گەرمیانە و مەرزی شۆشمێ تەوێڵە سەر به ‌پارێزگای سلێمانییە، ئەوەش بۆ ئەوە ‌دەگەڕێتەوە بەڕێوەبەرایەتی گومرك دانەمەزرێندراوە، هەرچەندە حكوومەت نزیكەی 10 مانگە فەرمانی كردنەوەی بۆ دەرچواندووە باڵەخانەكەیشی تەواو بووە، بەڵام میلاكاتی بۆ دانەمەزراندووە دەسەڵاتیش بە ئێمه ‌نادات بە تەنسیب فەرمان بەری بۆ دانێن، لە كاتێكیشدا پێمان وتراوە خۆتان فەرمان بەری بۆ دامەزرێنن، هەركاتێك بە تەواوەتی بەڕێوەبەرایەتی گومرگی هەڵەبجە كەوتە سەرپێ خۆی، هیچ قورس نییە هەردوو دەروازەی بازرگانی پشتە و تەوێڵە شۆشمێ بكەوێتەوە سەر هەڵەبجە‌، هەردوو دەروازەكە‌ ساڵانە نزیكەی 60 ملیار دینار داهاتیان هەیە.

هەڵەبجە/ عەزیز ڕەسووڵ


وشە - محەمەد میران