شارەزایەكی چینی وریایی لە شەپۆڵێكی تری كۆرۆنا دەدات

:: PM:06:19:17/05/2020 ‌

چۆنگ نانشان، راوێژكاری باڵای تەندروستی حكوومەتی چینی وریایی دا لەوەی ئەگەری هەیە چین رووبەڕووی شەپۆڵێكی تری تووشبوونی خەڵك بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بێت، بەهۆی دابەزینی بەرگری لەشیان، بۆیە دۆخی چین لە وڵاتانی تری دنیا باشتر نییە. 
مەترسی كۆرۆنا بەردەوامە و پێویستی بە خۆپارێزی بەردەوام هەیە
ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كانوونی یەكەمی رابردوو لە ووهانی چینییەوە سەری هەڵدا و لە ماوەیەكی كەم بەرەو سەرانسەری دنیا بڵاو بووەوە و تا ئێستە زیاتر لە چوار ملیۆن تووشبوو و زیاتر لە 300 هەزار حاڵەتی مردنی ناوەتەوە، جیا لە داخستنی ئابووری و قەدەغەی گەشت و چەندان رێوشوێنی تر، كە زیانێكی گەورەی ئابووری لێ كەوتووەتەوە.

لەوكاتەی دوای ماوەیەك چین توانی بەهۆی وەرگرتنی چەندان رێوشوێنی توندی خۆپارێزی كۆنترۆڵی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە و كەمبوونەوەی قوربانیانی بكات، بەڵام تا ئێستەیش زانایان باسی شەپۆڵێكی تری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە دەكەن، ئەوەیش لەسەر بنەمای دەركەوتنەوەی چەندان حاڵەتی تووشبوون لە چەند ناوچەیەكی چین. 

چونگ گوتی، ئێستە زۆرینەی چینییەكان بەهۆی كەمی بەرگری لەشیانەوە ئەگەری تووشبوونیان بەو ڤایرۆسە هەیە، بۆیە رووبەڕووی كێشەیەكی گەورە بووینەتەوە و دۆخی چین لە وڵاتانی تر باشتر نییە، ئاشكرای كرد كە دەسەڵاتداران لە ووهان لە راگەیاندنی ژمارەی قوربانیان لە سەرەتای پەتاكە دیودەر نەبوون و نەیان ویست راستییەكە ئاشكرا بێت. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل