رۆژنامه‌ى نیویۆرك تایمزى ئه‌مه‌ریكى، تاكتیكێكى نوێ له عێراق ئاشكرا ده‌كات و ده‌ڵێ، به‌م تاكتیكه ده‌یه‌وێ زیان له تره‌مپ بدات له هه‌ڵبژاردنى داهاتووى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌مه‌ریكا.
ماڵپه‌ڕى
حوڕه‌ى ئه‌مه‌ریكى ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 20ى ئایار، پوخته‌ى ناوه‌ڕۆكى راپۆرتێكى نیویۆرك تایمزى بڵاو كردووه‌ته‌وه كه باس له گۆڕینى رێژه‌یى سیاسه‌تى ئێران ده‌كات له عێراقدا.
ئێران به تاكتیك كازمى قبووڵ كردووه
رۆژنامه‌كه گوتوویه‌تى، ئێران قوربانى یه لایه‌نه‌كانى خۆى داوه له عێراق، بۆیه قبووڵى كردووه مسته‌فا كازمى ببێته سه‌رۆك وه‌زیران، كه ده‌شزانێ كازمى له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه پاڵپشتى ده‌كرێت.
به‌گوێره‌ى لێكدانه‌وه‌ى رۆژنامه‌كه ئێران ده‌یه‌وێ هاوئاهه‌نگى سنووردار له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانى نوێى عێراق بكات، ئه‌مه‌یش وه‌ك تاكتیكێكى نوێ به‌كار ده‌هێنێ، بۆ ئه‌وه‌ى به‌ریه‌ككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا دروست نه‌بێت.
ئامانجى سه‌ره‌كى ئێرانیش به‌گوێره‌ى راپۆرته‌كه ئه‌وه‌یه خۆى له شه‌ڕ دوور بگرێت، چونكه ده‌زانێ شه‌ڕ و پێكدادان خزمه‌تى دۆناڵد تره‌مپ ده‌كات له هه‌ڵبژاردنى داهاتووى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌مه‌ریكا.
له‌باره‌ی هه‌ڵوێستى ئه‌مه‌ریكایش رۆژنامه‌كه ده‌ڵێ، ئه‌مه‌ریكا هه‌ستی به‌و گۆڕانكارییهى سیاسه‌تى ئێران كردووه، به‌ڵام به راشكاوى باسى ناكه‌ن و هه‌ر له‌سه‌ر هه‌مان شێوازى پێشوو له راگه‌یاندن هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر ئێران.
له سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵدا قاسم سلێمانى فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌ق قودسى سوپاى پاسداران له عێراق له هێرشێكى ئه‌مه‌ریكا كوژرا، به‌م هۆیه‌شه‌وه گرژییه‌كانى نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران چووه ئاستێكى به‌رزتر.