سەرجەم ماڵە هەژارەکان پێش جەژن سەبەتەی خۆراکیان پێ دەگات

:: AM:10:23:20/05/2020 ‌
لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا بڕە پارەیەک لە ژمارە بانكییەك كۆ بکاتەوە و دابەشی سەر دوو بەشی بکات، بەشێكی بۆ كڕینی پێداویستی پزیشكی بوو، بەشێكیشی بۆ كڕینی خۆراك بۆ ماڵە هەژارەكان. ئێستە ئەو خۆراكە گەیشتووەتە ماڵەكان و دابەشكردنی بەردەوامە.

نازەنین توێژەرێكی كۆمەڵاتییە، لە ماوەی 20 ڕۆژی ڕابردوودا سەرقاڵی سەردانیکردنی پرۆسەی ئەو ناونووسینە بوو كە بۆ گەڕەكە هەژارەكان ئەنجام درا.

ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتییە بە "وشە”ی ڕاگەیاند، ماڵ هەیە بەهۆی كەرەنتین و وەستانی کار و کاسبی كە كاریگەری زۆری هەبووە لەسەریان، پێویستیان بە هاوكاری هەبووە و لە ناوی ماڵە هەژارەكان ناونووس كراون.

ئەو توێژەرە باسی لەوەش كرد، ئێستە ئەو كەسانەی ناویان تۆمار كراوە كەسانی شایستەن، هەندێك ماڵ لە گەڕەکە هەژارنشینەکان هەبوون خۆیان داوایان كردووە ناویان نەنووسرێت، چونكە بەگوتەی خۆیان پێویستیان بەو هاوكارییە نەبووە و داوایان کردووە بەسەر کەسی شایستەتردا دابەش بکرێت.

چەند مەرجێک بۆ نووسینی ناوی ماڵە هەژارەکان هەبووە، توێژەرەکە گوتی: بەپێی مەرجەکان، دەبێت ئەو كەسە مووچەی لە 300 هەزار بەرەو خوار بێت و كەرەنتین كاریگەری لەسەر ژیانی كردبێت، یان مووچەخۆر نەبێت.

هەندێك ماڵ لە گەڕەکە هەژارنشینەکان هەبوون خۆیان داوایان كردووە ناویان نەنووسرێت 
"هەندێك لەو كەسانە هەبوون مووچەیان سەرووی 700 هەزار دینار بووە، دوای ئەوەی ناوی نووسراوە، لە سەنتەری تایبەت ناوەكەیان لابردووە، چونكە لەگەڵ ڕێنوێنییەكان یەك ناگرێتەوە و ئەو هاوكارییانە نایانگرێتەوە". نازەنین وای گوت.

 لیژنەیەكی تایبەت بۆ دابەشكردنی سەبەتەی خۆراك پێكهێنراوە و جێگری پارێزگاری شارەكان سەرپەرشتی دەكات، هەموو شارەكان بەشی خۆیان بۆ دیاری كراوە.

بەرپرسێكی وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕوونی دەكاتەوە، سەرجەم خۆراكەكان دوای كڕینیان، لەلایەن لایەنی پێوەندیدار گەیشتوونەتە شارەكان.

سەردار قوربانی گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ "وشە" گوتی، ئەو خۆراكەی كە پێویست بوو كڕابوو، ئێستە گەیەنراوەتە پارێزگاكان بۆ دابەشكردنی، چونكە لای ئێمە كارەكان كۆتایی هاتووە.

"ئەو بەشەی دیاری كرابوو بۆ شارەكان، لەلایەن بۆردی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی كەلوپەلەكانیان بۆ هاتووەتە ناردن و دەست كراوە بە دابەشكردنی بۆ ئەوەی ماڵە هەژارەكان سوودمەند بن". سەردار وای گوت.

هەروەها نەوزاد ئەدهەم بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، دوای تۆماركردنی ناوی ئەو ماڵانەی كەمدەرامەتن، دەست بە دابەشكردنی سەبەتەی خۆراكی كراوە.

لەبارەی شێوازی دابەشكردنی ڕوونی كردەوە، جێگری پارێزگارەكان لە لیژنەی بۆردی خۆراك ئەندام بوون و هەموو ناوەكانیان رادەست كردووە، هەر ئەوانیش سەرپەرشتی دابەشكردنی خۆراكەكە دەكەن لە شارەكان.

"پێكهاتەی خۆراكەكە بریتییە لە  هەموو خۆراكەكان كە 66 كیلۆیە، ژمارەیەك مادەی خۆراكی تێدایە، وەك فەردەیەك ئاردی سفر، زەیت، نیسك و دۆشاوی تەماتە كە بەسەر 200 هەزار خێزان دابەش دەكرێن". نەوزاد وای گوت.

كاوە عەلی جێگری پارێزگای هەڵەبجە و سەرپەرشتی دابەشكردنی سەبەتەی خۆراك لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بە "وشە”ی ڕاگەیاند، سەبەتەی خۆراكەكان لەسەر پارێزگاكان و یەكە ئیدارییەكانی بەشی دابەشكردنەكەی دیاری كراوە كە هەولێر 70 هەزار، سلێمانی 50 هەزار، دهۆك  50 هەزار، ئیدارەی ڕاپەڕین 12 هەزار، ئیدارەی  گەرمیان 10 هەزار، هەشت هەزار سەبەتەی خۆراكیش بۆ پارێزگای هەڵەبجەیە دیاری كراوە.

بە گوتەی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە، لەناو سەنتەری شار دوو ڕۆژە دەستكراوە بە دابەشكردنی ئەو بەشە خۆراكە، لە ئێستەوە دەست دەكرێت بە دابەشكردنی لە شارۆكە و شارەدێیەكان و هەموو هەوڵێك دراوە كە پێش جەژن بگاتە ناو هەموو ماڵێك.

پێویستە بگوترێت ئەو بڕە خۆراكەی حكوومەت كڕیویەتی، بایی 10 ملیۆن دۆلارە و بۆ هەر ماڵە هەژارێك بەشی 15 ڕۆژ دەكات، سەرجەم ئەو داتایانەی كۆ كراونەتەوە لەلایەن وەزارەتی پلاندانان و دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان و وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لەسەر ماڵە هەژارەكان و ژمارەی ئەندامانی خێزانەكەیان و شوێنی نیشتەجێبوونیان  تۆمار كراون، بۆ ئەوەی لە داهاتوو لەهەر پرۆسەیەكی تر بەكار بهێنرێت.




وشە - رامیار جەواد