به‌ڕێوبه‌رایه‌تیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژیی دژی خێزان، گه‌نجێكیان گرت كه له ڕێگه‌ی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ڕه‌شه‌ی له كچێك كردووه و داوای كاری نه‌شیاوی لێكردووه، گوته‌بێژی بهڕێوبهرایهتیهكهیش ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، پێویسته كچان نه‌ترسن و سكاڵا تۆمار بكه‌ن له دژی ئه‌و جۆره كه‌سانه.
هیوا كه‌ریم، گوته‌بێژی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزان به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ئه‌مڕۆ تۆمه‌تبارێكی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كراوه كه ناوی (ب.أ.ف)ی ته‌مه‌ن /21/ ساڵه.
تاوانبار وێنه‌و ڤیدیۆكانی بۆ ڕازیكردن و هه‌ڕه‌شه‌لێكردنی كچه‌كه به‌كارهێناوه
روونیشی كرده‌وه دوای ئه‌وه‌ی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ كچێكی ته‌مه‌ن /17/ ساڵ به‌ناوی ( د. م. ا ) هه‌بووه، دوای ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كه‌یان گه‌یشتۆته ڕاده‌ی چونه ده‌ره‌وه‌و وێنهگرتنو ناردنی ڤیدیۆ له‌دواجاریشدا داوای وێنه و ڤیدیۆی نه‌شیاوی له كچه‌كه كردووه و كچه‌كه‌یش بۆی ناردووه.
"تاوانبار ئه‌م هه‌له‌ی قۆستۆته‌وه و داواكاری تری هه‌بووه له‌سه‌ر كچه‌كه، له‌به‌رانبه‌ر ڕازینه‌بوونی كچه‌كه‌دا تاوانبار وێنه‌و ڤیدیۆكانی بۆ ڕازیكردن و هه‌ڕه‌شه‌لێكردنی كچه‌كه به‌كارهێناوه به‌به‌رده‌وامی، كچه‌كه‌ش له‌ترسی ئابڕونهچوونی خۆی و پێنه‌زانینی كه‌سوكاری هه‌وڵی خۆله‌ناوبردنی داوه، به‌ڵام له‌دواجاردا سه‌ردانی نوسینگه‌ی ڕۆژئاوای كرد بۆ تۆماركردنی سكاڵا" هیوا كه‌ریم وای گوت.
هه‌روه‌ك دووپاتی كرده‌وه كه دوای به دواداچوون و لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر كه‌یسه‌كه توانرا تۆمه‌تبار بگیرێ.
گوته‌بێژه‌كه داوا له كچان و ژنان ده‌كات كه له هه‌ر حاڵه‌تێكی هاوشێوه نه‌ترسن و بوێربن و به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان ئاگادار بكه‌نه‌وه.
سلێمانی/ لۆڤه محه‌مه‌د