دەست بە دابەشكردنی مینحەی فریاگوزاری دەكرێت

:: PM:08:54:20/05/2020 ‌

دوای ئەوەی لە چەند مانگی رابردوو بەهۆی رێوشوێنەكانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بڕێك پارە لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە بۆ دابەشكردنی بەسەر خێزانە كەمدەرامەت و زەرمەندان لە قەدەغەی هاتوچۆ تەرخان كرا، ئەمڕۆ بانكی ناوەندی عێراق رای گەیاند كە دەست دەكرێت بە دابەشكردنی ئەو بڕە پارەی بۆ ئەو مەبەستە تەرخان كراوە.
لەرێگەی چەند كۆمپانیایەك دابەش دەكرێت
بەپێی بەیاننامەیەكی بانكەكە كە ئەمڕۆ چوارشەم بڵاو كراوەتەوە، بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەردوو وەزارەتی پلاندانان و كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، هەروەها دوای كۆتاهاتنی ئامادەكردنی داتابەیسی ئەوانەی مینحەكە دەیانگرێتەوە، كە زیانمەندانن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، بانكی ناوەندی عێراق رای دەگەیەنێت كە دەست كرا بە خەرجكردنی ئەو مینحەیە لە رێگەی چەند كۆمپانیایەك و داناكان لە رێگەی مۆبایل بە سوودمەندان دەگات.

زیاتر هاتووە، ئەو كۆمپانیایانە كە لە سەرانسەری عێراقن، دەستیان كردووە بە كردنەوەی حیسابات بۆ هاووڵاتییان و دوای گەیشتنی پارەكە، ئەوان دەتوانن لەوێ وەری بگرن و هیچ خەرجییەكی تر ناكەوێتە ئەستۆیان و لە ئەستۆی حكوومەتە، واتە تەواوی پارەكە وەردەگرن.

ئەمڕۆ عادل روكابی، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی عێراق رای گەیاند كە ئەمڕۆ دەست دەكرێت بە خەرجكردنی مینحەكە بە شێوەی چەند وەجبەیەك بۆ كەمكردنەوەی قەرەباڵغی، كاتێك سوودمەندان نامەیەكی ئەلیكترۆنیان پێ دەگات بەو ژمارە مۆبایلەی لە فۆڕمەكە نووسیویانە، ژمارەی ئەو كەسانەی مینحەكەیش دەیانگرێتەوە 11583731 كەسن. 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل

ئه‌م بابه‌ته 2298 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌