له 30 حوزه‌یران/یۆنیۆی
1908 ته‌قینه‌وه‌یه‌كی زۆر مه‌زن له دارستانه‌كانی تونگوسكای ناوچه‌ی سیبیریای ئێسته‌ی ڕووسیا ڕووی دا، به‌وهۆیه‌وه دارستانه‌كه به ته‌واوی وێران بوو، تا ئێسته‌یش هۆكاری پشت ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه ڕوون نییه و چه‌ندان لێكدانه‌وه و بۆچوون له‌سه‌ر هۆی ئه‌و ڕووداوه گه‌وره‌یه هه‌یه و هیچیشیان یه‌كلاكه‌ره‌وه نین.
ته‌قینه‌وه‌كه له دارستانه‌كانی ده‌وروبه‌ری ڕووباری تونگوسكا بوو، هێنده به‌هێز و ترسناك بوو كه خه‌ڵكی ناوچه دووره‌كانی سیبیریا گوێیان لێ بووه، له ئه‌نجامی ته‌قینه‌وه‌كه‌یش زیاتر له 800 ملیۆن دره‌ختی دارستانه له‌سه‌ر ڕووبه‌ری دوو هه‌زار و 123 كیلۆمه‌تری چوار گۆشه به ته‌واوی وێرانبوون، به گوێره‌ی لێكدانه‌وه و خه‌مڵاندنه‌كان، ئه‌وه‌ی له‌و ناوچه‌یه ڕووی داوه، هێزی ته‌قینه‌وه‌ی هه‌زار بۆمبی ئه‌تۆمی هه‌بووه، هێنده ترسناك و گه‌وره و وێرانكه‌ر بووه.
به گوێره‌ی تۆماره مێژوویییه‌كان كه دوای ته‌قینه‌وه‌كه قسه له كه‌سێكی ناوچه‌كه وه‌رگیراوه و ئاماژه‌ی داوه، كه ماڵیان له دووری 64 كیلۆمه‌تر له چه‌قی ته‌قینه‌وه‌كه بووه، ئه‌و كه‌سه ده‌ڵێ، وه‌كوو كه‌وتنه خواره‌وه‌ی هه‌ساره‌ی خۆر بوو بۆ ناوچه‌كه، تۆپه‌ڵێكی ئاگرینی ڕووناك له ئاسمانی ئه‌و ناوچه‌یه بینرا و گه‌رمییه‌كی یه‌كجار زۆری به ناوچه‌كه بڵاوكرده‌وه، زۆربه‌ی خه‌ڵكی ده‌وروبه‌ری ناوچه‌كه به‌هۆی گه‌رمبوونی زه‌وی بۆ پله‌یه‌كی زۆر به‌رز پێیه‌كانیان سووتا، به‌شێك له تۆماره مێژوویییه‌كان دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه كاریگه‌ری ئه‌و ته‌قینه‌وه مه‌زنه ته‌نانه‌ت له شانشینی یه‌كگرتووی به‌ریتانیایش هه‌ستی پێكراوه، كه هه‌زاران كیلۆمه‌تر له ناوچه‌كه دووره.
تا ئێسته كه‌س نازانی هۆكاری ئه‌و ته‌قینه‌وه گه‌وره‌یه چی بووه
پاش ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕووداوه ترسناك و گه‌وره‌یه ڕووی دا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕووسیا له دۆخێكی خراپی سیاسی بوو و شڵه‌ژانێكی گه‌وره هه‌بوو، كه چه‌ند ساڵێك دوای ئه‌وه شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر به سه‌رۆكایه‌تیی ڤلادیمێر لینین ده‌ستی پێكرد و پاشانیش جه‌نگی یه‌كه‌می جیهان ڕووی دا، بۆیه ته‌واوی ئه‌و ماوه‌یه كه‌مترین لێكۆڵینه‌وه له هۆكاره‌كانی ئه‌و دیارده ترسناكه كرا، تا دوای دوو ده‌یه و به دیارییكراویش له ساڵی 1927 تیمه‌كانی لێكۆڵینه‌وه چوونه ناوچه‌كه، بۆ ئه‌وه‌ی به وردی هۆكاره‌كانی ئه‌و ته‌قینه‌وه مه‌زنه ڕوون بكه‌نه‌وه.
تیمی لێكۆڵینه‌وه سه‌ره‌ڕای مانه‌وه بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك له ناوچه‌كه نه‌یانتوانی بگه‌ن به هیچ وه‌ڵامێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه بۆ هۆی ئه‌و ڕووداوه و نهێنییه‌كانی پشته‌وه‌ی، به‌شێك له لێكۆڵه‌ران له‌و بڕوایه‌دان كه ئه‌وه‌ی ڕووی داوه كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگرێكی مه‌زن بووه له ئاسمانه‌وه كه‌وتووه‌ته سه‌ر زه‌وی، هه‌ندێكیش له‌و بڕوایه‌دان كه نه‌یزه‌كێكی گه‌وره بووه و به‌ر له‌وه‌ی به‌ر زه‌وی بكه‌وێت له نزیك زه‌وی ته‌قیوه‌ته‌وه و ئه‌و ده‌نگه مه‌زنه و كاولكارییه گه‌وره‌یه‌ی دروست كردووه، به‌شێكیش له‌و بڕوایه‌دان كه ڕووسه‌كان هه‌ر له زووه‌وه بۆمبی ئه‌تۆمیان دۆزیوه‌ته‌وه و له‌و ناوچه‌یه تاقییان كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه ته‌نیا گریمانه و خه‌مڵاندن، هیچیان به‌ڵگه‌ی پشتڕاستكه‌ره‌وه و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی له‌گه‌ڵ نییه.
له نێو خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌یش چیرۆكی سه‌یر و نامۆ له‌باره‌ی ئه‌و ڕووداوه دروستبوو كه به‌شێوه‌ی زاره‌كی بڵاو بووه‌ته‌وه و دواتر له كتێبه‌كانیش تۆماركراوه، چیرۆكه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن، كه كه‌شتییه‌كی ئاسمانی بوونه‌وه‌ره گه‌ردوونییه‌كان بووه و ویستوویانه بگه‌نه ده‌ریاچه‌ی بایكاڵ و ئاو له نێو كه‌شتییه ئاسمانییه‌كه‌یان نه‌ماوه، به‌ڵام له‌و ناوچه‌یه كه‌شتییه مه‌زنه‌كه ته‌قیوه‌ته‌وه و ئه‌و كاره‌ساته‌ی لێ كه‌وتووه، چیرۆكێكی تریش بریتییه له‌وه‌ی كه خواوه‌ندی برووسكه و باران ئه‌م كاره‌ی كردووه، بۆ ترساندی مرۆڤه بێباوه‌ڕه‌كان به خواوه‌ندی برووسكه. چونكه له‌و كاته به‌شێك له هۆزه‌كانی سیبریا و تا ئێسته‌یشی له‌گه‌ڵ بێ، كه زۆر دووره ده‌ستن و له ناوچه زۆر سارده‌كان ده‌ژین، هه‌ر خه‌ریكی په‌رستنی خواوه‌نده له دار و په‌یكه‌ر دروستكراوه‌كانن.
به‌شێك له‌و بڕوایه‌دان كه تووڕه‌یی خواوه‌ندی برووسكه بووه و به‌شێكیش به نه‌یزه‌ك و بۆمبی ئه‌تۆمی ناوی ده‌به‌ن
له ساڵی 1973 دوو زانا گه‌یشتنه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه هۆكاری ته‌قینه‌وه‌كه كه‌وتنه خواره‌وه‌ی به‌شێكی كونه ڕه‌شه‌كان بووه، كه نزیكبوونه‌ته‌وه له زه‌وی دژه ماده و كارلێكی پێكهاته‌ی خاكی زه‌وی و به‌ردی پێكهاته‌ی كونه ڕه‌شه‌كه كارلێكیان كردووه، به‌وهۆیه‌وه هه‌موو شتێكی ناوچه‌كه‌یان سووتاندووه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی هێزێكی زۆری موگناتیسی له پێكهاته‌ی كونه ڕه‌شه‌كه هه‌بووه و ویستوویه‌تی هێزی كێشكردنی زه‌وی بشكێنێت.
نزیكترین بۆچوون ئه‌وه‌یه كه نه‌یزه‌ك و هه‌سارۆچكه بن كه‌وتوونه‌ته خواره‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌یش سه‌یر و گوماناویییه، چونكه هیچ چاڵێكی دروست نه‌كردووه و ته‌نانه‌ت خاكی شوێنه‌كه به ملیمیش گۆڕانكاری لێ دروست نه‌بووه، به‌ڵكوو ته‌نیا دره‌خت و ڕووه‌كه‌كانی ئه‌و ڕووبه‌ره به ته‌واوی سووتاون و وشكبوونه‌ته‌وه.
تا ئێسته‌یش لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ڕووداوه‌كه به‌رده‌وامی هه‌یه و زانایان به به‌رده‌وامی پۆل پۆل ده‌چنه ناوچه‌كه، كه‌چی دۆسیه‌ی 1908 بووه‌ته مه‌ته‌ڵێكی ئاڵۆز و كه‌س نه‌یتوانیوه وه‌ڵامه‌كه‌ی بدۆزێته‌وه و ئه‌سته‌مه له داهاتوویش به وه‌ڵامه‌كه‌ی بگه‌ین.