پەرلەمانتارێك: سووتانی كێڵگەكانی گەنم و جۆ جەنگێكی ئابوورییە

:: PM:04:46:21/05/2020 ‌

لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەزری دروێنە، لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی رابردووەوە تا ئەمڕۆ دەیان ئاگركەوتنەوە لە كێڵگەكانی گەنم و جۆ لە چەند پارێزگایەكی عێراق رووی داوە، پەرلەمانتارێك هۆكاری ئاگركەوتنەوەكان ئاشكرا دەكات و دووپاتی دەكاتەوە ئەوەی روودەدات جەنگێكی ئابوورییە.
كێن ئەوانەی گەنم و جۆی جووتیاران دەسووتێنن؟
موختار مووسەوی، پەرلەمانتاری عێراق لەوبارەوە گوتی، سێ لایەن لەپشتەوەی رووداوەكانی ئاگركەوتنەوەن لە بەرووبوومی گەنم و جۆی جووتیاران، ئەوانیش كەسانی سەرمایەدار و وڵاتانی دەرەوە و داعشن، چونكە ئەو سێ لایەنە نایانەوێ ئابووری عێراق گەشە بكات.

زیاتر گوتی، هەموو ئاگركەوتنەوەكان بە مەبەستن و لە چوارچێوەی سیاسەتی جەنگی ئابووری دێن، دووپاتی كردەوە، پێویستە حكوومەتی نوێی عێراق بە ئەركی خۆی هەڵبستێت بە پاراستنی ئابووری كشتوكاڵی لەو دەستە خراپەكارانە.  

پێش ئێستە ناهیدە داینی، پەرلەمانتاری عێراق گوتی، سووتاندنی زەوییەكانی چێنراو بە گەنم، تێكدانێكی ئابووری و سیاسییە كە چەند لایەنێك لەپشتیەوەن سوود لە هاوردەكردنی گەنم لە وڵاتانی دراوسێ دەبینن، بەوەیش دەیانەوێت بەتایبەتی زیان لە ئابووری پارێزگای دیالە بدەن، بۆ ئەوەی هەر پشت بە گەنمی دەرەوە ببەستن، دوای ئەوەی پێویستی ناوخۆ پڕ بووەتەوە.

زیاتر گوتی، ئاگركەوتنەكانی سنووری دیالە لە ناوچەی ئاوارەكان روودەدات، بۆ ئەوەی دۆخی ئابووری ئەو ناوچانە باش نەبێت و ئەوان بە هەژاری بمێننەوە، بۆیە بەرپرسیارەتی ئەو كارانە دەخەینە ئەستۆی هێزە تەناهییەكان و لایەنی پێوەندیدار لە دیالە، بەهۆی كەمتەرخەمی و وەرنەگرتنی رێوشوێنی پێویست بۆ رێگرتن لەو ئاگركەوتنەوانە.

داینی دووپاتی كردەوە، رووداوەكانی ئاگركەوتنەوە تیرۆریستی نین و كەسانی بەكرێگیراویان لەپشتە و پێوەستن بە ئەجیندای دەرەكی كە هەوڵی باڵادەستی بەسەر ئابووری عێراق دەدەن و ئەو ئاگرانەیش، زیانی گەورەیان بە جووتیارانی ناوەچەكە گەیاندووە و پێویستە قەرەبوو بكرێنەوە.







وشە - مه‌حموود ئیسماعیل