10 تووشبووی نوێی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان تۆمار كران

:: PM:09:38:21/05/2020 ‌

تۆماركردنی حاڵەتەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتانی دنیا و لە هەرێمی كوردستانیش بەردەوامە، ئەوەیش سەرەڕای ئەو رێوشوێنە سەركەوتووانەی حكوومەتی هەرێم لە ماوەی چەند مانگی رابردوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەكە پێڕەوی كرد، بەڵام بەهۆی سووككردنی رێوشوێنەكان و پابەند نەبوون، لە ماوەی رابردوو چەند حاڵەتێكی نوێی تووشبوون لە هەرێم تۆمار كران.
زۆرینەی تووشبووان بەركەوتەی تووشبووی پێشوون
بەپێی نوێترین راگەندراوی وەزارەتی تەندروستی هەرێم كە دیودەرانە و راشكاوانە ئەنجامەكان رادەگەیەنێت، لە بەردەوامی پشكنین و گەڕان بەدوای گومانلێكراوان، 10 تووشبووی تری ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ COVID-19، لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەولێر دەستنیشان كران.

وەك لە راگەندراوەكەدا هاتووە، تووشبووەكانی سلێمانی سێ ئافرەتی تەمەن 69 و 46 و 38 ساڵن و پیاوێكی تەمەن 44 ساڵ و كوڕێكی گەنجی 18 ساڵییە، سێ لە تووشبووان بەركەوتەی تووشبووی پێشوون و دوو تووشبووەكەی تر نیشانەی نەخۆشیان هەیە و دەستنیشان كران، هەموویان دانیشتووی ناو شاری سلێمانین.

هەر ئەمڕۆ پێنج تووشبووی تری ڤایرۆسی كۆڕۆنا لە پارێزگای هەولێر دەستنیشان كران، ئەوانیش پیاوێكێ تەمەن 85 ساڵ و دوو كوڕی گەنج تەمەن 16 و 12 ساڵ و ئافرەتێكی تەمەن 19 ساڵ و كچێكی گەنجی تەمەن 13 ساڵ، هەموویان بەركەوتەی تووشبووانی پێشوون و دانیشتووی كۆمەڵگەی شاوەیسن لە شاری هەولێر.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل