گوڵاڵە.. هێزەكانی عێراق خۆیان دەشارنەوە و خەڵك رووبەڕووی داعش دەبێتەوە

:: PM:11:11:21/05/2020 ‌

ئەمشەو پێنجشەم تیرۆریستانی داعش لە گوندی (ئوم حونتە)ی سنووری شارەدێی گوڵاڵەی سەر بە شارۆكەی خانەقین، هێرشیان كردە سەر هێزەكانی عێراق، سەربازان عێراق لەبری رووبەڕووبوونەوەی داعش، لە ماڵەكان خۆیان حەشار دا و خەڵك فریایان كەوت.
هێزەكانی عێراق هەڵاتوون و سەربازێكیش بریندارە
 مەحموود دەلۆ، كارگێری لیژنەی ناوچەی گوڵاڵەی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمشەو پێنجشەم 21ی ئایاری 2020 ، تیرۆریستانی داعش بە چەكی قەناسەوە، لە گوندی (ئوم حونتە)ی گوڵاڵە، هێرشیان كردە سەر سەنگەرێكی سوپای عێراق.

 زیاتر گوتی، سوپای عێراق لەو سەنگەر هەڵاتوون و خۆیان كردووەتە ماڵێك، كە كەسایەتییەكی ناوچەكەیە بە ناوی (موحیەدین خەلیفە)، لەگەڵ  ئەوەشدا سەربازێك بە سەختی بریندار كراوە و  گولەی قەناسی بەركەوتووە، روونی كردەوە، تیرۆریستان لەبەر ئەوەی لە گوندەكانەوە خەڵكیان بەرەنگاربووەتەوە، هەڵاتوون.

لای خۆیەوە، نیهاد محەمەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دیالە، بە"وشە"ی راگەیاند، دۆخی ناوچەكە هەرچەند مەترسیدارە، بەڵام هێزی زیاتر  فریای  سوپا كەوتووە و دۆخەكە ئارامترە.

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل