بەردەوام لە ناو شاری سلێمانی خانووی زیادەڕۆ لەسەر زەوی و موڵکی گشتی دروست دەکرێت و لە ماوەی دوو مانگی ڕابردووش بەهۆی کەرەنتینەوە و حاڵەتەکان زۆربوون و شارەوانیش بەردەوامە لە ڕووخاندنیان.
شارەوانی بەردەوامە لە ڕووخاندنیان
ئەمڕۆ هەینی 22ى ئایار، سەردەشت ڕەفیق، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، تیمەکانی شارەوانی بە هاوکاری بەشی ئامێرەکان و هێزە تهناهییهكان بەردەوامن لە ڕووخاندنی خانووە زیادەڕۆکان کە لەسەر موڵکی گشتی و زەوی شارەوانی دروست دەکرێن بەشێوەی نایاسایی.
زیاتر گوتى، ئێمە ئاگادارین هاووڵاتییان خانووی زیادەڕۆ دروست دەکەن، شار فراوانە، هەر بۆیە تیمەکانی بەشی زیادەڕۆیی لە سەرۆکایەتی شارەوانی بەردەوام لە گەڕەک و ناوچە جیاوازەکانی سلێمانی لە گەڕاندان بە ئامێرەکان هەر خانووێک زیادەڕۆبێت دەڕوخێنرێت و لادەبرێت.
ئاشكراى كرد، سەرەڕای ئەوەی ئەو کەسە خانووەکەی دەڕوخێنرێت خۆشی ڕووبەڕووی یاسا دەبێتەوە و بەپێی یاسای ژمارە سێی ساڵی 2018 مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و لە دادگاش، دادگایەکی تایبەت هەیە بۆ لێپرسینەوە و سزادانی ئەو کەسانەی کە کاری زیادەڕۆیی دەکەن.
ڕاى گهیاند، ئەو کەسانەی ئەو کارانە دەکەن تەنها خۆیان زیان دەکەن و تووشی کێشە دەبن، هەروەها لە ڕووی مادییشەوە زەرەرێکی زۆر دەکەن، بۆیە باشتر وایە واز لەوە بێنن چونکە هەموو ئەوانەی ئەو کارە دەکەن خانووەکانیان دەڕوخێنرێت.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی