له ڕۆژی چوارشه‌می ڕابردوو له به‌شێكی مزگه‌وته‌كانی شاری ئیزمیری توركیا له بڵندگۆی مزگه‌وته‌كان له شوێنی بانگدان، سترانێكی ئیتاڵی په‌خشكراوه به ناوی "بێلا چاو" ئه‌م سترانه ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیای به ته‌واوی تووڕه كردووه، چونكه دژ به فاشیزم و تاكڕۆیی و دیكتاتۆری و داگیركاری گوتراوه، به‌وهۆیه‌وه داواكاری گشتی شاره‌كه دۆسیه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته جووڵاندووه.
گرته‌ی ڤیدیۆیی چڕینی ئه‌و سترانه به‌شێوه‌ی پله‌ی باك له بڵندگۆی مزگه‌وت له تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ڤیدیۆكان بڵاو بووه‌ته‌وه و ئه‌وه‌ی له گرته ڤیدیۆی خواره‌وه‌یش ده‌یبینن، په‌خشی سترانه‌كه‌یه له بڵندگۆی مزگه‌وتی ئیگیكینت میركیزی شاری
ئیزمیر، ئه‌مه به حاڵه‌تێكی سه‌یر داده‌نرێ و خه‌ڵكی تووشی سه‌رسڕمان كردووه له كاتی په‌خشكردنی سترانه‌كه، سه‌ره‌تا پێشبینی ده‌كرا كارێكی ئاسایی بوو و ته‌نیا زانایانی ئایینی ئه‌و وڵاته به توندی وه‌ڵامی بده‌نه‌وه، به‌ڵام ناوه‌رۆكی سترانه‌كه و مێژووه‌كه‌ی داواكاری گشتی و ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیای هێناوه‌ته ده‌نگ و ده‌ستیان به لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد و چڕ كردووه، بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ئه‌م كاره‌یان كردووه.
سترانی بێلا چاو چییه؟
مێژووی چڕینی ئه‌و سترانه بۆ سه‌رده‌می جه‌نگی دووه‌می جیهانی و ساتی هێرشی نازییه‌كان بۆ سه‌ر ئیتاڵیا ده‌گه‌ڕێته‌وه و به‌شێكه له فه‌رهه‌نگ و كولتووری ئیتاڵییه‌كان، به‌شێكیش له‌و بڕوایه‌دان كه مێژووه‌كه‌ی له‌مه كۆنتره و بۆ كاتی به‌رهه‌ڵستی سۆشیالیست و ماركیسیست و چه‌په‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه، له دژی سیسته‌می حوكمڕانی فاشیستانه‌ی ئیتاڵیا به سه‌رۆكایه‌تی بینیتۆ مۆسۆلۆنی و بۆ یه‌كه‌مجاریش له دۆڵی "بوو" خه‌ڵكه‌كه‌ی ئه‌و سترانه‌یان چڕیوه و تا ئێسته‌یش كه‌س نازانێ تێكست و هۆنراوه‌كه‌ی كێ نووسیویه‌تی و دایناوه، له‌به‌ر ئه‌وه بووه به فۆلكلۆری ئه‌و گه‌له و له وڵاتانی تریش به‌كارهێنراوه‌ته‌وه و له ساڵی 1969 وه‌ك باگكراوه‌ند و ده‌سپێكی فیلمێكی یوگسلاڤی سوودی لێ وه‌رگیراوه. له فیلمی ماڵێك له كاغه‌ز و ماڵێك له دراو "تاڵانی پاره"یش دووباره به‌كارهێنراوه‌ته‌وه، به‌هۆی ئه‌و مێژووه‌ی له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تاكڕۆیی و فاشیزم هه‌یه‌تی، به به‌رده‌وامی ده‌سه‌ڵاته تۆقێنه‌ر و دیكتاتۆره‌كان دژی ئه‌و سترانه وه‌ستاونه‌ته‌وه. بۆیه وه‌ك سیمبۆلێكی ئازادی و ڕزگاری گه‌لی ئیتاڵیا و گه‌لانی تر سه‌یر ده‌كرێ، كه له ناوه‌رۆكه‌كه‌ی ده‌گه‌ن و مێژووه‌كه‌ی ده‌زانن.
مانای تێكستی سترانه‌كه
بێلا چاو به ئیتاڵییه و كوردییه‌كه‌ی ده‌بێت به "ماڵئاوا ئه‌ی جوانه‌كه" و دێڕه‌كانی تری تێكسته‌كه‌یش ماناكه‌یان به‌مشێوه‌یه‌ی خواره‌وه.
به‌یانییه‌ك له خه‌وهه‌ستام..ماڵئاوا ئه‌ی جوانه‌كه......
به‌یانییه‌ك له خه‌و هه‌ستام..بینیم نیشتمانه‌كه‌م داگیركراوه.
ئه‌ی دۆستان بۆ دوور بمبه‌ن.
ماڵئاوا ئه‌ی جوانه‌كه ..ماڵئاوا ئه‌ی جوانه‌كه..ماڵئاوا
دۆستان بۆ دوور بمبه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من ده‌مرم.
من ده‌مرم وه‌كوو به‌رگریكار و شۆڕشڤانێك
ئه‌گه‌ر مردم وه‌كوو شۆڕشڤانێك.
پێویسته بمنێژن.
بمنێژن له به‌رزترین لووتكه‌ی چیا
له ژێر سێبه‌ری نه‌مامی گوڵێكی جوان...
كاتێك گه‌له‌كه‌م به شاخه‌كه تێپه‌ڕین
ده‌ڵێن، جوانترین گوڵه،
ئه‌وه گوڵی به‌رخۆدان و به‌رگریكردنه
ئه‌و گوڵه به‌رگریكاره
به سه‌ربه‌شتی ژیا و شه‌هید بوو.
ترسی توركیا له‌م سترانه بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
دوای هێرشی توركیا بۆ سه‌ر ڕۆژئاوای كوردستان و باكوری كوردستان و شه‌ڕی تیرۆریستان له‌لایه‌ن كورده‌وه له باشوور و ڕۆژئاوا، خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته زانیاری زۆریان له‌باره‌ی كورده‌وه زانی و به‌و هۆیه‌وه ئه‌و سترانه‌یان بۆ كورد ده‌گوته‌وه، له پاش گه‌یشتنی ڤایرۆسی كۆرۆنایش به ئیتاڵیا و ئه‌و هه‌موو قوربانییه زۆره‌ی له ڕیزی خه‌ڵكی ئیتاڵیا به‌هۆی په‌تاكه كه‌وته‌وه، به‌هه‌مانشێوه خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته له ڕێی ڤیدیۆچاته‌وه ئه‌و سترانه‌یان به‌یه‌كه‌وه ده‌گوته‌وه، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و دوژمنه ورده دژ به گه‌له‌كه‌یان، پاشان كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ندی كورد و ئیتاڵی له ڤیدیۆ كۆنفڕانسێك به‌هه‌مانشێوه ئه‌و سترانه‌یان گوته‌وه و به ته‌واوی له میدیاكانی كورد و ئیتاڵیا بڵاوبووه‌وه و له تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی ته‌شه‌نه‌ی سه‌ند.
ئیتر لێره‌وه سترانه‌كه ئاماژه‌یه‌كی تری وه‌رگرت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی خه‌ڵكێكی زۆری كورد تێی گه‌یشتن، كه دژ به سته‌مكار و دیكتاتۆره، بۆیه وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ داگیركه‌رانی كوردستان به گشتی و توركیا به تایبه‌تی ئه‌و سترانه‌یان شه‌یر و بڵاو ده‌كرده‌وه، له به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌یش دا په‌ڕه توركییه ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌كان له تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی به توندی كۆمێنت و سه‌رنجیان له‌سه‌ر سترانه‌كه ده‌نووسی و به ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی له كاروباری ناوخۆی توركیا ناویان ده‌برد، له‌به‌ر ئه‌وه وه‌ك سترانێكی قه‌ده‌غه‌كراو له توركیا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێ، به‌ڵام په‌خشكردنی ئه‌و سترانه له بڵندگۆی مزگه‌وته‌كانی توركیا به ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتدارانی شاره‌كه‌ی و توركیا تووشی سه‌رسڕمان كردووه، یه‌كه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ كات ستران له بڵندگۆی مزگه‌وته‌كان ناگوترێ، جیا له پرسه ئاینییه‌كان نه‌بێ، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌مه پێشێلكارییه‌كی گه‌وره به‌رانبه‌ر به ئایین ده‌زانن، دووه‌میش گه‌یشتنی ده‌ستی كورد به مایكی بڵندگۆی ئه‌و ژماره مزگه‌وته‌وه و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و سترانه به هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ترسناك بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی توركیا ناوده‌برێت.