وەزارەتی کارەبا: ئەم هاوینە کێشەی کارەباتان کەمتر دەبێت

:: AM:10:51:27/05/2020 ‌
وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، دۆخی كارەبا لەو هاوینە خراپ نابێت و حكوومەتیش بە رژدی كار بۆ ئەوە دەكات دابەشكردنی كارەبا بخاتە ئەستۆی كەرتی تایبەت.
 
ئەمڕۆ چوارشەم 27ـی ئایار، لە ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی كارەبا ئاشكرا كراوە، دۆخی كارەبای نیشتمانی لەوەزری هاویندا خراپ نابێت، بەهۆی كەمیی توانای حكوومەت لە دابینكردنی گازی سروشتی بۆ ئەو 34 یەكەی بەرهەمهێنانی كارەبا كە سەر بەكەرتی تایبەتن، نەتوانراوە بڕی بەرهەمهێنانی كارەبا لە 3200 مێگاوات زیاتر بەرز بكرێتەوە.

كێشە گەورەكەی كەرتی كارەبا لە گواستنەوە و دابەشكردنی كارەبادایە 
باس لەوەش كراوە، هەرچەندە لە هەرێمی كوردستاندا كێشەی بەرهەمهێنانی كارەبا نییە، بەڵام كێشە گەورەكەی كەرتی كارەبا لە گواستنەوە و دابەشكردنی كارەبادایە، بۆ نموونە 44%ی كارەبای هەرێمی كوردستان كە نزیكەی هەزار و 200 مێگاواتە ون دەبێت.

ڕوون كراوەتەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان قەرزاری هەموو كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی كارەبایە كە بڕەكەی دوو ملیار و 700 ملیۆن دۆلارە، لەم مانگەدا 25 ملیۆن دۆلار دەدرێتە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی كارەبا و لە مانگەكەی داهاتووشدا 25 ملیۆنی تریان پێ دەدرێت، لە سێ مانگی داهاتوودا چەند یەكەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا نۆژەن دەكرێنەوە، بەمەش دۆخی كارەبای نیشتمانی لە وەرزی هاویندا خراپ نابێت .



وشە - رامیار جەواد

ئه‌م بابه‌ته 17972 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌