تەوژمێكی مەترسیدار.. بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیانی كۆرۆنا لە كوردستان

:: PM:02:47:28/05/2020 ‌

سەرەڕای ئەوەی كە رۆژانە لە دنیادا بە هەزاران كەس بە كۆرۆنا دەمرن، بەڵام هێشتا بەشێك لە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان متمانەیان بە بوونی نەخۆشییەكە نییە یان بە شتێكی ئاسایی هەژمار دەكەن، پێیان وایە پێویست ناكات هیچ رێوشوێنێك بگیرێتەبەر. بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی تەندروستی وێڕای خستنەڕووی هۆكارەكان، باس لەوە دەكات ئەگەر خەڵك رەچاوی خۆپارێزی نەكەن، دۆخەكە مەترسیدارتر دەبێت و سەرجەم ریسی هەوڵەكانی كوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا دەكاتەوە بە خوری.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەرزوو كە ڤایرۆسەكە لە چین سەری هەڵدا و دواتر بۆ ئێران گواسترایەوە، لە دژی نەخۆشییەكە رێوشوێنی توندی گرتەبەر و بە داخستنی سنوورەكان و پاشان كەرەنتینكردنی هاووڵاتییان و بڵاوكردنەوەی رێنوێنیی پێویست، توانی رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە بكات و بیگەیەنێتە دۆخێك كۆنترۆڵ بكرێ، تەنانەت بۆ ماوەی هەشت رۆژ هیچ حاڵەتێك لە كوردستان تۆمار نەكرێ.

لە ماوەی ئەو دوو هەفتەیەدا نزیكەی 30% بە ژمارەی تووشبووان زیادی كردووە.
دوو هەفتە لەمەوبەر حاڵەتێكی نوێ لە سلێمانی تۆمار كرا و پاشان حاڵەتی نوێ لە شار و پارێزگاكانی تریش زیادیان كرد و لە دۆخێكدا كە تەنیا سێ نەخۆش لە نەخۆشخانەكاندا مابوون، ئێستە ژمارەكە گەیشتووەتە 544 حاڵەت كە 132 كەسیان لە نەخۆشخانەن و تەنیا لە ماوەی ئەو دوو هەفتەیەدا نزیكەی 30%  بە ژمارەی تووشبووان زیادی كردووە.

شلكردنی رێوشوێنەكان لە لایەن حكوومەت لە لایەك و نەبوونی رۆشنبیریی گشتی بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسەكە لە لایەن هاووڵاتییان لە لایەكی تر، بەگرنگترین هۆكاری هەڵكشانی ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسەكە هەژمار دەكرێت.

خاڵس قادر بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ "وشە" باسی لەوە كرد، خەڵك لە كوردستان وەك سەرەتاكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە پابەندی رێنوێنییەكانی تەندروستی نابن، بۆیەش حاڵەتەكان زیادیان كردووە.

سەرەتاكان كە ڤایرۆسەكە بڵاو بووەوە خەڵكی كوردستان زیاتر لە ئاستی ئاسایی ترسێنران
ئەو هۆكارەكانی ئەو بێباكییەی هاووڵاتییان دەخاتەڕوو و دەڵێت، سەرەتاكان كە ڤایرۆسەكە بڵاو بووەوە لە رێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان خەڵكی كوردستان زیاتر لە ئاستی ئاسایی ترسێنران، بۆیەش دەمامكیان لە بازاڕەكان نەهێشت و بۆ پاراستنی خۆیان هانایان بۆ هەموو شتێك برد، بەڵام دواتر لەگەڵ جێبەجێكردنی رێوشوێنەكانی حكوومەت، بەخۆشییەوە كەمترین قوربانی لە كوردستان تۆمار كرا و ئیتر وردەردە دۆخەكە لای خەڵك ئاسایی بووەوە و ئەو ترسەیان نەما كە لە كۆرۆنا هەیانبوو.

هۆكارێكی تر كە ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی پێ دەكات ئەوەیە، كۆرۆنا و گرتنەبەری رێوشوێنەكان لە كوردستان هاوشێوەی هەموو وڵاتانی تری دنیا دەرهاویشتەی خراپی بۆ سەر باری ئابووری و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان هەبووە، ئەم دەرهاویشتە خراپانەش بووەتە هۆی ئەوەی خەڵك لەوە بێزار بن و چیتر بەرانبەر كۆرۆنا خۆیان بپارێزن. 

جگەلەم هۆكارانە، دۆخی نالەباری عێراقیش لە كۆنترۆڵكردنی كۆرۆنا راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر هەرێمی كوردستان هەبووە. وەك دكتۆر خاڵس خستیەڕوو، ئەوكات كە لە هەرێمی كوردستان دۆخەكە كۆنترۆڵ كرا، لە عێراق بەردەوام لەزیادبووندا بووە، بۆیەش بەشێك لەو حاڵەتانە لە پارێزگاكانی تری عێراقەوە بۆ كوردستان گواستراونەتەوە.

توانای نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان بۆ چاودێریكردنی نەخۆشانی كۆرۆنا سنووردارە
خاڵس قادر لە زیاتربوونی ژمارەی تووشبووان لە هەرێمی كوردستان هۆشداری دەدات و دەڵێت، ئەگەر ژمارەكە زیاد بكات، ئەوا دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو حاڵەتانەش زیاد بكات كە پێویستیان بە چاودێری چڕ هەیە و لەوكاتەشدا ژمارەی قوربانیان بەرز دەبێتەوە. جگەلەمە توانای نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان بۆ چاودێریكردنی نەخۆشانی كۆرۆنا سنووردارە، ئەگەر هاووڵاتییان رەچاوی رێنوێنییەكانی پاراستنی تەندروستی نەكەن، ئەوا دۆخەكە خراپتر دەبێت.

ئەو بە دووری دەزانێت ئێستە حكوومەت بۆ رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری كۆرۆنا، هەمان رێوشوێنی توندی جاران بگرێتەبەر، بەڵام لە چوارچێوی لۆكاڵی بڕیاری كەرەنتینكردن و رێوشوێنی توند بەرانبەر كۆرۆنا لەوانەیە بگیرێتەبەر.
357 هەزار و 900 كەس مردوون

پێویستە بگوترێ كۆی ژمارەی تووشبووان لە عێراق گەیشتووەتە پێنج هەزار و 135 كەس كە لەو ژمارەیە 175 كەس گیانیان لە دەست داوە. لە ژمارەی حاڵەتەكانی مردن پێنج كەسیان هی هەرێمی كوردستانن و بەگشتی لە هەرێمی كوردستان 544 حاڵەت تۆمار كراوە.

بەگوێرەی WORDOMETERS    كۆی ژمارەی تووشبووان لە دنیادا گەیشتووەتە پێنج ملیۆن و 812 هەزار كەس كە لەو ژمارەیە 357 هەزار و 900 كەس مردوون و دوو ملیۆن و 514 هەزار كەسیش چاك بوونەتەوە.

ئەمەریكا بە ملیۆنێك و 745 هەزار حاڵەتی تووشبوو بە پلەی یەكەم دێت كە سەرووی 102 هەزار قوربانی داوە و بەڕازیل و رووسیا، ئیسپانیا، بەریتانیا، ئیتالیا، فڕەنسا و ئەڵمانیاش لە پلەكانی دواتردا دێن.

لە دوای ئەمەریكا، بەریتانیا زۆرترین قوربانی داوە كە سەرووی 37 هەزار كەسی بەهۆی كۆرۆنا مردوون.



وشە - سلێمان تاشان

ئه‌م بابه‌ته 550 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌