لەوانەیە ئیبۆپڕۆفین چارەسەری كۆرۆنا بكات

:: AM:11:13:03/06/2020 ‌
توێژینەوە لەسەر كاریگەرییە باشەكانی ئیبۆپڕۆفین لەسەر كۆرۆنا دەستی پێ كردووە و ئەگەر سەرجەم دەرەنجامەكان ئەرێنی بن، ئەوا بۆ چارەسەری نەخۆشانی كۆرۆنا سوودی لێ وەردەگیرێت كە هەرزانترین دەرمانە و لە هەموو شوێنێك دەست دەكەوێت.

زانایانی بەریتانیا كە دەستیان بە توێژینەوەكە كردووە، پێشبینی دەكەن ئیبۆپڕۆفین بتوانێت چارەسەری بەشێك لە كێشەكانی هەناسە بكات كە نەخۆش لە دوای تووشبوون بە كۆرۆنا تووشی دەبێت.

زانایان ئومێدێكی زۆریان بەو دەرمانە هەیە و ئەگەر سەركەوتوو بن، ئەوا دەبێت بەجێگرەوەی چەندان دەرمانی تر كە دەستخستنیان ئاسان نییە.
تاقیكردنەوە بەراییەكان لەسەر ئاژەڵان ئەنجامی ئەرێنی هەبووە دەبێتەوە.

بەگوێرەی  بی بی سی تاقیكردنەوە بەراییەكان لەسەر ئاژەڵان ئەنجامی ئەرێنی هەبووە و توانیویەتی كێشەی هەناسە چارەسەر بكات، هەرچەندە لە تاقیكردنەوەكاندا لە جیاتی حەبی ئاسایی، سوودیان لە پێكهاتەیەكی تایبەتیی لە هەمان دەرمان وەرگرتووە كە زیاتر بۆ چارەسەری نەخۆشیی ئارتروز سوودی لێ وەردەگیرێت.

سەرەتاكان كە كۆرۆنا بڵاو بووەوە، هەندێك هەواڵ بڵاو كرایەوە كە ئیبۆپڕۆفین زیانی بۆ تووشبووانی كۆرۆنا هەیە. ئەو روانگەیە بەتایبەتی دوای ئەوە دروست بوو كە وەزیری تەندروستی فڕەنسا داوای كرد لە جیاتی ئیبۆپڕۆفین سوود لە پاراسێتامۆڵ وەربگیرێت، چونكە پڕۆفین دەبێتە هۆی زیادكردنی هەوكردنەكە.

پێویستە بگوترێ ئیبۆپڕۆفین دەرمانێكی دژەئازار و دژە تا و دژە هەڵمسانە و یەكێكە لەو دەرمانە گرینگەكان، هەرچەندە بەكاربردنی ئەو دەرمانە هەندێك زیانی بۆ گەدە هەیە ئەگەر نەخۆش نەزانێت چۆن سوودی لێ وەردەگرێت.



وشە - سلێمان تاشان