عێراق و ئه‌مه‌ریكا له چه‌ند ڕۆژی داهاتوو ده‌چنه ناو گفتوگۆ بۆ رێككه‌وتنی ستراتیجی كه به "سۆفا" ناسراوه، بواره‌كانی خوێندن و كولتوور و دیپلۆماسیه‌ت و ئابووری و دۆخی ته‌ناهیی عێراق و چه‌ندانی تر ده‌گرێته‌وه، چاودێرانیش پێیان وایه به‌و رێككه‌وتنه ئه‌مه‌ریكا كش مه‌لیك به ئێران ده‌كات له عێراق.
بڕیار وایه له 10ی حوزه‌یران گفتوگۆی نێوان ئه‌مه‌ریكا و عێراق به‌ڕێوه بچێت كه پێداچوونه‌وه به رێككه‌وتنی "سۆفا" ده‌كرێت. ئه‌وه‌یش ئه‌و رێككه‌وتنه له 2008 له نێوان هه‌ردوو سه‌رۆك جۆرج بووشی سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و نووری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كرا.
"سۆفا" چی بوو؟
رێككه‌وتنی ستراتیجی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا، بواره‌كانی خوێندن و كولتوور و دیپلۆماسیه‌ت و ئابووری و دۆخی ته‌ناهیی عێراق و چه‌ندانی تر ده‌گرێته‌وه به‌شێكیان تایبه‌ته به گه‌شه‌پێدانی عێراق له گشت كه‌رته‌كان، ئه‌وه‌ی تریش تایبه‌ته دۆخی ته‌ناهیی عێراق كه به "سۆفا" ناسراوه، به‌ڵام به‌پێی بۆچوونی شاره‌زایان ئه‌و رێككه‌وتنه ته‌نیا له بواری ته‌ناهی چووه‌ته‌وه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، ئه‌مه‌یش وا ده‌كات ئه‌مه‌ریكا ئه‌و ئامانجه‌ی بۆی هاتووه‌ته عێراق بپێكێت.
گفتوگۆكه كێ سه‌رپه‌رشتی ده‌كات و له كوێیش به‌ڕێوه ده‌چێت؟
به‌پێی زانیارییه‌كانی "وشه" به‌سه‌رپه‌رشتی مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و فه‌وزی هه‌ریری سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئومێد سه‌باح نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له به‌غدای پایته‌خت له‌ناو باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له عێراق به‌ڕێوه ده‌چێت، له‌وێوه ئه‌ندامانی شانده‌كه له بواری سیاسی، ته‌ناهی.. هتد ده‌ست به گفتوگۆكان ده‌كه‌ن.
ئیسماعیل قائانی شوێنگره‌وه‌ی قاسم سلێمانی هاتووه و فشاری زۆر كردووه له سه‌ركرده سیاسییه‌كانی عێراق
گرنگی به‌شداریی هه‌رێمی كوردستان چییه؟
ناسر هه‌ركی ئه‌ندامی لیژنه‌ی به‌رگری و ئاسایش له په‌رله‌مانی عێراق به"وشه"ی راگه‌یاند، به‌شداری هه‌رێمی كوردستان له‌و گفتوگۆیه، مانای وایه ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێ كوردستان له گفتوگۆ ستراتیجییه‌كان به‌شدار پێ بكات، ڕۆڵی هه‌رێمی كوردستان له ناوچه‌كه دیاره، وڵاتانیش گه‌واهیی ئه‌وه‌یان بۆ داوین كه له شه‌ڕی داعش چۆن بووین.
له به‌رانبه‌ردا كارۆخ خۆشناو شاره‌زا له سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا به "وشه"ی راگه‌یاند، ئه‌مه‌ریكا پێی خۆی داكوتاوه له عێراق، بۆیه‌ش گه‌وره‌ترین كونسوڵخانه له هه‌ولێر و دانانی سیستمی پاتریۆت له كوردستان، مانای وایه ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت كوردستان پارێزراو بێت، بۆیه‌ش ئه‌مه‌ریكا به گرنگی زانی كوردستان به‌شدار پێ بكات، ئه‌مه وا ده‌كات پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌رزتر بێته‌وه.
ئێران ده‌توانێ رێ له‌وه رێككه‌وتنه بگرێت؟
له دوای كوژرانی قاسم سولێمانی فەرماندەی سوپای قودس لە سوپای پاسدارانی ئێران و ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس فه‌رمانده‌ی حه‌شدی شه‌عبی، به‌پێی قسه‌ی چاودێران بێت، ئێران پێگه‌ی لاواز بووه، دوێنیش شاندێكی ئێرانی به‌سه‌رۆكایه‌تی "ره‌زا ئه‌رده‌كانیا" وه‌زیری وه‌زه‌ی ئێران گه‌یشته به‌غدا، به‌ڵام سه‌رچاوه‌كان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ شانده‌كه‌ی ئێران، ئیسماعیل قائانی شوێنگره‌وه‌ی قاسم سلێمانی هاتووه و فشاری زۆر كردووه له سه‌ركرده سیاسییه‌كانی عێراق بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕێككه‌وتنه نه‌كرێت، به‌ڵام كارۆخ خۆشناو پێی وایه، مسته‌فا كازمی له نێوان به‌رداشی ئێران و ئه‌مه‌ریكادایه، هه‌ربۆیه هه‌ر چۆنێك بێت ئه‌و رێككه‌وتنه ده‌كرێت، چونكه بینیمان كاتێك ئه‌مه‌ریكا له 2011 كشایه‌وه و دواتر داعش هات چی رووی دا. ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت كه ئێران بێده‌نگ نابێت.
ئه‌گه‌ر ئێران بتوانێت رێگری بكات، دۆخی عێراق چۆن ده‌بێت؟
شاره‌زاكه‌ی سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا ئاماژه‌ی به‌وه دا، عێراق له گشت كه‌رته‌كان داڕووخاوه، هێزه‌كانی عێراق ناتوانن پارێزگاری له ته‌ناهیی عێراق بكه‌ن، ئه‌وه‌یش له كاتی هاتنی داعش سه‌لمێنرا و ئێسته‌یش كه داعش سه‌ری هه‌ڵداوه‌ته‌وه، ده‌بێت سیاسییه‌كانی عێراق به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی عێراق له‌به‌رچاو بگرن.