260 ملیۆن منداڵی دنیا لە خوێندن بێبەشن

:: PM:01:29:23/06/2020 ‌

رێكخراوی یۆنسكۆ لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا لەبارەی دۆخی فێركردن و پەروەردە لە دنیادا بڵاوی كردەوە، لانی كەم  260 ملیۆن منداڵ بە هیچ شێوەیەك دەستیان بە سەرچاوەكانی فێركردن راناگات و كۆرۆناش دۆخەكەی زۆر نالەبارتر كردووە.

بەگوێرەی راپۆرتەكە یەك لەسەر شەشی منداڵان و هەرزەكارانی دنیا لە خوێندن بێبەش بوون و جگە لە كۆرۆنا هەژاری و دەستكورتی بە گرنگترین هۆكاری ئەم پاشەكشەیە هەژمار دەكرێت.

40%ی منداڵانی وڵاتە هەژارەكان لە قۆناغی كۆرۆنادا هیچ جۆرە پاڵپشتییەكیان پێ نەگەیشتووە لەوەی فێری زانیاری و پەروەردە ببن و بە گشتی لە ناو كیشوەرەكانی دنیا، دۆخی ئەفریقا زۆر نالەبارترە و هەرچەندە ئەم كاریگەرییە كەم تا زۆر بۆ زۆربەی وڵاتانی دواكەوتوو هاتووەتە كایەوە.
كۆرۆنا بووە هۆی ئەوەی سەرووی 90%ی قوتابخانەكانی دنیا ناچار بن دەرگای قوتابخانەكانیان دابخەن.

كۆرۆنا بووە هۆی ئەوەی سەرووی 90%ی قوتابخانەكانی دنیا ناچار بن دەرگای قوتابخانەكانیان دابخەن. بەر لە بوونی كۆرۆناش كەم نەبوون ئەو منداڵانەی لە قوتابخانە و فێربوون بێبەش بوون.

بەگوێرەی رادیۆ زەمانە لە ساڵی 2018دا 260 ملیۆن منداڵ بە هیچ شێوەیەك نەیانتوانیوە دەستیان بە خوێندن و قوتابخانە رابگات. پەناخوازان، ئاوارەكان، كەمینەكان و كەمئەندامان لەو رووەوە پشكی شێریان بەركەوتووە.

ماوەی رابردووش هەریەك لە سندووقی تایبەت بە منداڵانی un  كە بە یونیسێف ناسراوە لەگەڵ سندووقی رزگاریی منداڵان راپۆرتێكی هاوبەشیان بڵاو كردەوە و باسیان لەوە كرد، 86 ملیۆن منداڵ لە ناو ئەو خێزانانە دەژین كە هەژارن. دوو لەسەر سێی ئەو منداڵانە لە ئەفریقا و باشووری ئاسیان.

لە هەرێمی کوردستانیش ئەمساڵ بەهۆی کۆرۆنا کۆرسی دووەمی خوێندن تووشی کێشە هات قوتابیان نەیانتوانیوە هاوشێوەی ساڵانی رابردوو لە فێرکردن و پەروەردە بەردەوام بن هەر چەندە لە رێگەی ئۆنلاینەوە کەمێک قەرەبووی ئەو پاشەکشەیە کراوەتەوە.


وشە - سلێمان تاشان