گومڕایی عه‌بادی تا كوێ ده‌ڕوات

ئه‌كره‌م ساڵح

‎پاش سه‌ركه‌وتنه‌كانی عێراق به‌سه‌ر تیرۆریستانی داعش به‌ هاوكاری هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی، چاوه‌ڕوان ‎ده‌كرا عێراق وه‌ك وڵاتی براوه‌ی شه‌ڕی تیرۆر زیاتر ببێته‌ جێی بایه‌خ و پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی، چونكه‌ ته‌وای دنیا به‌ بایه‌خه‌وه‌ چاودێری تیروریستانی داعشیان ده‌كرد وه‌ك مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی.

‎سه‌ركه‌وتنی عێراق له‌م شه‌ڕه‌دا هه‌رزوو سه‌رانی عێراقی تووشی گومڕایی و‌ له‌خۆباییبوونێكی له ‌ڕاده‌به‌ده‌ر كرد، بۆیه‌ هه‌وڵیان دا له‌گه‌ڵ پاكتاوی داعش و عه‌ره‌بی سوننه،‌ پاكتاوی كێشه‌كانی خۆیان له‌گه‌ڵ كوردستانیش بكه‌ن، كه‌ له ‌ماوه‌ی شه‌ڕی داعش، به‌هۆی سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه‌وه‌ له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تی بووبووه‌ جێی بایه‌خی دنیا، له‌ ئاستی ناوخۆش كورد زۆرینه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی ڕزگار كرده‌وه‌ كه‌ له‌ ڕووی مێژوویی و جیۆگرافییه‌وه‌‌ خاكی كوردستانن،‌ ئه‌مه‌ گرێیه‌كی ده‌روونی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر دڵی شۆڤینی و تایفییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی عێراق دروست كرد، بۆیه‌ به‌رده‌وام بیریان لای ئه‌وه‌بوو كه‌ی شه‌ڕی داعش كۆتای بێ و تۆڵه‌ له‌ كورد بكه‌نه‌وه، هه‌موو كوردێكی ژیر و هۆشیار ئه‌وه‌ی ده‌زانی دوای شه‌ڕی داعش یه‌كه‌م فیشه‌كی عێراق به‌ ڕووی كورد و كه‌ركووك ده‌ته‌قێ.

به ‌بڕوای من یه‌كێك له‌ فاكته‌ره‌كانی پێداگری ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم پێش كۆتای شه‌ڕی داعش، له‌لایه‌ن سه‌رۆك بارزانی و ئه‌و لایه‌نه‌ نیشتمانپه‌روه‌رانه‌ی بڕوایان به‌ سه‌ربه‌خۆیی هه‌بوو، ئه‌وه‌بوو كه‌ هه‌ر شه‌ڕ ده‌بێت، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی‌ شه‌ڕه‌كه‌ ده‌ست پێ بكات، كێشه‌ی كورد ببێته‌ كێشه‌یه‌كی نیوده‌وڵه‌تی و دنیای لێ به‌ئاگا بێته‌وه‌ كه‌ خوێنیش ڕژا، ئه‌م جاره‌ با بۆ سه‌ربه‌خۆیی بێت.

‎عێراق خۆی له‌ بیانوو‌ ده‌گه‌ڕا بۆ په‌لاماردانی كوردستان، كه‌ ڕیفراندۆم ئه‌نجام درا، ده‌رفه‌تی هاوكاری و گه‌له‌كۆمه‌ی هه‌رێمیشی بۆ ڕه‌خسا، بۆیه‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا نه‌ك ڕۆژ، بگره‌ سه‌عاته‌كانی ده‌ژمارد بۆ ئه‌وه‌ی زووتر په‌لاماری كوردستان بدات. ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئاره‌زوو و هاوئاهه‌نگی گرووپێكی عێراقچیی كورد بۆ به‌غدا كه‌ پرۆسه‌كه‌ی بۆ ئاسانتر كردن و له‌ ماوه‌ی ٢٤ سه‌عات ده‌ستیان به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌دا گرت كه‌ به‌ ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان ناسراون،‌ ئه‌گه‌ر له‌ شه‌ڕی پردێ پێشمه‌رگه‌ له ‌داستانێكی قاره‌مانانه‌دا پێشی پێ نه‌گرتنایه‌، به‌ نیاز بوون تا ناو هه‌ولێر نه‌وه‌ستن، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ یه‌كلا ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی عێراق نه‌ك ده‌یه‌وێت سزای كورد ته‌نیا له‌و ناوچانه‌‌ بدات، به‌ڵكو كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ و عێراق بگێڕێته‌وه‌ بۆ وڵاتێكی سه‌نتراڵی تایفی هاوشێوه‌ی ئێران. 

‎ئه‌وه‌ی جێی هه‌ڵویست‌ و لێكدانه‌وه‌یه‌، ئه‌وه‌یه‌ ئایا ئه‌مه‌ تا چه‌ند بۆ عه‌بادی و ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا ده‌چێته‌ سه‌ر و كه‌ی ‌مه‌ستی بردنه‌وه‌ی شه‌ڕ به‌ریان ده‌دا و به‌ ئاگا دێنه‌وه‌ له‌و گومڕایی و له‌خۆباییبوونه‌.

‎ئه‌گه‌ر ئاوڕێك له‌ ڕابردوو بده‌ینه‌وه‌ و به‌ وردی لێكدانه‌وه‌ بۆ ڕووداوه‌كان بكه‌ین، عێراق هه‌ڵكه‌وته‌ و پێكهاته‌یه‌كی‌ ناسه‌قامگیری هه‌یه،‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتێك له‌ دروستبوونی عێراقه‌وه تا ئێسته‌‌ نه‌یتوانیوه‌ سه‌قامگیری و ئاشتی به‌دی بێنێ، تا عه‌بادی به‌م هه‌موو كێشه ‌و ململانێیه‌ ناوخۆی و هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ بتوانێ ئه‌م كاره‌ بكات. كاتی خۆی ئینگلیزه‌كان كه‌ عێراقیان به‌م نه‌خشه‌ دروست كرد، پێیان وابوو له ‌خاك و چه‌ند پێكهاته‌یه‌كی جیاواز ده‌توانن وڵات و گه‌لێكی نوێ دروست بكه‌ن، به‌ڵام دوای نزیكه‌ی 100 ساڵ هه‌رچی ڕێ هه‌یه‌ گیرایه‌ به‌ر، نه‌ك ئه‌وه‌ نه‌هاته‌ دی، به‌ڵكو جیاوازییه‌كان زیاتر و قووڵتر بوونه‌ته‌وه، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی له‌ داهاتوو ڕوو ده‌دات، به‌و شێوه‌یه‌ ئاسان‌ نابێت كه‌ له‌ خه‌یاڵ و خولیای عه‌بادیدا بووه‌. 

‎له ‌داهاتوویه‌كی نزیكدا بارودۆخه‌كه‌ و هاو‌كێشه‌ی سیاسی گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت، عێراق ڕووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵێك كێشه‌ ده‌بێته‌وه كه‌ ئێسته‌ به‌هۆی ئاڵۆزی و نادیاری ئاراسته‌ی ڕووداوه‌كان، تا راده‌یه‌كی ‌زۆر هه‌موو لایه‌ك حه‌په‌ساون، نازانن به‌ كام ئاراسته‌دا‌ هه‌نگاو بنێن، ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ ئه‌م دۆخه هه‌روا‌ تێده‌په‌ڕێ، له‌ چه‌ند مانگی داهاتوو ئه‌گه‌ر شه‌ڕ له‌گه‌ڵ كوردستان درێژه‌ نه‌كێشێت، چه‌ندان كێشه‌ سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه‌ كه‌ عه‌بادی و حكوومه‌ته‌كه‌ی له‌و خه‌یاڵه‌ خۆشه‌ به‌ ئاگا دینێته‌وه‌ كه‌ ئێسته‌ تێی كه‌وتوون و پێیان وایه‌ ده‌توانن به‌هێز خۆیان به‌سه‌ر هه‌موو لایه‌كدا بسه‌پێنن. چونكه‌ ڕووبه‌ڕووی چه‌ند كێشه‌ی نوێ ده‌بنه‌وه‌. لێره‌دا ئه‌م خاڵانه‌ ده‌خه‌مه‌ ڕوو وه‌ك مشتێك له‌‌ خه‌روارێك له‌و كێشانه‌ی ڕووبه‌ڕووی عێراق ده‌بنه‌وه‌ و جارێكی تر و ئاراسته‌ی ڕووداوه‌كان ده‌گۆڕێ.

‎١- هاوكاری و هاوئاهه‌نگی عێراق و ئێران و توركیا زۆر درێژه‌ ناكیشێ و درزی تێده‌كه‌وێ. 

‎٢- دوای كۆتای شه‌ڕ، ئینجا مه‌ترسی گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی حه‌شدی شیعی له‌سه‌ر ژیانی سیاسی و مه‌ده‌نی ده‌ست پێ ده‌كات.

‎٣- ململانێی شیعه‌ - شیعه‌ به ‌تایبه‌ت له‌ پێش هه‌ڵبژاردنی ساڵی داهاتوو به‌ سه‌ختی سه‌رهه‌ڵده‌دات. 

‎٤- پاش كۆتای داعش، به‌ ئاگاهاتنه‌وه‌ی سوننه‌كان و بزووتنه‌وه‌ی سوننه‌ به‌ جۆرێكی تر سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌. 

‎٥- كورد دوای تێپه‌ڕاندنی ئه‌م دۆخه‌ به‌خۆیدا ده‌چێته‌وه‌ و جارێكی تر ململانێكان بۆ جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور به‌دیهێنانی ماف و ئامانجی سه‌ربه‌خۆیی ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه‌.

‎٦- به‌هۆی گه‌نده‌ڵی و شه‌ڕه‌وه‌، عێراق تووشی قه‌رزێكی زۆر هاتووه،‌ بۆیه‌ تووشی كێشه‌ی گه‌وره‌ی ئابووری ده‌بێت.

‎٧- شه‌ڕی تایفی له‌ عێراق به‌رده‌وامی ده‌بێ و دوور نییه‌ شه‌ڕی نه‌ته‌وه‌ییش سه‌رهه‌ڵبدات. 

‎٨- هه‌ڵكشانی ناكۆكییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ئێران وا ده‌كات فشاری هه‌ردوولا له‌سه‌ر حكوومه‌‌تی عێراق زیاد بكات، هه‌ر لایه‌ك بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی.

‎١٠- هه‌وڵی ئێران بۆ لێدانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق له ‌ڕێی گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی ناو حه‌شدی شه‌عبی، تا ئاستی ده‌ست پێكردنی شه‌ڕ به‌رامبه‌ر به‌ هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق دێته‌ ئاراوه‌.

‎١١- هه‌وڵی شیعه‌ بۆ پاوانكردنی ده‌سه‌ڵات و حكوومه‌تێكی سنتراڵ، پاشه‌كشه‌كردن له‌ ده‌ستوور و سازانی سیاسی و هه‌ڵكشانی سیاسه‌تی به‌ شیعه‌كردن "تشیع" و په‌رچه‌كرداری پێكهاته‌كانی تر.

‎بۆیه‌ عێراق ئه‌و وڵاته‌ نییه‌ هیچ كه‌س و لایه‌نێك خه‌وی خۆشی پێوه‌ ببینێ، چونكه‌ وا هاتووه‌ و به‌و شێوه‌یه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت تا ڕۆژی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی، جا دوور یا نزیك هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌رده‌كه‌وێ و پێشبینیی كاتی ئه‌مه‌یش ئاسان نییه‌.

AM:11:34:02/11/2017




ئه‌م بابه‌ته 1547 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌