یه‌كڕیزی دروست نابێت, با‌ حكوومه‌تێكی به‌هێز دروست بكرێت

ئه‌كره‌م ساڵح

ئه‌زموونی حوكمڕانی كورد له‌ ٢٧ ساڵی ڕابردوو به‌ پێوه‌ری شێوازه‌كانی حومكڕانی پێڕه‌وكراوی ده‌وڵه‌تان بێ كه‌موكوڕی نییه‌, ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ی هه‌یه‌‌ بۆ میله‌تی ژێرده‌سته‌ و خاك داگیركراو و بێ ئه‌زموونی حومكڕانی وه‌ك كورد هیوابه‌خشه‌‌, چونكه‌ كه‌م هه‌ڵكه‌وتووه‌ له‌ مێژوودا بۆ ماوه‌یه‌كی وا درێژ كورد خۆی حوكمڕانی خۆی بكات. له‌م ماوه‌یه‌دا نه‌بوونی ئه‌زموونی حومكڕانی و ململانێی كلاسیكی گه‌وره‌ترین كۆسپ بووه‌ له‌ به‌رده‌م بنیاتنان و گه‌شه‌كردنی سیسته‌مێكی حومكڕانی باش له‌ كوردستاندا. بۆیه‌ دوای هه‌ڵكشان و داكشانێكی زۆر له‌ ململانێ و شه‌ڕ و ئاشتی و ئاوه‌دانی, له‌ ئه‌نجامی ناته‌بایی و بێ متمانه‌یی، جارێكی تر به‌ تایبه‌ت له‌ دوای خیانه‌تی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ خه‌ریكه‌ ڕیسه‌كه‌ ده‌بێته‌وه‌ به‌خوری. 

دوای تێپه‌ڕبوو‌نی زیاتر له‌ چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌ك، ڕه‌وشی كوردستان له‌ خراپترین دۆخی سیاسی و ئابووریدایه‌. ئه‌مه‌ش تا ئاستێك خه‌ڵكی بێ هیوا كردووه‌ ده‌رفه‌تی سازشكردنی بۆ زۆر كه‌س و لایه‌ن ره‌خساندووه‌ كه‌ بێ شه‌رمانه‌ ده‌یانه‌وێت كوردستان ڕاده‌ستی به‌غدا بكه‌نه‌وه‌ و ڕۆژ دوای ڕۆژیش جیاوازییه‌كان له‌ نێوان به‌ره‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ئاراسته‌ی عێراقچێتی ڕوو له‌ زیادبوونه‌. بۆیه‌ پێ ناچێت تا بیركردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌م شێوه‌ بێت هیچ هیوایه‌ك بۆ یه‌كڕیزی سیاسی و نیشتمانی هه‌بێت. له‌و روانگه‌وه‌ ده‌كرێ بڵێین هه‌وڵه‌كانی ڕابردوو بۆ یه‌كڕیزی و یه‌كگوتاری نیشتمانی، نزیكه‌ له‌ شكستی كۆتا. 

ئه‌وه‌ ده‌رفه‌تی بۆ داگیركه‌رانی كوردستان ڕه‌خساندووه‌ به‌ ئاره‌زووی خۆیان یاری به‌هه‌ست و سۆزی گه‌لی كوردستان و ‌ئێسته‌ و ئاینده‌ی كورد بكه‌ن. كاریگه‌ری ئه‌و جۆره‌ ده‌ستێوه‌ردانه‌ش شاراوه‌ نییه‌ و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی به‌ ئاشكرا دیاره‌، نه‌خاسمه‌ له‌ زۆنی سلێمانی‌ . 

له‌ به‌رانبه‌ردا هه‌وڵه‌كانی ڕێكخستنه‌وه‌ی ماڵی كورد لاوازه‌ و ئه‌و هه‌وڵانه‌شی ئێسته‌ له‌ ئارادان بۆ ڕاگرتنی بارودۆخه‌كه‌ سڕكردنێكی كاتییه‌ و كاریگه‌ریی بۆ مه‌ودای درێژخایه‌ن نابێت‌, چونكه‌ ئیراده‌یه‌كی سیاسی به‌هێز و یه‌كگرتوو نییه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ و ناكۆكی و تێڕوانینه‌ جیاوازه‌كان یان رێككه‌وتن له‌سه‌ر فۆڕمێكی نوێی حومكڕانی كه‌ جیاواز بێت له‌وه‌ی له‌ عێراقه‌وه‌ بۆمان ماوه‌ته‌وه‌. له‌ دۆخێكی وا ناله‌بار و ئاڵۆزدا كه‌ هیچ ڕێككه‌وتن و لێكتێگه‌شتنێكی ناوخۆی و عێراقی نییه‌، هه‌رێمی كوردستان پێویستی به‌ ده‌روازیه‌كه‌ بۆ ده‌رچوون له‌م ڕه‌وشه‌ی تێیكه‌وتووه‌. 

باشترین بژارده‌ بۆ ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێسته‌‌‌ ئه‌وه‌یه‌ په‌رله‌مان و حكوومه‌تی هه‌رێم بێ گوێدانه‌ ناڕه‌زایی ئه‌م لایه‌ن و ئه‌و لایه‌ن، بڕیار له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت بده‌ن و چیتر چاوه‌ڕێ نه‌كه‌ن هه‌ر لایه‌نێك به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی یاری به‌ كارته‌كانی به‌رده‌ستی بكات.

پاش هه‌ڵبژاردنیش دامه‌زراندنی حكوومه‌تی زۆرینه‌ی به‌هێز زۆر گرنگه‌ كه‌ بتوانێت به‌ یاسا كۆتا بێنێت به‌ ‌دابه‌شبوون و پاوانخوازی و فره‌ له‌شكری و چه‌ند ئیداره‌یی و پێوه‌ندی ده‌ره‌كی هه‌ركه‌س بۆ خۆی. به‌كورتی قۆناغی ‌سۆز و خاترانه‌ و چاوپۆشی چه‌ند ساڵی ڕابردوو تێبپه‌ڕێنین و ده‌سڵاته‌ یاسایییه‌كان بێ گوێدانه‌ ئه‌ملاوئه‌ولا به‌كار بهێنرێت و ڕووبه‌ڕووی هه‌ر لایه‌نێك ببێته‌وه‌ به‌ یاسا یان به‌ هێز كه‌ ڕێگر بێت له‌ به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا ئیراده‌ و هه‌ژموونی خۆی بسه‌پێنێ و دارایی و پێشمه‌رگه‌ و هێزی ناوخۆ و پێوه‌ندیی ده‌ره‌كی له‌ ده‌ست حزبه‌كان ده‌ربێنێ. ئه‌گه‌ر نا كوردستان له‌ به‌رده‌م مه‌ترسی گه‌وره‌دایه‌ ئه‌گه‌ر ڕووداوی گه‌وره‌تر له‌ ناوچه‌كه‌ ڕوو نه‌دات. 

به‌كورتی ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌یی له‌ حزبه‌كانه‌وه‌ بۆ حكوومه‌ت بگۆڕێت، ئه‌مه‌ش ڕه‌نگه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هه‌ندێك قورس بێت، به‌ڵام سه‌رئه‌نجام به‌سوودی هه‌موو لایه‌ك و گه‌ل و نیشتمان ده‌شكێته‌وه‌ و حوكمڕانی كوردستان ده‌كه‌وێته‌‌ سه‌ر ڕێڕه‌وێكی ئاسایی و ته‌ندروست ‌و ئه‌وه‌شی له‌ ده‌ست چووه‌ ئه‌گه‌ر كورد خاوه‌نی حكوومه‌تێكی به‌هێز بێت، ده‌توانین به‌ده‌ستی بێنینه‌وه‌, ئه‌گه‌ر نا هه‌موو لایه‌ك باجی ئه‌و بارودۆخه‌ ده‌دات و نه‌ك جارێ به‌ده‌یان جاری تر ده‌رفه‌ت بۆ كورد بێته‌ پێش، ئه‌نجامه‌كه‌ی له‌وه‌ی هه‌بووه‌ باشتر نابێت .

بۆیه‌ ته‌نیا چاره‌سه‌ر بۆ بارۆدۆخی كوردستان حكوومه‌تێكی به‌هێزه‌ كه‌ حوكمڕانی به‌ده‌ستوور و یاسا بكات له‌ ته‌واوی كوردستان بێ جیاوازی ده‌نگ و ڕه‌نگه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی هاووڵاتییان هه‌ست به‌ خاوه‌ندارێتی خۆیان له‌ حكوومه‌ت بكه‌ن و حكوومه‌تیش كۆنترۆڵی بارودۆخه‌كه‌ بكات و قۆناغێكی نوێی حومكڕانی ده‌ست پێ بكات.

PM:05:43:06/01/2018




ئه‌م بابه‌ته 572 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌