بۆچی ڕقیان لە پێشمەرگەیە

PM:12:09:14/06/2021 ‌
ئیسلامی سیاسی لە كوردستان، لە دروستبوونیانەوە مایەی زیان و شەڕ و ئاژاوە و پشێوی و سەرئێشە بوون، هەم بۆ خەڵك و خاك و هەم بۆ حكوومەت و ئەزموونەكەشمان.

حزبە ئیسلامییەكان ڕقێكی ئەستووریان لە پێشمەرگە و حكوومەتی هەرێم و دەزگا تەناهی و دامەزراوە حكوومییەكان هەیە، چونكە بەبڕوای ئەوان، دەبێت هەموو شتێك لە پێناو ئاین و خودا و عەرەبدا بێت، بەلای ئەوانەوە مسوڵمانبوون و عەرەبدۆستیمان دەبێ پێش نەتەوە و نیشتمان و كولتوور و خاك و وڵاتمان بێت، ئەگەر نا شوێنمان دۆزەخ دەبێت.

سەنتەر لەلای ئەوان كورد و نەتەوە و خاك نییە، بەڵكو سەنتەر ئیسلام و عەرەب و دنیای ئیسلامە، نەك كوردبوون و كوردستانیبوون. هەرشتێكیش لەو پێناوەدا نەكرێت، بەتاڵ و حەرام و كفرە.

بۆیە لەم چەند ڕۆژانەی دواییدا لە هێرشیكی تیرۆریستیدا پێنج پێشمەرگە شەهید بوون و گیانیان فیدای كورد و كوردستان كرد، بۆ ئەوەی ئەم وڵاتە لە سایەی خوێنی ئەواندا هەموو نەتەوە و ئاین و حزبێكی جیاواز تێیدا بژی بێ جیاوازی. كەچی میدیای كۆمەڵ توندڕەوانە و دۆگمایانە ئەو پێشمەرگانەی بە شەهید ناوزەد نەكرد و بە كوژراو ناوی بردن، لەلایەكی ترەوە داعش و قاعیدە و جوندولئیسلام و حەماس و بۆكۆحەرام و تەواوی گرووپە تیرۆریستییەكانی تر بەشەهید ناو دەبات.

لەلایەكی ترەوە خۆشحاڵم كە پێشمەرگەیان نەخستووەتە ڕیزی ئەو جانەوەر و دڕندانەوە، چونكە پێشمەرگە پێویستی بە وشەی شەهیدی ئێوە نییە، پێشمەرگە لە پێناو خاك و نیشتمانی سەتان ساڵەی باوباپیری خۆیدا گیانبەخت دەكات، لەپێناو  شەهامەت و كەرامەت و خۆشبەختی و ئاسوودەیی خەڵكی ئەم نیشتمانە خۆی بەخت دەكات، نابێت بخرێتە ڕیزی ئەو دڕندە و وەحشییانەی كە لەپێناو دزی و تاڵانی و مرۆڤكوژیدا تێدەكۆشن.

دەبێ وشەیەكی پیرۆزتر و بەرزتر بدۆزرێتەوە بۆ پێشمەرگە، چونكە دۆزەكەی هێندە ڕەوایە لەلای خوداش بێ شك جیاوازی بۆ دەكرێت و ناخرێتە یەك قاڵبەوە، چونكە بەگوێرەی هەموو دەقە ئاینییەكان، شەهید بەكەسێك دەگوترێ كە لەپێناو خاك و نیشتمان و دۆزی ڕەوادا گیان لە دەست بدات، من دەپرسم ئایا پێشمەرگە دۆزەكەی رەوایە یان گرووپە چەكدارەكانی وەك حەماس و داعش؟. پێشمەرگە دۆزەكەی لە هزر و هۆشی نەوەكانی داهاتوو و لە هەموو دنیا و مێژوودا بە باڵایی و جوانی و ڕەوایی دەمێنێتەوە یان ئەو گرووپانەی تر؟!

ئەمە و چەندان گلەیی لە حكوومەت و باڵادەستان دەكرێ كە لەم ڕووداو و دیاردانە بێ دەنگن و لێپێچینەوە لەم حزبە توندئاژۆوانە ناكەن. ئاخر لە دنیادا نەبووە حزبێك و لایەنێك، كەسێك بەپارە و نیعمەتی ئەو وڵات و حكوومەت و خاكەدا بژیت، لە سایەی هێزی پێشمەرگە و حكوومەت و خەڵكدا بحەسێتەوە و مووچە و پۆست و پلەی هەبێت، كەچی دژی بەرژەوەندییە باڵاكانی ئەو وڵات و حكوومەت و خەڵكەدا بێت كە تێیدا دەژی.

بۆیە بە پێویستی دەزانم وەك گشت وڵاتانی دنیا، هەر حزب و لایەنێك دژی بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵك و حكوومەت وەستا، سزا بدرێت، چونكە ئەمە مەترسیدارە كە ئیسلامی سیاسی لەهەر وڵات و جێیەكدا بن، بۆ دەرفەت دەگەڕێن، جیاوازییان لەگەڵ گرووپە توندئاژۆكاندا نییە، دەمامكی دووڕوویی و نیفاق دەبەستن، بەڵام ڕاستییەكەی بۆمبێكی تەوقیتكراون و ئەگەر بەریان پێ نەگیرێت، ڕۆژێك دەتەقنەوە و هێرشمان دەكەنە سەر، بەر لە هەمووشیان پەلاماری پێشمەرگە قارەمانەكانمان دەدەن، چونكە بەزمان بڕیاریان داوە كە دژی پێشمەرگە بن و بە كرداریش بۆیان بكرێت پەلامار دەدەن.