كورد‌ی هزرنەخۆش

PM:01:46:30/08/2021 ‌
باس لە گەورەیی و كاریگەریی فڕەنسا ناكەم لە هەموو بوارەكانی ژیان و پێشكەوتن و كولتوورسازی و سیاسی و ئابوورییەوە، هەر ئەوە بەسە بۆ تێگەیشتن كە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشە و مافی ڤیتۆی هەیە. بۆیە سەرۆكی ئەو وڵاتە سەردانی هەر كوێ بكات، ئەوێ‌ خاڵێكی گرنگی گۆی زەوییە و دەبێتە مایەی خۆشحاڵی و شانازی بۆ خەڵك و مێژوو و پێگەی وڵاتەكەیشیان. بەڵام باسێك لە ئیسلامییە سیاسییەكان دەكەم كە چۆن ئەم كۆمەڵگەیە دەشێوێنن و كولتووری جوانی كوردی بریندار دەكەن.

تەماشای عێراق بكەن كە وڵاتێكی مەزەویی دەمارگیری دواكەوتووە لە گشت ڕووەكانەوە، كەچی خەڵكەكەی خۆشحاڵن بە هاتنی ماكرۆن و ئەگەر كەیفیشیان پێ نەیەت، دەری نابڕن و بۆ سەرشانی وڵات و حكوومەتەكەیان شەرمەزاری دروست ناكەن، هەرچەند ناڕازین و ژیان زۆر لە دوایە لە بەغدای پایتەختیش، بەڵام لەكاتی ئەو سەردانە گرنگانەدا هەوڵی لەكەداركردنی حكوومەت و سەركردەكانی خۆیان نادەن. 

كەچی لە كوردستان لە بری بەرزنرخاندن و ستایشی سەردانەكەی ماكرۆن، ژمارەیەك كەری دێز هەن كە هەرچی بۆ وڵات باش بێت، تێكیان دەدات، دەكەونە سەرزەنشت و كەمكردنەوەی بایەخی ئەو رووداوە گرنگە، لە كاتێكدا خۆیان هیچ نین و هەرچیش بن لەو ئاستەدا نین قسە لەسەر وڵاتێكی زلهێز بكەن، چونكە هەر بەگشتی ئێمە دەوڵەتیش بین، هەر لە پێگەی فڕەنسادا نابین. بۆ من ئەمە خەمێكە هەمیشە یەخەم دەگرێ، ئاخر كورد كەی كاسی و مەستی بەری دەدات و بایەخی ئەو پێگە گرنگە دەزانێت؟ گەشتی یەكێك لە پێنج سەرۆكە گرنگەكەی دنیا بۆ هەرێمەكەی بكات بە شانازی، لە كاتێكدا نەك هەرێمی وەك ئێمە، تەنانەت وڵاتانی ئەوروپا كە نموونەی گەشی دنیان، زۆر مەمنوون دەبن ماكرۆن سەردانیان بكات، خوایە ئێمە بۆچی واین؟ 

بایەخدانی فڕەنسای زلهێز بۆ كوردستان زۆر گرنگە، پێویستە هەوڵی سوود لێوەرگرتن و بەكارهێنانی ئەم سەردانانە بدەین بۆ بەرژەوەندی و دۆزی خۆمان، وا بكەین هەموو دنیا ئاشنا بن بە دۆسیە و ئازار و مەینەتییەكانی كورد، بە رەوایی داوا لە دۆستی وا بكەین لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بایەخمان پێ بدەن و لۆبیمان بۆ بكەن، وەك ئەوەی ساڵی 1991 ناوچەی ئارامیان لە ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ دروست كردین.

كاكی ئیسلامیی ئیخوانی یان توندڕۆ، دێت هەموو ئەم شتانە وەلا دەنێت و دەڵێت، كورد نەدەبوو پێشوازی لە ماكرۆن بكات بە بیانووی ئەوەی سووكایەتی بە ئیسلام كردووە، تۆ وەرە بیر لەم ئەقڵە بكەوە، گومانم نییە ئەم كەسانە مەترێك پێش خۆیان نابینن، كەچی دانیشتووە لە فەیسبووكەكەیەوە دەیەوێت ماكرۆن و كوردستان و دنیایش بەپێی بیركردنەوە تەسكە ئایدۆلۆجییەكەی ئەو هەڵسوكەوت بكەن.

من تێدەگەم كە ئیسلامیی كەیفیان بە گەشانەوەی كوردستان نایەت و بەو ساتانە دەتاسێن كە هەرێمەكەمان پێگەی بەرزە، چونكە ئەوان لەناو برسیەتی خەڵك و كوێرەوەریدا گەشە دەكەن، تا دوو كیلۆ برنجت بدەنێ بە خێر و ناسنامەی ئیسلامیت بدەنێ، لە كاتێكدا لە ناوەڕۆكی ئیسلام بكۆڵیتەوە، ئەوەی ئەوان لێدانە لە پەیامەكانی ئاین و خودا كە دەڵێ خێرت كرد با دەستە راستیشت نەزانێ كە بە دەستە چەپ كردووتە، كەچی ئەوان بۆ خۆیان بە رەوای دەزانن پەیامی خوا بۆ سیاسەت بەكار بێنن، بەڵام بە رەوای نازانن میلەتێكی خەباتكاری پاكی وەك كورد، پەرە بە پێوەندییە دیپلۆماسییەكانی بدات لە پێناو داهاتووی خۆی.

ئەمانە هەر نەریتە جوانەكانی كوردیش دەشێوێنن، ئەگەرنا مسوڵمانی كورد هەم خواپەرستی كردووە و هەم جیاوازیشی قبووڵ كردووە و كراوە بووە. هەریەكەمان كە گوێ لە باپیرانمان دەگرین یان مێژوو دەخوێنینەوە لەبارەی ژیانی كوردەواری، زۆر روون بۆمان دەردەكەوێت ئەم گەلە هەر لە بنەڕەتەوە میوانی خۆشویستووە و میوانەكە غەریبە و بیانی بووبێ، زۆریش زیاتر خزمەتی كردووە، كەچی ئەم ئیسلامییانە كار لەسەر شێواندنی ئەو ئادابە جوانانەیش دەكەن، بەوە دیارە كە زەڕەیەك ئینتیمایان نەماوە بۆ كوردستان و بە فیكەی دەرەوە دەجووڵێن.