زێڕینترین ساتی كورد بە ڕابەرایەتیی مەسروور بارزانی

AM:10:00:09/09/2021 ‌
چەند سەرسامكەرە هێز و ژیری و هزری مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تۆكمە و تێروتەسەل و بەجێیە كار و ڕەفتار و بڕیارەكانی، دروست لە زاتێكی گەورە و مەزنی مێژوویی و جیهانی دەچێت كە ژیان و بوونی تەرخان كردبێت بۆ ڕزگاركردن و قوتاركردنی گەلەكەی لە مەینەت.

هەموو دەزانین ئەم كابینەیەی حكوومەت بە چەندان هەوراز و نشێودا تێپەڕی و چەند تەنگوچەڵەمە و بەربەستی هاتە پێش، هەر لە  كەڵەكەبوونی كاری ناجۆری دەیان ساڵی رابردوو و دروستكردنی تەنگژەی ئەنقەست بۆ كابینەكەی، گرفتی گەورە لەلایەن نەیار و ناحەزانی ئەو زاتە و دژایەتی وڵاتانی دراوسێ و بەغدایش، هەموو ئەوانە بۆ راگرتنی مەسروور بارزانی بوو، چونكە دەزانرا بە پلان و بەرنامە كار دەكات و كوردستان دەباتە قۆناغێكی گەشتری سیستماتیك. دەبوو ئەو، ئەم هەموو گرفتە ڕیشەیی و هەمیشەییانە و بەربەستەكانی بەردەم كارەنیشی بە ماوەیەكی كورت چارە بكات، بۆ ئەوەی بچێتە سەر بەرنامەكانی خۆی و جێبەجێیان بكات.

ئەگەر هەڵسەنگاندنی بێلایەن بكەین و ورد بڕوانین، دەردەكەوێ بە ڕژدی و زۆر ئازایانە لە ماوەیەكی كەمدا پاڵەوانئاسا هەنگاو هەنگاو ئەو تابۆیانەی شكاند و هەموو داوەكانی ناحەزانی پساند. 

سەیركەن گەلۆ، دۆخی هەرێم لە كوێوە گەیشت بە كوێ؟ سەركەوتنی گەورە بەسەر كۆرۆنا، چارەسەری گرفتی مووچەخۆر، تێگەیاندن و قەناعەت پێكردنی بەغدا بە جێبەجێكردنی دەستوور، شكست پێهێنانی دەستی دوژمن و ناحەز لە ناوخۆی كوردستان، بەرپاكردنی یەكسانی و دادپەروەری لە مووچەی پلەباڵا و فەرمانبەر و كۆتاهێنان بە ستەمی گەندەڵی چەند مووچەیی و خانەنشینی زەبەلاحی توێژێكی بێسوود و مشەخۆر، بە یاسای چاكسازی و جێبەجێكردنی بەشێوەیەكی خێرا و پێشخستنی هەرێم لەڕووی ئابووری و وەبەرهێنان، پەرەسەندنی پێوەندییەكانی لەگەڵ دنیای دەرەوە و هاتنی سەرۆك و شاندی باڵای وڵاتانی زلهێز بۆ كوردستان. 

ئێستە حەقە هەمووان هانی سەرۆكی كابینەی نۆیەم بدەین بۆ زیاتر سەركەوتنی و رووبەڕووبوونەوەی ئەو دەنگە گەندەڵانەی داوای مووچەی زەبەلاحی خانەنشینی بە بێشەرمی دەكەن، دەبێ پشوومان درێژ بێت لەگەڵیدا و كاتی زیاتری ببەخشین بە مەسروور بارزانی، هەرچۆنێك بێت دۆخێكی ئارام بڕەخسێنین بۆ ئەوەی خەریكی پڕۆژەكانی بێت، چونكە هەر ئەو چاكسازییانە بۆ داهاتووی گەل و هەرێمەكەیە. چونكە ئەو دەتوانێ كاری مەزنتر و گەورەتر بكات، چونكە دنیابینییەكانی بۆ حوكمڕانی گەورەن.
هەمووی تەفرەدان و یاریكردن بوو بە هەستی خەڵك

بڕوام وایە ئەوەی چەندان ساڵە خەڵكی پێ فریو دەدرێت بەناوی ئۆپۆزسیۆن و چاكسازی و پڕوپاگەندە و  ئەم حزب و ئەو پارت و ئەم شەخس و ئەو سەركردە، هەمووی تەفرەدان و یاریكردن بوو بە هەستی خەڵك، چونكە هیچیان ئەنجامێكیان نەدا بەدەستەوە، خەڵكیش تینووی كردار بوو، بەڵام مەسروور بارزانی بەڵێنەكانی دەكات بە كردار و دەست دەبات بۆ ماسییە گەورەكان كە پێیان وابوو دەبێت تاهەتایە لە سایەتی نادادیدا بلەوەڕێن و خەڵكی هەژاریش سەیری دەمیان بكەن، لێرەوەیە ئومێد و متمانە بۆ خەڵك دروست دەبێت و خۆشحاڵییەكی بێوێنەیش لەناو جەماوەر دروست بووە، بەڵام دڵنیام ئەوانەی لە بەرژەوەندییان دراوە نیگەرانن، بەڵام بیریان بێت ئەوە مافی خەڵكە و پێشتر بە بەلاش خواردوویانە، نابێت وا بزانن ئەوە بەشی ئەوانە لە بودجەی كوردستان، چونكە كوردستان هی نەوەكانی داهاتووە. 
                                                                                             
 سەرەتای راگەیاندنی چاكسازی بینیمان زۆر كەس فشەیان پێ دەهات و پێیان وابوو، ئەوان لەبەر پیشەكەیان یان پەرلەمانتارییان، ئیتر پیرۆزن و كەس یاساكە جێبەجێ ناكات و دەستیان بۆ نابات، بۆیە هەرزوو كەوتنە بێ ئومێدكردنی خەڵك و جەماوەر بەوەی حكوومەت ناتوانێ یاساكە جێبەجێ بكات، بۆیە هەرزوو پشتگیرییە فرەوانەكەی سەرەتای كابینە گۆڕا بۆ دژایەتی، بەڵام دەركەوت یاساكە وردەكاریی زۆرە و كاتی دەوێت، ئێستە ئەو كاتەیە كە شاگەشكە دەبین بە جێبەجێكردنی یاساكە و مانگ بە مانگ ئاستی ناعەدالەتی كەم دەبێتەوە و ناحەقییەك سنووردار دەكرێ. بۆیە گەندەڵەكان شۆك بوونە و تانەوتەشەر لە چاكسازی دەدەن، بەڵام سەیرە كە روویان هەیە تانە بدەن. 
                                                                                                            
كابینەی نۆ بەم تەمەنە كورتەی سەرەڕای تەنگژەكان كە لە سەرەوە باسمان كرد، نەوەستا و بەردەوام بوو لە چاكسازی و خزمەتگوزاری و كاری جوان، بەڵام هەموو شت نەكراوە و زۆر ماوە، لێرەدا گرنگە ویژدان حوكم بكات نەك گیرفان و بوەستین تا ئەوكاتەی ماوە بۆ خولێكی نوێی پەرلەمان، بزانین هەموو كارەكان تەواو دەكەن یان نا، بەڵام بۆ من تەواوكردنی ئەم چاكسازییە و چەند رێگەوبانێكی ستراتیجی بۆ بەستنەوەی شارەكان بەیەكەوە، بەسە بۆ متمانەدانەوە بەم حكوومەتە و بەردەوامیی لە خولێكی تری هەڵبژاردنیشدا. ئاخر زۆر جوان نیاز و ئیرادەی بەهێزی سەرۆكی حكوومەت دەبینم بۆ داهاتوویەكی باشتر لەم وڵاتەدا.