ماوه‌یه‌كه له ئه‌نجامی سه‌یركردنی شاشه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنی كوردی تووشی دڵهڕواكێیهكی توند بووم، دڵهڕاوكێیهكه هه‌ندێك جار ئازارم ده‌دات، له‌به‌رئه‌وه په‌نا وه‌به‌ر كوژانه‌وه‌ی شاشه‌كان ده‌به‌م. ڕقم ده‌بێته‌وه و بێز له‌و توانا و ده‌رفه‌ت و هێزی دارایی و مرۆییانه‌ش ده‌كه‌مه‌وه، له‌و كاته‌ی هه‌ست ده‌كه‌م بۆشاییه‌كی گه‌وره له نێوان من و شاشه‌دا دروست ده‌بێت.
هه‌ندێك جار به‌ته‌نیا بیریكی قووڵ، لێكدانه‌وه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه بۆ ئه‌م دیارده (عه‌قڵی و ده‌روونی و فكریی و مرۆیی و داراییه) ده‌كه‌م، قووڵ به‌جۆرێك، ده‌مه‌وێ له‌ڕێی فكره جیهانییه‌كانی وه‌ك (فۆكۆ، سارته‌ر، ماركس، سۆسێر، چۆمسكی، ئه‌فلاتوون... تاد) پێوانه‌یه‌كی وردی ئه‌و دیارده‌یه بكه‌م كه پێی ده‌گوترێت (بۆشایی و پچڕان و زۆرگوتن و هیچ نه‌گوتن و نه‌مانی پێوه‌ندیی له نێوان نێره‌ر/ قسه‌كه‌ر/ نووسه‌ر/ كه‌ناڵه‌كان و ڕۆژنامه و گوتاره‌كان و وه‌رگر/ گوێگر / بینه‌ر / خوێنه‌ر / جه‌ماوه‌ر) . بۆشاییه‌كه‌ی ترسناك و بكوژ، بۆشاییه‌ك هه‌موو شتێكی تێدایه، ته‌نیا فكر و بیروباوه‌ڕ و وردبوونه‌وه و لێكدانه‌وه‌ی زانستی و حیسابكردن بۆ قسه‌كردن و گوتن و په‌خشكردن نه‌بێت.
بۆشاییه‌كه لای من دوو گریمانه‌ی له‌خۆ گرتووه: یه‌كه‌میان ئایا من توانای تێگه‌یشتن و بینین و گوێگرتنم لاواز و سست بووه. ئه‌گه‌ر وابێت، چۆن ده‌توانم بیر بكه‌مه‌وه و زمان به‌كار بهێنم و هه‌ست بهدیاردهكان بكه‌م و توانای درككردنم ده‌بێت. واته هه‌سته‌كانم له‌ڕێی زمان و عه‌قڵه‌وه هێشتا وزه‌یان تێدایه.
دووه‌م: گریمانه‌كه پێوه‌ندیی بهشاشهكان خۆیانه‌وه هه‌یه. قسه‌كه‌ر و میوان و خاوه‌نی گوتار بۆ سه‌عاتێك و ڕۆژێك و هه‌فته‌یه‌ك قسه ده‌كه‌ن، بێ پسانه‌وه ده‌دوێن و له‌ڕێی میوانه‌كان، له‌ڕێی بێژه‌ر و پێشكه‌شكه‌ری به‌رنامه‌كان، له‌ڕێی وێنه و قسه و جووڵه و نووسیندا ده‌یانه‌وێت شتێك بڵێن. هه‌ست ده‌كه‌م هێنده‌ی ده‌یانه‌وێت قسه بكه‌ن و خۆیان نمایش بكه‌ن، به‌چاره‌گی ئه‌وه‌ش ناتوانن زانیاری و پێویستییه‌كانی (بینه‌ر و وه‌رگره‌كانیان) پێشكه‌ش بكه‌ن.
مه‌به‌ستم له‌مه ئه‌وه‌یه، بۆچی په‌رله‌مانتارێك، چاودێرێكی سیاسی، پسپۆڕێك، بێژه‌رێك، په‌یامنێرێك، ڕێ به‌خۆیان ده‌ده‌ن وه‌ك پسپۆڕ له‌هه‌موو بابه‌ت و ڕووداو و شتێك بدوێن، كه‌چی له‌هیچ بوارێكیشیان هیچ ناڵێن، هه‌قایه‌ت ده‌گێڕنه‌وه و قسه‌كانی پێشووی خۆیان ده‌جوونه‌وه.
به‌ڕاستی له كه‌سم نه‌پرسییه‌وه، ئایا ئه‌وانیشی كه‌توونه‌ته ناو ئه‌م دۆخه ده‌روونی و فكری و مه‌عریفییه‌وه، له هیچ شتێك ناگه‌ن، كه سه‌یری شاشه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنی كوردی ده‌كه‌ن. ئایا ده‌زانن كێشه‌كه له چییه؟ یان ئه‌وه ته‌نیا منم له گومان ده‌ژیم و هه‌میشه له ڕوانگه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه‌وه سه‌یری شته‌كان ده‌كه‌م.
بۆشاییه‌كی ترسناكی گوماناوی دروست بووه، شاشه له‌جیاتی به‌دیهێنانی جه‌ماوه‌رێكی وریای ده‌روون ئارام، كار بۆ ورووژانی ده‌روونی و هه‌سته‌كان ده‌كات، نه‌ك جووڵاندنی عه‌قڵ و وریاكردنه‌وه. ڕه‌نگه هه‌ر ئه‌م دۆخه بێت، وای له من و كه‌سانی تریش كردبێت، هه‌میشه به‌گریمانه و لێكدانه‌وه‌ی جیاواز له ئه‌رك و په‌یام و گوتاری شاشه بنۆڕن. له بیری نه‌كه‌م، هاووڵاتییه‌ك پێی گوتم، ئه‌م شاشانه بووه‌ته شوێنی پرچ به‌ڕۆن و نه‌خوێنده‌واره‌كان. من ناتوانم وا بڵێم، ئه‌مه ته‌نیا بۆچوونێكی ساده‌ی هاووڵاتییه‌كه، ده‌ترسم ئه‌مه سه‌رچاوه‌ی ئه‌و گومان و گریمانانه‌ی منیش بێت و ببێته هۆكار بۆ ئه‌وه‌ی (له شته‌كان تێنه‌گه‌م، چونكه ئه‌وانه هیچ ناڵێن، ته‌نیا ده‌یانه‌وێت خۆیان نمایش بكه‌ن و ئامانجیان هه‌ر قسه‌یه و به‌س!).