دوای ئه‌وه‌ی جۆ بایدن وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا سوێندی یاسایی خوارد، دنیا به‌گشتی به تێڕوانین و هیوایه‌كی نوێ سه‌یری ئه‌م ده‌ستپێكه نوێیه‌ی ئه‌مه‌ریكا و سه‌رۆكایه‌تی بایدن بۆ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌ن.
تره‌مپ، تره‌مپاتی خۆی كرد، ئه‌و حه‌ز ده‌كات ژماره یه‌ك بێت و ئه‌و بێ ڕكابه‌ر بێت. به‌ڵێ؛ یه‌كه‌م سه‌رۆكه بۆ دووجار له كۆنگرێس لێپێچینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت. چواره‌م سه‌رۆكیشه ئاماده‌ی ئاهه‌نگی سوێندخواردنی ڕكابه‌ره‌كه‌ی ناكات و به‌چه‌ند چركه‌یه‌ك پێش كۆتاهاتنی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی، به كۆپته‌رێك به‌ره‌و فلۆریدا كۆشكی سپی جێهێشت.
ئه‌مه پرۆسه‌یه‌كی كولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه، زۆر له‌و كه‌سانه‌ی له سه‌رتاپای دنیا له ڕكابه‌رییه‌ك ده‌به‌نه‌وه، یان كارێكی نوێ ده‌ست پێ ده‌كه‌ن، یان كارێكی جیاواز و ناوازه ده‌كه‌ن، گه‌لێك هۆكاری تریش بۆ به‌خشینی دیاریی به كه‌سه‌كان هه‌یه. جۆ بایدن وه‌ك نه‌ریتێكی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا له چركه‌ساتی یه‌كه‌می سه‌رۆكایه‌تیدا، دوای سوێندخواردن، هه‌ندێك دیاری‌یان پێشكه‌ش كرد، دیارییه‌كانیش شتی دیار و به‌رجه‌سته بوون، كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن پرۆسه‌ی پێشكه‌شكردنی دیارییه‌كانی گواسته‌وه. چوار دیاری بوو: (یه‌كه‌م تابلۆیه‌كی هونه‌ری كه ساڵی ١٨٥٩ له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندێكی ئه‌مه‌ریكی به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك ئه‌فریقی- ئه‌مه‌ریكی كێشراوه. دواتر دوو گۆزه‌ی شووشه به‌هێمای كۆشكی سپی و كۆنگرێس نه‌خشێنراو بوو، دیارییه‌كی تریش ئاڵای ئه‌مه‌ریكا بوو، دوا دیاریش دوو وێنه‌ی سوێندخواردنی خۆی و جێگره‌كه‌ی بوو كه ته‌نیا چه‌ند چركه‌یه‌ك پێش پێشكه‌شكردنی دیارییه‌كان گیرابوو.
گرنگ له‌دوا وێنه‌دا گوتیان، ئه‌مه نیشانه‌ی پێشكه‌وتنی ته‌كه‌نه‌لۆجیایه، ئامانجمان ئه‌وه‌یه هه‌موو ڕۆژێك كه ئه‌م وێنه‌یه ده‌بینن، به‌بیرتان بێته‌وه له كوێ ده‌ستتان پێ كردووه. ئاڵاكه‌ش نیشانه‌یه بۆ یه‌كگرتوویی و شكۆی ئه‌مه‌ریكا. نیگاره‌كه‌ش وێنه‌یه‌كی مێژوویی و سروشتیی ئه‌مه‌ریكایه، كه كۆلكه‌زێڕینه به‌ڕه‌نگی جیاواز تێیدا به‌رجه‌سته كراوه، واته فره ڕه‌نگی، ئاسووده‌یی.
ئه‌مه چه‌ند دیارییه‌كه‌ی به‌نرخ بوو، وه‌ك په‌یام و هێمایه‌كی مه‌به‌ستدار پێشكه‌شی سه‌رۆكی نوێی ئه‌مه‌ریكایان كرد. دیموكرات و كۆمارییه‌كان به‌یه‌كه‌وه (هێما و په‌یام و مه‌به‌سته‌كانی خۆیان) گه‌یاند.
له ڕۆژهه‌ڵاتدا ئه‌گه‌ر یه‌كێك ببێته سه‌رۆك، پێش هه‌موو شتێك ده‌بێت سه‌رتاپه‌كی وڵاته‌كه‌ی به‌ئاسمان و زه‌وییه‌وه پێشكه‌ش بكه‌ن و پێی ده‌ڵێن ئه‌مه دیارییه بۆ جه‌نابتان چیتان پێ خۆشه بیكه‌ن. هه‌یانه وڵاته‌كه‌ی ده‌فرۆشێته‌وه و هه‌شیانه پارێزگاری لێ ده‌كات. به‌شێكی زۆری سه‌رۆكی وڵاتی ڕۆژهه‌ڵاتی پاره، داهات، زه‌ویی، ته‌نیا به‌كۆمه‌ڵ كوشتنی خه‌ڵكیشیان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن. ئه‌وانه‌ی كوده‌تا ده‌كه‌ن، سه‌ری ڕكابه‌ره‌كانیان وه‌ك دیاری پێشكه‌ش ده‌كرێت. به‌شێكی سه‌رۆكه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات بڕوایان به هونه‌ر و بیرهێنانه‌وه و ئامۆژگاری و هێماكانی یه‌كبوون و یه‌كگرتن نییه.
به‌شێكی زۆری سه‌رۆكه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات سوێند ناخۆن تا وێنه‌یان بگیرێت، یان بڕوایان به‌سوێندخواردنه‌كه‌ی خۆیان نییه، تا هه‌موو به‌یانییه‌ك له‌ڕێی وێنه‌كه‌یانه‌وه، سوێندخواردنه‌كه‌ی خۆیان به‌بیر بێته‌وه و شه‌رم له هاووڵاتییان و چاره‌نووسی وڵاته‌كه‌یان بكه‌ن. به‌شێكی زۆری سه‌رۆكه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات متمانه و بڕوایان به‌وێنه و تابلۆی هونه‌ری و په‌یامی ناو گۆزه‌كه‌ی شووشه‌ی نه‌خشێنراو نییه، ڕاستییه‌كه‌ی به‌گرنگییه‌وه سه‌یری ئاڵای وڵاته‌كه‌یان ناكه‌ن، چونكه ئه‌وان وه‌ك كه‌س خۆیان به هێما و نیشانه‌ی هێز و مانه‌وه و یه‌كگرتووی وڵاته‌كانیان ده‌زانن، نه‌ك ئاڵاكه‌یان. به‌شی زۆری سه‌ركرده‌كانی ڕۆژهه‌ڵات، كاتی وه‌رگرتنی دیارییه‌كانیان نییه، پاسه‌وانه‌كانیان وه‌ریان ده‌گرن و له گوفه‌كێكدا هه‌ڵیده‌گرن. ڕاستییه‌كه‌ی به‌شێكی زۆری سه‌ركرده‌كانی ڕۆژهه‌ڵات بڕوایان به‌مێژوو نییه، چونكه ئه‌وان خۆیان به‌دروستكه‌ری مێژوو ده‌زانن، له‌به‌رئه‌وه ڕقیان له هه‌موو تابلۆ و گوتار و قسه‌یه‌كه كه باسی مێژوو پێشه‌خۆی بكات.
دیارییه‌كانی درانه بایدن، بیرهێنانه‌وه و ئامۆژگاری و ڕێزگرتن بوو. بێگومان كارێكی یه‌كجار قورسه (ئامۆژگاری و بیرهێنانه‌وه) پێشكه‌شی هه‌ندێك سه‌رۆكی ڕۆژهه‌ڵاتی بكرێت.
له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا نه‌ریته‌كه جیاوازه، سه‌رۆك به‌ملیۆنان دۆلار و به تۆن زێڕی پێشكه‌ش ده‌كرێت. باسی ڕیزه‌كانی ئۆتۆمبێل و كارگه و سوپا ناكه‌ین. كولتوور گرنگه بۆ هه‌موو كه‌سێك. له‌م دیاریانه به بایدنیان گوت مێژووی پێكهاته‌ی ئه‌مه‌ریكا (ڕه‌ش و سپی)ـه، یه‌كبوون و یه‌كگرتوویی ئه‌مه‌ریكا، ئاسایش و ئارامی ناوخۆیی له‌بیر مه‌كه، خۆت له بیر نه‌كه‌ی، هه‌ر كه كارێكی هه‌ڵه و نادروستت كرد، سه‌یری دیارییه‌كانت بكه‌وه، سه‌یری سوێندخواردنه‌كه‌ی خۆت بكه، كه تۆ پارێزه‌ری به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و سه‌ره‌وه‌ری ئه‌مه‌ریكا و هێزی وڵاته‌كه‌ت ده‌بیت.
ئیتر بایدن سه‌رۆكه، هه‌موو به‌یانییه‌ك ده‌بێت سه‌یری ئه‌و وێنه دیارییانه بكات، چوار ساڵی تر بۆ هه‌میشه ده‌بێت له‌بیری بێت سوێندی به‌چی و بۆچی و له‌پێناو چی خواردووه. ئه‌وه دیاریی جۆ بایدن و ئه‌مه‌ش بیرهێنانه‌وه و به‌راوردێك له‌گه‌ڵ سه‌رۆكه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات.