كۆرۆنا لێره‌یه، به ته‌نیشتمان به كۆڵان و گه‌ڕه‌ك و گوند و شاره‌كانماندا ده‌سووڕێته‌وه، گومان كه‌وتووه‌ته سه‌ر هه‌ناسه‌دانیشمان، ته‌وقه و ماچ و سه‌لام و كه‌لاممان ڕاگرتووه، ئۆتۆمبێله‌كانمان له گه‌راجه‌كاندا پارك كردوون، بازاڕ و شه‌قام و ماركێت و ژیان وه‌ستاون، ئه‌مه پابه‌ندییه، خۆپارێزییه له زیاتر ته‌شه‌نه‌سه‌ندن و تووشبوون به ڤایرۆسه‌كه‌وه، خوا هه‌موو لایه‌ك بپارێزێت.
كاتێ ده‌ستخۆشی له حكوومه‌ت و لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كان ده‌كه‌ین له بڕیار و ڕێنوێنیی و ڕێكاره‌كانیان، له به‌ده‌مه‌وه‌چوونه‌كانیان، له‌نگییه‌ك هه‌یه! كاتێ داوای مانه‌وه له ماڵ و هاندان بۆ پشووی گشتی و پابه‌ندی گشتی ده‌كه‌ین، له‌نگییه‌ك هه‌یه! كاتێ سه‌یری وێنه گه‌وره‌كه ده‌كه‌ین، له چه‌ند لایه‌كه‌وه لێی ورد ده‌بینه‌وه، له‌نگییه‌ك هه‌یه، به‌ڵێ كێشه‌یه‌ك هه‌یه! بۆچی حكوومه‌ت ناتوانێت مووچه دابه‌ش بكات؟
وه‌زاره‌تی دارایی ڕاگرتنی مووچه‌ی ڕاگه‌یاند تا ئه‌وكاته‌ی به‌رچاویان روون ده‌بێته‌وه له بابه‌تی كۆرۆنادا، خه‌ڵكی كه‌مده‌رامه‌تی كوردستان داهاتیان له‌و كرێكارییه رۆژانه‌دایه كه ده‌ستیان ده‌كه‌وێ، ده‌ی كه ژیان وه‌ستاوه، كرێكاری كوا؟ پاره‌ش نامێنێ؟ ئێ ژیان زه‌نگۆڵێ تر قورستره بۆ ئه‌وان، ئێسته نزیك ده‌بینه‌وه، پارچه‌یه‌كی تری وێنه‌كه‌مان ده‌ست ده‌كه‌وێت، به‌ڵێ له‌نگییه‌كه لێره‌دایه؟
به‌داخه‌وه پاش سی ساڵ حوكمڕانی، ئێمه نوقسانی و كه‌موكورتیمان زۆرن، پێشتر له وتاری (سی پرسیار بۆ سی ساڵ حوكمڕانی!) دا زۆربه‌یانم روون كردووه‌ته‌وه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێسته له هه‌مووكات زیاتر زه‌ق ده‌بێته‌وه، ئه‌وه‌ی زیاتر بووه‌ته مڵۆزمه‌ی له‌نگییه‌كان و ناتوانین به دڵگه‌رمییه‌وه رووبه‌رووی ته‌نگژه و به‌ڵاكان ببینه‌وه، نه‌بوونی سیستمی بانكی یه له هه‌رێمی كوردستان!
ده‌زانن پاساوی وه‌زاره‌تی دارایی له ڕاگرتنی مووچه چی بوو؟ روونكردنه‌وه‌ی دووه‌میان باسی كردووه، چونكه پێیان وایه، دابه‌شكردنی مووچه تێكه‌ڵاوی دروست ده‌كات و ئه‌وه‌ش دژی ڕێنوێنی و ڕێكارییه ته‌ندروستییه‌كانه دژبه په‌تای كۆرۆنا.
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی دارایی له رونكردنه‌وه‌ه‌كه‌دا ده‌ڵێت، "ئه‌و خشته مووچه‌یه‌ی كه بڕیار بوو رۆژی یه‌كشه‌م ١٥-٣-٢٠٢٠ دابه‌ش بكرێت، ناتوانرێت له‌و رێكه‌وته دابه‌ش بكرێت و له رۆژانی دواتر دابه‌ش ده‌كرێت؛ چونكه به‌هۆی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆوه، نه پێشمه‌رگه ئازیزه‌كانمان ده‌توانن هاتوچۆ بكه‌ن نه بانكه‌كانیشمان ده‌توانن ده‌وام بكه‌ن؛ به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌م بابه‌ته له‌لایه‌ن هه‌ندێك لایه‌ن و به‌رپرسی نابه‌رپرسه‌وه بۆ موزایه‌ده‌كردن به‌لاڕێدا براوه، به جۆرێك كه ده‌یانه‌وێت ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تیی خه‌ڵكیش بۆ مه‌رامه‌كانی خۆیان به‌كار بهێنن." ده‌ی ڕێگری له قه‌ره‌باڵغی دابه‌شكردنی مووچه ئه‌وه‌نده سه‌خت نییه، سه‌ختییه‌كه ئه‌وه‌یه ئێمه فریا نه‌كه‌وتووین و نه‌مانتوانیوه سیستمی بانكی له هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ بكه‌ین.
ده‌زانن ئه‌گه‌ر ئێسته حكوومه‌تی هه‌رێم بڕیار بدا وه‌ك كه‌نه‌دا دیارییه‌ك بداته دانیشتووانی هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ی له ماڵه‌وه دانیشن و كێشه‌ی مادیشیان نه‌بێت، ناتوانێ بیدات؟ نازانێ چۆن بیدات؟ ئێمه حكوومه‌تێكی پێنج ملیۆنین، به‌ڵام جگه له فۆڕمی بایه‌عی هیچ داتایه‌كمان نییه لای حكوومه‌تی هه‌رێم؟ ئه‌گه‌ر حكوومه‌ت بڕیار بدات هه‌ر تاكێكی هاووڵاتی ته‌نیا 100 هه‌زار دیناری پێ بدات، ده‌بێ وه‌ك نۆره‌ی نه‌وت و نۆره‌ی غاز و به‌نزین نۆره‌ی بۆ بگرین؟ ده‌زانن ئه‌وكاتیش زۆرێك هه‌ن ناویان له لیسته‌كاندا نین؟ ئاخر ئه‌وان ته‌عین نین، مووچه‌خۆر نین، بێكارن، هه‌ژارن، ده‌ی 100 هه‌زار دینارییه‌كانی حكوومه‌ت ده‌چێته گیرفانی كێوه؟
له ئێران حكوومه‌ت دوودڵنیایی دایه خه‌ڵكه‌كه‌ی، یه‌كه‌م هاوكارییه‌كی مادیی ده‌چێته سه‌ر حیسابه‌كانیان، دووه‌م به‌شه به‌نزینی ئه‌م مانگه‌یان نافه‌وتێت و له وه‌رزی گه‌شت و سه‌یراندا بۆیان سه‌رف ده‌كرێته‌وه. ئێران وڵاتێكی سه‌روو هه‌شتا ملیۆنییه، به‌ڵام سیستمی بانكی وای كردووه، ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی كۆمار بیه‌وێت 10 هه‌زار تمه‌ن بداته هاووڵاتییه‌كی دانیشتووی گوندی بندوڵی هه‌ورامانی رۆژهه‌ڵات، هه‌ر ئه‌و چركه‌یه ده‌چێته سه‌ر حیسابه‌كه‌ی؟!
نه‌بوونی سیستمی بانكی زیانی گه‌وره‌ی لێ داوین، "تێبینییه‌كان له‌سه‌ر حه‌ڵاڵی و حه‌رامی مامه‌ڵه‌كان جێی بایه‌خن و چاره‌سه‌ریشی لای زانا ئیسلامییه‌كان و لیژنه‌ی فه‌توا هه‌یه." ... نه‌بوونی سیستمی بانكی وای كردووه ئێسته خه‌ڵك گومانیان هه‌یه كه حكوومه‌ت هه‌ر نایه‌وێت مووچه دابه‌ش بكات، نه‌ك له‌به‌ر ته‌ندروستی خۆیان دوای خستووه، نه‌بوونی سیستمی بانكی وای كردووه، حكوومه‌ت نازانێ داهاتی تاك چه‌نده؟ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی ئه‌م وڵاته چه‌ند پاره‌یان هه‌یه؟ به‌رپرسه‌كانی ئه‌م وڵاته چه‌ند ژێر زه‌وین فه‌رده دۆلاریان هه‌یه؟ حكوومه‌ت نازانێ ئه‌گه‌ر بیه‌وێت دیارییه‌كی 100 هه‌زار دیناری خۆپارێزی كۆرۆنا بداته دانیشتووانی وڵاته‌كه‌ی بیداته كێ؟ چۆن بیدات؟ ئه‌گه‌ر كه‌سانێك بیانه‌وێ هاوكاری حكوومه‌ت و دامه‌زراوه ته‌ندروستییه‌كان بكه‌ن، چۆن بیكه‌ن؟ چونكه هه‌ر موزایه‌ده‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه! كورت و پوخت كێشه‌كه ئه‌مه‌یه كه ئێمه سیستمی بانكیمان نییه تا بزانین چۆن ده‌ژین؟ چیمان هه‌یه؟ چیمان ده‌بێت؟ چۆن مووچه وه‌ربگرین و نه‌چینه قه‌ره‌باڵغییه‌وه و تووشی كۆرۆنا نه‌بین؟
كابینه‌ی ئێسته‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم، ئه‌ركی قورسی له پێشه، كاری گه‌وره هه‌ن ده‌بێ بیكات، بۆیه‌ش هه‌ر هه‌نگاوێكی باش كه بتوانێت بیگرێته‌به‌ر، ده‌بێ له به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدابن، كێشه‌ی زۆری كه‌ڵه‌كه‌بوو به‌جێ ماون، بۆیه ته‌نگژه‌كان چه‌نده سه‌ختن، چاره‌سه‌ركردنیشیان ئه‌وه‌نده سه‌خته، به‌ڵام مه‌حاڵ نییه!