یه‌كه‌م
خراپترین رۆشنبیر ئه‌وانه‌ن كه ژه‌هر ده‌ڕێژن، ژه‌هری دابه‌شكاری و تۆخكردنه‌وه‌ی كاسته‌كان، ژه‌هری فراوانكردنی پانتایی جیاكارییه‌كان، ژه‌هری رقلێبوونه‌وه‌ی هه‌موو پیرۆزییه‌كان، ژه‌هری بێنرخكردنی ئازادییه‌كان، ژه‌هری شووشتنه‌وه‌ی مێشكه‌كان، ژه‌هری هاورده‌ی ناساز و ناشایسته و نه‌گونجاوی كه‌س نازانێ هی كوێ.
توخمێكی سه‌یرن به ناوی ئازداییه‌وه ئاین ده‌خنكێنن، به ناوی نیشتمانه‌وه هه‌موو پیرۆزییه نیشتمانییه‌كان ده‌پچڕێنن و به ناوی دیموكراتی و لیبراڵه‌وه، رێزه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ته‌فروتونا ده‌كه‌ن.
دووه‌م
ئێمه له‌و خه‌مانه‌مان هه‌یه كه زه‌رد نابن، زستانێك ده‌یانكات به ژێر به‌همه‌نی به‌فره‌وه و به‌هارێك سه‌وز دایانده‌گیرسێنێته‌وه و هاوینێك گه‌رمیان ده‌كاته‌وه، كه‌چی پایز هه‌ر كۆڵه‌واره به ده‌ستیانه‌وه، نه پێیان ده‌وێرێ و نه ده‌توانێ زه‌ردیان بكات و نه ده‌شتوانێ بیانوه‌رێنێ.
ئێمه له‌و خه‌مانه‌مان هه‌یه له توخمی ئه‌ستێره‌ی ئاسمان، خۆر و مانگ شه‌ڕی خۆیان ده‌كه‌ن، ئه‌مان هه‌ر بریسكه‌یان دێ. چ خه‌مێكمان هه‌یه ئێمه، 40 ملیۆن مرۆڤی پێ ده‌چه‌وسێته‌وه و نابنه خاڵێكی كاڵی سه‌ر نه‌خشه‌یه‌كیش، نا... نابنه سه‌ردێڕی هه‌واڵ و ته‌نانه‌ت ناچنه دێڕی شیعرێكی جیهانیشه‌وه... ئه‌م خه‌مانه‌ی ئێمه له مه‌عده‌نی نه‌توانه‌وه و نه‌له‌خشان و نه‌تۆران و نه‌پووكانه‌وه‌ن، دڵنیام رۆژێ "خه‌ڵاتی نۆبڵی خه‌م" ئێمه ده‌یبه‌ین.
سێیه‌م
له هه‌موو جه‌نجاڵییه‌كاندا هێشتا بایی مه‌رحه‌بایه‌ك مانه‌وه و بایی نیگایه‌ك چاو و بایی خه‌یاڵێك شیعر ماون بۆ ریزبوون، ئه‌ها خۆیان داوه‌ته ریزبوون له‌ژێر تابۆ فه‌رهه‌نگییه‌كان، من ده‌زانم یاقووت لێره نادۆزرێته‌وه و قارچك له‌سه‌ر به‌رد هه‌ڵناتۆقێ و حه‌كایه‌تیش ته‌نیا لای ئاگردانه‌كان قه‌دری خۆی ده‌دۆزێته‌وه... بیرم لای ئه‌و هه‌موو دێڕانه‌یه نووسران و وه‌ك نووسه‌رێكی نائاشنا بوومه خاوه‌نیان و خوێنه‌ره‌كه‌یش هه‌ر نائاشنا مایه‌وه، بیرم لای هه‌موو ئه‌و هه‌نگاوانه‌یه نران و ئه‌و هه‌موو پووتانه دڕان و هێشتایش رێیه‌كه هه‌ر نه‌بڕاوه‌ته‌وه ... ئاخر ئاو هه‌رگیز له بێژنگ نادرێ.
چوار
بیرتانه؟ شتێكتان به ناوی رێز و نرخاندن و ده‌ستخۆشی و پێ‌زانین و جوانبینی و پیرۆزی نه‌هێشت، ئه‌وه‌ی ناوی به‌ها "قیه‌م" بوو پایه‌ماڵتان كرد، ئه‌وه‌ی ناوی گه‌شبینی بوو تیرۆرتان كرد، هه‌ر بیركردنه‌وه‌یه‌كی ته‌ندروست هه‌بوو كردتان به خیانه‌تكار، هه‌ر جۆره دڵسۆزی-نواندنێك هه‌بوو ناوتان نا ده‌سته‌مۆ، نووسه‌رێكی هاوسه‌نگتان نه‌هێشت و هه‌مووتان كرد به جاشقه‌ڵه‌م، چیتر ماوه بیكه‌ن؟... هه‌مووی دێته‌وه سه‌ر ڕێ، ئه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ی كۆرسی فێركردنی جنێو و ته‌شهیر و ته‌خوینتان كرده‌وه و بودجه‌تان بۆ ته‌رخان كرد، موجامه‌له و موزایه‌ده‌ی ئه‌مڕۆ، به‌رهه‌می فكری و پڕۆژه‌یی پاكێجی شۆڕشی پۆپۆلیستی زرمه‌ی ئۆپۆزسیۆنه له نێوان دوێنێ و ئه‌مڕۆیدا.
پێنج
كوردستان ته‌نیا خۆی دڵسۆز و خه‌مخۆری خۆی بووه و هه‌ر خۆیشی ده‌توانێ خۆی بپارێزێت، له هه‌ر شتێك و هه‌ر لایه‌نێك و هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك. ئه‌م ڕاستییه ده‌بێ هه‌مووان بیزانن، به خۆمانه‌وه و ئه‌وانه‌ی به‌ڕاستی دۆستمانن و ئه‌وانه‌یشی بانگه‌شه‌ی دۆستایه‌تی ده‌كه‌ن.
شه‌شه‌م
به‌داخه‌وه رۆژ به‌ڕۆژ بێهیوایی زیاد ده‌كات و بێ ئه‌وه‌ی به خۆیان بزانن، خه‌ڵكێكی زۆر خه‌ریكه ده‌چنه چوارچێوه‌ی ئه‌و بیركردنه‌وه و بیروباوه‌ڕ و قوتابخانه فكرییانه‌وه كه به "پووچگه‌را/هیچگه‌را" ناوه‌زد كراون، ئه‌م باره كۆمه‌ڵایه‌تی-سیاسییه ئه‌وه‌نده‌ی به‌رپرسیارێتی تاك و سه‌رپه‌رشتیاری خێزانه‌كانه، ئه‌وه‌نده ئه‌ركێكی رێكخراو و ده‌وڵه‌تیی نییه، خۆسه‌رقاڵكردن به ژیانی خه‌ڵكی تر و چاوتێبڕینی ئه‌وانی تر و ڕه‌شبینی به‌رده‌وام و به هیچ ڕازی نه‌بوون، خراپترین هه‌نگاوه‌كانی ئه‌م كه‌شه‌ن.
هه‌موومان له‌سه‌ر ئاستی تاك به‌رپرسیارین له خۆكوشتنی گه‌نجێك و له دواین هه‌ناسه‌ی كه‌سێك كه نایداته‌وه. له 15 ساڵی رابردوودا سه‌ركرده و میدیاكار خراپترین ڕۆڵیان گێڕاوه له بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕه‌شبینی و بێهیوایی، كاتی ئه‌وه‌یه هه‌نگاوه پێچه‌وانه ته‌ندروسته‌كه بنرێته‌وه.
حه‌وته
ئه‌م ڕێیه و ئه‌م خه‌باته زۆر قورسن، جنێوت پێ ده‌ده‌ن، كافرت ده‌كه‌ن، ته‌شهیر و ته‌خوینت ده‌كه‌ن، له‌ناو ماڵ و منداڵ و گه‌ڕه‌ك و كۆڵان و مه‌جلیسی زیكره‌كانیاندا ده‌تكه‌نه قوتبی مه‌وزووع، خۆیان پێ فریشته و تۆیان پێ شه‌یتانه، مێشه‌كانی تۆ ده‌كه‌نه گامێش، وه‌ستای قسانن، شاره‌زا و بلیمه‌ت و داهێنه‌ری خراپترین زاراوه و به‌دترین وشه‌ن، ئه‌وان ده‌یانه‌وێ هه‌ر به زیندوویی سه‌رت ببڕن، ئه‌وان ده‌یانه‌وێ بتسڕنه‌وه، ئه‌وان باوه‌ڕیان به خوا و ئازادی و مافی مرۆڤ و رێزی به‌رانبه‌ریش هه‌یه، ئه‌وان یه‌كپارچه به‌ڕێزن.