لەمدیوی دەرگاکەوە چی دەگوزەرێ؟

PM:06:53:27/03/2020 ‌
د. موئمین زەڵمی

پیاو دەبێ لە خەمی شەخسییەتیدا بێت، وا مەکە عەیبە، ئەوە چیتە شەرم بکە، حەیامان مەبە، وا مەڕۆ بە ڕێدا، رۆڵە وا مەکە، ژنەکە ئەو جلانەت عادەتی نین، بەخوا قژم زۆرە رووم نیە بچمە دەرەوە، جلەکانم کۆنن با نەچمە دەرەوە، عەیبە پارەمان نیە شتیان بۆ بکڕین با نەچینە ماڵی برادەرەکەت، وەڵاهی شەرمە بە دەستی خاڵی ... تاد، ئەمانە ئەو قسەو و قسەڵۆک و رەخنانەن تۆ کە تەمەنت سی ساڵە، سی هەزار جار وتووتە یان گوێت لێبووە. ئەی ئێستە چی؟

دوو هەفتەیە لە ماڵەوەین، لەمدیوی دەرگاکەوە، بە قژی دژراو و ریش و سمێڵی زۆرەوە، بە جلی ماڵەوە، دوو هەفتە سادە سادە بوینەتەوە، نە کەسی غەیرە دەبینین و نە کەسیتری بێجگە خۆمان دێتە ئەمدیوی دەرگاکەمانەوە.

ئێستا هەموو بۆ خۆمان دەژین، دەی تکایە با هەڵسوکەوتمان لەگەڵ خێزان و منداڵەکانماندا جیاواز بن.
د. موعەزەمی دەیوت "تکایە منداڵەکانی خۆتان وەک میوانە دراوسێکانتان سەیر بکەن"، هەموو شتێ مەڵێن و هەموو هەڵسوکەوتێک مەنوێنن، تەریقیان مەکەنەوە، دڵیان مەشکێنن، خۆشەویستی بە زۆر نییە، بەڵام زۆر زۆرە، خۆشەویستی قورس نیە بەڵام سەنگێکی زۆر قورسی هەیە.

با بە خۆشەویستی بژین، بیر بکەینەوە و هەڵسوکەوت بکەین، کارمەندانی تەندروستی لە نەخۆشخانەکاندا خزمەت دەکەن، هێزەکانی تەناهیی ناهێڵن بچینە دەرەوەی دەرگای حەوشەکانەوە، دەی ئەوە ئێمەین پاڵەوانی مەیدان و شاهەنشای ماڵەوە و شاسواری خەونەکانی ئەمدیوی دەرگاکان، پیاوەکان پادشا و خاتوونەکان شاژن و منداڵەکان شازادەن، ژیانێکی شاهانە بەڕێ بکەن، پێش ئەوەی لێمان تێکبچێ، بە ڕاستی من زیاتر لە کاریگەری کۆرۆناکە خەمی تەندروستی دەروونی و هەڵوەشانەوەی شیرازەی خێزانەکانمە. ئومێدمە هەموولایەک دڵخۆش و کامەران بن.