ئایا زمان لە شاردا دەمرێت؟

چۆلی فایه‌ق

 لێره‌ و له‌وێ، له‌ هێندێ هاوڕێی زمانكارم ده‌ژنه‌وم: (زمان له‌ شاردا مردووه‌) یان به‌ ده‌ربڕینێكی تر ده‌ڵێن: (شار زمانی مراندووه‌). ئه‌م تێزه‌ یاخۆ ئه‌م دیده‌، له‌ گۆتره‌دا لای ئه‌وان نه‌هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌، به‌ڵكو پێشیینه‌ی لای نووسه‌ره‌ به‌رزه‌ زمانكاره‌كانمان، هه‌یه‌. ئه‌وه‌ی من بزانم، كه‌ڵه‌كوردیزانانی وه‌ك (مام هه‌ژار) و (مه‌لا عه‌بدوڵلای حه‌سه‌ن زاده‌) و ئه‌وانی دیكه‌ش، به‌ گوزارشتی جیاواز به‌ خۆیان، ده‌ستپیكی ئه‌م دیده‌یان ده‌ربڕیوه‌. من له‌و وتاره‌دا، ده‌مه‌وێت به‌ زمانێكی ساده‌ی دوور له‌ ئاڵۆزكاریی ئه‌كادیمیایی، ئه‌م بیرۆبۆچوونه‌ تاووتوێ بكه‌م. له ‌به‌رانبه‌ر گوتنی (زمان له‌ شاردا ده‌مرێت) هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك بكه‌م و (ئایا زمان له‌ شاردا ده‌مرێت؟) بكه‌م به‌ هه‌وێنی گوتووبێژه‌كه‌م.  

ئه‌وانه‌ی هه‌ڵگری ئه‌م دیده‌ن، گوند به‌ دایكی زمان داده‌نێن. بیڵێین یان نه‌یڵێن، بۆچوونه‌كه‌یان ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ زمان له‌ گوند له‌دایك بووه‌. ئه‌م دیده‌ هه‌ده‌فی نه‌پێكاوه‌، چونكه‌ بەگوێرەی لێکۆڵینە نەژادناسییەکان بێت، مێژووی زمان بۆ بەر لە پەیدابوونی "گوند" و قۆناغی ژیانی دیی، دەگەڕێتەوە. بەمەش ئەم دیدەی لەدایکبوونی زمان بۆ گوند ده‌گه‌رێنیته‌وه‌، وردێتیی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات. ئەوە یەک.

دوو: ئەگەر وامان دانا زمان منداڵی گونده‌، له‌ منداڵدانی گوند هاتووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، له‌ بێشكه‌ی دێ هه‌ژێنراوه‌، له‌ باوه‌شی ئاواییدا گۆش كراوه‌. به‌ڵام نابێت ئه‌وه‌ له‌بیر بكه‌ین، بەپێی كاتبه‌ندی (کرۆنۆلۆژیا)ی گەشەکردنی زمان بێت، زمان لە شاردا هەراش دەبێت، لە شار دەکەوێتە سەرپێ، چاوی ده‌كرێته‌وه‌، پێ ده‌گات و پتر تێ ده‌گات. (زمان له‌ شاردا ده‌مرێت) هه‌ڵگرانی ئه‌م بانگه‌شه‌یه‌، له‌به‌رده‌م سه‌لماندنی دوو شت دان. یه‌ك: به‌ چی به‌ڵگه‌یه‌ك شار ده‌كه‌ن به‌ بكوژی زمان؟ دوو: چ مردنێكی زمانیان مه‌به‌سته‌ له ‌كاتێكدا زمانه‌كه‌ زیندووه‌ و له‌ گه‌شه‌كردندایه‌؟ من كه‌لێنی لۆژیكی له‌و تێڕوانینه‌دا ده‌بینم، ئاخر شتێ مردووبێ ئه‌ی چۆن هه‌یه‌، یان شتێ هه‌بێ، چۆن ده‌بێت مردووش بێت؟
باشه‌، زمان له‌ گوند له‌دایك ده‌بێت، با له‌وه‌دا لاریمان نه‌بێت. به‌ڵام هیچ ئه‌رگیۆمێنتێك نییه‌ ئه‌وه‌ بسه‌لمێنێت كه‌ شار زمانی كوشتووه‌، نا، به‌ڵكه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌، شار ده‌ستی زمانی گرتووه‌ و پێی گه‌یاندووه‌. ئاخر له‌ شاردا، زمان دەچێتە ناو سیاسەت، زمانی دیبلۆماسیێتی دێته‌ ئاراوه‌ .. ده‌زگه‌ و دامه‌زراوه‌ دێنه‌ گۆڕێ، ئه‌وسا زمانی ڕەسمی دێتەپێش و سه‌ر هه‌ڵده‌دات. زمان دەچێتە ناو سینه‌ما و شانۆوه‌، له‌وێڕا زمانی هونەر سەر دەردێنێت. زمان دەچێتە ناو دیگیتاڵه‌وه‌، زمانی ئەلیکترۆنیی ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت. ڕادیۆ، رۆژنامه‌ و ته‌له‌ڤزیۆن ده‌رده‌كه‌ون، لێره‌‌شه‌وه‌ زمانی ڕاگه‌یاندن خۆی قیت ده‌كاته‌وه‌. له‌ شاردا پیشه‌سازیی هه‌یه‌، هیندێ ئامێر، ناچاری وشه و ده‌سته‌واژه‌ی نوێمان ده‌كه‌ن. له‌ شاردا بازرگانی هه‌یه‌، قوتابخانه‌ و زانكۆ هه‌یه‌، كافێ و ڕێستۆڕانت هه‌ن‌، گه‌شتوگوزار و شوێنه‌وار هه‌ن‌، گشت ئه‌وانه‌، زمان ناچار ده‌كه‌ن، بیر له‌ ده‌سته‌واژه‌ و وشه‌گه‌لی تر بكاته‌وه‌. له‌ شاردا پێوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان فراوانتر ده‌بێت، ئه‌م پێوه‌ندییه‌ جیۆگرافیای زمان، فراوانتر ده‌كات.  

ئه‌وه‌ ڕاستە شار وەک گوند زیاتر بە سروشتەوە پێوەست نییه‌، هه‌روه‌تر ھێرشی زمانی بێگانەی زیاتر له‌سه‌ره‌، بەڵام نابێت ئەوە لەیاد بکەین كه‌ سرووشتی شار و ژیانی شارستانێتی وه‌هایه‌ و هه‌ر ئه‌وه‌یه‌! شار بەھۆی پێیوەندیە بەرفرەوانەکانی وەک گوند، بگرە لە گوندیش زیاتر زمان ناچار به‌ هه‌راشبوون ده‌كات. ئەگەر گوند ژینگەیەکی لەبار بێت بۆ پاراویی زمان، ئەوا شاریش ژینگەیەکی فرە خاسە بۆ زمانێکی مەدەنی و ڕه‌سمی، پاراویی زمانی گوند بەته‌نێ بەس نییە بۆ بوونی زمانێک کە بمانەوێت مامەڵه‌ی لەگەڵ زمانەکانی تردا پێ بکەین. ئه‌گه‌رچی من كوڕی شارم، وه‌لێ زمانی گوند ده‌زانم و له‌م ده‌ڤه‌ر بۆ ئه‌و ده‌ڤه‌ری دیكه‌ی كورده‌واری، تێكه‌ڵیی زمانیم هه‌بووه‌ و ددان به‌وه‌دا ده‌نێم له‌ ڕووی وشه‌ و ده‌سته‌واژه‌وه‌ زمانی گوند فراوانتر و پاراوتره‌، هه‌روه‌تر زمان له‌وێدا زێتر له‌گه‌ڵ ڕسته‌سازی كوردیدا دێته‌وه‌، وه‌لێ ناتوانم نكوڵی له‌و ڕاستییه‌ش بكه‌م، زمانی گوند داكه‌ساو (ستاتیك)ـه،‌ وه‌لێ زمانی شار بزۆك (داینامیك)ـه‌. 

به‌و واتایه‌ی زمانی گوند لە دەوری ئاژەڵداری و جووتیاری دەسووڕێتەوە، بازنه‌ی زمانی گوند دیاریكراوه‌، نوێبوونەوەی نییە. به‌ڵام لە قۆناغی شاردا، پەل بۆ ناو کایە زانستی و ماریفەتییەکانی دیکەی ژیان دەهاوێژێت، زمان ناچاری نوێبوونه‌وه‌ و زاراوه‌ی تازه‌ ده‌بێت. زمانی گوند زمانێكی نێرسالارییانه‌ی جوێنی بووه‌، به‌ڵام كه‌ دێته‌ شار، مۆركی زمانێكی مه‌ده‌نی و ماریفه‌تی وه‌رده‌گرێت. له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌ ناڕێكه‌ش زۆر ناته‌بام كه‌ پێی وایه‌ نووسه‌ری شاری، ناتوانێت به‌ كوردیه‌كی باش بنووسێت. لایان وایه‌ ئه‌وه‌ی له‌ گوند له‌دایك نه‌بووه‌ و له‌ گوند گه‌وره‌ نه‌بووه‌، كوردی نازانێت! نا ئه‌وه‌ بۆچوونێكی سه‌له‌فییانه‌یه‌، بۆ نووسین به‌ كوردییه‌كی باش، تێڕامان و گه‌ڕانی ده‌وێت، له‌سه‌ر هه‌وڵ و كۆششی نووسه‌ر و ئه‌دیبه‌كه‌ خۆی ده‌وه‌ستێت، نه‌ك له‌سه‌ر جێژیان و شوێنی له‌دایكبوونی، كه‌ ئه‌وه‌ زه‌برێكی وجوودیانه‌یه‌. نووسه‌ری شاریمان هه‌ن، به‌ كوردییه‌كه‌ی زۆر پوخت و ڕه‌وان ده‌نووسن، ئاخر كێ ده‌توانێت نكوڵی له‌ پته‌وی و جوانیی كوردییه‌كه‌ی (پیرباڵ) بكات؟ ده‌ی ئه‌ویش منداڵه‌ شارییه‌...

دیدی من وایە، زمان ئەگەر لە گوندیش لەدایک بووبێت، ئەوا لە شاردا هه‌راش بووه‌ و پێ گه‌ییوه‌، شار زمانی پێ گه‌یاندووه‌، بكوژی نه‌بووه‌. هه‌ردووك ته‌واوكه‌ری یه‌كترن، به‌بێ یه‌كدی هه‌ڵناكه‌ن. من ده‌ڵێم بۆ ئه‌وه‌ی كوردییه‌كی باش بزانین، ده‌بێت هه‌م زمانی گوند بزانین هه‌م زمانی شاریش. به‌ زمانی شار به‌ته‌نێ، ده‌ره‌قه‌تی هه‌موو ژانره‌ ئه‌ده‌بییه‌كان ناێین. به‌هه‌مانشێوه‌، به‌بێ زمانی شار، ده‌سته‌ڵاتمان به‌سه‌ر ماریفه‌ت و فه‌رهه‌نگی سه‌رده‌مدا ناشكێت، ناشتوانین هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ زمانه‌ زیندووه‌كانی تر‌ی جیهان و شه‌پۆلی جیهانگیرییدا بكه‌ین. 
من ره‌خنه‌م له‌و تێزه‌یه‌ (زمان له‌ شار ده‌مرێت) یان ئه‌وه‌ی ده‌گوترێت: (شار بكوژی زمان)ـه‌. هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی زمانناسی (نه‌ك زمانزانی)یانه‌ پاڵپشتی له‌و دیده‌دا ناكات. ئه‌گه‌ر دوور له‌ سۆز و وابه‌سته‌ییمان به‌ گونده‌وه‌، زانستییانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و باسه‌دا بجووڵێینه‌وه، به‌وه‌ ده‌گه‌ین: (زمان له‌ شاردا هه‌راش ده‌بێت، نامرێت). با لێره‌دا نموونه‌یه‌ك بهێنمه‌وه‌:

له‌ گوندا، وشه‌ی (ده‌ڕماڵه‌) بۆ پایانێی ئه‌و ئالیكه‌ به‌كار براوه‌ كه‌ به‌ ئاژه‌ڵ دراوه‌، وه‌لێ له‌ناو زمانی شاردا، ئه‌م وشه‌یه‌ مۆركێكی تر وه‌رده‌گرێت و هه‌نووكه‌ بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌كار دێت. وشه‌ی (ڕیقلاو) سه‌یر بكه‌، له‌ زمانی گوند بۆ (كار)ێكی باریكه‌ی چكۆڵانه‌ به‌‌كار ده‌برا، وه‌لێ دواتر هه‌مان وشه‌ به‌ مرۆڤێكی لاوازی پووخه‌ به‌كار برا. وشه‌ی (به‌ڕه‌ڵا) وه‌ربگره‌، سه‌ره‌تا بۆ ئاژه‌ڵ و ته‌یروتواران به‌كار هاتووه‌‌، وه‌لێ به‌ تێپه‌ڕینی ڕۆژگار، مۆركی مرۆییشی وه‌رگرتووه‌، چ بۆ جوێن بێت چ بۆ خۆشه‌ویستی، خه‌ڵك بۆ یه‌كتری به‌كاریان هێناوه‌. ئه‌رێ ئه‌وه‌ مردنی زمانه‌ یان هه‌راشبوون و گه‌شه‌كردنی؟ ‌

 دواجار ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ بڵێم: گوند و شار وا تێكه‌ڵاوی یه‌كتر بوون، هه‌نووكه‌ به‌ ئه‌سته‌م ده‌توانیت تخوبیان له‌ نێوان دابنێیت و ناوانیان دیاری بكه‌یت. ئه‌و گوتووبێژ و ده‌مه‌ته‌قێیه‌ ڕه‌نگه‌ بۆ به‌ری 40_50 ساڵێك ڕاست بووبێت، به‌ڵام بۆ ئێسته‌، به‌رهه‌مێكی وای نابێت. ئاخر ده‌كرێت له‌ كوێره‌ گوندێكی ئه‌م كورده‌وارییه‌دا، گوندنشینێك وه‌ك شارنشینێك، له‌ سایه‌ی (ئایفۆن و گالاكسی)یه‌كه‌ی ده‌ستییه‌وه‌، پێوه‌ندی به‌ هه‌موو دنیا بگرێت و هه‌موو دنیاش بانگێشتی ناو ماڵه‌ چكۆڵانه‌كه‌ی خۆی بكات. ده‌كرێت له‌ ڕێی (تابلێت و ئایپاد)ێكه‌وه‌، تێكه‌ڵی هه‌موو زمانه‌ زیندووه‌كانی دنیا بێت و له‌ ڕه‌وشی زمانی دیگیتاڵی ئاگه‌دار بێت. له‌ ڕێی هێڵی ئینته‌رنێته‌وه‌ به‌هۆی لاپتۆپێكه‌وه، ڕۆژانه‌ ڕۆژنامه‌ و هه‌فته‌نامه‌كانی به‌ده‌ست بگات و له‌ فه‌رهه‌نگی نوێ دانه‌بڕێت. كه‌ ئامرازه‌كانی هاتوچۆ به‌رده‌ستن، وه‌ك جاران ئه‌و شه‌كه‌تییه‌ ناكێشێت تا به‌ شار بگات، گوندییه‌ك بۆی هه‌یه‌، هه‌موو به‌یانییه‌ك له‌ شار بێت و تێكه‌ڵی پێشكه‌وتنه‌كانی شار بێت. ئه‌وه‌ باسی كورده‌واری ده‌كه‌م، ئه‌گینا گوند له‌ ڕۆژاوا و ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وانی دی، ده‌مێكه‌ ئه‌و ئاوێزانبوونه‌یان به‌سه‌ردا هاتووه‌.‌

پوخته‌ی قسان لای من ئه‌وه‌یه‌: ئه‌گه‌ر گوند منداڵدان و لانكی زمان بوو، ئه‌وا پاشان له‌ شاردا هه‌راش بوو و كه‌وته‌ سه‌رپێیان. شار زمانی گوندی نه‌كوشت، به‌ڵكو پێی گه‌یاند. هه‌م زمانی گوند هه‌م زمانی شار، شان به‌شانی یه‌كتر مه‌عریفه‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌به‌ن و ئاستی هۆشیاریی تاك دیاری ده‌كه‌ن.

AM:10:32:01/02/2018




ئه‌م بابه‌ته 594 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌