هەولێر دەروازەی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

AM:09:49:09/12/2021 ‌
مێژووی كۆلۆنیالیزم و دابەشكردنی دنیا لە نێوان زلهێزەكان و قۆرخكارییان بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، فاكتێكە ناتوانین نكۆڵی لێ بكەین، بەو پێیەی دیفاكتۆ بووە بە بەشێك لە ژیانی هەمووان. لە هەمان كاتدا كە سەیری مێژوو دەكەین، چەندان هەڵوێست و هەڵسوكەوت دەبینین بەرانبەر ئەم راستییە، سەركردەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەندان جۆر هەڵوێستیان هەیە بەرانبەر بە كۆلۆنیالیزم و ئیمپریالیزمی وڵاتانی زلهێز، هەندێكیان دژایەتییان دەكەن و بەهەموو شێوەیەك هەر دەستێوەردانێك لە ناوچەكە رەت دەكەنەوە، هەندێكیش پێیان وایە دەبێ سوود لە ستایلی دیموكراسی و پێشكەوتنی رۆژئاوا وەربگیرێ، لە بەرانبەریشدا وڵاتانی زلهێز هەڵوێستی جۆراوجۆریان بەرانبەر سەركردەكانی رۆژهەڵات كە هەمان پێوەر بەكار ناهێنن، لەگەڵ هەموویاندا. 

ئەو سەركردە رۆژهەڵاتییانەی داكۆكییان لە مافی میلەتەكانی خۆیان كردووە و دووپاتیان كردووەتەوە كە خاوەن ناسنامەیەكی نەتەوەیی بەهێزن، پێگەیەكی پتەو و بەرزیان هەیە لەلایەن وڵاتانی زلهێز و رای گشتی، هەر بەم بۆنەیەوە رێزیان لێ دەگیرێت و لە كاروباری ناوچەكەدا پرس و ڕایان پێ دەكرێت، هەر هەمان ئەو وڵاتە زلهێزانە، هیچ پێگە و رێزێك بۆ ئەو سەركردە و سیاسییانە دانانێن كە ناسنامەی نەتەوەییان لاوازە و هەست بە بەرپرسیاریەتی ناكەن بەرانبەر بە میلەتەكانیان، بەڵكو تەنیا بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندیی خۆیان كار دەكەن. ئەمەریكا و رۆژئاوا پێیان وایە ئەم جۆرە سەركردانە، متمانەیان پێ ناكرێ، چونكە رەنگە لە هەر كات و ساتێكدا خیانەت بكەن و پشتی هاوپەیمانەكانیان بەربدەن. 

ئەگەر سەیری سەركردەی وڵاتان بكەین و جەمال عەبدولناسر و غاندی و نیلسۆن ماندێلا بە نموونە وەربگرین، دەبینین ئەم سەركردانە خاوەن چەندان بنەمای جوان بوون، بەرانبەر بە نەتەوەكەیان هەرگیز خیانەتیان نەكردووە، قەت نەچەماونەتەوە بۆ ژێر گوشار و جادووی دەسەڵات، هەرچەندە دەسەڵاتیان بەرفراوانیش بووە، بەڵام وەك هەندێك سەركردەی دیكتاتۆر نەبوونەتە كۆیلەی دەسەڵاتەكانیان، لەبەر ئەم هۆكارانە لەلای وڵاتە زلهێزەكانەوە رێزیان لێ گیراوە و حیسابیان بۆ كراوە. 

ئێمەی كورد لەو هاوكێشەیە بەدەر نین، لەمدواییەدا هەرێمی كوردستان پێشوازی بەرچاوی كردووە لە چەندان وەزیری بیانی و باڵوێزی وڵاتان، كە لە میانەی سەردانەكانیان چاویان كەوتووە بە سەرۆك مەسعوود بارزانی و سەرۆكی حكوومەت مەسروور بارزانی. هۆی ئەوەی وڵاتانی زلهێز رێزی تایبەتیان هەیە بۆ بارزانی و سەرۆكی حكوومەت، ئەوەی كە ئەوان دووپاتیان كردووەتەوە، خاوەن ناسنامەیەكی نیشتمانی بەهێزن و بۆ هیچ هێز و لایەنێك ناچەمێنەوە، بۆیە ئەمەریكا و رۆژئاوا، لە هەر قەیرانێكدا و هەموو جار، لە بازنەیەكدا دەسووڕێنەوە و لە كۆتادا دەگەڕێنەوە لای بارزانی و پرس و ڕای پێ دەكەن، چونكە بە راستگۆیی خۆی متمانەی داوە بە ئەمەریكا و رۆژئاوا، ئەوانیش رێزی لێ دەگرن. 

كاتێك بارزانی بانگەشەی گشتپرسی كرد، سەرەڕای ئەوەی رۆژئاوا و ئەمەریكا داوایان لێ كرد ئەنجامی نەدا، بەڵام ئەو گوێی لە میلەتەكەی گرت و گشتپرسی ئەنجام دا، بەوە دووپاتی كردەوە كە خەمی یەكەمی كوردستانە و میلەتەكەی بەهیچ جۆرێك نافرۆشێت و خیانەت ناكات. هۆكارێكی تر ئەوەیە بارزانی هەرێمێكی پڕ لە ئاسایشی دروست كردووە، لە سێبەری ئەو هەموو تیرۆر و قەیرانە سیاسی و تەناهییەی لە عێراقدا هەن، كەچی هەرێمی كوردستان لەناو ئازادی و ئاسایشدا گەشە دەكات، ئازادی نەك تەنیا بۆ میلەتەكەی، بەڵكو بۆ هەموو دنیا، بۆیە شەڕی داعشی كرد. 

هەرێمی كوردستان تاكە ناوچەیە لە عێراق كە لە كارەساتی جۆراوجۆر رزگاری بووە


هەرێمی كوردستان بووە بە ناوچەیەكی بازرگانی گەورە كە توانای بەرهەمهێنەرەكان بە زوویی لە هەموو شوێنێكەوە بۆ خۆی رابكێشێت. هەرێمی كوردستان تاكە ناوچەیە لە عێراق كە لە كارەساتی جۆراوجۆر رزگاری بووە، كە تووشی ناوچەكانی تری عێراق بووە لە قۆناغی جۆراوجۆردا، تەنانەت هێزی پێشمەرگە وەك شەڕكەرێك هەژمار دەكرێن كە ئیسلامن، بەڵام توندڕەو و تایفی نین و دەتوانرێ هاوپەیمانیی لەگەڵ بكرێت و لە جەنگەكاندا پشتی پێ ببەسترێ. 

بەهۆی هەوڵەكانی بارزانی، كورد سەربەخۆ و لە ئاسایشدا ژیاوە، دوور لەو كارەساتانەی دراوسێكانی وەك سووریا و عێراق كە میلەتەكەیان كردووە بە قوربانی جەنگ، لە كاتێكدا كوردستان دەرگای كردووەتەوە بە رووی ئەوانیشدا و ئەو ئاوارانەی كە لەو وڵاتانەوە رایان كردووە بە دەست جەنگەوە، لە هەرێمە گەشەكەی كورددا دەژین. بۆیە زۆربەی وڵاتان لە هەوڵی دروستكردنی هاوڕێیەتی و دۆستایەتیی سیاسین لەگەڵ هەولێر، هەروەها لە هەوڵی ئەوەدان هەلی بەرهەمهێنان بەدەست بێنن لە هەرێمی كوردستان.

خوای گەورە لە قورئاندا دەفەرموێ (ۆقَاڵ مُوسَی لِأَخِیهِ هَارُونَ اخْلُفْنِی فِی قَوْمِی ۆأَصْلِحْ ۆڵا تَتَّبِعْ سَبِیڵ الْمُفْسِدِینَ ) [اڵاعراف 142]. واتا مووسا بە هاروونی برای گوت، تۆ لەناو هۆزەكەماندابە و لە جێی من بە و هەر كاری چاك رەچاو بكە و بەدوای خراپەكاراندا مەڕۆ.