بڕیار بوو خوێنێكی نوێ بخاته ناو جه‌سته كز و سارده‌كه‌ی عێراقه‌وه. باسی له كابینه‌ی ته‌كنۆكرات و سه‌ربه‌خۆ ده‌كرد و بانگه‌شه‌ی كۆتاهێنان به ته‌نگژه‌كان و دانانی رێچكه‌یه‌كی نوێ بۆ حوكمڕانی ده‌كرد. به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌كانی رابردووی عێراق، محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی ته‌نانه‌ت تامی ده‌سه‌ڵاتیشی نه‌چه‌شت و پێش پێكهێنانه‌ی كابینه‌كه‌ی، ماڵئاوایی له سیاسه‌ت كرد. به‌ڵام عه‌لاوی به‌م هه‌موو پڕوپاگه‌نده‌وه بۆ وای لێ هات و وه‌ها شكستێكی بۆ خۆی و پێكهاته‌كه‌شی تۆمار كرد؟
ڤلادیمێر لینین دامه‌زرێنه‌ری یه‌كێتی سۆڤێتی جاران قسه‌یه‌كی زێڕینی هه‌یه ده‌ڵێ، "مه‌رج نییه سیاسه‌توان هه‌ڵه نه‌كات، مه‌رج ئه‌وه‌یه هه‌ڵه‌ی ستراتیجی نه‌كات". مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر سیاسه‌توان هه‌ڵه‌ی ستراتیجی كرد، مانه‌وه‌ی خۆی و ئه‌جێنداكه‌ی ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه و ئه‌گه‌ری هه‌ره‌سهێنان و كۆتاپێهاتنی له گۆڕه‌پانی سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵاتیشدا هه‌یه.
بۆیه ده‌بێ سیاسییه‌كان به لێزانییه‌وه خۆیان له‌م هه‌ڵانه به‌دوور بگرن و به خوێندنه‌وه‌یه‌كی بابه‌تییانه‌ی مێژوو و پێكهاته و سیاسه‌ت و هاوسه‌نگی هێز .. هتد، پلان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی وڵاته‌كه‌یان دابڕێژن.
ئه‌گه‌ر به‌خێرایی چاوێك به عێراقدا بخشێنین، ئه‌وه‌مان بۆ روون ده‌بێته‌وه ئه‌م وڵاته ده‌ستكرده به‌ده‌ست چه‌ند ته‌نگژه‌یه‌كه‌وه ده‌ناڵێنێ. له سه‌ره‌تادا ته‌نگژه‌ی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی هه‌یه. له 100 ساڵی رابردوودا پلانه‌كانی نه‌ته‌وه‌سازیی به‌پێی سه‌پاندنی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی، پێكهاته‌یه‌ك به‌سه‌ر ئه‌وانی تردا بسه‌پێنێ. بۆیه پێكهاته‌كان به توندی ئه‌مه‌یان ره‌ت كردووه‌ته‌وه و هه‌وڵی پاراستنی ناسنامه‌ی خۆیان داوه. له سه‌ره‌تادا پێكهاته‌ی سوننه ویستی خۆی به‌سه‌ر كورد و شیعه‌دا بسه‌پێنێ، به‌ڵام جگه له ماڵوێرانی ئه‌نجامی تری به‌ده‌ست نه‌هێنا. پاش سه‌دامیش، شیعه ده‌یه‌وێ هه‌مان مۆدێلی رابردوو له به‌رگێكی تردا دووباره بكاته‌وه، به‌ڵام به توندی له‌لایه‌ن ئه‌و دوو پێكهاته‌كه‌ی تره‌وه به‌رپه‌رچ دراوه‌ته‌وه.
له پاڵ ئه‌م راستییه‌دا عێراق جیۆگرافیا سیاسییه‌كه‌یشی دابه‌ش بووه و به‌غدا به هیچ جۆرێ ناتوانێ هێز و ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌سه‌ر پارچه جیاكانی ئه‌م جیۆگرافیایه‌دا به‌تایبه‌ت هه‌رێمی كوردستان بسه‌پێنێ. ئه‌گه‌ریش تا پێش رووخانی سه‌دام، ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی عێراق سه‌ره‌ڕای ئه‌م كێشانه به زه‌بری هێزی سوپا و ده‌زگه‌ی هه‌واڵگری و بیرۆكراسی هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر پێكهاته‌كان و جیۆگرافیای وڵات‌دا ده‌سه‌پاند، ئه‌مه‌ریكییه‌كان له ساڵی ٢٠٠٣دا ئه‌م سێ ئامرازه‌شیان هه‌ڵوه‌شانده‌وه، بۆیه ئێسته به زه‌بری ئاگر و ئاسن ناتوانن عێراقێكی یه‌كپارچه دروست بكه‌ن.
ئه‌م ڕاستییانه‌ی سه‌ره‌وه ئه‌وه‌مان بۆ دووپات ده‌كاته‌وه، ئه‌گه‌ر كه‌سێك بیه‌وێ حوكمی به‌غدا بكات، ده‌بێ كۆتا به سیاسه‌تی قڕكردنی نه‌ته‌وه و ئاینه‌كانی تر بێنێ و ددان به عێراقێكی فره‌ڕه‌نگ و فره پێكهاته‌دا بنێ و ئه‌وه‌ش بكاته بنه‌ما، یه‌ك پێكهاته ناتوانێ عێراق به‌ڕێوه ببات. مێژووی 100 ساڵی رابردووش پێشانی داوه ده‌سه‌ڵاتی یه‌ك پێكهاته‌یی شه‌ڕ و توندوتیژی و ماڵوێرانی لێ ده‌كه‌وێته‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش قبووڵ بكات ئه‌م وڵاته به‌پێی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی و سه‌نترالی به‌ڕێوه ناچێ، به‌ڵكو ده‌بێ كار له‌سه‌ر نا ناوه‌ندیكردنی عێراق بكرێ و سه‌روه‌ت و سامانی وڵات و هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵات به‌پێی به‌ركه‌وته‌ی پێكهاته‌كان دابه‌ش بكرێ و له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه شۆڕ بكرێته‌وه، ئیتر به‌غدا هه‌وڵ بۆ سه‌پاندنی خۆی به‌سه‌ر ئه‌وانی تردا نه‌دا.
ئه‌گه‌ر سیاسییه‌ك له به‌غدا به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه بجووڵێته‌وه، به‌دڵنیاییه‌وه هه‌ڵه‌ی ستراتیجی ده‌كات و دوور نییه ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی بڕووخێ و وڵاته‌كه‌ش به‌ره‌و هه‌ڵدێر ببات. له ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی كه ئه‌زموونێكی زۆری سیاسه‌تكردنی له عێراقدا هه‌یه، به‌رده‌وام و به‌خوێندنه‌وه‌یه‌كی ریالیستی و ستراتیجیی ئه‌م راستییه‌ی بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا دووپات كردووه‌ته‌وه. بۆ وێنه له ساڵی ٢٠١٢دا بارزانی به مالیكی راگه‌یاند ئه‌م رێیه‌ت عێراق به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌بات، به‌ڵام نووری مالیكی كه له لووتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا بوو، نه ته‌نیا ئه‌م ئامۆژگارییه‌ی قبووڵ نه‌كرد، به‌ڵكو په‌ره‌ی به سیاسه‌تی تایفیی خۆی دا. ده‌رئه‌نجام پاش دوو ساڵ نه‌ك ته‌نیا حوكمی به‌غدای به‌جێهێشت، وڵاتێكی خاپوور و كه‌لاوه‌شی راده‌ستی جێنشینه‌كه‌ی كرد و داعشیشی به دیاری پێشكه‌ش به عێراقییه‌كان كرد. ئه‌م ئه‌زموونه تاڵه له سه‌رده‌می عه‌بادیشدا دووباره بووه‌وه و هه‌ر ئه‌مه‌ش ناسه‌قامگیریی به‌غدای زۆرتر كرد.
چاوه‌ڕێ ده‌كرا عه‌لاوی باز به‌سه‌ر ئه‌م مێژووه‌دا بدا و رێچكه‌یه‌كی نوێ بگرێته‌به‌ر، پاش چه‌ندان جار تاقیكردنه‌وه‌ی یه‌ك سیاسه‌ت ده‌ستی لێ هه‌ڵگرێ و مۆدێلێكی نوێ ده‌ست پێ بكات و هیچ نه‌بێ هه‌ڵه‌كانی رابردوو دووپات نه‌كاته‌وه. به‌ڵام عه‌لاوی نه ته‌نیا ئه‌مه‌ی نه‌كرد، به‌ڵكو ده‌یویست له سه‌نگه‌ری پوپولیزم و به به‌رگی دیموكراسیخوازی و ده‌سه‌ڵاتی ته‌كنۆكراتی، پێكهاته‌ی كورد و سوننه چه‌ك بكات و ئه‌وه‌ی به مالیكی و عه‌بادی ئه‌نجام نه‌درا، ئه‌م ته‌واوی بكات. عه‌لاوی به بیانووی حكوومه‌تی سه‌ربه‌خۆ، ته‌نانه‌ت مافی ئه‌وه‌شی بۆ كورد و سوننه به‌ڕه‌وا نه‌ده‌بینی وه‌زیره‌كانی خۆیان دیاری بكه‌ن، به‌رده‌وام پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرده‌وه كه ده‌بێ خۆی وه‌زیره‌كانی بێ راوێژكردن به سوننه و كورد دیاری بكات. ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ی ستراتیجی عه‌لاوی بوو و پێشانی دا سیاسییه‌كه مێشكی به هزری تایفی و به‌رته‌سكی ناوه‌ندچێتی زاخاو دراوه و له سه‌رده‌می ئه‌ودا عێراق مێژووی ساڵانی پێشووی دووپات ده‌كاته‌وه.
ئه‌مه وایكرد بارزانی پێش هه‌فته‌یه‌ك بێته سه‌رخه‌ت و له چاوپێكه‌وتنێكدا به ناڕاسته‌وخۆ عه‌لاوی ئاگادار بكاته‌وه. بارزانی رای گه‌یاند "عه‌لاوی ئه‌گه‌ر بتوانێ بێ كورد و سوننه كابینه پێكبهێنی، پیرۆزی بێ". ڕاستییه‌كه‌ی بارزانی زه‌نگی ئاگاداركردنه‌وه‌ی بۆ عه‌لاوی لێ دا و پێی راگه‌یاند، هه‌ڵه‌ی ستراتیجی مه‌كه ئه‌گه‌رنا ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی زۆر درێژه ناكێشێ. به‌ڵام عه‌لاوی سوور بوو له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌كانی. له ده‌رئه‌نجامدا هه‌ڵه ستراتیجه‌كه‌ی سه‌ری خوارد و بوو به به‌شێك له مێژوو.
ئه‌وی راستی بێ پاش ساڵی ٢٠٠٣ ته‌نیا ده‌موچاوی ده‌سته‌بژێری سیاسی عێراق گۆڕاوه و عه‌قڵیی حوكمڕانی هه‌مان عه‌قڵیی پێشووی سه‌رده‌می سه‌دامه. لێره‌دا شتێكی مه‌ترسیداریش به‌دی ده‌كرێ كه ده‌سته‌بژێری سیاسیی به‌غدا، خوویه‌كی زۆری به‌م ره‌وته گرتووه و هیچ خواستێكیش بۆ كۆتاهێنان به‌م سیاسه‌ته نییه. بۆیه ده‌توانین پێشبینی ئه‌وه بكه‌ین به‌غدا له بازنه‌ی شكستخواردووی هه‌وڵدان بۆ بنیاتنانی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی و تایفی، به‌رده‌وام ده‌بێ و ئه‌زموونه تاڵه‌كانی رابردوو دووپات ده‌كاته‌وه.