دەستبەرداری سەرۆك كۆماری عێراق بین باشترە

AM:11:03:06/11/2021 ‌
مشتومڕێكی گەرم سیاسەتی كوردیی سەرقاڵ كردووە، پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بۆ كێ و كامە لایەنی كوردی دەبێ؟ لەم نێوانەشدا ئەم پرسیارە بنچینەییە ون بووە و لە بیر كراوە كە پۆستی سەرۆك كۆمار چ گرنگییەكی بۆ كورد هەیە وا شەڕی لەسەر دەكرێ؟ یا باشترە بڵێین سەرۆك كۆمار چی بۆ كورد و هەرێمی كوردستان دەكات یان كردووە؟ بەدیوێكی تریشدا دەتوانین ئەم پرسیارە بكەین، كورد ئەم پۆستەی بەدەستەوە نەبێت چی لە دەست دەدات؟

ئەگەر كارنامەی حەوت ساڵی رابردووی فوئاد مەعسووم و بەرهەم ساڵح بكەین بە پێوەر، ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە هیچ هەنگاوێكی گرنگ و جێ بایەخیان بۆ كورد هەڵنەگرتووە. بودجەی كوردستان بڕاوە بێدەنگن، هێرش دەكرێتە سەر كورد بێدەنگن، كوردستان تەعریب دەكرێ بێدەنگن، كار بۆ لێكترازاندن و هەڵتەكاندنی هەرێمی كوردستان دەكرێ، هەر بێدەنگن. 

رەنگە زۆر كەس بڵێن سەرۆك كۆمار پۆستێكی تەشریفاتییە و دەسەڵاتێكی وای نییە. ئەم رەخنەیە راستە، بەڵام خۆ سەرۆك كۆمار فەرمانبەرێكی ئاسایی حكوومەت نییە هیچ پێگە و جێیەكی نەبێت. یەكێك لە وێنە دیارەكانی سیاسەت و دیپلۆماسیی عێراقە و لە دنیای دەرەوە پێگەی خۆی هەیە، بچووكترین جووڵە و هەڵوێستی، گەورەترین دەنگدانەوەی دەبێت.

بۆ نموونە، ئەگەر تەنیا ئەم پۆستەی خۆی بەكار بهێنێت بۆ ئەوەی پێشانی بدات لە عێراقی بەناو دیموكراتیدا چی لە كورد دەكرێ؟ دەتوانێ شەرعییەتی دەسەڵاتی عێراق بە تەواوەتی لەق بكات و وا بكات دەوڵەت وەك دەوڵەتێكی عەرەبی وێنا بكرێت، كە رۆڵێكی كارتۆنی بە كورد بەخشیوە و بەمەیش خەریكە ئەو پرۆسەی بەعەرەبكردنە، بەشێوەیەكی تر تەواو دەكات كە سەدام و پێشترەكانی خەونیان پێوە دەبینی. 

بەڵام تەنانەت ئەم ئەركە سادەیەش ناكات و دەنگ هەڵنابڕێت و خۆی لەم شتە سادانەیش بەدوور دەگرێت. وەڵامی ئەوەی كە بۆ وا ناكات؟ زۆر ئاسانە و لە كۆتادا ئەوە روون دەكەمەوە، بەڵام پێش ئەوە لەوانەیە رەخنەیەكی تر ئاراستەی من بكرێت و بڵێن، سەرۆك كۆمار سەرۆكی هەموو گەل و پێكهاتەكانی عێراقە و ناتوانێ دەسەڵاتەكانی بۆ تەنیا یەك پێكهاتە بەكار بهێنێت، تۆ داوای شتی نایاسایی دەكەیت.

ئێ باشە ئەم قسەیە لەڕووی یاساییەوە و بەڕواڵەت لەوانەیە بێ كێشە بێت.، بەڵام لە كەیەوە تا ئێستە بەتایبەتیش دوای سەدام، لەم عێراقەدا یاسا سەروەر بووە و بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ كورد كراوە؟ بە ئاشكرا سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پەرلەمان كە دەبێ سەرۆكی هەموو عێراقییەكان بن بەبێ جیاوازی، تەنیا كار بۆ پێكهاتەكانی خۆیان دەكەن. پۆستی سەرۆك وەزیران هەر لە سەردەمی مالیكییەوە تا ئێستە، بووە بە پۆستێكی تایفی و بە ئاشكرا كار بۆ یەك پێكهاتەی عێراق دەكات و هەموو هێز و سامانی عێراقیشی خستووەتە گەڕ، بۆ ئەوەی ئەم پێكهاتەیە دواجار حوكمی هەموو ئەم وڵاتە بكات و پێكهاتەكانی تر هەڵتەكێنێت، ئەوەش نەیهێشتووە ئەم پیلانە سەر بگرێت، بۆ خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان و هەندێ گوشاری رۆژئاواییەكان دەگەڕێتەوە، ئەگەرنا دەمێك بوو چییان كرد لە سوننە، لەو خراپتریشیان بەسەر كورددا دەهێنا.

لەوەها رەوشێكدا كە سەرۆك كۆمار هیچ رۆڵ و پێگەیەكی نییە و بە تەواوتی تەشریفاتییە و ئەگەر شتێكیشی پێ بكرێت، بۆ كورد نایكات، وەك دوو خولی رابردوو تەنیا رۆڵی هەبووە بە زیاتر بەخشینی شەرعییەت بە دەسەڵات و پێكهاتەی دەسەڵاتێك، كە دەیەوێ زیاتر كورد سەركوت بكات و لە قاڵبی بدات، كورد بۆ پێداگری دەكات بەم شێوەیە پۆستی سەرۆك كۆماری لە دەست بێت؟

ئێستە باشترین كاتی ورووژاندنی ئەم بابەتەیە، بەتایبەت بۆ لایەنێك كە زۆرترین كورسیی كوردی لە پەرلەماندا هەیە.


ئێستە باشترین كاتی ورووژاندنی ئەم بابەتەیە، بەتایبەت بۆ لایەنێك كە زۆرترین كورسیی كوردی لە پەرلەماندا هەیە. روون و ئاشكرا رای بگەیەنین كە ئێمە بەم شێوەیەی ئێستە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقمان ناوێت. یان كەسێكی لێوەشاوە دەنێرینە بەغدا كە خەمی لە پێشینەی خەڵكی كوردستان بێت و بە ئاشكرا بڵێت ئەگەر مافە دەستوورییەكانی كورد نەدەن، سەرۆكایەتیی عێراق دەكەم بە شوێنێك بۆ نەهێشتنی رەوایەتی و شەرعییەتی دەسەڵاتی ئەم وڵاتە. وا دەكەم سەرۆك وەزیران و دامەزراوەكانی تری عێراق، بەس فریای ئەوە بكەون وەڵامی لێدوانەكانی من بدەنەوە بۆ ئاشكراكردنی ستەمی بەغدا دەرهەق بە كورد و هەرێمی كوردستان. 

لە سەرەوە پرسیارم كرد بۆ ئەم دوو سەرۆك كۆمارەی دوایی عێراق ئەم كارە سادانە ناكەن؟ لەبەرئەوەی بە ئاشكرا دیارە كورد خۆی هەڵینەبژاردوون. لە دەرەوە بە دەستەوارە "سەفقە" و رێككەوتنی ژێر بەژێری وڵاتێكی هەرێمی و ئەمەریكا دانران، بۆیە ئەو كەسانەیش كە هاتوونەتە هەڵبژاردن، لەبەرئەوەی متمانەپێكراو بوونە لەوەی كار بۆ بەرژەوەندیی كورد ناكەن و تێكدانی سەروەری عێراقیان لەلایەن بڤەیە. ئەوان لەوێ دانران تەنیا بۆ ئەوەی شەرعییەت بە بەغدا بدەن و بەغدایش بڵێ ئەوەتا كوردم كردووە بە سەرۆك كۆمار، ئیتر چییان دەوێ؟ لەو رێیەشەوە هەموو داواكارییەكی رەوای كورد پووچەڵ بكەنەوە. 

لە جیاتی ئەوەی ململانێ لەسەر ئەوە بكرێ ئەم پۆستە بۆ كام لایەنە، باشترە ئەمە بخرێتە وەرەقەی كوردییەوە بۆ دانوستان لەگەڵ ماڵی شیعی و هەروەها ئەو دوو وڵاتەی لە عێراقدا باڵادەستن، ئەمجارە كوردێكی بێ دەم و زمان نانێرینە بەغدا تەنیا پاساو بۆ سیاسەتەكانی ئێوە بێنێتەوە و ماكیاجی دەسەڵاتە دژە كوردەكەتان بكات. ئەمجارە كوردێكی دڵسۆز دەنێرین و سازشیش لەسەر هیچ شتێك ناكات.

ئەگەر ئەمەتان پێ قبووڵ دەكرێ، زۆر باشە ئەوە بەربژێرمان ئامادەیە بۆ كۆشكی بەناو سەلام كە جگە لە خوێن، هیچی تێدا نەڕژاوە، بەپێچەوانیشەوە فەرموون ئەوە ئێوە و پۆستی سەرۆك كۆماری كارتۆنیتان. 

لەوانەیە بەم دەستپێشخەرییانە كورد بتوانێ هەندێ ماف و ئیمتیازی زیاتر بۆ خۆی مسۆگەر بكات، لە دانوستانەكانی پێكهێنانی حكوومەتدا، پێگەی روو لە كزیشی كەمێك ببووژێنێتەوە، ئەگەرنا هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بەشێوەی دوو خولی رابردوو، تەنیا یەك دەرئەنجامی دەبێت: ئەویش لاوازیی زیاتری هەرێمی كوردستان.