شەڕی ئۆکراینا و چیرۆکی سعوودیە نموونەن بۆ فێربوون

PM:02:07:24/10/2023 ‌
پریشکی ئاگرەکەی حەماس و ئیسراییل زۆر ناوچە و وڵاتی گرتووەتەوە، بەڵام پێدەچێت لە ئۆکراینا زیاتر لە هەموو شوێنێکی تر هەست بە دەرئەنجامە خراپەکانی بکرێت. ئۆکراینا لە شوبانی 2021 تا ئێستە، سەرقاڵی شەڕێکی خوێناوی گەورەیە لەگەڵ رووسیا و لەو پێناوەشدا قوربانیەکی یەکجار زۆری داوە. بە ڕواڵەت ئەوان بەرگری لە خاک، ناسنامە و وڵاتەکەیان دەکەن و بەرپەرچی هێرشی رووسیا دەدەنەوە، بەڵام ئەوەی دیارە بەدەر لەم هۆکارە، ئەم شەڕە بەشێکە لە ململانێی جیهانی رۆژئاوا لەگەڵ رکابەرەکانی، بە تایبەت رووسیا. 

رۆژئاوا و لە سەروویشیانەوە ئەمەریکا، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە پێگەی خۆیان بکەن، هەوڵ دەدەن رکابەرەکانیان پێشوەختە تووشی شەڕ بکەن و بیانخەنە تەڵەی کوشندەوە. رووسەکان ساڵانێک گلەیی ئەوەیان دەکرد ناتۆ بەرە بەرە لە سنوورەکانی نزیک دەبێتەوە و ئەمەیان وەک مەترسییەکی راستەقینە دەخوێندەوە. کاتێک رۆژئاوا زیاتر لە ئۆکراینا هاتە پێشەوە، رووسەکان ئاگریان گرت و ئەمەریکایش زیاتر خۆشی کرد. وای لێهات دواجار مۆسکۆ پەلاماری کیێڤی دا. 

لە ڕاستیدا رووسەکان بۆ وەستاندنی پەلهاوێشتنی ناتۆ لەسەر سنوورەکانیان و ئەمەریکا و رۆژئاوایش بۆ بچووککردنەوەی رووسیا و لێدان لە پێگەی مۆسکۆ، چوونە شەڕەکەوە. بەڵام لێرەدا کۆمەڵە پرسیارێک دێنە پێشەوە: ئاخۆ ئۆکراینییەکان لە کوێی ئەم هاوکێشەیەدا بوون؟ چیان لەم شەڕە دەست دەکەوت؟ لەپێناو چیدا بوون بە کەواسووری بەرلەشکری ئەمەریکا؟ هەروەها نەدەکرا بێ ئەم شەڕە و بێ تێچووی ئاوا قورس، بەشێک لە ماف و بەرژەوەندییەکان مسۆگەر بکەن؟

سەرەتا و پێش هەموو شتێک، سەرکردە ئۆکراینییەکان بە تایبەت ڤلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئەو وڵاتە، ئەوەیان لەبیر کرد كە وڵاتەکەیان لە کوێ هەڵکەوتووە و جیۆپۆڵەتیکەکەی چی بەسەردا سەپاندوون. 

رووسیا بۆ وڵاتانی دەورووبەری خۆی بە تایبەت ئەو کۆمارانەی سۆڤێتی جاران لێی جیابوونەوە، چەمکی "دەرەوەی نزیک" دەباتە کار. واتە گەرچی بەشێک لە خاکی فەرمی رووسیا نین، بەڵام بەشێکن لە ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتە و کرملین بە وردی وەک ناوخۆی رووسیا دواین پەرەسەندنەکانی ئەو ناوچانەیش چاودێری دەکات و ئاڵوگۆڕێک قبووڵ ناکات كە دژ بە بەرژوەندییەکانی بێت و بە توندی لە بەرانبەریدا دەوستێتەوە. 

ئەمە هەر تایبەت بە مۆسکۆ نییە، ئەمەریکاییەکان وا بۆ دوو سەدە دەچێت هەر پڕکێشییەکی وڵاتانی کیشوەری ئەمەریکا و دەستێوەردانی دەرەکی لەو ناوچەیەدا قبووڵ ناکات، یان لە رەگەوە ئەو سیاسەتە هەڵدەکەنێت کە دەیان و سەتان کوودەتای ئەمەریکا لەو وڵاتانە بەڵگە و شایەتی ئەم راستییەن، یاخۆ ئەوەندە گۆشەگیری دەکات لە کاریگەری دەخات، وەک نموونەی کوبا. ئەمەریکا هەروەها رێگە بە هیچ زلهێزێک نادات لەو حەوشەی پشتەوەیدا جێگیر ببێت و سەنگەر لە ئەمەریکا بگرێت. 

ئۆکراینییەکان زۆر بە کەمی ئەوەیان لەبەرچاو گرت، زۆر رۆمانسیانە سیاسەتی بێبەزەیی نێودەڵەوتییان خوێندەوە. هەر کە ئەمەریکا ئاوڕێکی لێ دانەوە، ئەم هاوکێشەیان لەبیر کرد. لە کاتێکدا باشتر بوو پێش شەڕەکە لەگەڵ ئەمەریکا هەموو شتێکیان یەکلایی بکردباوە. 
باشە ئێمە بە نوێنەرایەتی جیهانی رۆژئاوا دەچینە شەڕی رووسیاوە لە شوێنێک کە رووسەکان هیچ دەستێوەردانێکی دەرەکی قبووڵ ناکەن، ئایا ئێوە ئامادەن وەک بەشێک لە جیهانی رۆژئاوا بمانخەنە ناو ریزی وڵاتانی ناتۆ؟ یان خێرا کارەکانی پێوەستبوونی ئێمە بە یەکێتی ئەورووپا ئەنجام بدەن؟ بەدەر لەمانە، ئاخۆ ئامادەن گەرەنتییەکی کۆنکرێتی تەناهیی بە ئێمە بدەن لە چوارچێوەی رێکەوتندا؟ لەمەش زیاتر پەیمانێکی ئاشکرای روون كە ئاماژە بەوە بکەن بۆ پاڵپشتی لە ئۆکراینا چی دەکەن؟

ئۆکراینییەکان یان ئەمەیان بەلاوە گرنگ نەبوو یان ئەوەندە پێداگریان نەکرد كە ئەمەریکا ناچار بکەن دەستبەرداری ئەم سیاسەتە لێڵ و ناڕوونەی ئێستەی ببێت. 

سەرەتا پێشوازییەکی گەرم لە ئۆکراینا کرا، تا ئەوەی دەستی رووسیا بە تەواوەتی چووە شەڕ یان باشترە بڵێم زەلکاوەکەوە، بەڵام ئەمەریکا بە بەردەوام خۆی لە پەیمانێکی راستەقینەی ئەمنی لەگەڵ ئۆکراین دەدزیەوە. ئەو وڵاتەیشیان نەکرد بە ئەندامی ناتۆ و لە پشتی دەروازەکانی یەکێتی ئەورووپایشەوە، بە هەناسەساردی هێشتیانەوە.

کە شەڕی حەماس و ئیسراییل دەستی پێ کرد، خێرا سیاسەتی ئەمەریکا و رۆژئاوا بەرانبەر بە ئۆکراینا گۆڕانکاری بەسەردا هات و چووە قۆناغێکی ترەوە. دەمێک بوو لە رۆژئاوا دەنگە دەنگ و مقۆمقۆی ئەوە هەبوو ئیدی ناتوانن لەمە زیاتر پاڵپشتی ئۆکراین بکەن، بەڵام بە فەرمی ئەمەیان رەت دەکردەوە و بە بەردەوام ئەم دەستەواژەیان دووپات دەکردەوە: تا هەرکات ئەم شەڕە درێژە بکێشێت پاڵپشتی لە ئۆکراینا دەکەین. 

بەڵام کاتێ شەڕەکەی حەماس و ئیسراییل گەرم بوو، دەرکەوت ئەم سیاسەتە تا سەر نییە و ئەوەی پشتی پەردە بێ پێچوپەنا کەوتە بەردەم کامێراکان و رای گشتی جیهانی. بۆ یەکەمجار ئەمەریکاییەکان بێ سڵەمینەوە، ئەم راستیەیان درکاند، بێ ئەوەی تەنانەت گرنگی بەوە بدەن لێدوانی وا دەتوانێ دەرئەنجامی زۆر ماڵوێرانکەری بۆ کێیڤ هەبێت، كاتێك ئەدمیراڵ "جۆن کێربی" گوتەبێژی پێنتاگۆن بە فەرمی رای گەیاند: لە درێژخایەندا ناتوانن لە ڕووی سەربازی و داراییەوە پاڵپشتی لە ئۆکراینا بکەن. ئاماژەیەکی مەترسیدار، کە زۆر لایەن و وڵات بە تایبەت ئۆکراینییەکان وا خوێندیانەوە كە سەردەمی پاڵپشتی بێ مەرج کۆتایی هاتووە و دوور نییە لە هەر ئانوساتێکدا لە بەرانبەر رووسیادا بە تەنیا بمێنەوە. 

هەرچەندە بەجێهێشتنی ئۆکرینا جارێ دوورە، بەڵام بە دڵنیاییەوە شەڕی حەماس و ئیسراییل وا دەکات ئۆکراینا زیاتر پەراوێز بخرێت و جۆرە تەنیاییەک باڵی بەسەردا بکێشێت؛ لە کاتێکدا وڵاتەکەیان لە بەردەم رەحمەتی بوردمان و شەڕی رووسیادا، بەرەو کاولبوونی زیاتر دەچێت.

بۆ ئۆکراینا و وڵاتانی هاوشێوەی، وا کەوتوونەتە لای زلهێزی هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانەوە، باشترە سیاسەتێکی هاوسەنگیان لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا هەبێت، خۆیان لە ریسکی گەورە و ململانێی مەترسیدار لەگەڵ ئەو زلهێزانە بە دوور بگرن. ئەمە سیاسەتێکی خوازراو نییە، بە پێچەوانەوە یەکێک لە تەوقەکانی جیۆپۆڵەتیکە و دەبێت بەم جۆرە خاو بکرێتەوە. لە کاتێکیشدا دەیانەوێت لەم هاوسەنگییە لا بدەن و بە جۆرێک بچنە بەرەی دژیانەوە، دەبێت گەرەنتی نووسراوی بڕواپێکراویان بەدەست هێنابێت. چونكە ناکرێت بە هەندێ پاڵپشتی زارەکی و پێشوازییەکی گەرموگوڕ لە سەرکردەکانیان، ئەم راستییە مەترسیدارانە لەبیر بکەن. 

ئەم شتە تا ڕادەیەکی زۆر بۆ ئەکتەرە هەرێمەییەکانی خۆرهەڵاتی ناوڕاستیش راستە، سعوودیە ماوەی 10 ساڵ زیاتر بەو خەونەوە دەژیا، گوایە بریکاری ئەمەریکایە لە ناوچەکە و دژی تاران دەوەستێتەوە و لە بری ئەمەریکا، ئێران لە قاڵب دەدات. وایاندەزانی چی پێویستە ئەمەریکا بۆیان دەکات، بەڵام سعوودیەکان کاتێ دەچوونە هەر ململانێ و شەڕێکەوە، ئەمەریکا بەجێی دەهێشتن و لە زەلکاوەکەدا لە بیری دەکردن. 

10 ساڵی پێچوو تا سعوودیە ئەم دەستەی خوێندەوە و تێگەیشت ئەمەریکا بۆ پلانە گەورەکانی، یاریی بە سعودیە دەکات و وەک ئامرازێکی بێ بایەخ بەكاری دێنێ تا ئەوکاتەی بەرژوەندییەکانی مسۆگەر دەکات. ئەگەر ئۆکراینییەکان چیرۆکی سعوودیەیان بە هەند وەرگرتایە، قەت نەدەکەوتنە ئەم دۆخەوە ماڵیان وێران بێت و لە رۆژئاوایش هیچیان دەستنەکەوێت. 

لەم چوارچێوەیەدا کورد دەمێک ساڵە بەو خەیاڵەوە دەژی و ئەمەریکاش زیاتر پەرەی پێ دەدا: گوایە لە عێراقدا کورد بریکاری ئەمەریکایە و بە نوێنەرایەتی ئەمەریکا لە بەرانبەر بەغدا و تاراندا وەستاوەتەوە. بەڵام ئەمەریکا لە هەندێ یارمەتی تەکتیکی و لەپێناو چاوترسێنکردنی بەغدا و تاراندا نەبێت، هیچی ستراتیجی پێشکەش بە کورد نەکردووە. لە هەموو چرکەساتە گرنگ و هەستیارەکانیشدا و لە ململانێی هەولێر و بەغدا-تاراندا، بژاردەی دووەمی هەڵبژاردووە. 

چیرۆکی سعوودیە و بە تایبەت ئۆکراینا، وانەیەکن پێویستە کورد لێیان بڕوانێت، بە تێگەیشتنێکی هاوسەونگەوە تەوقی جیۆپۆڵەتیک بکات بە دەرفەت و لە خۆڕا و لەپێناو ئەمەریکادا تێچوو و گێچەڵ بۆ خۆی دروست نەکات، ئەگەر ئەمەریکاش زۆر تامەزرۆیە دۆخی عێراق راست بکاتەوە، ئەوکات با کورد داوای گەرەنتیەکی روونی ئەمنی بکات، نەک هاوشێوەی ئۆکراینا و سعوودیە، بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی رۆژئاوا، بەرژوەندییە باڵاکانی خۆیان لەبیر بکات، وەک ئەوەی ئەم ساڵانێكە لە پێناو ئەمەریکادا کردوویەتی.