چۆن چارەسەری پەكەكە دەكرێ؟

AM:11:19:09/03/2017 ‌

هێشتا ماندوێتی هێزی پێشمەرگە نەڕەویوەتەوە و كوردستانیش نەكەوتووەتە پشوویەكەوە تا ئارامییەكی دوای سێ ساڵ شەڕی رووبەڕوو لەگەڵ تیرۆرستانی داعش بچێژێ، مەترسییەكی تری ناوخۆیی لە بەردەرگەمان وەستاوە كە هیچ نیشتمانپەروەرێك ناخوازێ بگات بە ئاستی پێكدادان، بەڵام چۆن ئەم مەترسییە دوور بخەینەوە كە راستەوخۆ وەك ململانێی نێوان پارتی وەك هێزێكی نەتەوەیی و پەكەكە وەك هێزێكی تۆقێنەری دوور لە ئامانجی نەتەوەیی دەردەكەوێ.
ئەوەی لە رۆژانی رابردوو لە "خانەسۆر" رووی دا، شۆك بوو بۆ زۆرینەی كوردستانییان بەو پێیەی وەك روووداوێكی لەناكاو دەركەوت. بەڵام بێگومان ئەو پێكدادانە بەرهەمی زنجیرەیەك گفتوگۆ و دانیشتنی نهێنی بووە كە تیایدا داوا لە پەكەكە كراوە ناوچەكە چۆڵ بكات، بەڵام ئەوەی نەكردووە، هەڵبەت هەندێك جار بێزاری لە بێ ئەنجامی كۆبوونەوەكان لە لێدوانی ژمارەیەك بەرپرسدا دەركەوتووە كە بۆنی گرژیی لێ دەهات، بەڵام تێكڕای ئەم پرۆسەیەش بە نهێنی بەڕێوە چووە و خەڵكی كوردستان لە هەنگاوەكانی دانوستاندن و كۆبوونەوە نهێنییەكان ئاگادار نەكراونەتەوە، ئەمەش پێوەندی بە ئەخلاقی سیاسیی پارتییەوە هەیە هەرگیز نەیویستووە بۆشایی بەرامبەرەكەی لە میدیادا بخاتە ڕوو، رێك پێچەوانەكەیشی راستە كە ململانێكارانی پارتی، بچووكترین خاڵیان دژی ئەو حزبە هەبووبێ بڵاویان كردووەتەوە و هەوڵیان داوە رای گشتیی بۆ بجووڵێنن.
 بۆ ئەوەی هەموو هەوڵێك بدرێت بە ئاراستەی چارەسەری كێشەكانی پەكەكە لەگەڵ كوردستان بە ئاشتی، وا باشترە پارتی ژمارەیەك كۆبوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ پەكەكە بكات و داوای لێ بكات لە كوردستان بكشێتەوە و ئەمە لە كاتی خۆیدا بە میدیا بگەیەنرێ تا هاووڵاتییان بزانن چی دەگوزەرێ، چونكە گرنگە لەم دۆخەدا كوردستان وریاتر بێت و خۆی نەدات بەدەم بای شەڕەوە، بەو پێیەی پەكەكە خۆی بۆ شەڕ دەگەڕێ، ئاخر ئەو هیچی نییە بیدۆڕێنێ لێرە، بەڵام یەك رۆژ سەرقاڵكردنی پێشمەرگە زۆرە، جیا لەوەی كورد نابێ شەڕی كورد بكاتەوە، وەك هەمیشە بارزانی دووپاتی دەكاتەوە. 
زۆر گرنگە كوردستان لەو هەوڵە دیپلۆماسییەدا سەربكەوێت و پەكەكە بە ئاشتی بنێرێتەوە ناوچەكانی خۆی، چونكە گێچەڵەكانی ئەو حزبە هەر ئەوە نین كە دەیەوێ دەست بەسەر خاكی باشووردا بگرێت، بەڵكو بەهۆی بوونیانەوە شەرعیەتی یاسایی بە توركیا دەدات كە بۆردمانی ئەو ناوچانە بكات و بەوەیش ژیانی ئاسایی تیادا هەڵدەگیرێ، هاوشێوەی ئەو 365 گوندەی گەریلا داگیریان كردووە و دانیشتووانە رەسەنەكەی ناتوانن بچنەوە سەر خاكەكەیان و زەوییەكانیان بەكار بێنن.
راستی رووداوەكەیش ئەگەر كورد كەمێك پیشەیی بێت لە سیاسەتی خۆیدا، دەبوو پەكەكە رێك لاسایی ئەو دیمەنە بكاتەوە كە پێشمەرگەی كوردستان لە كۆبانی نواندی و بە قوربانیدان و سەختی و شەڕەنگێزییەكانی پەكەكەیشەوە بەرامبەر یارمەتییەكانیان، هێشتا مانەوە تا داعش رێسوا و شاربەدەر كرا، دواتر وەك تیمێكی پیشەیی ناوچەكەیان چۆڵ كرد و گەڕانەوە كوردستان، دەبوو پەكەكە ئەمە بكات، بۆ ئەوەی هەم خەڵك و هەموو مێژوو سوپاسی بكەن لە بەرامبەر ئەو یارمەتییانەی لە سەرەتای هاتنی داعشدا بۆ چەند ناوچەیەك دەریبڕی. نەك ملهوڕانە شەڕ بفرۆشێت و سوپاسەكە بگۆڕێ بۆ نەفرەت.
دیوێكی تری ئەم دۆخە كە دیسان دەبێت تیایدا پارتی وشیارانە مامەڵە بكات، ئەوەیە كە ژمارەیەك رۆشنبیر و حزب هەن كە هەمیشە و لە هەموو كاتێكدا لەگەڵ ئەو حزب و لایەن و وڵاتانەن كە دژایەتی پارتی دەكەن، بۆیە لەم دۆخەدا زۆر بە سیستماتیك كەوتوونەتە گیانی پارتی بەمەبەست دەیورووژێنن، بەڵام گرنگییەكە لەوەدایە پارتی لەو دنەدانە تێبگات و نەچێتە ناو شەڕەوە، چونكە خەڵك چاوەڕوانی ئامانجی گەورەی لێ دەكات. هەموو شەڕێك جگە لە تیرۆر، بۆ ئێستەی كوردستان مەترسییەكەی لەوە گەورەترە كە بیری لێ دەكەینەوە خۆمان.

سەرباز ساڵح