"پەرژین"ێكی قایم بێت لە رووتان

AM:11:57:17/08/2017 ‌
سەرباز ساڵح

ئێستە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كاریگەرییەكی تەواویان لەسەر كۆمەڵگەی كوردستان دروست كردووە، دەتوانرێت لەو رێگەیەوە رای گشتی ئاراستە بكرێت. بەهۆی ئەوەی هیچ چاودێریی و لێپرسینەوەیەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا نییە، بە ئاسانی دەتوانرێت بۆ تیرۆری كەسایەتی و تەسفیەی سیاسی بێتە بەكارهێنان، هەروەك ئەوەی بەشێك لە هێز و كەسایەتییە سیاسییە شكستخواردووەكان، لە رێگەی كردنەوەی چەند پەیج و ئەكاونتێكی نەناسراو، بە پلان و بەرنامەڕێژییەوە كاری تێدا دەكەن.
ئێستە كە بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستاندا و لە كۆبوونەوەی نێوان بارزانی و هێزە سیاسییەكان دراوە، لایەنەكانی دژ بە ریفراندۆم لە رێگەی ختوكەدانی سۆزی خەڵك و زۆرجاریش ترساندنەوە، زۆرباش سوودیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وەرگرتووە. باس و خواسی ریفراندۆم بەهۆی  گرنگی و بایەخەكەی، بەتەواوەتی باڵی بەسەر هەموو رووداوەكانی رۆژدا كێشاوە، هاووڵاتییان بە هەست كردن بە بایەخی ریفراندۆم، بە هەر گوتار و لێدوانێكی پێوەست بەو پرسە، بەتەواوەتی كاریگەرن.
بەرەی دژە ریفراندۆم، كە ناتوانێت پاساوێكی لۆژیكی بۆ دژایەتی پرۆسەی ریفراندۆم بۆ هاووڵاتییان بخاتە روو، لەلایەك هەوڵی شكاندنی ئەو كەسایەتییە سیاسییانە دەدات كە بڕیاری ریفراندۆمیان داوە و لەلایەكی تر هەوڵی تیرۆركردنی كەسێتی ئەوانە دەدەن كە لە رێگەی میدیاكان یان تۆڕەكانی كۆمەڵایەتییەوە، پشتیوانی خۆیان بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی دووپات دەكەنەوە.
یەكێك لەو بابەتەی دەمەوێت لێرەدا باسی بكەم، ئەو گوتارەیە كە بارزانی لە هەفتەی رابردوو لەبارەی بڕیاری ریفراندۆمەوە پێشكەشی كرد، وتارەكە وەڵامی كۆمەڵێك پرسیاری گرنگی دایەوە، هەروەك گومانی زۆر كەسی ڕەواندەوە كە لەلایەن بەرەی دژە ریفراندۆمەوە، گومانیان بۆ دروست كرابوو، بەرەی دژە سەربەخۆیی، بۆ شێواندنی ئامانجی گوتارەكە، هەڵمەتێكی بەرفرەوانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بەڕێوە برد، ئەو هەڵمەتە تا ئێستە بەردەوامی هەیە، ئامانجەكە ئەوەیە سەرنجی هاووڵاتییان لەسەر ناوەڕۆكی پەیامەكە بگوازرێتەوە بۆ بۆچوونێكی ساختە و داتاشراو كە بە ئامانجی لێڵكردنی ناوەڕۆكی گوتارەكە، بەرهەم هێنراوە.
یەكێك لەو چەمك و دەستەواژانەی بارزانی لە گوتارەكەیدا بەكاری هێنا و بەرەی دژە سەربەخۆیی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا هەوڵی شێواندنیان دا، چەمكی (پەرژین) بوو. بارزانی لەو گوتارەیدا بەشێك لە پێویستییەكانی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانی، بە (پەرژین)ێك وێنا كرد، پوختەی دەربڕینەكەی ئەوە بوو كە ئێمە پەرژینێكمان نییە بمانپارێزێت. ئەو وێناكردن و گوزارشتە، لە گوتارەكەیدا بارزانیدا، بەتەواوەتی پڕ بایەخە و پێویستی بە هەڵوەستەكردنێكی رژد هەیە.
"پەرژین" لە ئەدەبیاتی زارەكی كوردیدا، لە چەندین ئیدیۆم و گوزارشتی تایبەت بەكار هاتووە، بەڵام هەموو بەكارهێنانەكانی، مەبەستێكی دیاریكراویان هەیە كە لە خوارەوە روونی دەكەینەوە. كورد لە دەربڕینی هەندێك بابەت و رووداوی نەخوازراودا، یان هەتا لە دەربڕینی هەندێك وشە و دەستەواژە كە رەنگە لەڕووی كۆمەڵایەتییەوە پەسندكراو نەبن، بۆ ئەوەی رێزێك بۆ بەرامبەرەكەی بهێڵێتەوە، دەڵێت، (پەرژین بێت لە رووتان)، ئەوە یەكێك لە بەربڵاوترین دەربڕینەكانی كوردە و هەر پێوەست بەو بابەتە، ئەگەر یەكێك لە قسەكردندا رێز بۆ ئەویتر دانەنێت یان وەك دەگوترێت "سنووری خۆی ببەزێنێت"، دەگوترێت، "بەبێ‌ پەرژین قسە دەكا". كەواتە لێرەدا پەرژین "سنوور"ـە بۆ ئەویتر.
"پەرژین" گرێدراوییەكی تەواوی بە سنوورەوە هەیە. ئێمە دەمانەوێت سنووری خۆمان دیاری بكەین و كەس سنوورمان نەبەزێنێت. بەكارهێنانی ئەو چەمكە لە گوتارەكەی بارزانیدا، جگە لە پاشخانە كولتوورییەكەی لەمەڕ كورد، قوڵاییەكی مێژوویی هەیە پێوەست بە گوتاری كورد بۆ دەوڵەت و سەربەخۆیی.
بەدرێژایی بزاڤی رزگاریخوازی كورد، گوتاری سەربەخۆیی، جیابوونەوە و دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان، گوتارێكە روو لە دەرەوەی خۆی، ئەو گوتارە پەیامێكی روون و ئاشكرای هەڵگرتووە كە كورد بەهۆی هێزە دەرەكییەكانەوە، ژیان و چارەنووس و كەرامەتی كەوتووەتە مەترسییەوە، بۆ رێگرتن لەوەی ئەو هێزە دەرەكییانە، چیتر مەترسیینەبن لەسەر گەلی كورد، ئەوە پێویستمان بە پەرژین یان شورا و دیواربەندییەكی بەرز هەیە، كە ناوی دەنێیین "سنوور و دەوڵەتی كوردستان".
كەواتە لە پشت گوتاری كوردەوە بۆ دەوڵەت، ئامانجێكی بنچینەیی هەیە كە پاراستنی كوردە لە هێزەكانی دەرەوەی خۆی، نەك لە خۆی. وەك ئەوەی دژە سەربەخۆییەكان بە هەموو توانای خۆیانەوە دەیانەوێت، ئەو دوژمنە دەرەكییە بشارنەوە و سەرنجی خەڵك بۆ سەر خۆی /ناوخۆ/ بگوازنەوە.
ئەو هەوڵەی دەیەوێ‌ خواستی كوردبۆ دەوڵەتی سەربەخۆ یان ماهیەتی دەوڵەت وەك پەرژین یان وەك شورایەك بۆ كورد، شوێنبزر بكات، هەوڵێكی بیژۆكە و بەتەواوەتی دەچێتە خزمەت ئەجێندای دوژمنەوە، ئەو دوژمنەی خاكەكەی داگیر كردووین، ئەنفال و كیمیاباران و جینۆسایدی كردین، بەڵام ئەو گوتارە، چیتر سەرنجی ئێمە لەسەر ئەو هێزەی جینۆسایدی كردووین، لادەبات، بە پێچەوانەوە وا نیشان دەدات ئەوەی ئەنفال و كیمباران و جینۆسایدی كردووین، دوژمن نییە، بەڵكو دوژمن لەناو خۆمانە. ئەو گوتارە لەلایەن دوژمنەوە، بە پارە دێتەكڕین.
بەڵێ‌، كورد پێویستی بە "پەرژین"ێك هەیە، لە دوژمنە راستەقینەكەی بیپارێزێت، ئەو پەرژینە دەوڵەتی كوردستانە و شكۆ و كەرامەت بۆ ئینسانی كورد دەگێڕێتەوە. كورد هەركاتێك توانی دەوڵەتێك بۆ خۆی بینا بكات و تێیدا پشوو بدات، دوای ئەوە دەتوانێت كار لەسەر فرەوانكردنی سنووری ئازادییەكان، مافی مرۆڤ و ... هتد لەناو ئەو پەرژینە پارێزراوەدا بكات. پەرژینێك كە هێزە دەرەكییەكان ناتوانن بە ئاسانی بیبەزێنن.