یه‌كه‌م
كوشتنی به‌كۆمه‌ڵ، كوشتنی پێكه‌وه‌ژیان
یه‌كێك له مانا هه‌ره سه‌ره‌تاییه‌كانی كوشتن و له‌ناوبردن و ناشتنی مرۆڤ به كۆمه‌ڵ و به گرووپ و دوور له پانتایی گشتی، سڕینه‌وه‌ی ناسنامه و تواندنه‌وه‌ی ناسنامه‌ی به‌رانبه‌ر و ئه‌وانیتره. هه‌موو هێزێكی تۆتالیتا‌ر و ده‌وڵه‌تێكی پۆلیسی هه‌وڵ ده‌دات دنیایه‌كی یه‌كڕه‌نگ و یه‌كشێوه و یه‌كڕوو به‌رهه‌م بێنێت، ڕاستییه‌كه‌ی هێزی تۆتالیتا‌ر و دیكتاتۆریی ئه‌ركی سه‌ره‌كی بونیادنانی سیستمێكی یه‌كڕه‌هه‌نده و هه‌وڵی سه‌ره‌كی و ژماره یه‌كی سڕینه‌وه‌ی جیاوازییه‌كان و ناچوونیه‌كییه‌كانه.
هۆلۆكۆستی جووه‌كان له‌لایه‌ن ئه‌ڵمانیاوه، له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی تۆتالیتاری ئه‌ڵمانیی و هیتله‌ره‌وه به‌و زمانه گفتوگۆ ده‌كات و ده‌دوێت. كرده‌ی هۆلۆكۆست كاتێك روو ده‌دات كه ده‌سه‌ڵات و سیستم نایه‌وێت یه‌كه لاوه‌كییه‌كانی ناوی جیاواز ده‌ربكه‌ون و له‌خۆی نه‌چێت، نه‌یده‌ویست هێزێكی ناوه‌كی ئاماده‌یی هه‌بێت و به زمان و بونیاد و ناسنامه‌یه‌كی جیاواز له ناسنامه‌ی ئه‌ڵمانبوون بجووڵێت و ببینرێت. بۆیه جووه‌كان به كۆمه‌ڵ ده‌گوازرێنه‌وه بۆ كه‌مپی گه‌وره و ئاوشیفتزمی گه‌وره و له پانتایی گشتی داده‌بڕێنرێن، له قووڵایی شار و ناوه‌ند دوور ده‌خرێنه‌وه.
ئه‌م دابڕان و به كۆمه‌ڵ گواستنه‌وه‌یه نوێنه‌رایه‌تی دۆخێك ده‌كات كه ده‌سه‌ڵات و هێزی زاڵ ده‌یه‌وێ له‌ڕێیه‌وه گرووپه جیاوازه‌كانی به‌رانبه‌ری له ماناكانی پێكه‌وه‌ژیان به‌تاڵ بكاته‌وه، بێ ناسنامه و بێ ماڵ و بێ پانتاییان بكات.
گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كانی ئه‌مڕۆی سه‌ماوه به‌هه‌مان زمان و وێنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌دوێن و گوزارشت له خۆیان ده‌كه‌ن، دیاره به‌عس وه‌ك هێزێكی زاڵ و خاوه‌ن ده‌زگه‌ی بیرۆكراسی سه‌ربازی گه‌وره و خاوه‌ن جیۆگرافیای سیاسی، هه‌وڵی ئه‌وه‌ی ده‌دا له‌ڕێی كوشتنی به كۆمه‌ڵی كورده‌وه كڵێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ته‌واو یه‌كڕه‌نگ و له‌یه‌كچوو و بێ جیاوازی دابڕێژێته‌وه.
ژیان و ماناكانی لای به‌عس وه‌ك ئایدۆلۆجیا دیوێكی یه‌كجار تاكڕه‌هه‌ندی هه‌یه و له‌ڕێی بیرۆكراسیی سه‌ربازی و كوشتنی به كۆمه‌ڵ و بیابانه‌وه هه‌میشه ئه‌و هێڵه ئایدۆلۆجییه‌ی خۆی تازه و تۆخ ده‌كرده‌وه.
دووه‌م
گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ، تیرۆركردنی یاده‌وه‌ری هاوبه‌ش
ده‌وڵه‌ت به‌رهه‌می مۆدێرنه و رێنیسانسه. یه‌كێك له وێنه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ناو ده‌وڵه‌تی مۆدێرنه پرسی به‌رهه‌مهێنان و داڕشتنی یاده‌وه‌ری هاوبه‌ش و خه‌یاڵێكی هاوبه‌شه كه هه‌موو پێكهاته و گرووپ و هێزه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌یه‌كه‌وه گرێ بدات و ببه‌ستێته‌وه.
عێراق وه‌ك ده‌وڵه‌ت هه‌ر له سه‌ره‌تای له‌دایكبوونیه‌وه كه‌متر له‌گه‌ڵ چه‌مكی "یاده‌وه‌ری هاوبه‌ش" له پێوه‌ندیدا بووه. كورد وه‌ك هێزێكی ناوه‌كی ناو جه‌سته‌ی عێراق، هیچ خه‌یاڵێكی عێراقی و عێراقیبوون به په‌یكه‌ری ده‌وڵه‌تی عێراقییه‌وه نابه‌ستێته‌وه.
دیاره ئه‌م پرۆسه‌یه پێوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه كه عێراق ناتوانێ نوێنه‌رایه‌تی پایه و ره‌گه‌كانی هاوبه‌شبوون و یاده‌وه‌ری هاوبه‌ش و پێكه‌وه‌بوون بكات و ئه‌م پرۆسه‌یه له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵات و هه‌ژموونی به‌عسدا ده‌گاته لووتكه. حزبی به‌عس و ده‌سته‌بژێری سیاسی به‌عسی به‌سوودوه‌رگرتن له مۆدێرنه و تارماییه‌كانی هه‌موو پایه‌كانی ده‌وڵه‌تێكی مۆدێرنیان تێك‌شكاند، یاده‌وه‌ری هاوبه‌شیی عێراقییه‌كانیان رووبه‌ڕووی پارچه پارچه‌بوون و كه‌رتبوون و وردبوون كرده‌وه.
له پرۆسه‌ی ئه‌نفال و راگواستن و به‌عه‌ره‌بكردن و زینده‌به‌چاڵكردنی كورده‌وه ئه‌م دۆخه ده‌گاته لووتكه. چركه‌ساته‌كانی ئه‌نفال یه‌كه‌مین چركه‌ساتی تیرۆركردنی یاده‌وه‌ری هاوبه‌شه له‌لایه‌ن به‌عسه‌وه. ڕاستییه‌كه‌ی دۆزینه‌وه‌ی گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان له هه‌ر شوێنیكی عێراقدا، دۆزینه‌وه‌ی سیمبۆله نه‌ته‌وه‌یی و كولتوورییه‌كانی ناو گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان، دۆزینه‌وه‌ی هێماكان و ناسنامه‌ی كوردبوون له‌و گۆڕانه‌دا، لووتكه‌ی تیرۆركردنی یاده‌وه‌ری هاوبه‌ش و خه‌یاڵی هاوبه‌شبوونه له‌و وڵاته‌دا.
سێیه‌م
سه‌ماوه و سۆسیۆلۆجیای سیاسی
هێزی تۆتالیتا‌ر به‌رده‌وام كار له‌سه‌ر دابڕاندنی گرووپه‌كان ده‌كات و جیۆگرافیای سیاسی تازه‌یان بۆ ده‌دۆزێته‌وه. دووانه‌ی سۆسیۆلۆجیای سیاسی و جیۆگرافیای سیاسی دووانه‌یه‌كن هێزی زاڵ به‌یه‌كه‌یه‌وه‌یان ده‌به‌ستێته‌وه.
داعش ئێزیدییه‌كان ده‌گوازێته‌وه بۆ جیۆگرافیایه‌كی سیاسیی دوور، دواتر زینده‌به‌چاڵیان ده‌كات و له شێوه‌ی گۆڕی به‌كۆمه‌ڵدا ده‌یاننێژێت و له جیۆگرافیا ره‌سه‌نه‌كه‌ی خۆی دایانده‌بڕێت.
سه‌ماوه و چه‌ند رووبه‌رێكی تر وه‌ك جیۆگرافیایه‌كی سیاسی سیمبۆلی سه‌ره‌كی و ئاماژه‌ی بنه‌ڕه‌تین بۆ داماڵینی كورد و دوورخستنه‌وه‌ی له ناوه‌نده جیۆگرافییه ره‌سه‌نه‌كه‌ی خۆی. لێره‌وه "سه‌ماوه" ده‌كرێت به ناوچه‌یه‌ك بۆ قووتدان و هه‌ڵلووشینی به‌شێك له سۆسیۆلۆجیای وڵاته‌كه‌ی، لێره‌وه له‌بری ئه‌وه‌ی جیۆگرافیا و ناوچه‌یه‌كی وڵات جیۆگرافیا و پارچه‌یه‌كی تر ته‌واو بكات، قووتی ده‌دات و له‌دیوی ناوه‌وه‌ی خۆیدا هه‌ڵیده‌گرێت.
ده‌كرێت ئه‌م وێنه سۆسیۆلۆجییه به چه‌مكی (بایۆ پۆڵه‌تیكس)ی فۆكۆوه ببه‌ستینه‌وه و شرۆڤه‌ی بكه‌ین. كاتێك میشێل فۆكۆ له‌ڕێی ئه‌م چه‌مكه‌وه باسی رێ و شێوازه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی ژیان ده‌كات له‌ڕێی سیاسه‌ت و كرده‌وه‌ی سیاسییه‌وه.
چۆن له‌ڕێی سیاسه‌تكردنه‌وه ژیان و فۆڕمه‌كانی و جووڵه‌كانی تازه بكه‌ینه‌وه. چۆن چوارچێوه‌ی ژیان دیاری بكه‌ین له‌ڕێی سیاسه‌ته‌وه.
ئه‌وه‌ی له سه‌ماوه و گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كاندا ده‌بینرێت، پێچه‌وانه‌ی چه‌مكی (بایۆ پۆڵه‌تیكسه). به‌عس مه‌رگێكی گه‌وره‌ی له‌ڕێی فۆرمی سیاسه‌تكردن و بیركردنه‌وه سیاسییه‌كه‌ی پێشانی دنیا دا. بۆیه ده‌كرێ بڵێین مۆدێلی سیاسه‌ت لای به‌عس و ده‌سه‌ڵاتی به‌عس له عێراقدا جگه له مه‌رگێكی به‌كۆمه‌ڵ و ده‌سته‌جه‌معی، كوشتارگه و چوارچێوه‌یه‌كی یه‌كجار فراوانی بۆ ئه‌ندامه‌كانی ساز كرد و له‌بری ژیانكردن، زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگه و ئه‌كته‌ره‌كانی رووبه‌ڕووی سه‌دان شێوازی مه‌رگ و مردن كرده‌وه.
سه‌ماوه له ڕووی كۆمه‌ڵناسی سیاسییه‌وه یه‌كه‌یه‌كی ئاڵۆز و فره‌مانایه و دیارده‌یه‌كه زیاتر له راڤه‌كردن و لێكدانه‌وه و پێداچوونه‌یه‌وه‌یه‌ك هه‌ڵده‌گرێت، كوشتنی به كۆمه‌ڵ وه‌ك دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵناسی له هه‌ناوی ده‌وڵه‌تی مۆدێرندایه و زۆرجار ده‌وڵه‌ت جیۆگرافیای تایبه‌ت بۆ ئه‌مجۆره كوشتنه دابین و ساز ده‌كات.