په‌یڕه‌و ئه‌نوه‌ر
فێمێنیزم له‌ڕووی په‌یكه‌ر و ناوه‌ڕۆكه‌وه سێ پایه‌ی سه‌ره‌كی له‌خۆ ده‌گرێت (ئایدۆلۆجیا، ده‌سه‌ڵات و جێنده‌ر) جێنده‌ر به‌شێكی گرنگ له فێمێنیزم وه‌ك جه‌سته و هۆشیاری و بزووتنه‌وه و پێكدێنێت. له‌ڕووی مێژووییه‌وه فێمێنیزم ده‌مانباته‌وه بۆ كه‌سایه‌تیی سۆسیالیستی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م (چارلز فوریه) كه بۆ یه‌كه‌مین جار وشه‌ی فێمێنیزمی به‌كار هێنا بۆ به‌رگری له مافه‌كانی ژنان و دواتر له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست و له ساته‌وه‌ختی شه‌پۆلی یه‌كه‌می فێمێنیزمدا، كۆمه‌ڵیك كاره‌كته‌ر له‌ڕێی هه‌وڵ و تێكۆشانیان بۆ به‌ده‌ستهێنانی ماف و ئازادییه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی وه‌ك مافی ده‌نگدان و به‌شداری سیاسی و كاركردن و.. هتد، خۆیان وه‌ك فێمێنیست ناساند.
دواتر له ساڵانی ١٩٧٠ به‌دواوه، شه‌پۆلی دووه‌می فێمێنیزم له دایك ده‌بێت و ماف و ئازادییه‌كانی ژن تێكه‌ڵ به ئه‌ده‌بیات، سیاسه‌ت، ئابووری، كۆمه‌ڵناسی، مێژوو و مافه‌كانی مرۆڤ ده‌بێت.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی فێمێنیزم بریتییه له بزووتنه‌وه‌یه‌كی رێكخراو بۆ به‌ده‌ستهێنانی ماف و ئازادییه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ژنان و رزگاربوون له ژێرده‌سته‌یی و چه‌وساندنه‌وه به‌هۆی ره‌گه‌زی ژن‌بوون و مێینه‌بوونیانه‌وه. ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌ر رێبازێكی فكری و ئایدۆلۆجی له ڕوانگه و سیستمی فكری و هزری خۆیه‌وه فێمێنیزم راڤه ده‌كات و دایده‌ڕێژێته‌وه، هه‌ر له لیبڕاڵیزمهكانهوه تا ده‌گاته سۆسیالیست و كۆمۆنیست و فێمێنیسته رادیكاڵه‌كان.
دیاره لیبڕاڵه‌كان كلیك له‌سه‌ر یه‌كسانی و به‌شداری سیاسی ده‌كه‌ن. ماركسیسته‌كان نه‌هامه‌تییه‌كانی ژن و په‌راوێزخستنیان ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی سیستمی سه‌رمایه‌داری و خاوه‌ندارێتی تایبه‌ت. به‌ڵام فێمێنیسته رادیكاڵه‌كان ره‌خنه له كۆی كایه‌كان ده‌گرن و هه‌مووی ده‌خه‌نه ژێر پرسیاره‌وه.
ده‌كرێ فێمێنیزم وه‌ك بزووتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی وێنا بكه‌ین كه له رێی ماندووبوون و شه‌ونخوونی و هه‌وراز و نشێوی زۆردا بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی ئافره‌ت له دایك بووه، دواتر چوارچێوه‌ی فكری و تیۆری بۆ به‌رهه‌م هێنراوه و بیرمه‌ندان و فه‌یله‌سووف و چالاكه‌كان بۆچوونی تایبه‌تی خۆیانیان له‌سه‌ر نووسیوه.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، فێمێنیزم ده‌سته‌واژه‌یه‌كی رۆژئاواییه و به‌رهه‌می هزر و بیر و ئه‌ندێشه‌ی ژنانی رۆژئاوا خۆیانه. سه‌رچاوه و بنه‌ڕه‌تی وشه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ (فێمینیا) كه وشه‌یه‌كی لاتینییه و به مانای ژن دێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا مشت‌ومڕ و ناكۆكی و نایهكگرتووییهكی زۆر هه‌یه له نێوان فێمێنیستهكاندا، چونكه هه‌موو فێمێنیسته‌كان هاوڕا و كۆدهنگن له به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌ی ژنان كراون به ژێرده‌سته و په‌راوێز خراون و ده‌بێت ئازاد بكرێن، هه‌موویان یه‌ك هه‌ڵوێستیان له‌سه‌ر ژن‌بوون و كێشه و گرفته‌كانیان هه‌یه، به‌ڵام له‌باره‌ی سه‌رچاوه‌ی سته‌م و چه‌وساندنه‌وه و ئازار و رێی ئازادی و رزگابوونیان، جیاوازی و ناكۆكی زۆر هه‌یه.
فێمێنیزم و شه‌پۆله‌كانی
دیاره فێمێنیزم وه‌ك بزووتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی خاوه‌ن په‌یكه‌ر و به‌ها و مێژوو به چه‌ندان شه‌پۆل و قۆناغ و ده‌رگه‌دا تێپه‌ڕیوه و هه‌ر قۆناغ و شه‌پۆلێكیش نوێنه‌رایه‌تی دۆخێكی تایبه‌تی سیاسی، ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی و فكری ده‌كه‌ن و گوزارشت له گۆڕانكارییه‌كانی سه‌رده‌مه‌كه ده‌كه‌ن، به زمانی سه‌رده‌م و ئه‌و چركه‌ساته‌یش قسه ده‌كه‌ن.
فێمێنیزم سێ شه‌پۆلی بنه‌ڕه‌تی له‌خۆ ده‌گرێت:
شه‌پۆلی یه‌كه‌م:
نووسه‌ری به‌ریتانی (مێری ئاستیل ١٦٦٦-١٧٣١) به یه‌كێك له نووسه‌ر و چالاكی سه‌ره‌تاكانی شه‌پۆلی یه‌كه‌م داده‌نرێت. ئه‌و نووسه‌ره چالاكییه‌كانی له‌و كاته‌وه ده‌ست پێ ده‌كات كه ئامۆژگاری و رێنوێنی ژنانی ده‌كرد خۆیان بنیات بنێن و گرنگی به لایه‌نی مه‌عریفی و هزری خۆیان بده‌ن. ئه‌م شه‌پۆله زیاتر گوزارشت له ریفۆرمی دۆخی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی ژنان ده‌كات، به‌تایبه‌ت مافی خوێندن و په‌روه‌رده و ده‌نگدان.
به‌شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی قۆناغی یه‌كه‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كۆتاكانی سه‌ده‌ی هه‌ژده و سه‌رهه‌ڵدانی لیبراڵ، سۆسیال و ماركسیست فێمێنیسته‌كان. ئه‌م قۆناغه تا سه‌ره‌تای نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی نۆزده ده‌خایه‌نێت. داواكاری فێمێنیسته‌كان له‌م قۆناغه‌دا خۆی له به‌شداریی سیاسیی ژنان، بوونی رێكخراوی سه‌ربه‌خۆی تایبه‌ت به ژنان، به‌شداری له بیرۆكراتیی و مافی خوێندن و میرات و داهاتی سه‌ربه‌خۆ ده‌بینییه‌وه.
دواتر له دوای شۆڕشی فڕه‌نساوه و له دوای په‌سه‌ندكردنی گه‌ڵاڵه‌ی مافی مرۆڤ له په‌رله‌مانی فڕه‌نسا، مافی ژنان به فه‌رمی ناسێنرا و چوارچێوه‌یه‌كی فه‌رمی وه‌رگرت. ئه‌م هه‌نگاوه وه‌رچه‌رخانێك بوو له مێژووی خه‌بات و به‌رخۆدان و ئه‌ده‌بیاتی ژن‌دا، چونكه پرسی ژن زیاتر به ده‌زگه‌یی و یاسایی كرا و له‌ڕێی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانه‌وه پایه‌كانی داڕێژرا.
دواتر هه‌ر له‌م شه‌پۆل و قۆناغه‌وه سه‌ره‌تای ئاراسته فكریی و ئایدۆلۆجییه‌كانی وه‌ك لیبراڵ فێمێنیزم، ماركسیست فێمێنیزم و فێمێنیزمی كۆمۆنیستی له‌دایك بوو.
شه‌پۆلی دووه‌م:
سه‌رهه‌ڵدانی قۆناغی دووه‌م له ساڵانی ١٩٦٠ دروست ده‌بێت به‌هۆی گه‌شه‌كردنی فێمێنیسته رادیكاڵه‌كانه‌وه. ئه‌م شه‌پۆله له‌لایه‌ن (مارشا لییه‌ر) سه‌ره‌تاكانی بنیات ده‌نرێت و له دایك ده‌بێت.
ئه‌م شه‌پۆله زیاتر وه‌ك په‌رچه‌كردار و كۆتاهاتن بوو به شه‌پۆلی یه‌كه‌م و تازه‌بوونه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی فێمێنیزم خۆی. داواكاری و خواست و خه‌ونی سه‌ره‌كی ئه‌م شه‌پۆله مووچه‌ی یه‌كسان بۆ ژنان، كاری هاوشێوه‌ی پیاو، مافی له‌باربردنی منداڵ و هه‌وڵدان بۆ نه‌هێشتنی توندوتیژی ره‌گه‌زی و كاركردن له بازاڕی كار و پرسی یه‌كسانی نێوان ژن و پیاو و پێدانی پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی به ژنان، له‌خۆ ده‌گرت.
(سیمۆن دی بۆڤوار) به رێبه‌ری ئه‌م شه‌پۆله داده‌نرێت به‌تایبه‌ت كاتێك له كتێبی (ره‌گه‌زی دووه‌م)دا ده‌ڵێت، "هیچ كه‌س وه‌ك ژن له دایك نابێت، به‌ڵكو ده‌بێته ژن". سیمای سه‌ره‌كی ئه‌م شه‌پۆله بانگه‌شه بوو بۆ دووپاتكردنه‌وه له‌باره‌ی پرسی "سه‌ڵتبوون" و هاوسه‌رگیری نه‌كردن و دووركه‌وتنه‌وه له داڕشتنی دامه‌زراوه‌ی خێزان.
له‌ڕووی نێوده‌وڵه‌تی و یاسای نێوده‌وڵه‌تییه‌وه كۆمه‌ڵێك به‌ڵگه‌نامه و یاسا و رێككه‌وتننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی، پایه و داخوازییه‌كانی ئه‌م شه‌پۆله‌ی به‌هێزتر و پته‌وتر كرد، به‌تایبه‌ت جاڕنامه‌ی جیهانی مافه‌كانی مرۆڤ له ساڵی ١٩٤٨، رێككه‌وتننامه‌ی مافه سیاسییه‌كانی ژنان له ساڵی ١٩٥٢، رێككه‌وتننامه‌ی سڕینه‌وه‌ی هه‌موو جۆره‌كانی جیاكاری له دژی ژنان كه به "سیداو" ناسراوه له ساڵی ١٩٧٩ و چه‌ند بڕیار و رێككه‌وتننامه و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی تر.
به‌گشتی ئه‌م شه‌پۆله پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات كه كۆمه‌ڵگه پێویستی به شۆڕشێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی تازه‌یه بۆ گه‌یشتن به كۆمه‌ڵگه و دنیایه‌كی یه‌كسان. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ن كه كێشه‌ی ژن هه‌ر به ته‌نیا كێشه‌ی ژنانی ناو كۆمه‌ڵگه نییه، به‌ڵكو كێشه‌ی هه‌موو ئه‌كته‌ر و پێكهاته‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه و حكوومه‌ت و سیستمی حكومڕانییه و هه‌موو جه‌مسه‌ره‌كان به‌رپرسیارن له دابینكردنی ماف و داخوازییه‌كانی ژن و ده‌بێت به میكانیزمی جیاوازیش پرسی ژنان چاره‌سه‌ر بكرێت.
شه‌پۆلی سێیه‌م:
ئه‌م شه‌پۆله كه به پۆست-مۆدێرنه‌كان ناسراون، له دوای كۆتاهاتنی جه‌نگی سارد و دوای ساڵانی ١٩٩٢ سه‌رهه‌ڵده‌دات و گه‌شه ده‌كات. ئه‌م شه‌پۆله له پاڵ گرنگیدان به پرس و ئازار و مه‌ینه‌تییه‌كانی ژن، گرنگی به نه‌هێشتنی جیاكاری ئیتنیكی و ره‌گه‌زی و نایه‌كسانی ئابووری ده‌دات.
دیاره گه‌شه‌ی خێرای ئه‌م شه‌پۆله به‌هۆی هه‌ندێك كار و كرده‌وه‌ی شه‌پۆلی دووه‌مه‌وه له دایك ده‌بێت. ئه‌م شه‌پۆله تیشكی خسته سه‌ر ئه‌و ئارگیۆمێنته‌ی مێژووی مرۆڤایه‌تی ره‌گه‌زی ژن و پیاوی دابه‌ش كردووه و جیای كردووه‌ته‌وه بۆ دوو به‌ش. به‌شه نه‌رێنییه‌كه‌ی داوه به ژن و به‌شه ئه‌رێنی و باشه‌كه‌شی داوه به پیاو.
له‌م شه‌پۆله‌دا ژنانی ناو كه‌مینه‌كانیش ده‌نگ هه‌ڵده‌بڕن و داوای مافه سروشتی و بنه‌ڕه‌تییه‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت فێمێنیسته ره‌شپێسته‌كان كه رۆڵێكی باڵایان له‌م بواره‌دا بینی و كاریان بۆ پاراستنی ناسنامه و به‌هاكانیان ده‌كرد.
داخوازی سه‌ره‌كی ئه‌م شه‌پۆله بریتی بوو له هه‌وڵدان بۆ رزگابوون له‌و سیستم و كولتووره پیاوسالاریی و نادادپه‌روه‌ره‌ی به‌سه‌ریاندا سه‌پێنرابوو، دواجاریش بووبووه هۆی په‌راوێزخستن و تێكشكاندنی ژنان و خواسته‌كانیان.
فێمێنیسته پۆست مۆدێرنه‌كان خێزان و منداڵ و بنه‌ماڵه به پێویستییه‌كی سه‌ره‌كی ژیان و ژنان داده‌نێن، له كاتێكدا فێمێنیسته رادیكاڵه‌كان دژی ئه‌و دامه‌زراوه كۆمه‌ڵایه‌تییانه بوون به‌تایبه‌ت خێزان.