ئه‌ڤین عه‌زیز/ رهفتارناس و توێژه‌ری بواری جه‌نده‌ر
راستییه‌كه‌ی من كه پۆستهكهتم بینی یه‌كسه‌ر لای خۆم دامگرت، به‌ڵام دوای بیرم لێ كرده‌وه كه ناكرێ بێ ئه‌وه‌ی هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر بكه‌م ئاوا به ساده‌یی تێیپه‌ڕێنم به‌تایبه‌ت من كه كه‌سێكی فێمێنیستم و خۆم به به‌رپرسی پرسی ژن ده‌زانم له كۆمه‌ڵی كوردیدا. بۆ من فێمێنیستبوون تێگه‌شتنه له هه‌موو جومگه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی پیاوسالاری كه بۆ پیاوان ژنان له‌و شوێنانه داده‌نێن كه خۆیان ده‌یانه‌وێ. من هه‌میشه پێزانینم هه‌بووه بۆ هه‌وڵه‌كانی تۆ كه خه‌ڵكه‌كه‌مان له كوێدا كێشه‌ی هه‌بێ تۆ له‌وێ بووی، هه‌رگیز ناتوانم گه‌وره‌یی كاره‌كانت نه‌بینم كاتێك فرمێسكی منداڵه شه‌هیده‌كانت ده‌سڕی و گه‌وره‌ترین كهمپینت بۆ كردن، كاتێ دڵی منداڵه ئاواره‌كانی خورماتووت خۆش ده‌كرد به بووكه‌ڵه سووره‌كان، كاتێ هیوایه‌كت ده‌دا به كرێچییهكانی شار، كاتێ له خه‌می نه‌ته‌وه‌كه‌ماندا بووی هه‌موو هه‌وڵێكت ده‌دا ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رگه‌ی گفتوگۆ بكه‌یته‌وه و لایه‌نه سیاسییه‌كان لێك نزیك بكه‌یته‌وه و چه‌ندانی تریش كه دواترینیان ئه‌وه‌یه كه ئێسته له خه‌می ژناندای.
تۆ له نووسینه كورتهكهدا له‌سه‌ر ژن كه له مێژووی نه‌ته‌وه‌كه‌ماندا خاوه‌نی پێگه و ده‌سه‌ڵات بوون، بۆ له‌م سه‌رده‌مه‌دا نین؟ من به پێویستی ده‌زانم به‌رچاوڕوونییه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و باكگڕاوهنده مێژوویییه بده‌م و پاشان له‌سه‌ر ئێسته و داهاتووی كهمپینهكهت چه‌ند خاڵێكت بۆ دیاری بكه‌م.
له‌باره‌ی ئه‌و به‌شه مێژوویییه‌ی پۆسته‌كه‌ت كه ئێمه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد به به‌راورد به نه‌ته‌وه‌كانی تر یه‌كسانییه‌كی ره‌گه‌زی له نێوانماندا هه‌بوو، به‌وه‌ی كه مانا و به‌های ره‌گه‌زی له كۆنترین دابی كورداندا زۆر كه‌مڕه‌نگ بووه، ئه‌گه‌ر سه‌یری میتۆلۆجیای ئاینی ئێزیدی بكه‌ین به روونی ئه‌وه ده‌بینن ره‌گه‌زی پیاو و ژن پێوه‌ندییه‌كی دیكۆتۆمیان (دوالیزمی) نییه، مانای ژن پێچه‌وانه‌ی پیاو، پاك دژ به پیس، چاك و خراپ و هتد. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كورد خاوه‌نی كۆنترین شارستانیی ناوچه‌كه‌یه كه مێژووی هاوبه‌شه له‌گه‌ڵ سۆمه‌رییه‌كان و میزۆپۆتامیا، چه‌ندان نووسینی وێنه‌یی سۆمه‌ری هه‌یه باس له ئێزیدییه‌كان ده‌كات له‌م ناوچانه‌دا، ئێمه‌ی گه‌لی كورد به‌ر له‌وه‌ی وه‌ك نه‌ته‌وه‌ی كورد بناسرێین، وه‌ك ئێزیدی ناسراوین یان وه‌ك هه‌ندێ له رۆژهه‌ڵاتناسه‌كان به خه‌ڵكانی خۆر ناوزه‌دمان ده‌كه‌ن چونكه كورد له كۆندا وه‌ك ئێسته‌یش ئێزیدییه‌كان وان، خۆرپهرستن.
به‌ڵام هێرشی ئاینه یه‌ك له دوایه‌كه‌كان بۆ سه‌ر ئه‌م ناوچانه‌ی ئێمه، بوونه‌ته هۆی له‌بیربردنه‌وه‌ی ئه‌و داونه‌ریته بنه‌ڕه‌تییانه‌ی ئێمه. به‌پێی لێكۆڵه‌ره‌وانی ئاینی ئه‌و ئاینانه‌ی سه‌رچاوه‌یان سروشته، یهكسانیخوازترن له‌و ئاینانه‌ی كه نێردراوێكی مرۆیی هه‌یه، چونكه دواجار كۆی ستراكتۆری بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان له‌یه‌ك ده‌چێ، به‌ڵام پێوه‌ندیی مرۆڤ به‌خوای سروشته‌وه شتێكی تره كه نامه‌وێ لێره‌دا درێژه‌ی بده‌م، هاوكات ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌یشت پێ بڵێم كه ته‌نانه‌ت ئه‌و قۆناغه سه‌ره‌تایییه‌ی به دایكسالاری له مێژوودا ناوزه‌د ده‌كرێ له‌م ناوچانه‌ی ئێمه‌دا بووه، "جه‌مال نه‌به‌ز" له یه‌كێك له لێكۆڵینه‌وه‌كاندا ئاماژه به‌وه ده‌كات كه پاشماوه‌ی دایكسالاری له كۆمه‌ڵی ئێمه‌دا وه‌ك دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ماوه‌ته‌وه كه منداڵ به‌ناوی دایكه‌وه بانگ ده‌كرێ، كێ له ئێمه گوێی له ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی "حه‌مه‌ی نێرگز" نه‌بووه.
جگه له‌وه‌ش ده‌مه‌وێ رای لێكۆڵه‌ره‌وانی فێمێنیزمت پێ بڵێم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بۆ ژن به‌و پله‌یه‌ی ئێسته گه‌یشت كه تۆ باسی ده‌كه‌ی كه بۆ ده‌كوژرێ؟ سووكایه‌تی پێ ده‌كرێ؟ له ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتدا نییه؟ ئه‌گه‌ر ئێمه هۆی دروستبوونی كێشه‌كه نه‌زانین ناشتوانین چاره‌سه‌ری بنه‌ره‌تی له ئاینده‌دا بۆ بدۆزینه‌وه.
به‌پێی بۆچوونه‌كانی "ئهلیزابێپ فشیر" كه ده‌ڵێ له قۆناغی دایكسالاریدا 80% ی خواردن له‌و ده‌ورانه‌دا له‌لایه‌ن ژنانه‌وه به‌ده‌ست هاتووه و ژنان یه‌كه‌مین كه‌س بوون كه یه‌كه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییان پێكهێناوه، چونكه ژن هه‌م خواردنی بۆ خۆی په‌یدا كردووه و هه‌م بۆ منداڵه‌كانیشی، به‌ڵام پیاو هه‌ر بۆ خۆی خه‌ریكی راوكردن بووه و ته‌نیا خواردنی بۆ خۆی په‌یدا كردووه، منداڵبوون و سووڕی مانگانه‌ی ژنان زۆر جێی سه‌رسامی پیاو بووه، له‌و سه‌رده‌مانه‌دا پیاو نه‌یزانیوه ده‌وری چییه له منداڵبووندا، بۆیه نه‌سه‌ب له‌سه‌ر دایك بووه و منداڵ به‌ناوی دایكه‌وه بانگ كراوه. به‌و قۆناغه‌ی مێژوویییه‌ی مرۆڤایه‌تی ده‌ڵێن قۆناغی "دایكسالاری" و تیایدا ژن و پیاو له‌ڕووی ده‌سه‌ڵاته‌وه یه‌كسان بوون.
واته ژن له‌م سه‌رده‌مه‌دا پیاوی نه‌چه‌وساندووه‌ته‌وه وه‌ك هه‌ندێك پێیان وایه دایكسالاری سیسته‌مێك بووه تیایدا ژن سته‌می له پیاو كردووه.
هه‌ر له‌م سه‌رده‌مانه‌شدا بوو خواردنی ژن له سروشتدا بریتی بوو له كۆكردنه‌وه‌ی دانه‌وێڵه و هه‌ڵكه‌ندنی ره‌گوڕیشه‌ی گژوگیا، ژنان یه‌كه‌مین داهێنانی له سروشتدا كشتوكاڵكردن بووه، به‌و پێیه‌ی ژن به‌هۆی منداڵبوونه‌وه بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر له شوێنێكدا ماوه‌ته‌وه و پاش ماوه‌یه‌ك سه‌رنجی ئه‌وه‌ی داوه كه دانه‌وێڵه‌كان سه‌رله‌نوێ سه‌وز ده‌بنه‌وه، لێره‌وه ئه‌و ئامێره سهرهتایییانهی كشتوكاڵكردن بۆ ههڵكاندنی زه‌وی له‌لایه‌ن ژنه‌وه هاتنه داهێنان، ئێسته‌یش له هه‌ندێ شوێنی ئه‌فه‌ریقا پاشماوه‌ی ئه‌و دیارده سه‌ره‌تایییه ماوه‌ته‌وه كه كشتوكاڵكردن ئه‌ركی بنه‌ره‌تی ژنانه، به‌ڵام پێوه‌ندی پیاو به‌سروشته‌وه ته‌نیا راوكردنی گیانله‌به‌ره گه‌وره‌كان بووه، داهێنانی پیاو له سروشتدا دروستكردنی تیروكه‌وان و رم بووه. لێكۆڵه‌ره‌وانی فێمێنیست پێیان وایه پیاو یه‌كه‌مین كه‌س بوون شه‌ڕ و كوشتن‌یان داهێناوه، چونكه ئامێره‌كانی پیاوان ته‌نیا بۆ شه‌ڕ و كوشتن به‌كار هاتوون، سه‌رنج بده‌ن ئێسته‌یش پرسی شه‌ڕ له دنیادا له چوار دیواری ماڵدا بێت یا له هه‌ر شوێنێكی دنیادا، هه‌مووی له پیاو و عه‌قڵی پیاوه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات، واته ئه‌و ئامێرانه‌ی ژن وه‌ك شتێكی سه‌ره‌تایی سوودی لێ وه‌رگرتوون، ئه‌و سه‌رده‌مه و ئێسته‌یشی له‌گه‌ڵدا بێت، شتێك بووه له خزمه‌تی مرۆڤایه‌تیدا، به‌ڵام پیاو جگه له زه‌ره‌ر بۆ مرۆڤایه‌تی هیچی تر نه‌بووه.
پیاو شتێكی تریشی زیاد كرد، ئه‌وكاته‌ی ده‌ستی كرده ماڵكردنی گیانله‌به‌ران، تێگه‌شت كه هێزی له‌ش و بازووی له هی ژن به‌هێزتره، چونكه شاهیدی بینینی ئه‌وه‌بوو كه چۆن گیانله‌به‌ره گه‌وره نێره‌كان هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر گیانله‌به‌ره مێیه‌كان وه‌ك "گا و مانگا" و ناچاریان ده‌كات بۆ جووتبوون، ئاوا پیاویش بیری كرده‌وه له‌وه‌ی ئه‌وه‌ی گا ده‌توانێ بیكات ئه‌میش ده‌توانێ، ئه‌گه‌ر ژن ملیشی نه‌دا ئه‌وا ئه‌م خاوه‌نی تیر و كه‌وان و رمه.
به‌كورتی له‌م پێوه‌ندییه زۆره‌ملێیه‌ی نێوان پیاو و ژنه‌وه، پیاو به‌وه‌ش گه‌یشت كه ده‌وری چییه له منداڵبووندا، به‌م قۆناغه ده‌ڵێن "فهلۆسهنتهریسم" ئینجا پیاو چووكی خۆی كرده ئامرازێكی تری چه‌وساندنه‌وه‌ی ژن. كه ئه‌و بنه‌ڕه‌ته و خاوه‌نی زهكهره و له‌شی ژن ته‌نیا كێڵگه‌ی تۆوی گونی پیاوه. پاشماوه‌ی قۆناغی فهلۆسهنتهریسم وه‌ك دیارده‌یه‌كی زه‌ق له زۆربه‌ی وڵاتانی دنیادا ماوه‌ته‌وه بۆ نموونه جنێودان له كۆمه‌ڵی ئێمه‌دا هه‌مووی به زه‌كه‌ری پیاو ده‌ست پێ ده‌كات بۆ زێی ژن كه زۆر دیارده‌یه‌كی قێزه‌ونه, ئێسته له سه‌رده‌مێكدا ده‌ژین سه‌رده‌می كۆپیكردنه‌وه‌ی مرۆڤه، مانای ده‌وری پیاو هیچ نییه له منداڵبووندا، فێمێنیستی له سبیان هه‌یه ته‌نیا به پیتاندنی هێلكه‌ی هه‌ردووكیان له تاقیگه‌دا منداڵیی (كچ) دروست ده‌كه‌نه‌وه ته‌نیا له‌به‌ر به‌گژداچوونه‌وه‌ی بیری فهلۆسهنتهریسمی پیاو.
ئێسته‌یش پاش ماوه‌ی فالۆسهنتهریسم له زۆربه‌ی وڵاتانی دنیادا هه‌یه. كه ئه‌و خه‌ڵكانه ئاهه‌نگ و شایی ده‌گێڕن. ئه‌م جه‌ژنه له هه‌ندێ لادێ كۆنه‌كانی چیندا ده‌بینرێ هه‌یكه‌لێكی گه‌وره له زه‌كه‌ری پیاو دروست ده‌كه‌ن و به‌ده‌وریدا سه‌ما و هه‌ڵپه‌ڕین ده‌كه‌ن. ته‌نانه‌ت جه‌ژنی ناوه‌ڕاستی هاوینی سوید هه‌مان ئه‌و هێما و سیمبوله‌ی فهلۆسهنتهریسمه كه وه‌ك داونه‌ریت ماوه‌ته‌وه هه‌رچه‌نده هیچ مانا و به‌هایه‌كی ره‌گه‌زی نه‌ماوه.
پاشان كۆتای ئه‌م قۆناغه، پاتریالكال ده‌ست پێ ده‌كات. كاتێ ئه‌م قۆناغه ده‌ستی پێ كرد هه‌موو ژنه‌كانی دنیا داگیر نه‌كرابوون، به‌ڵام له كاتی نووسینه‌وه‌ی زماندا به‌تایبه‌ت پرسیاره فه‌لسه‌فییه‌كان له یۆنانی كۆندا و له وه‌ڵامی پرسیاری ئه‌وه‌ی مرۆڤ چیه و كێیه؟ كۆمه‌ڵگه چۆن ده‌بێ به‌ڕێوه ببرێت و رێك بخرێ؟. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م لێكدانه‌وانه پیاو (به‌تایبه‌ت ئه‌رستۆ و ئه‌فلاتوون ٤٠٠ پ.ز) كردی، لایان وابوو ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌ی چووكی هه‌یه عاقڵتره له‌و بوونه‌وه‌ره‌ی زێی هه‌یه، وه‌ك چۆن ئێسته‌یش زۆر پیاوی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌دان.
ئه‌رستۆ پێی وابوو كه كۆئه‌ندامی زاوزێی ژن رێك پێچه‌وانه‌ی كۆئه‌ندامی زاوزێی پیاوه، بۆیه هه‌وڵیان ده‌دا هه‌رچی ژنه بیكه‌ن به پیاو و له‌و رێیه‌وه كاری قورسی پیاو به ژنان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كۆئه‌ندامی زاوزێیان وه‌ك هی پیاوان دهرپهڕێته ده‌ره‌وه. به‌ڵام كه هه‌وڵه‌كانیان بێ سوود بوو، ژن هه‌ر نه‌بوو به پیاو. دواتر له رێی واژه‌كانی زمانه‌وه ئه‌رستۆ ژنی كرده پیاوێكی ناته‌واو یان هه‌ڵه‌ی سروشت، ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی جیاوازن له پیاو. ئه‌و دووانه‌ی كه ژن به‌هۆی خوێنی سووڕی مانگانه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی هه‌سته‌وه‌ره و ده‌بێ له بواری تایبه‌تدا بمێنێته‌وه كه ناوماڵه. پیاو به‌هۆی به‌رهه‌مهێنانی سپێرمه‌وه بوونه‌وه‌رێكی عه‌قڵانییه و ده‌بێ له بواری گشتیدا كولتوور بۆ ئێمه دروست بكات. مانای ژن /سروشت/ هه‌سته‌وه‌ر/تایبه‌ت. و پیاو/ عه‌قڵ/ گشتی/كولتوور.
ئه‌م دوالیزمه له هه‌موو ئاینه‌كاندا، زانست، فه‌لسه‌فه، ئه‌ده‌ب، هونه‌ر و هه‌موو كایه‌كاندا ره‌نگی داوه‌ته‌وه، هه‌میشه پیاو ژنی له‌و شوێنه‌دا داناوه كه خۆی ده‌یه‌وێ. پیاو به ژنی گوت من وه‌ك پیاو تۆ وه‌ك ژن ناكرێ به‌رده‌وام تایبه‌تی بكرێین له زمانی نووسیندا، له‌بری ئه‌مه وشه‌یه‌كی تر هه‌یه كه هه‌موو خواست و ویستی هه‌ردووكمان ده‌گرێته‌وه ئه‌ویش وشه‌ی "مرۆڤه"، ئه‌مه‌یان گه‌وره‌ترین فێڵی پیاو بوو له ژن، چونكه ده‌ورانی پێش نووسینه‌وه‌ی مێژوو هه‌موو ژنه‌كان داگیر نه‌كران، به‌ڵام "مرۆڤبوون" هه‌ر به داگیركردنی ژنه‌وه نه‌وه‌ستا، به‌ڵكو ژن شێوه ژیانی پێشووی خۆیشی له‌بیر برایه‌وه، چونكه بوو به‌هۆی دابه‌شبوونی كار له نێوان ژنان و پیاواندا.
زمان و زۆر له چه‌مكه‌كانی بوون به ئامرازێكی تر بۆ ده‌سه‌ڵاتی پیاوان، "دیل سپینده‌ر" له كتێبی (پیاو زمانی دروست كرد) ده‌ڵێ، زمان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی پیاواندایه و هه‌ر ئه‌و زمانه بوو پیاوان تایبه‌تیان كرد به خۆیان و له‌رێی واژهكانیهوه ژنیان داگیر كرد. زمان ته‌نیا ئامرازێكه هه‌م سه‌رده‌ستی پێ ده‌سه‌لمێنێ و هه‌م ده‌یشارێته‌وه.
ئه‌گه‌ر له روانگه‌ی ئه‌م خاڵه‌وه له كۆمه‌ڵی خۆمان بڕوانین، زوو ئه‌و راستییه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێ ئه‌گه‌ر باس له هاوسه‌نگی ده‌سه‌ڵات بكرێ له نێوان ژنان و پیاودا، ئه‌وا پیاوان خێرا پاساوی ئه‌وه دێنێنه‌وه كه ژن پێویست نییه جیا له پیاو له هیچ رێكخراو و حزبێكدا خۆی رێك بخات، چونكه به‌پێی باوه‌ڕی ئه‌وان، ژن و پیاو مرۆڤن و ده‌بێ شانبه‌شانی ئه‌وان له حزبه‌كانی خۆیاندا بن، به‌ڵام له بیرمان نه‌چێت كه ئه‌مان مه‌به‌ستیان ئه‌و چه‌مكی مرۆڤه‌یه كه ژان ژاك رۆسۆ ده‌ڵێ، "هه‌موو مرۆڤه‌كان ئازاد و یه‌كسان له دایك ده‌بن". به‌ڵام ژن ناچێته چوارچێوه‌ی ئه‌و هه‌موو مرۆڤه‌ی ئه‌و باسیان لێوه ده‌كات. سیمۆن دی بۆڤوار ده‌ڵێ، "له جیاتی مرۆڤ سوود له وشه‌ی پیاو گیراوه، بۆیه وشه‌ی مرۆڤ ئه‌و چه‌مكه‌یه كه هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی پیاوی له پشته‌وه‌یه". فێمێنیزم 300 ساڵ زیاتره شه‌ڕی راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانی پیاو ده‌كات و هه‌موو كایه مهعریفییهكانیان خستووه‌ته ژێر ره‌خنه‌ی ورد. منیش له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌و كورته‌یه‌ی له سه‌ره‌وه باسم كرد، ده‌مه‌وێ كه‌مپینه‌كه‌ی تۆ ره‌فتار و بیركردنه‌وه‌ی پیاوانی كوردم بۆ بخاته ژێر پرسیار و ره‌خنه‌وه.
1- كهمپینێكم ده‌وێ پیاوان فێری ئه‌وه بكات كه ژنانیش وه‌ك ئه‌وان خاوه‌نی له‌شی خۆیانن، هیچ ده‌سه‌ڵات و ئاین و یاسا و رێسایه‌ك بۆی نییه ئه‌و مافه له ژنان زه‌وت بكات. پێیان بڵێت ناكرێ پێوانه‌ی ژن له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا به پێی گونی ئێوه بێت، ناكرێ ژنان به‌سه‌ر گرووپی جیاوازدا دابه‌ش بكه‌ن به‌و پێیه‌ی چه‌ندێ له‌گه‌ڵتاندا ده‌خه‌ون یان نا. فێریان بكه گرووپی ژنان، كچان، قهیرهكچان و بێوه‌ژن دابه‌شكردنێكی ناشیرین و نامرۆیییه كه ژن ده‌بێ له‌ژێر سایه‌ی گونی ئێوه‌دا بوون و نه‌بوونی هه‌بێ، پێیان بڵێ، ئه‌وه‌ی ئێوه ناوتان ناوه په‌رده‌ی كچێنی ته‌نیا ئه‌فسانه‌ی خه‌یاڵی ئێوه‌یه و 75%ی ژن ئه‌و په‌رده‌یه‌ی نییه. هه‌بوونی په‌رده‌ی كچێنی ته‌نیا له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی فهلۆسهنتهریستی كوردیدا بوونی هه‌یه، هه‌ر دكتۆرێكیش خۆی قووت كرده‌وه و گوتی ئه‌و زانستی له پشته، زۆر به‌ساده‌یی پێی بڵێ ئه‌و زانسته‌ی جه‌نابت باسی ده‌كه‌ی سه‌رچاوه‌كه‌ی گونی جه‌نابته. ئه‌گه‌ر نا بۆ زاستی ئه‌م وڵاتانه /رۆژئاوا/ له‌سه‌ر هه‌بوونی په‌رده‌ی كچێنی كۆك نییه؟.
2- ده‌مه‌وێ پیاوی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی فێری ئه‌وه بكه‌ی له كاتی شه‌ڕكردنیان له‌گه‌ڵ یه‌كتر په‌لاماری ناوگه‌ڵی خوشك و هاوژین و دایكی یه‌ك نه‌ده‌ن. پێیان بڵێ ئه‌وه ره‌فتاری مرۆڤی خاوه‌ن هزر نییه، به‌ڵكو ره‌فتاری ئه‌و مرۆڤانه‌یه كه له بری به‌كارهێنانی عه‌قڵ و ئاوه‌ز به ناوگه‌ڵ بیر ده‌كه‌نه‌وه.
3- كهمپینێكم ده‌وێ پیاو فێری ئه‌وه بكه‌ی كه ژنه قهحپهكان ئه‌وانه نین كه له‌ش به ئێوه ده‌فرۆشن، به‌ڵكو ئه‌وانه‌ن كه له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی ئێوه یاخی ده‌بن، پێیان بڵێ، دابه‌شكردنی ژن له كۆمه‌ڵگه‌دا وه‌ك گه‌وره فێمێنیستی ئه‌مه‌ریكایی كه‌تێ میلێت (1970) ئاماژه‌ی پێ ده‌كات بۆ گرووپی ژنه به‌ڕێزه‌كان، ژنه به‌ڕه‌ڵاكان و ژنه قهحپهكان، ته‌نیا بۆ پهرهوازهكردنی ژنان و دانیانه به‌یه‌كدا، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی زیاتریان به‌سه‌ردا بسه‌پێنن. به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یان بده‌رێ كاتێك ژنێ له‌ناو ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئه‌واندا ره‌خنه له لایه‌نێكی دیاریكراو ده‌گرێ، بۆ به‌یانییه‌كه‌ی هه‌موو كه‌ناڵه‌كانی ئه‌و لایه‌نه به قه‌حپه ناوزه‌دی ده‌كات، ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی ره‌خنه‌ی له كۆمه‌ڵێ پیاو گرتووه.
بڵێ، ژنه به‌ڕێزه‌كان ته‌نیا كۆیله‌كان نین كه خزمه‌تی پیاو ده‌كه‌ن و منداڵ دروست ده‌كه‌ن، پێیان بڵێ ژنه به‌ڕه‌ڵاكان ئه‌وانه نین كه له‌ڕووی دارایییه‌وه له‌سه‌ر پێی خۆیان وه‌ستان، فێریان بكه ژنیش وه‌ك ئه‌وان مرۆڤێكی سه‌ربه‌خۆیه و وه‌ك ئه‌وانیش خاوه‌نی هه‌ستی مرۆیییه و ناكرێ له چوارچێوه‌ی ناوگه‌ڵی ئێوه‌دا به‌ند بكرێ.
4- كهمپینێكم ده‌وێ پیاوه‌كان فێری ئه‌وه بكه‌یت ژن له سێكسدا بوونه‌وه‌رێكی دۆڕاو نییه، ژن له كۆمه‌ڵی كوردیدا بۆیه قسه‌ی له‌سه‌ر ته‌كنیكی سێكسی پیاو نییه، چونكه وا تێیانگه‌یاندوون كه ئه‌وه‌ی خوازیاری سێكسه و سێكس ده‌كات ئێوه‌ن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بچین فایله‌كانی جیابوونه‌وه له دادگا هه‌ڵبده‌ینه‌وه و له هۆكاره‌كانی جیابوونه‌وه بكۆڵینه‌وه، زوو له‌وه تێده‌گه‌ین كه ئێوه‌ی پیاو زۆربه‌تان له كه‌ڵه‌شێرێك زیاتر نه‌بوون له پێوه‌ندیی هاوسه‌ریتاندا، پێیان بڵێ كه زۆربه‌تان هۆمۆسێكسوێڵن و ژنێكی هێترۆسێكسوێڵی نه‌گبه‌تان دیلی حه‌ز و هه‌وه‌سه‌كانی خۆتان كردووه. پێیان بڵێ، ئه‌وه‌ی له فیلمه رووتهكاندا ده‌بینرێ پهرنۆگرافییه و هیچ راستیی بۆ مرۆڤی ته‌ندروست و ئاسایی نییه. فێریان بكه كه ئۆرگازمی ژن به پێی روانگه‌ی زۆر له سێكسۆلۆگهكان له هی پیاو به‌هێزتره به‌وه‌ی كه له كۆئه‌ندامی زاوزێی ژناندا 600 هه‌زار ده‌ماری هه‌سته‌وه‌ر هه‌یه، به‌ڵام هی پیاو زۆر له‌وه كه‌متره.
فێریان بكه ژن به هه‌ست و خۆشه‌ویستی و وشه ده‌جووڵی نه‌ك به‌وه‌ی چووكی تۆ ئه‌ندازه‌ی چه‌نده. فێریان بكه پیاوی ته‌ندروست ئه‌گه‌ر حه‌ز و خۆشه‌ویستی هه‌بێ ته‌نیا بۆ كه‌سێك هه‌یه‌تی كه ئه‌وه ته‌واو بوو، به‌پێی كات ده‌توانێ ژنێكی تری خۆش بوێ، فێریان بكه كه پیاوه له‌شكڕه‌كان ته‌نیا نێرهكهرن له به‌رگی مرۆڤدا و به‌هه‌ڵه كه‌وتوونه‌ته كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆیییه‌وه.
5- كهمپینێكم ده‌وێ كه له پیاو بگه‌یه‌نێ كه سیاسه‌ت چاككردنی كۆمه‌ڵگه نییه پێش ماڵه‌كه‌ی خۆت، فێریان بكه كه ده‌ستپێكی سیاسه‌ت و كه‌سانی سیاسی له‌ناو چوار دیواری ماڵه‌كانه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات وه‌ك چۆن فێمێنیسته‌كان ده‌ڵێن. با پیاو بزانن ناكرێ ئێوه له‌ناو ماڵه‌كانی خۆتاندا نایه‌كسان و كۆیله‌دار بن به‌ڵام دیموكراسیی بۆ خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌كانتان دابین بكه‌ن. پێیان بڵێ، ناكرێ خوشك و هاوژین و دایكی ئێوه له ژنه به‌ڕێزه‌كان بن كه ته‌نیا ئه‌ركی منداڵ به‌خێوكردن و ماڵ به‌ڕێوه‌بردنی له ئه‌ستۆ بێت، به‌ڵام ئێوه ئازادیتان بۆ ژنانی ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌كانی خۆتان بوێ. فێریان بكه، سیاسه‌ت له ژووری نوستنه‌وه له‌سه‌ر سیسهمهكانهوه ده‌ست پێ ده‌كات، چونكه له‌وێ ده‌سه‌ڵات هه‌یه.
فێریان بكه ئه‌وه سیاسه‌تی ژنان بوو كۆبانێیان پاراست و ئێوه‌ی پیاوانیش بوون شنگالتان راده‌ست كرد، ئه‌وه پیاوان بوون كه‌ركووك و ناوچه دابڕێنراوهكانیان فرۆشت، به‌ڵام ژن شه‌ڕی مه‌رگ و ژیان ده‌كات له عه‌فرین. پێیان بڵێ، ئه‌وه‌ی كێشه‌ی كوردی له كێشه‌یه‌كی لۆكاڵییه‌وه كرد به پرسێكی جیهانی نێوده‌وڵه‌تی ژنانی كورد بوون نه‌ك ئێوه. فێریان بكه سیاسه‌ت ئه‌وه‌یه كه ژنانی گه‌ریلا ده‌یكه‌ن، به‌رپرسیارێتی خه‌ڵك و نیشتمان ئه‌وه‌یه كه ژنانی گه‌ریلا هه‌ڵی ده‌گرن. نه‌ك سیاسه‌ته‌كه‌ی ئێوه كه بنه‌ماكه‌ی له‌سه‌ر تیۆری سیاسه‌تی كلاسیكه و له‌وێدا ئه‌وه دیاری كراوه كه ئه‌وه‌ی سپێرمی هه‌بێت عاقڵتره له‌وه‌ی خوێنی سووڕی مانگانه‌ی هه‌بێ، فێریان بكه وه‌ك فێمێنیسته‌كان ده‌ڵێن، خه‌ڵك بهناوگهڵ بیر ناكاته‌وه، جێی بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤ شوێنێكی تره له له‌شی مرۆڤدا، به‌ڵگه‌شمان بۆ ئه‌مه ئه‌و واقیعه‌یه كه سه‌دان ساڵه په‌رده‌پۆشی ده‌كه‌ن.
6- پێیان بڵێ كه له خواوه تا شه‌یتان له‌وپه‌ڕی چه‌په‌وه تا ئه‌وپه‌ڕی راست، ئایدۆلۆجیا و فه‌لسه‌فه و ئاینتان به‌كار هێنا ته‌نیا بۆ كۆنترۆڵی له‌ش و سێكسی ژن. پێیان بڵێ كه ئه‌وه ئێوه بوون خواتان به‌كار ده‌هێنا بۆ ئه‌وه‌ی به مه‌رامی ناوگهڵتان بگه‌ن، له په‌نا ده‌رگه‌ی خوادا فۆرمێكی تری له‌شفرۆشیتان داهێنا به‌ناوی "هاوسه‌رگیری كاتی سیغه و موتعه و مسیار". بڵێ ئه‌وه ئێوه بوون كه ئایدۆلۆجیای چه‌پتان به‌كار ده‌هێنا بۆ ئه‌وه‌ی ره‌وایه‌تی به له‌شفرۆشتن بده‌ن به‌وه‌ی چۆن مرۆڤ هێزی ده‌ستی ده‌فرۆشێ، ئاواش ده‌توانی كۆئه‌ندامی زاوزێی بفرۆشێ. بڵێ، دانانی یاسایه‌ك بۆ حیجابی ژنان ته‌نیا بۆ داپۆشینی هه‌ڵه‌كانی خۆتانه، ئاخر ناكرێ تۆی پیاو به‌هه‌ر ژنێكی بێ حیجابی نه‌ناسراو بورووژێی له‌ڕووی سێكسییه‌وه. پێیان بڵێ یاسای ورووژاندنی هه‌ر نێرێك به مێ، ته‌نیا له نێوان ئاژه‌ڵاندا بوونی هه‌یه، ئه‌وانیش له دارستان ده‌ژین نه‌ك له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مرۆیی‌دا.
ئه‌مانه و چه‌ندانی تریش كه بۆ ده‌رفه‌تێكی تر هه‌ڵی ده‌گرم، كاتێك پیاو له‌مه تێگه‌شت ئیتر ده‌توانین بڵێین ئه‌مه سه‌ره‌تایه‌كه بۆ له‌دایكبوونی ژن له كۆمه‌ڵی كوردیدا وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی سه‌ربه‌خۆ. ژنیش كه سه‌ربه‌خۆ بوو و به‌ده‌ر بوو له یاسا و رێسا فهلۆسهنتهریستهكانی پیاوان، ئه‌وكات ده‌توانێ حزبێكی خۆبه‌خۆی خۆی هه‌بێت وه‌ك چۆن له‌م وڵاته‌ی منی لێ ده‌ژیم هه‌یه /سوید/. به‌شداریی ژنان له‌ناو ده‌سه‌ڵاتی سیاسی پیاوانی ئه‌مڕۆدا ئه‌وه‌یه كه ژنان وه‌ك پیاوان پیاوانی بوون به‌ڕێوه ده‌به‌ن.
ئایا تۆ ده‌توانی ئه‌مانه بۆ ئێمه‌ی ژنان بكه‌ی؟