مێژووێك بە گوێرەی دڵخوازی خۆمان

AM:09:45:16/02/2017 ‌

هەرێمی كوردستانی عێراق دوو رووی تەواو جیاواز و دژبەیەكی هەیە. رووی ناوەخۆ وەك دەیبینین برێتییە لە داڕمانی ئابووری، لە كاركەوتنی دامەزراوەیلی یاسایی و لە بەرترازانی یەكەتیی ریزی لایەنەیلی سیاسی لە سەردەمێكی یەكجار بە هەست و كرژباردا، كە هەمووشی پێوەندیی بە نەكاراییی خۆمان لە سیاسەتڕانی و دەوڵەتڕانییەوە هەیە. رووەكەی تری كوردستان برێتییە لە ئاسۆیەكی دەم كەلی گەش، كە رەنگە زەردەی خۆرێكی لەم نێزیكانەی لێوە هەڵبێ و ئەمەیان پێوەندیی بە باری ناودەوڵەتیوە هەیە زیاتر، داخەكەم كورد هیچ نۆرێكی تێدا ناگێڕێ. نۆریشی تێدا بگێڕێ نۆرێك دەبێ پێچەوانەوەی رێژەن. كورد لە سەربەخۆییدا رووەتێكی هێندە كرێتی نیشان دا هەموو رۆژ بیڵێینەوە "ئای لە ژێردەستەییدا ئێمە چەند جوانتر بووین".
لە بارەی ناوەخۆوە من هیچ ناڵێم لە بەرئەوەی هەموو كەس لەوانەیە لە منی باشتر بجوێتەوە، لەبەرئەمە تەنیا سەراسۆییی ئەو رووداوەیلە دەكەین وا بە بەرەوە دێن و دەشێ ناوچەی رۆهەڵاتی ناوەڕاست سەرتاپێ هەڵتەكێننەوە و داڕێژنەوە. ئەم ناوچەیە لە سەردەمی سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا باراك ئۆبامادا بە گەلێك دژوەری ئاوس بوو، دەبێ وەك بڕیاری مێژوو لە سەردەمی سەرۆكی تازە دۆناڵد ترامپدا رزگاری ببێ و بەرەكەی خۆی دابنێ. راستینەی ئەو رێژیمانەی لە ناوچەكەدا كاران: سعوودیە و ئێران و توركیا لە هەشت ساڵی رابردوودا كەوتە روو. دەركەوت كۆمەڵە سیستەمێكی تەواو بە یەكتر بیانی و نامۆن هیچ ناوكۆیەكیان لە نێواندا نییە، كۆمەڵێك تەنگژە و شەڕی گەورەشیان لە عێراق و سووریا و یەمەن و تەنانەت لیبیادا نایەوە، كە زیانی سەری و ماڵیی ئەو تەنگژە و شەڕانە لە حسێب و كتێب نایەن. ئێستا دوای شەش ساڵ لەو تەنگژە و شەڕەیلە و دوای گۆڕانی بیركردنەوەی سیاسی لە ئەمەریكا بە هاتنی ترامپ، هەر سێ لایەنە ناوبردووەكەی سەرەوە دەیانەوێ بەرزەكی بانان لێی بچنە دەرەوە و باجە گەورەكەش بە گەلانی ناوچەكە بژمێرن، ئەمەش لە سیاسەتدا مەحاڵە وەك دیرۆك بۆمانی دەگێڕێتەوە.
لە ماوەی كەمتر لە مانگێكدا چتێكی ئەوتۆ لە سیاسەتی دۆناڵد ترامپ لە ئاست ئەم ناوچەیەی ئێمەدا دەرنەكەوت هەرچەندە بڕیاری (نابێ)كردنی هاتنی هاوڵاتییەلی حەوت وڵاتی زۆرینە موسڵمان بۆ ئەمەریكا، خۆی ئاماژكەیەكی بەسە بۆ ئەوەی بزانین داهاتوو چیی لە هەناوی خۆیدا بۆ ئێمە هەڵگرتووە. ئەو بڕیاری نابێیە نیشانەیەكە بۆ ئەوەی ترامپ دەیەوێ گەڕی گەورە لەم ناوچەیە بئاڵێنێ بە تایبەتیش لە دەسپێكدا لەوانەیە كۆماری ئیسلامیی ئێران بكات بە ئارمانج و نیشانی خۆی.
ترامپ لەو رۆژانەی پێشوودا لە وەڵامی سەرۆك حەسەن رۆحانێدا وتی "وا چاكە وریای خۆی بێت" بە واتەی ئەوەی سەردەمی هەڕەشە و گۆڕەشەی بۆش و بێ بنەوای كۆماری ئیسلامی لە ئاست ئەمەریكادا كاتی بە سەرچووە. هاوكات هەندێك سەرچاوە نیشانەیان بە جماندنی هێزی سەربازی لە ئەمەریكاوە بۆ ئاوەیلی ناوچەكە دا. پاڵەسوودانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە لایەن ئەمەریكاوە چ بە شەڕ چ بە هەڕەشە، سەرەتا بۆ كوردی باشوور باش دەشكێتەوە لەبەرئەوەی كۆمار، هەرێمی كوردستانی عێراقی داڕزاندووە. نەك تەنیا بۆ باشوور بگرە بۆ رۆهەڵاتی كوردستانیش باش دەشكێتەوە لەبەرئەوەی ناشێ سیستەمێكی دیكتاتۆری لە وڵاتی ئێراندا دوای سی و هەشت ساڵ هێشتا بە پتەوییەكەی جارانی مابێتەوە نەخوازە لە باری ئابووریدا. خۆش لە سیاسەتی ترامپدا ئەوەیە سیاسەتەكەی تەواو پێچەوانەی كاربگێڕیی ئۆبامایە. ئەوەی دوایی، واتە كاربگێڕیی ئۆباما ناوچەكەی ئێمەی هەشت ساڵ لە شەڕ و ئاژاوەیەكدا هەڵكێشا هەر بۆ ئەوەی هەلی فرۆتنەوەی چەك لەبارتر بلوێنێ بەڵام كاربگێڕیی ترامپ دەڵێ سوپای ئەمەریكا دێت بە پارەی خۆتان دەتانپارێزێ.
رەنگە "پاراستن بە پارەی خۆمان" بزنسێكی باشتر بێ بۆ ئەمەریكا لە بزنسی فرۆتنەوەی چەك. كۆگەش لەوانەیە دوای ئەو هەموو ساڵە لە چەكی كۆنە بەتاڵ بووبێتەوە. هەموو وڵاتەیلی ناوچەكە پێویستییان بە پاراستن هەیە لە هەڕەشەی یەكودوو. ترامپ لە زووەوە وتی ئیتر پاراستنی وڵاتەیلی كەنداو لە هەڕەشەی كۆماری ئیسلامی بە پارەی خۆیانە. بۆ عێراقیش هەر وای وت. لەم رۆژانەدا بە سەرۆك وەزیرانی جاپانیشی وت بە پارەی خۆتان لە هەڕەشەی كۆریای باكورتان دەپارێزین. ئەوەی ترامپ دەیڵێ و دەیەوێ بیكات راستیت دەوێ هەرچەندە پێچەوانەی سیاسەتی سەرۆكی رابردووە بەڵام تەواوكەریشە بۆی، كوردواتەنی بە بایە و بە بارانە لە بەفر كەم دەبێتەوە و هەر گەلانن دەبێ باج بژمێرن. تەنیا جیاوازییەك هەبێ لەوەدایە، بوونی ئەمەریكا بە كەڵەگایی لەم ناوچەیەی ئێمەدا، بوونی كەڵەگایە بەسەر كەڵەگایەكی ناوەخۆییوە و هەرنەبێ گەلان چێژێك لە دیمەنی كەڵەگا بەسەر كەڵەگاوە دەبینن و پشووێكیان دێتەوە بە بەردا.
لە رۆژی یەكەمی بانگەواشەی هەڵبژارنی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا لە پار ئەم كاتەوە، كێشەی سووریا چۆن یەكلایی دەبێتەوە و بەشار ئاخۆ دەڕوا یان دەمێنێ؟ بە هیچ جۆرێك بۆ دۆناڵد ترامپ گرینگ نەبوو. مانەوەی بەشار یان رۆیینی، لە كارنامەی سەرۆك ئۆبامادا هەبوو، بۆ ترامپ جیاوازییەكی نییە، تەنیا ئەوە هەیە لە ئاست كوردی رۆئاوادا بە لای زۆرەوە مامەڵەی ئەمەریكا وەك خۆی دەمێنێتەوە و رەنگە باشتریش ببێ. سەبارەت بەوەی پێناسە و پێوانەی ترامپ بۆ هەموو بابەتێك تازەیە و جودایە، دوور نییە لە ئاستی كوردی باكوریشدا هەڵوێستی ئەمەریكا بێتە گۆڕان و چی تر ئەو تێكۆشینە سیاسییە نەچێتە چوارچێوەی تیرۆرەوە.
هەرچەندە زووە وەك وتم تا بزانین كاربگێڕیی تازەی ئەمەریكا چ سیاسەتێك لە ئاست ئەم ناوچەیەدا نەخوازە لە ئاست دۆزی كوردستاندا دەگرێتە بەر بەڵام ئەو پیاوە لەبەرئەوەی لە پاشینەی بزنس و ماڵدارییەوە هاتووە، جێی چاوەڕوانییە سیاسەتەكەی ئەو باشتر بێ لە سیاسەتی دووڕوانە و بێ ویژدانانەی ئەهلی سیاسەت، كە نان بە خوێنی گەلانەوە مایەی ئەوپەڕی چێژ و خۆشییە بۆیان. ئەو مژدەیەی لە ئاسۆی دەم كەلەوە چاوەڕوانین زوو سەردەرێنێ ئەوەیە ترامپ، ئەو ماڵە رواڵەت پتەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران بهەژێنێ، كە بە دڵنیاییوە دەبێ بزانین وەك دەرسی مێژوو باسی دەكات كۆمار لە ناوەخۆدا ڕزیوە و تەنیا پاڵێكی دەرەكیی ماوە بیكەوێنێ. هەڵوەشانەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران، لە تەواوی ناوچەی رۆهەڵاتی ناوەڕاستدا بە دەر دەداتەوە نەخوازە لە دوو وڵاتە ئیسلامییەكەی تر: سعوودیە و توركیادا، بەمەش گرێكوێرە لە مێژینەكەی كوردستان دوای سەت ساڵ لە شەڕی یەكەمەوە خاو دەبێتەوە و داخی گران تەنیا ئەوەیە دیسان مێژووی كوردستان، بیانی و دەرەكی دەینووسنەوە هەرچەندە ئەمجارەیان رەنگە نووسینەوەیەك بێت بە گوێرەی دڵخوازی خۆمان.

بەدران ئەحمەد حەبیب