خنكاین لە بێدەنگیدا

PM:01:30:26/04/2017 ‌

تەنگژەی ناوەخۆ، فریای نەكەوین لە پلەی هەڕەشە نێزیكتر دەبێتەوە. جێی داخ و كەسەرە ئەگەر ئەوەشت بۆ دەركەوێ زۆربەی لایەنەیلی ئەو تەنگژەیە، لە چاوەڕوانی (چی دەبێ با ببێ)دا رۆنیشتوون و بیر لە داچۆڕانی گەورە گەورە ناكەنەوە، كە وەك بەركەوتی ئەم رۆنیشتنەی ئەوان بە دیار داهاتووی نەدیو و گومارەوە، رەنگە كاتیان هاتبێ. ئەگەر ئێمە بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای تەنگژەكە، واتە كۆبوونەوە بەدیۆمەكەی 23ی حوزەیرانی ساڵی 2015ی پەرلەمانی كوردستان و ئەو رووداوەیلەی بە دوایدا هاتن، ئەوەمان بۆ دەردەكەوێ، كە هەموو كێشەی كورد لە (یەكترنەناسین)ەوە دەست پێ دەكات. لە دیرۆكی كۆنیشدا هەر پرسی یەكترنەخوێندنەوە و منمنۆكی و بێباكی، ماكەی كارەساتی گەورە بوون. بەردەوام خۆیشی دووبارە دەكاتەوە و لێی دەرناچێ.
با لێرەدا پرسیارێك لەو چوار لایەنە بكەین: ئاخۆ ئێوە كیهەتان هێندە دێموكراسین تا بتوانن بە كۆبوونەوەیەكی پەرلەمان پارتی دەرپەڕێنن؟ بەڵام با لەوە گەڕێین و خۆمان بە دیار دەوركردنەوەی رابردووەوە گیر نەكەین و قسە لە داهاتوو بكەین. سیاسەتی لێهاتوو و لێزان ئەوەیە بە بەیانیدا دەڕوانێ نەك لە دوێنێدا گینگڵ بدات. لێرە، پێش ئەوەی رابردوو بە جێ بهێڵین ئەوەش دەڵێم ئەو چوار لایەنە كوردییەی ئەوبەر، كە هێندەش خۆیان بە رابردووەوە خەریكاندووە، یەكێتیی كەمێك لێ دەرچێ، ئەو سێیەكەی تر بایی سەری دەرزییەك پارتییان لە رابردوودا نەناسیوە.
ئەوەی دەینووسم وەك پارتییەك ناینووسم، بەرژەوەندیی پارتیشم رەچاو نەكردووە، داهاتووی كوردستان گەورتر و گرینگترە لە داهاتووی پارتی. بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین، بێ پارتی ئەم بارەی ئێستا بە رێوە ناچێ و بێ ئەویش لاری راست نابێتەوە. پارتی زۆرینەی دەنگی كوردستانی هێناوە لە هەموو هەڵبژارندێكدا، پارتی گەورەترین هێزی چەكداری هەیە، پارتی درێژترین مێژووی هەیە (70 ساڵە)، بارزانیی باوك تاجی سەری بزاوی سیاسی و چەكداریی كوردستان بوو لە ماوەی چل ساڵدا، دوای كۆچیشی، چەندانی تر لە كوڕ و نەوە سەركردایەتیی ئەو بزاوەیان كردووە لە پێشەوەیاندا سەرۆك مەسعوود بارزانی، كە سەركردەیەكی نەوەك و تاكانەیە لە سەركردایەتیی بزاوەكەدا و كەس جێی ناگرێتەوە. ئەو راستییانەی پێشەوە كێ هەیە نەیانزانێ لە چوار حزبەكەی ئەوبەر بترازێ؟ وەك وتم تەنیا یەكێتییە كەمێك ددان بەو راستییانە و بە نەوەكیی پارتیدا دەنێ، كە ئەویش سەرچاوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ تاقیكردنەوە و بۆ لێهاتووییی سەرۆك مام جەلال. بە نەخۆشیی ئەوانیش، چۆڵایییەك كەوتە گۆڕەپانی كوردستانەوە، سەركردایەتیی یەكێتی دەبوو ئەو رێچكەیە بەرنەدەن و ئەوەندە لە نێوان پارتی و سێ لایەنەكەی تردا لارەلار نەكەن.
بێینەوە سەر نەوەكی (بێنەزیری)ی زیاتری پارتی لە گۆڕەپانەكەدا. بەرەنگاربوونەوەی دەوڵەتی ئیسلامی، پارتی بوو كردی بە پلەی یەكەم. دیپلۆمیاسییەتی كوردستان، پارتی بە رێوەی دەبات، كە هەولێر ناوەندە و هەولێریش جگە لە پارتی كەس نییە تێیدا بكۆكێ. ئەوانەی دەیڵێم پێوەنان نین، ئەو راستییانەن سێ حزبەكە نایانزانن بە یەكێتیشەوە، هەرچەندە لەو جۆرە راستییانەشن، كە دەچەقنە چاوەوە. ئەگەر تا كۆبوونەوە بەدیۆمەكەی حوزەیران 23ش ئەو راستییەلەیان نەدەزانی، دەبوو دوای ئەوە بیزانن نەخاسمە لە پێوەدانی پەرلەمان و رێگەی هاتوچووی هەولێرەوە. لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا ئەو چوار لایەنە نەك هەر نەیانتوانی مووێك لە پارتی بكەنەوە بگرە خۆیان لە موو رووتانەوە. ئێستا كاتی ئەوە هاتووە هەر چوار لا رژدانە و بەرپرسانە بە خۆیاندا بچنەوە و هەوڵێك بدەن لەو چاڵەی تێی كەوتوون بێنە دەرەوە، كە بێگومان پارتیش لەگەڵیاندا لە چاڵدایە.
كورتەی قسە بە گوێرەی ئەوەی رووی داوە و ئەوەی هەیە، ئەو چوارە، چاریان ناچارە چەكی سپی بۆ یارتی ئیمزا بكەن. بەمەش سەركەوتن بە پلەی یەكەم بۆ خۆیان دەبەنەوە ئەوجا بۆ كوردستان. دەبوو لە پرسی ریفراندۆمدا بیرەبیر و دڵەڕاوكێ نەكەن، ئەو پرسە زیاتر دەیانڕووتێنێتەوە كاتێك تانەی لێ دەدەن. ریفراندۆم پرسێكی ژیرانەیە لەلایەنی پارتییەوە. مەبەست لێی هەرچییەك بێت هێزی بۆ كۆ دەكاتەوە. خاڵێكی تر لەو نەناسینە، كێشەی پەرلەمانە، كە چوار لایەنەكە نەخوازە بزووتنەوەی گۆڕان پرسی دكتۆر یوسفیان كرد بەو كەڵەپووشەی پشتی وشتر دەشكێنێ، عەرەب واتەنی. ئەو چوار لایەنە دەبێ لە پرسی درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكی هەرێمیشدا لارەملی بنوێنن نەك لاملی بكەن. بێتو ئاوەزێكی كارا لای ئەو چوارە هەبێت، دەمودەست و بێ دواكەوتن دەست لە هەموو مەرجێك بەردەدەن و گوێ لە مەرجی پارتی دەگرن، كە بەمەشەوە هەر ترازووی بردنەوە بە لای ئەواندا لار و لەنگ دەبێتەوە نەك بەلای پارتیدا.
هەرێمی كوردستان دەیان تەنگژەی گەورەی هەیە، فریا نەكەوین رەنگە زۆر دەسكەوت بدۆڕێن. هیچ لایەنێكی كوردی بایی ئەوە ئاگەدار نییە بزانێ ئاخۆ سیاسەتی ئەمەریكا و رووسیا، ئەم ناوچەی رۆهەڵات ناوەڕاستە بەرەو كوێ رادەماڵن. تەنانەت هیچ لایەنێكی هەرێمیش لەو بلەرزەیە نەگەییوە، كە بە گەیینی دۆناڵد ترامپ بە كورسیی سەرۆكایەتیی كۆچكی سپی و گەڕانەوەی رووسیا بۆ ناوچەكە، بە رێوەیە روو بدات.
خوێندنەوەی چوار حزبەكە رەنگە ئەوە بێ بە بڕانەوەی شەڕی داعش، باری پارتی لە ململانەی ناوەخۆدا لەڕ ببێ و بەرەوڕووی پرسیاری بێ وەڵام ببێتەوە نەخاسمە لە ئابووریدا، بەڵام دەبێ بزانن خۆیشیان لە شڕەوە شڕتر دەبن. بگرە بە پێچەوانەوە پارتی لە سایەی ئەو گشت خاڵە هێزینەیەی هەیەتی رەنگە بەرزەكی بانان بچێتە دەرەوە و ئەوان نەبان و نامۆتر بكەونەوە.
با كەمێك ویژدانیش كارا بكەین، كوردستان و ئەم گەلە ئەوە دەهێنن چوارەكە و پارتی، جارێكی تر بە دڵی پاك و سایی دانیشنەوە و مەرجیان نەبێ. مەرجیش هەبێ با لە پارتییەوە بێت و ئەوان گوێ شلكەر و جێبەجێكەر بن.  بەمەشەوە سوود هەر بەلای ئەواندا دەبێ بێتو ئاوەزی كارایان لە گەڕدا بێ. سەرۆكی پەرلەمانیان با نەوێ، وەزارەت و پۆستی تریان با نەوێ. با بەرپرسایەتیی داهاتوو بە جووتەبرا (پارتی و یەكێتی) بسپێرنەوە و خۆشیان لە پەرلەماندا دەست بە قسە بكەنەوە. كورد خنكا لەم بێدەنگییەدا. هەر خوا دەزانێت كوردستان لەم بارە لێڵ و وێڵەی ئێستای خۆیدا چەندی پێویست بە دەزگای یاسایی (پەرلەمان و حكوومەت و سەرۆكایەتی)ی پتەو و بنەوادار هەیە. بێتو وا نەكەن، لەم ئاخەلێوەی شەڕی داعشەدا ئێمە دەبێ باج بدەین لە جیاتی ئەوەی وەری بگرین. دانیشتنی هەموو لا وەك ئێستا بە دیار (چی دەبێ با ببێ)وە، تەنیا ناهەستی و بێباكییە.

بەدران ئەحمەد حەبیب