مخابن «کورد نییە لە ماڵ»

AM:10:52:11/05/2017 ‌

وتاری دیپلۆماسیی وڵاتەیل زۆر جار یان زۆربەی جار جودایە لەوەی بە زەویدا رادەبوورێ. نموونە: لەبارەی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردیوە، هەموو رۆئاوا کۆکە لە هێڵانەوەی نەخشەی وڵاتەیلی رۆهەڵاتی ناوین بێ دەست لێدان، بەڵام ئەوەی بە کردەکی دەیکەن پێچەوانەی وتارە دیپلۆماسییەکەیانە. هەرچی ناوەخۆی کوردستانە، بارێکی تەواو دژ و بەرەواژی ئەوەی سەرەوەی هەیە. وتاری ناوەخۆیی بەردەوام لە دەوڵەتی کوردی دەکوتێ، بە کردەوەش کارێکی تەواو پێچەوانەی تێدا رادەبوورێ. وتارێکە زیاتر رووی لە هەوایە نەک لە زەوی. لە زەویدا ئەوەی روو دەدات تێکدان و هەڵوەشاندنەوەی هەر بنەوایەکە، کە زووتر بۆ بەدیهاتنی ئەو خەونە دێرینە رەخسابوو یان رسکابوو. ئەوەش پرسێک نییە لەم ساڵەیلی دوایییەدا دەستی پێ کردبێ، بگرە لە ٩١ی سەتەی پێشووەوە هاتووە و بەردوام بووە.

ناتوانی تۆ سۆنگەی ئەو راستییە تاڵە بدەیتەوە پاڵ تاکە کەسێک یان تەنیا لایەنێک، ئەوە هەڵکەوتێکی گشتییە و هەموو لا ورد و بچووک تێیدا بەرپرس و بەشدارن هەرچەندە هیچی پێ ناوێ، کە سەری گەورەتر بەرپرسیارەتیی زلتر هەڵدەگرێ. ددان نەهێنانیش بە راستیدا، سبەیڕۆژ (مستقبل)ی ئەو بارە بەردەوامە زیاتر داوێتە بەردەم دووڕیانی هات و نەهاتەوە. هەرێمی کوردستانی باشوور رەنگە تاکە شوێنێک و تاکە مێژووێک بێت لە هەموو دنیادا هیچ داچوونەوە (مراجەعە)یەکی بە خۆیدا نەبێ، کە ئەوەش لەوانەیە زیاتر بەرەو رێی نەهاتەکەی رێبەدێیی بکات نەک هاتەکەی.

وەک لە بەرەوەشدا وتم هەرچی هەلومەرجی دەرەکییە وا رۆژبەڕۆژ باشتر دەسازێ، کوردەکە خۆیەتی، کە رۆڵ و نۆری پێچەوانە دەلیزێ و چەوت هەڵدەپەڕێ. کرژییەلی ئەم ناوچەی رۆهەڵاتی ناوەڕاستە رۆژ نییە پەل و پۆی تازەیان لێ نەبێتەوە.  دەبینین لەم رۆژانەدا سعوودی عەرەبیە و کۆماری ئیسلامیی ئێران کەوتوونەتەوە سیکارد لە یەکتر سووین. هەڕەشەی ئەمجارەیان لە لووتکەیەکی بەرزتردایە و پرسی سڕینەوەی یەکتریان هێناوەتە گۆڕێ. ئەو کرژییەلە بەدەر نین لە دەسوەردانی دەرەکی نەخاسمە ئەمەریکادا، کە بە هاتنی سەرۆکە تازەکەی، زیاتر لە ئەگەری بەگژداهاتنەوەی کۆمار نێزیک بووەتەوە. پاش چەند رۆژێکی تر سەرۆک ترامپ دەگاتە ریاز و سەرهەڵدانەوەی هەڕەشە لە ترۆپکی دەسەڵاتی سعوودیە لە ئاست ئێراندا بێ پێوەندی نابێ بەو هاتنەی ترامپەوە. هێشتنەوەی بەشار ئەسەدێکی ریوەڵە لە سەرۆکایەتیی سووریادا، کە زیاتر وەک لەیستکی دەستی رووسیا خۆی دەنوێنێ، گرامێک لە کێشی تاران لە ململانەی ریازدا گران ناکاتەوە. ئەوانە هەمووی نیشانەن بۆ زەردبوون و دەربوونی برینی کوردی لە خەونی بەدیهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆدا هەرچەندە کوردەکە بۆ خۆی وەک دەبینین بەرەواژی رێژەن (تیار) لێ دەخوڕێ.

کارایەکی تر لە زەردبوونی برینە کوردییەکەدا، هاروشێتبوونی سەرکۆماری تورکیایە لە سیاسەتی ناوەکی و دەرەکیدا، نەخەسەلا لە پازدەی تەمووزی پارەوە، کە سیناریۆی کرچ و کاڵی هەوڵی هەڵگێڕانەوەی سیستەمی دەسەڵاتەکەی کرد بە بیانووی بژارکردنی هەرچی کۆسپ و ناوبڕەیەکی پێش هەڵکشانی خۆی هەبوو بە پەیژەی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆریدا. لە شازدەی مانگی نیسانی بۆریشدا لە باری یاساییوە ئەردۆگان رێی تەواو بۆ تەخت بوو پاش ئەوەی لە راوەرگرتنێکی گشتیدا زۆرینەی وڵات دەنگی بە دەست پێدا هێنانەوە (تەعدیلات)ی دەستووری دا وێڕای ئەوەی لە پارەوە و لە باری کردەوەییوە رێی بۆ خۆی خۆش کردبوو بە گرتنی زیاتر لە ٤٥ هەزار و کاربەدەرکردنی زیاتر لە ١٢٥ هەزاری تری ناحەزدا. لەناو ئەوانەدا مامۆستای زانسگە و دادوەر و رۆژنامەنووس مشەن، کە ئەوەی پاشینیان، واتە گرتنی رۆژنامەنووس بەزاندنی هێڵی سوورە لە سیستەمی دێموکراسیدا و بە کورتی دەشێ بڵێین تورکیا لەو پێناسە چەواشەیەی بە ناوی دێموکراسیوە ساڵەیلی ساڵە لە رۆئاوای وەرگرتبوو، کەمێکی بۆ ماوەتەوە. ئێستا، لە ململانەی سووریادا، ئەمەریکا پێچەوانەی ویستی تورکیا مامەڵەی دۆست لەگەڵ لایەنی کوردیدا دەکات، کە ئەویش زیاتر بە دەست پارتی کرێکاران و پاشگرەکانیوەیە.
سەرکۆماری تورکیا پاش ئەوەی لە ساڵەیلی پێشیندا گەلێک کرژیی بۆ یەکەتیی ئەوروپا نایەوە، کە ئەو یەکەتییە لە ماوەی دوای شەڕی دووەمی دنیا بە دواوە، دەستەبەری رێژیمی ئەو وڵاتە بوو لە ئاست کێشەی کوردیدا، لانکەی مافەیلی مرۆڤ، کە ئەوەروپایە، بۆ کورد و دۆزەکەی کەڕ و کوێر بووبوو، ئیتر وردە وردە وا ئەو دەستەبەرییە دەدۆڕێ و رەنگە پاڵپشتییە سەربازییەکەشی، کە هەر لەو کەرتەیە و لە پەیمانی ناتۆوە دێت، ئەویش بەرەو لێژی مل بنێ. وەک دەبینین، ئەردۆگان خەریکی دەستەوارە (سەفقە)ی کڕینی چەکە لەگەڵ رووسیا و هەر لەگەڵ رووسیاشدا تەبایی بۆ ئاوربڕ و داکشاندنی کرژی لە سووریا بە فرەقۆڵی لەگەڵ ئێراندا دەبات بەڕێوە. ئەو جامبازییەی، تورکیا لە نێوان رووسیا و ئەمەریکادا دەیکات، بە ئەگەری زۆرەوە لەدەستدانی هەردوو لای لێ دەکەوێتەوە، ئەوەش بۆ خۆی لەپی ترازووەکە بۆ بەدیهاتنی خەونە کوردییەکەی لەمەڕ خۆمان بە ئەسپایی لار دەکاتەوە.

لە باشوورە بوچکەڵەی خۆیشماندا هەلومەرج فرەتر لە هەر شوێنێک گەییوە و بەدیهاتنی دەوڵەتە کوردییەکە وەک دەڵێن ئحمێکی ماوە، ئەوەی تەنیا کێشەیە لە پێشیدا باری ناوخۆیە، کە لە هەموو لاوە بەرەو داڕزان رۆییوە. نە داودەزگای یاسایی نە راپەڕاندن نە لووتکەی سەرۆکایەتی، هیچی لە شوێنی خۆیدا نەماوە وێڕای بارە ئابووری و کۆمەڵایەتییە شڕەکەی، کە بخوێنەوەی وتار باشتری لە من ئاگا لێیە. هەرچەندە چتێک نەماوە لە عێراقدا ناوی مەترسی بێ تاوەکو کورد لێی بپرینگێتەوە، بەڵام چتێکیش نییە، کە بەغدا لە ئاست کێشەی کوردیدا باکی هەبێ یان لێی بسڵەمێتەوە. چەند ساڵێکە بەردەوام گوێمان لە بەرپرسەیلی عێراقی دەبێتەوە تیز و گاڵتەی خۆیان بە هەڕەشەی جودابوونەوەی کوردستان دەکەن.

جاران لە کتێبەیلی مێژوودا، نەخوازەڵا ئەوانەی بە بەرامەی سیاسیوە لە دۆزی نیشتمانیی کوردستان دەدوان، دەیانوتەوە «بەڵێ ئەوە هەر هۆکە و لەمپەری دەرەکی بوون، کە بووبوونە پێشگری سەرهەڵدانی دەوڵەتی سەربەخۆ ئەگینا کوردەکە خۆی هیچ کێم و کاسییەکی نەبوو»، ئەوەش پێچەوانەکەی راست دەرچوو. مردین هێندە خەم لە داگیرکەر و ئیمپریالیزم و سایکس پیکۆ و سیڤەر و لۆزان و شەڕی چلدێران بخۆین، کە دەرکەوت گشتی مژ و بووڵێڵە و دومان و تەمەلوول بوون ئێمە خۆمان کردبوومان بە بیانكە و بناشتی سەرزار لە پێناو شاردنەوەی بێ زاخیدا. لە ساڵی ١٩٩١ەوە تا ئەم دوایانەش، وتاری خاپینۆکی ناوەخۆیی، هەر ئەوەی دەیجاوییەوە، گوایە هاتووەتە سەر وڵاتێکی وێران و لە ساجی عەلییەوە دەستی بە ئاوەدانکرنەوە و هەڵنانی بناخەی سەربەخۆیی کردووە. ئەمەشیان هەر وا نەبوو، بگرە پێچەوانە دژەکەی راست بوو. لە ٩١دا بەرەی کوردستانی هاتە سەر بناخەیەکی پۆڵاین، کە لە دەوڵەتی عێراقەوە بۆی مابووەوە. لە هەموو بوارێکی ژیانی شارستانیدا: پەروەراندن، خوێندن، دروستی، دادگە، شارەوانی، پۆلیسی هاتوچۆ، یاسا و سیستەمی کردەوەکێڵی و بەخێوکردنی ماڵات، بناخەیەکی هەراو و کشتەک لە هەموو رووێکەوە، هەزاران بگرە دەیان هەزار لێهاتوویی و پسپۆڕی دەیانبرد بەڕێوە، هەموو لە هەمووی، لە سیری هەتا پیوازی، دەسەڵاتی کوردستان هەڵی وەشاندەوە و بەڕێی کردە ماڵەوە. لە جێی کادری شارستان و خوێندەواردا، نەزان و دنیانەدیتەی کرد بە جێگرەوە تا رادەی ئاوڕووچوون. دەیان پلەی بەرزی سوپایی نەک هەر بە هیچ وەرزین و پەروەرین و خوێندنێکدا رانەبووریون، بگرە هەر نازانن ناوی خۆیشیان بنووسن یان ئیمزای وەرگرتنی مووچەکانیان بکەن.

جارێکی تریش لێرەدا فرەپاتەی دەکەمەوە، دەوڵەتە کوردییەکە لە پشتی دەرگاوە لێمان وەستاوە و هەر ماوە زەنگوڵەی دەرگاکە لێ بدات، مخابن «کورد نییە لە ماڵ» لێی بکاتەوە.

بەدران ئەحمەد حەبیب