به‌دران ئه‌حمه‌د حه‌بیب
ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی داوا ده‌كا خه‌ڵك به نا ده‌نگ به ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی بده‌ن نیشانه‌ی كاره‌ساتێكه ئه‌م هه‌رێمه‌ی ئێمه‌ی پێدا راده‌بوورێ. كاره‌ساته‌كه‌ش زایه‌ی كاره‌ساتێكی له خۆی گه‌ورتره ئه‌ویش نه‌مانی كۆكی و ته‌بایییه له نێوان لایه‌نه‌یلی سیاسی‌دا. نه‌مانی كۆكی و ته‌باییش زایه‌ی كاره‌ساتێكی گه‌ورتره تۆ خۆت ده‌توانی بیدۆزیته‌وه چییه. وه‌ك چیڕۆكه‌كه‌ی شیر دا بۆ داپیر دا، زۆری ده‌وێ تا ئه‌و هه‌موو ئاڵۆزییه یه‌ك به‌ناو یه‌كه‌دا ده‌بنه‌وه و هیچیشی پێ ناوێ كه 45 رۆژ لێره‌وه تا رۆژی ده‌نگدانه‌كه، به‌شی كردنه‌وه‌ی یه‌ك ئاڵۆزیش ناكات چی به جێی هه‌مووی.
له‌به‌رئه‌وه ده‌بێ ئێمه چاوه‌ڕوانی سیناریۆی جیاواز بین. خۆشترین و ساناترین سیناریۆش سیناریۆی سه‌ركه‌وتنی ریفراندۆم و راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیییه بێ هیچ ئاخ و ئۆفێك وه‌ك هه‌ندێك كه‌س له راگه‌یاندنه‌وه پێشانی ده‌ده‌ن. سیناریۆی هه‌ره نه‌خوازه‌نیش ئه‌وه‌یه ناكۆكیی ناوه‌خۆیی سه‌ر بكێشێته‌وه بۆ ترازانی یه‌كجاره‌كی و پاشان توندتیژی و پێكدادان به تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر دیار نه‌بێ ئاخۆ یه‌كێتی تا بنكوت له‌گه‌ڵ پارتیدا به‌و گه‌رمی و گوڕییه‌ی له‌م رۆژانه‌دا ده‌یبینین، ده‌مێنێته‌وه یانه‌خۆ لێره‌وه تا ئه‌و ده‌م له شوێنێكدا لێی با ده‌ده‌اته‌وه، كه پاڵه‌ستۆش ورده ورده زۆر ده‌بن بۆ ئه‌و بادانه‌وه‌یه. روون و به‌دییه له دوای كه‌وتنی مام جه‌لاله‌وه، یه‌كگرتوویی و راسته‌ڕۆیی له‌ناو سه‌كردایه‌تیی یه‌كێتیدا زۆر كه‌م هاتووه‌ته دیتن.
ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه هه‌ر بۆچوونی من نییه، بۆچوونی خه‌ڵكی له من شاره‌زاتریشه. له‌و رۆژانه‌دا پرسیاری ئه‌و باره ناپه‌ڕژایه‌م له كاربه‌ده‌ستێكی نێزیك به سه‌رچاوه‌ی بڕیار كرد له وه‌ڵامدا وتی "یان دێت یان ده‌ڕوات"، به‌ڵام له نێوانی دێت و ده‌ڕوات یان ئه‌و ده‌رچوون و تێچوونه پڕ له مه‌ترسییه‌دا سیناریۆی تریش هه‌ن ده‌شێ باسی هه‌ندێكیان بكه‌ین. مافی خۆیشمانه باسیان بكه‌ین، من یه‌كبه‌باری خۆم نڤیشكی ته‌مه‌نم له‌ناو ئه‌و بزاوه نیشتمانییه‌دا به‌سه‌ر بردووه و ئه‌وه‌نده‌م تاقیكردنه‌وه بینیوه رواڵه‌تییانه نه‌ڕوانم به پێشهاتێكی وادا.
سیناریۆیه‌كی تر ئه‌وه‌یه ده‌نگی به‌ڵێ له ریفرانۆمه‌كه‌دا بدۆِڕێنێ یان به جیاوازییه‌كی كه‌مه‌وه بیباته‌وه. ئه‌و نسكۆیه‌ش فره له‌گوێنه له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی سیاسیی خه‌ڵك پێوه‌ندیی به باری ئابووریی وانه‌وه هه‌یه نه‌ك نیشتمانپه‌روه‌رییان. ته‌نیا چه‌ند حه‌وتووێك ماوه بۆ 25ی ئه‌یلوول و هیچ هێمایه‌ك نایه‌ته دیتن نیشانه بێ كه حكوومه‌ت له پرسی مووچه‌دا كه‌مێك خۆی بخورێنێ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بۆ خافڵاندنیش بێ. راستییه‌كی جیاوازی هه‌ڵنه‌گر ئه‌وه‌یه خه‌ڵك به گشتی نه‌خاسمه چینه‌یلی ژێره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه له روانگه‌ی گرانیی بژێوییه‌وه ده‌ڕوانن به دنیادا و مافی خۆیشیانه وا بن با كه‌س له‌مباره‌یه‌وه سكاڵای لێیان نه‌بێ.
سیناریۆیه‌كی تر، هاتنه‌پێشه‌وه‌ی سوپای عێراقه له‌و ناوچه‌یله‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی داعشدا كه‌وتنه‌وه سه‌ر هه‌رێم. ئه‌و ناوچه‌یله هیچ گومانێك نییه زه‌ویی كوردستانن به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌پێی ماده‌ی 140 یه‌كلایی نه‌بوونه‌ته‌وه، عێراق ده‌شێ ئه‌و پڕكێشییه بكات. وێڕای ئه‌وه ئێمه هه‌ڵوێستمان له هیچ سه‌ركرده‌وه‌یه‌كی عێراقیوه نه‌بینیوه به ئه‌رێنێ له‌و ریفراندۆمه‌ی له‌مه‌ڕ ئێمه‌وه دوابێ ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌شیان به نێزیك بۆ كوردستان دێنه ژمار بۆ نموونه ئه‌یاد عه‌لاوی. هاتنه‌پێشه‌وه‌ی سوپای عێراق ئه‌گه‌ر بۆ یه‌ك كیلۆمه‌تریش بێت رووه‌و به‌ره‌ی پێشمه‌رگه‌دا، ئه‌گه‌ری هه‌ڵئایسانه‌وه‌ی شه‌ڕێكی سه‌رتاسه‌ری له‌و نێوانه‌دا ده‌كاته‌وه. دیاریش نییه هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریكا بۆ ئه‌وه چی ده‌بێ.
بێگومان ناشێ ئێمه له پرسێكی وا گه‌وره‌دا "واته ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی" چاوه‌ڕوانی هیچ ئه‌رێنییه‌ك بین له توركیاوه. عێراق ئه‌گه‌ر خۆی لاواز بووبێت و ئێمه‌ش وامان دانابێ نه‌توانێ له ئاست ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ی ئێمه‌دا هیچ پاڵه‌ستۆیه‌ك بنوێنێ، ده‌بێ ئاوڕێك له دیرۆكی سیاسیی خۆمان بده‌ینه‌وه. به‌یه‌كگه‌یینی شای ئێران و سه‌دام حوسێن له جه‌زائیر ساڵی 1975 بۆ نموونه. كێشه ئه‌وه‌یه هه‌ڵوێستی كۆمه‌ڵگه‌ی ناوده‌وڵه‌تی روون نییه. زۆریش له‌وه ده‌چێ هه‌ڵوێستێك بێت به باری نه‌رێنیدا.
قسه‌یه‌كی سێرگێی لاڤرۆڤ له‌و چه‌ند رۆژه‌ی پێشوودا گرینگ بوو، وتی كورد هه‌رچه‌نده مافی خۆیشیانه ئه‌وه بكه‌ن به‌ڵام ده‌بێ باری ناوده‌وڵه‌تییان ره‌چاو كردبێ. مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه ره‌نگه باره ناوده‌وڵه‌تییه‌كه پێوانه‌یی نه‌بێ بۆ هه‌نگاوێكی وا زل و گرده‌بڕ.
ئه‌گه‌ر ئێمه قسه‌كه‌ی لاڤرۆڤ، كه دیپلۆمات و پیاوێكی جه‌ربه‌زه‌یه له سیاسه‌تی ناوده‌وڵه‌تیدا و له هیچ پێچ و كۆڵانێكی دنیا به تایبه‌ت رۆهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا سه‌ری لێ ناشێوێ، بكه‌ین به بنه‌وا ده‌توانین بڵێین، له‌باره‌ی راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردیوه ئه‌و كرژییه‌ی جاران له سیاسه‌تی ناوده‌وڵه‌تیدا هه‌بوو ئێسته نه‌ماوه، كێشه‌كه زیاتر له دانانه‌وه‌ی كاتدایه. كات دانانه‌وه‌ش له رۆهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا وه‌ك جاران نییه مرۆڤ به دیاریه‌وه له پێناو گه‌یین به ده‌سكه‌وتێكی ته‌نانه‌ت بچو‌وكدا كه‌زیی سپی بهۆنێته‌وه وه‌ك له كورده‌واریدا ده‌یانوت. له‌و چه‌ند ساڵه‌ی رابردوودا بینیمان گۆڕانكاری له‌م ناوچه‌یه‌دا چه‌نده فره و چه‌نده به له‌ز و به‌زیشن. له‌به‌رئه‌وه ده‌شێ گه‌لی كوردستان له‌وه سڵ نه‌كاته‌وه پڕۆژه‌یه‌كی وا گه‌وره‌ی چاره‌نووسییانه بۆ چه‌ند مانگێك دواكه‌وێنێ له‌پێناو هه‌لومه‌رجێكی له‌بارتردا.
ئه‌گه‌ر بچینه‌وه سه‌ره‌تای ئه‌م نووسینه و كه‌مێك له ناكۆكیی ناوه‌خۆ بدوێینه‌وه، تێ ده‌گه‌ین وا ئاسان نییه هه‌ر به ده‌ست پێكردنه‌وه‌ی كاری په‌رله‌مان، كرژیی به‌رده‌م كرده‌وه‌ی ریفراندۆم خاو بكه‌ینه‌وه. به پێچه‌وانه‌وه، به دوور نایه‌ته دیتن كێشه‌ی تریش له زنجیره كێشه‌ی "شیر دا بۆ داپیر دا" سه‌رهه‌ڵبده‌ن ئه‌گه‌ر بێت‌و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ك ده‌ڵێ سوورم "له‌و شوێنه ده‌ست پێ بكاته‌وه په‌رله‌مانی تێدا وه‌ستا بوو له 23ی حوزه‌یرانی 2015دا". یان بیر له سیناریۆی بادانه‌وه‌ی یه‌كێتی له گۆڕان و فتكردنی له سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌ماندا بهێنینه به‌رچاوی خۆمان.
كێشه‌ی نێوان پارتی و گۆڕان له‌و دوو ساڵه‌دا ئه‌وه‌نده‌ی به بن داوه‌ته‌وه ئاسان نه‌بێ بۆ چاره‌سه‌ر. وه‌ك ده‌بینین، راگه‌یاندنی هه‌ڵمه‌تێك بۆ (نه‌خێر) له كوردستاندا، ناڕاسته‌وخۆ له گۆڕانه‌وه، له كوێش؟ له سلێمانیی بنكه‌ی سه‌ره‌كیی یه‌كێتیدا، نیشانه‌ی ئاڵۆزبوونێكی زیاتر و لێڵییه‌كی چڕتره به دیمه‌نه‌كه‌وه، كه بێگومان عێراق نۆری خۆی تێدا گێڕاوه و وه‌ك ده‌بینین به ناوی ئه‌مه‌ریكاشه‌وه قسه ده‌كه‌ن. ئه‌مانه به‌سه‌ر یه‌كه‌وه مژده‌ی باش ناده‌ن به هیچ ئاسۆیه‌كی چاوه‌ڕوانی له‌و ریفراندۆمه به ته‌مایه‌دا.
به كورتی، سه‌نگڵانه‌وه و هێوربوونه‌وه‌یه‌ك له‌م ده‌م و ساته‌دا، وه‌ك پێویستییه‌كی كه‌س لێ هه‌ڵنه‌هاتوو (لامفر منه) وایه و گه‌ڕانه‌وه بۆ هۆش داوایه‌كه ده‌بێ گوێی لێ بێته گرتن. روودانی هه‌ر یه‌كێك له‌و سیناریۆگه‌له‌ی سه‌ره‌وه، جگه له سیناریۆی یه‌كه‌م، هه‌مووی مل له سیكارد سووینه. من له‌وانه نیم داوای نه‌ترسی و بنه‌وای "یا دێت یا ده‌ڕوات" له خه‌ڵك ده‌كه‌ن. من له‌و ریفراندۆمه ده‌ترسم له‌به‌رئه‌وه‌ی كوردواته‌نی "ئه‌وه‌ی بترسێ ناخه‌لسێ".