دەوڵەتێک پێچەوانەی دەوروبەر

AM:09:36:28/09/2017 ‌
بەدران ئەحمەد حەبیب

ریفراندۆمی ٢٥ی ئەم مانگە رووداوێکی رچەشکێن بوو لە مێژوودا بەوەی نەک هەر ڕێگەی کردەوە بۆ جیابوونەوەی کوردستان لە عێراق، بەڵکو ڕێگەی کردەوە بۆ زۆر لە گەلانی تر کە ماوەیەکی درێژە نۆرەیان گرتووە بۆ جیابوونەوە بەڵام (تابوو)ی گۆڕینی نەخشەی جوگرافیا بووە بە کۆسپ لە ڕێگەیاندا. دنیا خۆی پڕە لە ئاڵۆزیی ناودەوڵەتی و ململانەی نێوان گەلان بە هۆی هەزار بەندوباوەوە، لەبەرئەوە کۆمەڵگەی ناودەوڵەتی کە خۆی لە نەتەوەیلی یەکگرتوودا پێشان داوە، تا بۆی لوابێ کۆسپی هێناوەتە بەر هەوڵ و ڕکەی جیابوونەوە(وە). لە دواییهاتنی شەڕی دووەمی دنیاوە چەند نموونەیەکی کەم هەیە لە بواری لەتبوونی وڵاتاندا، یەکێکیان بە زەبری هێزی دەسوەردانی تورک لە قوبرسدا ١٩٧٤ و دووەمیان بە زەبری هێزی دەسوەردانی رووس لە قرمدا ٢٠١٤ کە هەردووکیان تەنگژەی گەورەیان لە پێوەندیی ناودەوڵەتیدا نایەوە. نموونەیەکی تر لە شکاندنی تابووی سنوور، چەند وڵاتێکی رۆهەڵاتی ئەوروپایە لە ١٩٩٠ بەدواوە واتە لە هەڵوەشانەوەی یەکەتیی سۆڤیەتەوە وەک چیکۆسڵۆڤاکیا و یۆگۆسڵاڤیا کە هەندێکیان تووشاری شەڕی تۆوبڕینەوەش هاتن لە پرۆسێسی جیابوونەوەیاندا.

نموونەی یەکگرتنی وڵاتان و گەلان لە ماوەی دوای شەڕی دووەمی دنیاوە باسێکی دەگمەنە ئەگەر یەکەتیی ئەوروپای لێ دەربکەی کە ئەویش لە جیابوونەوەی بریتانیاوە لە ٢٠١٦ کەوتووەتە بەر هەڕەشەی هەڵوەشانەوە(وە). نموونەیەکی ریوەڵەی یەکگرتنەوە، باسی هەردوو یەمەنەکەیە کە دواجار سەری هەردوولای خوارد لە ململانەیەکی خوێناویدا. هەردوو کۆریا خەونێکی ترە لە یەکگرتنەوەدا کە دوور نییە یەکێکیان ئەوی تریان بخاتە ژێر ئاوەوە. گەلان بەرەو جیابوونەوە دەڕۆن نەک یەکەتی، دوور نییە ریفراندۆمی کوردستان رێگە بکاتەوە بۆ جیابوونەوەیەک لە ئیسپانیا و یەکێکی تر لە ئیتاڵیا و یەکێکی تریش لە بریتانیا کە دوای ریفراندۆمی برێگزت جارێکی تر سکۆتڵەندا کێچ کەوتووەتەوە کەوڵی. لەو سەرگەیەوە دەشێ بڵێین کوردستان وەک چۆن نموونەیەکی گەورەی بندەستی بوو لە مێژووی نوێدا، لێرە بەدواوە دەبێت بە نموونەیەکی گەورەی سەربەستیش. گەلان رەنگە ترسیان بشکێ و کۆمەڵگەی ناودەوڵەتیش چیتر وەک پۆلیسی پاراستنی نەخشە مامەڵەی کەمینەی چەوساوە و بێماف نەکات.

لەو پێشەکییەوە دەتوانین بگەینە ئەو متمانەیەی، ئەگەربێو ئێستا سەرۆک مەسعوود بارزانی دەوڵەت رابگەینێ هیچ کێشەیەکی بۆ نەیەتە پێش. ئێمەی کورد گەلێکی زێڵک ڕژاوی مێژووین، وا دەزانین ئێستاش ساڵی ١٩٨٨ە تۆومان ببڕنەوە و هیچمان لەدەست نەیەت. جارێ بەرلەوەی باسی گۆڕانی باری ناوەخۆ بکەین، با باسێکی ئەو هێزەیلە بکەین هەڕەشە بوون بۆ هەموو خەون و خەیاڵێکی کوردی. لە پێشەوەیاندا سووریا و عێراق وا هەڵوەشانەوە. کوردی ئێمە لە ١٩٩١ەوە تۆزێک گرینگیی بە رێکخستن و چەکدارکردنی پێشمەرگە بدایە و ئەو شڕییەی پێوە نەهێشتایە ئێستا دەیتوانی بە شەو و ڕۆژێک بەغدات بۆ بگرێ. کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە پشتەوە نەبێ، بەغدا ناتوانێ باری هەولێر ببات. تورکیا بەدەست کۆلکە مەلایەکەوە بووە بە خاوەنی هەزار و یەک کێشەی ناودەوڵەتی و هەرێمایەتی. کوردی باکور وەک جەماوەرێکی تەپەسەری ماڵوێران چاوەڕوانی یەکەمین لەنگینی باری ئەردۆگانن بۆ ئەوەی لەتێکی گەورە لە وڵاتەکەی بکەنەوە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە یەمەن و لبنان و سووریادا ئەوەندەی پەل و پۆ بڵاوکردووەتەوە بووە بە هێزێکی بنفشی ماندوو. لە رێککەوتنی ناوکەییی ٢٠١٥ەوە ئێران لە بەردەم هەڕەشەی ئیسڕائیلدایە. ئێستاش وا لە بەردەم هەڕەشەی هاوپەیمانییەکەی سعوودیەدا کە هەموو سونەی عەرەب و ناعەرەبی گرتووەتە خۆ و لە هاتنی دۆناڵد ترامپەوە بۆ کۆچکی سپی لە واشنتن، چەک و پێویستیی شەڕی بۆ کۆدەکەنەوە وێڕای گەمارۆی ئابووری کە پەکی وڵاتەکەی خستووه. هەرچی کوردستانی خۆمانە بووە بە خاوەنی پێگەیەک: نەوتی هەیە بۆ فرۆتن، باژێڕێکە بۆ کەلوپەل، هێزێکی چەکدارییە و تاد. 

ئەو هێزەیلەی لە رابردوودا کوردیان دەترساند لەوەی بچووکترین هەنگاو بنێ بە رێگەی سەربەخۆییدا وەک دەبینین پلکاون بە دەردی خۆیانەوە، تەنانەت من هەست دەکەم ئەوان ئێستا هەترەشیان لە کورد چووبێ. ماڵی تورک و ماڵی فارس کەلاوەیەکی وێرانە و تەقینەوەیەک لە ناوەخۆدا هەردەم جێی چاوەنۆڕییە.

کوردەبۆرەی ئێمە لە شەڕی بەڕووداهاتنەوەی دەوڵەتی ئیسلامیدا گرەوێکی وای بردەوە و جوامێرییەکی وای نواند دنیا کوڕنۆی بۆ ببات. ئەمڕۆ کوردستان تاکە نموونەی گەشاوەی دنیای ئیسلامە کە مانگ نابات ئەو ئیسلامە بایی و نرخی خۆی لەبەردەم دنیای پێشکەوتووی رۆئاوادا چەندان جار دانەبەزێنێ تا گەیاندی بەوەی ترامپ بە یاسا رێی سەردانی ئەمەریکایان لێ بگرێت. هەر کردەوەیەکی تیرۆریستانە کە ئیسلام لە شوێنێکی دنیادا دەیکات بستێک سەری کورد بەرزتر دەکاتەوە و دەیپاڵێوێ بۆ سەربەخۆیی و دەوڵەتداری. لێرەدا دەشێ ئەوە بۆ کورد بێتە تۆمارکردن کە لووتی ئیسلامی ملهوڕی لاجڵەوی هاری مێشک گەنیوی بۆ هەتا هەتایە بەردایەوە. ئەوە رێژیمی بەشار ئەسەد و حکوومەتی حەیدەر عەبادی نین خاوەنی شکاندنی ئەفسانەی داعش، ئەوە کوردەبۆرەی ئێمەسە لە مەندەلیوە تا عهفرین بڕبڕەی پشتی ئەو مێژووە.

تۆ پێت وایە دنیای دەسڕۆییو کە لە پێنج هێزە زلەکەی ناو جڤاتی تەناهیی ناودەوڵەتی و چەند وڵاتێکی تردا خۆی دەبینینێتەوە ئەوە نەزانێ کە بەشار ئەسەد بوو لە دوای کەوتنی سەدام حوسێنەوە لە ٢٠٠٣ تا رۆژی راپەڕینی گەلی سووریا لە بەهاری ٢٠١١دا ڕۆژانە تیرۆریستیی ئیسلامیی ڕژاندە ناو عێراقەوە؟ یان پێت وایە دنیا نازانێ تیرۆریزمی ئیسلامی بە پارەی سعوودیە و وڵاتەیلی تری کەنداو پێ گەییوە؟ ئاخۆ دنیا نازانێ سەرکۆماری تورکیا هەرچی تیرۆریستی دنیا هەیە بەرەو سووریا و عێراقی رێبەدێیی کردن؟ یان ئەوە نازانێ نووری مالیکیی سەروەزیرانی عێراق لە ٢٠١٤دا کە یەکە پیاوی کۆماری ئیسلامیشە سێیەکی زەویی عێراقی بە پارەی بانک و چەکی سوپاوە بەدەستەوە دان و دوو هەزار تیرۆریستی لە ٢٠١٣دا لە بەندینخانەی تاجی و ئەبووغرێب بۆ بەرهەڵدان بۆ ئەوەی پاش ساڵێک باوەکر بەغدایی لە مووسڵ دەوڵەتە تڕنەکەی ئیسلامی پێ رابگەیەنێ؟ خۆ دنیا لە پشت بەردی کەڕ نییە کاکە ئاگای لەو هەموو سەربردەیە نەبێ.

سەرکۆماری تورکیا تاکە قسەیەکی جوانی لەم رۆژانەدا کردبێ ئەوەیە وتی (تەنیا ئسڕائیل ددان بە سەربەخۆییی کوردستاندا دەنێ). کوردستان گوێی لە من بگرتایە چاوەڕوانی هیچ پاڵپشتییەک نەدەبوو لە دنیای ئیسلامەوە، دنیای ئیسلام پاڵپشتیشت بکات بۆ ئەوە دەیکا لە ئاست هەڵکشانی شیعایەتی و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بەکارت بهێنێ. سەرلەبەر دنیای دەسڕۆییو کوردی هەرچوار پارچەی لە شەڕی داعشدا بینی و تێ گەیی ئەوە تاکە گەلێکە لە دنیای ئیسلامدا بیەوێ رەگەزێکی ئەرێنی بێ لە کۆمەڵگەی ناودەوڵەتیدا. با عەرەب و تورک و فارس هەر ئەوە بڵێنەوە (کوردستانێکی سەربەخۆ لە عێراقدا ئیسڕائیلێکی ترە بۆ خۆی). خوای دەکرد لە سێ بەشەکەی تریشدا سێ ئیسڕائیل لەدایک دەبوون بۆ ئەوەی کورد نەک تەنیا وەک سنووری سیاسی، بەڵکو وەک سنووری مێشک و هزریش لەو دنیا بۆگەن و سەرەنوێڵک ئاسایەی ئێوە جیا دەبووەوە و دەبوو بە دەوڵەتێک پێچەوانەی گشت دەوروبەر.