سەربەخۆیی لە پشت دەرگاوە وەستاوە

AM:10:16:05/10/2017 ‌
بەدران ئەحمەد حەبیب

کوردستانی باشوور لە ریفراندۆمی سەربەخۆییدا ڕۆژی ٢٥ی مانگی رابردوو، سەرکەوتنێکی وا مەزنی بەدەست هێنا ناحەزیش نەتوانێ لێی کەم بکاتەوە. رادەی بەشداری و ژمارەی دەنگی (ئەرێ) یەکجار بڵند بوون. حکوومەتی عێراق تا تەواوبوونی پرۆسێسەکە و دەرکەوتنی ئەنجامی دەنگدانیش، دەستی بۆ ئاخاوتن و کاری کرێت نەبرد. وا دیارە پشتی بە ناڕیزیی ناوەخۆی هەرێم بەستبوو بەو هیوایەی هەندێک ناوچە پایدۆز لە دەنگداندا دەکەن یان شەپڕێوی و شڵەژان لە باری تەناهیی هەندێک ناوچەدا روو دەدەن و کردەوەکە بە نیوەچڵی دەبڕێتەوە. سەروەزیران حەیدەر عەبادی چەند جارێک پاتەی کردەوە گوایە لە بارێکی واهیدا ئەو بە هێزی چەکداری عێراقەوە دەست لە هەرێمی کوردستان وەر دەدات.

ئەوە خاڵێک. خاڵێکی تر لەو هیستیریا کتوپڕەی حەیدەر عەبادی گرتوویەتی و رەنگە تا هەڵبژاردنی گشتیی داهاتوو لە عێراقدا بەری نەدات دەگەڕێتەوە بۆ هەڵوێستی نەرێنیی ئەمەریکا لە ئاست جیابوونەوەی کوردستاندا. نەک هەر ئەمەریکا، دەرکەوت هیچ وڵاتێکی تریش (ئیسڕائیل نەبێ) بە ئاشکرا هەڵوێستی خۆی بۆ لایەنگرتنی جیابوونەوەی کوردستانی باشوور لە عێراق، دەرنابڕێ. ئەمەش دەبێ ئاسایی لەلایەن ئێمەوە بێتە وەرگرتن لە سۆنگەی ئەوەی جیابوونەوە پرسێکی هەستەوەر و ئاڵۆزە. لە ئاست ریفراندۆمەکەی کەتەلانیشدا هەڵوێستی یەکەتیی ئەوروپا ئەرێنی نییە لەبەرئەوەی دەستووری ئیسپانیا  رێگەی پێ نادا و دادگەی دەستووریی وڵاتەکە ئەو ریفراندۆمەی نابێ (واتە  قەدەغە) کردووە هەرچەندە بەکارهاتنی توندوتیژی لەلایەن پۆلیسی ئیسپانیاوە، برۆکسلی هاوێشتووەتە هەڵوێستی (گلەییش نەبێ) سەغڵەتییەوە. لێرەوە دەگەینە جێ مەبەستی خۆمان لەم نووسینەدا.

راستە دادگەی دەستووری لە عێراقیش و لە ئیسپانیاشدا پرسی ریفراندۆمی بە نایاسایی داناوە، راستە لە دەستووری هیچ وڵاتێکدا پرسی ریفراندۆم وەک ماف بۆ هیچ گرووپ و کۆمەڵەیەک نەهاتووەتە دابینکردن لەبەرئەوەی وڵات (هەموو وڵاتێک) لەسەر بنەمای یەکگرتن و فرەوانبوونی داهاتوو دادەمەزرێ نەک هەڵوەشانەوە و لەتبوون، بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا ریفراندۆم بەشێکە لە ناوەڕۆکی دێمۆکراسی. خەڵکی کەتەلان ئیسپانیا تۆمەتبار دەکەن بە لرفدانی سەروەت و سامانی هەرێمەکەیان کە هەرێمێکی دەوڵەمەندترە لە ئیسپانیا خۆی. هەرێمی کوردستانی عێراقیش هەزار تۆمەت دەداتە پاڵ عێراق لەبەرئەوەی لە ئاست مافکەوتنی هەرێمەکەدا خۆی لە جێبەجێکردنی دەستوور دزیوەتەوە، بۆ نموونە لە پرسی چەکدارکردنی پێشمەرگە و یەکلاکردنەوەی ناوچەیلی کێشەداردا. لێرەوە دەردەکەوێ ریفراندۆم چەند مافێکی دەستووری نییە هێندەش مافێکی دەستوورییە. هەڵوێستی وڵاتان لەو نێوانەدا لەرزۆکە. وەک دەبینین ئەمەریکا و بەریتانیا و فەرەنسا وێڕای نەتەوەیلی یەکگرتوو دوو حەوتوو پێش ٢٥ی مانگی رابردوو سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان کرد و پێشنیازی هەوڵی ناودەوڵەتییان بۆ چارەسەری کێشەی هەولێر و بەغدا خستە بەردەم لە برێتیی دواخستنی ریفراندۆمەکە بۆ دوو ساڵ. ئەو پێشنیازە خۆی بۆ خۆی ددان هێنانە بە لادانی بەغدا لە دەستوور و خۆدزینەوە لە جێبەجێکردنی ئەو مافکەوت (ئیستیحقاق)انەی بۆ کوردستان زۆر گرینگن و دەیان ساڵ لە پێناویاندا کۆشاوە و چاوەڕوان بووە.

دەمێنێتەوە لێرە بەدواوە چاوەڕوانی چی بین؟

هەرێمی کوردستان باش دەکات بێدەنگی هەڵدەبژێری لە ئاست ئەو هەرزەکارییانەی حەیدەر عەبادی دەیانکات. ئەو پیاوە دەستی بە کەینوبەین لەگەڵ ئێران و تورکیادا کردووە بۆ پاڵەپەستۆدانی هەرێمی کوردستان لە رووی ئابووری و رایەڵی دەرەکییەوە، هەروها هەڕەشەی سەربازی لە بارێکدا ئەگەر دەوڵەت هاتە راگەیاندن. سەرەتا بە هێرشی راگەیاندن و دوای ئەوە بڕینی هێڵی هاتوچۆی ئاسمانیی کوردستان لەگەڵ دەرەوەدا دەستی پێ کرد. داوای وەرگرتنی ئەو چەند دەرچە ئابوورییە دەکات کە هەرێمی کوردستان بە تورکیا و ئێران دەبەستنەوە. سەرکۆماری تورکیا هەلی قۆستووەتەوە و هەڕەشەی گرتنەوەی حەنەفیی نەوتی کرد. کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستی بە خۆبادان و مانۆر کردووە لە ناوچەیلی سەرسنووری هەرێمی کوردستاندا.  بێگومان گلەیی لە تورکیا و ئێران بە پلەی سەرەکی نایەتە کردن، رووی گلەییمان لە عێراقە کە هێشتا کوردستان بەشدارە لە دەسەڵاتی یاسادانان و راپەڕاندنی بەغدا و پێشمەرگە بەشدارە لە شەڕی داعشدا.

بێدەنگیی کوردستان لە ئاست هەموو ئەو کرێتییەدا، بێدەنگییەکە لە هۆش و ئاوەزێکی مەندەوە دێ. دەبێ ئێمە چاوەڕوان بین چ دەسپێشکەری و کرێتییەک لەوانەوە سادیر دەبێ. راگەیاندنی کوردستان هێوری هەڵبژێرێ چاترە لەو بۆڵەبۆل و هەڕەشە بێ بنەوایانەی دەیانکات. وردە وردە وا دەنگی ئەرێنی لە بەغداوە سەرهەڵدەدەن. ئەیاد عەلاوی پێشنیازێکی بەجێی کردووە دەڵێ هەردوولا واتە هەولێر و بەغدا بێ مەرجی پێشینە بگەڕێنەوە بۆ دایەلۆگ. داوا دەکات تیمێکی سەر بە نەتەوەیلی یەکگرتووش لەو دایەلۆگ و دانوستاندنانەدا بەشداری بکەن. عەلاوی دەڵێ بارزانیی لاریی نەبووە لەو پێشنیازەدا. ئەوە هەنگاوێکی گەورەیە لە پێشوەچوونی ململانەی کوردستان لەگەڵ عێراقدا کە هیچی پێ ناوێ باشتر وایە ئاشتییانە ببڕێتەوە. بارزانی دەسکەگوڵی خۆی بە بردنەوەی دەنگی ئەرێ لە ریفراندۆمدا بردەوە و ئەوە ماوەتەوە پرسی سەربەخۆیی ئاشتییانە یان کرژییانە لەگەڵ عێراقدا یەکلا ببێتەوە. هیچ کرژییەک لە کوردستانەوە سوود بە ئامانجە سەرەکییەکەی ناگەیەنێ و هەموو کرژییەکیش لەلایەنی دەرەکییەوە سوود بە ئامانجەکەی کوردستان دەگەیەنێ. بڕینی فڕینی ئاسمانی لە نێوان کوردستان و دەرەوەدا هەڵەیەک بوو دەبێ حەیدەر عەبادی باجەکەی بۆ بەرژەوەندیی سەربەخۆییی کوردستان ببژێرێ. عەبدوڵڵا گول سەرکۆماری پێشووی تورکیا بەو گشت ئاخاوتنە هەرزەکارانەیەی ئەردۆگان ناڕەحەت بووە و دەڵێ ئەو ئاخاوتنانە هەستی کوردی باکور بریندار دەکەن. راست دەکات، ئەو ئاخاوتن و کردەوە نابەجێیانەی لە رۆژانی پێشوودا لە سەروەزیرانی عێراقیشەوە دەرکەوتن، هەستی کوردی باشووریان بریندار کرد. ئەوەی مەیلێکیشی هەبوو بۆ ژیانەوە لەگەڵیاندا، نەیما. 

بڕیاری سەربەخۆیی کە گەلی کوردستان لە ریفراندۆمی ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوودا دای، بڕیارێکی دووماهییە و پرسێک نییە بۆ مامەڵە و دانوستاندن یان هەڵوەشاندنەوە وەک سەروەزیرانی عێراق داوای دەکات. ئەو داوایە بەڵگەیە بۆ ئەوەی ئەو کابرایە تێ نەگەییوە چی رووی داوە. سەروەزیرانی ئیسپانیا ژیر بوو، هەموو هەوڵێکی دا ریفراندۆمەکە سەر نەگرێ. نێزیکەی چواریەکی بنکەیلی دەنگدانی تێک دا، سەتان هاووڵاتیی بە تێڵا و گولەی پلاستیکیی دەستی پۆلیسەوە بریندار کرد. ئەو دەیزانی دەنگدان سەربکەوێ، کار لە کار دەترازێ و جیابوونەوە دەبێت بە بارێکی سەپاو (ئەمری واقیع). سەرۆکی کەتەلان دوای ئەوەی گورزی خۆی وەشاند، وتی پرسی جیابوونەوە دەخەمە بەردەمی پەرلەمانی هەرێم بۆ بەجێگەیاندنی کارەڕای پێویست. لێرەوە ساتێکی مێژوویی لە کوردستان و لە کەتەلان دەستی پێ کرد و سەربەخۆیی لە پشت دەرگاوە وەستا، بەڵام دیار نییە چ رۆژ و ساتێک لە زەنگوڵەی دەرگا دەدات و تۆیش را دەکەی لێی دەکەیتەوە.