با هەر گەشبین بین

AM:09:15:25/10/2017 ‌
بەدران ئەحمەد حەبیب

گرتنی کەرکووک و دوای ئەو، خانەقین و شنگال و چەندان شوێنی تری بندەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن سوپای عێراق و جمەی جەماوەریی شیعە لە ١٦ی ئەم مانگەوە، ئەگەر ریفراندۆمی ٢٥ی مانگی ئەیلوولیش رووی نەدایە رەنگ بوو ئەوان هەر روو بدەن لەبەرئەوەی دوای چەند رۆژێک لەو رووداوەیلە دەرکەوت ئەمەریکا چارەنووسی کوردستانی بە رازیکردنی سەروەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی گۆڕیوەتەوە لەپێناو بەستنی چەند گرێبەندێکی ئابووری لەگەڵ سعوودیەدا و بەمەش راکێشانی بەغدا بە لای ئەو بەرەیەی لە کاتی هاتنی سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپەوە بۆ ریاز، لە ئایاری رابردووی ئەمساڵ لە هەمبەر کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، کردوویانەتەوە.

دەڵاڵی مامەڵەی گۆڕینەوەی کوردستان بە راکێشانی حەیدەر عەبادی بۆ لای سعوودیە، واتە ریکس تیلەرسنی وەزیری دەرەکیی ئەمەریکا، دەبێ هەر زوو بۆی دەرکەوتبێ ئاسنی ساردی لەو دەڵاڵییەدا کوتاوە لەبەرئەوەی حەیدەر عەبادی لە پرسی وەدەرنانی میلیشیای سەر بە ئێران لە خاکی عێراقدا کە تیلەرسن داوای کردبوو، بە نەرێیەکی بنەبڕ وەڵامی دایەوە. ئەوەش جارێکی تر دەری خستەوە کەوا ئەو کابرایە واتە تیلەرسن کابرایەکی کات بەفیڕۆدەرە وەک پێشتر سەرۆک ترامپ لە کێشەی کۆریای باکوردا وای ناو بردبوو. بەڵام بۆچی ئێمەی کورد ئەوەندە بە دوای هۆی دەرەکی لە چیڕۆکی خۆماندا دەگەڕێین؟ دوو لایەنە کوردییەکەی لەمەڕ خۆمان هەر لە سەرەتاوە ئەم کێشە پیرۆزەی خۆمانیان کرد بە بەشێک لە ململانەی مەزەوی لە ناوچەی رۆهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەگەر یەکێک لەو دووە دەستی قاسم سولەیمانیی شەو و رۆژ بە هەرێمی کوردستاندا نەگێڕایە، ئەوەی رووی دا لەوانەبوو روو نەدا با تیلەرسنیش بیویستایە، یان هەر نەبێ بەو شێوە کارەساتاوی و ئابڕووبەرانەیە رووی نەدایە. جووتیار واتەنی: هێڵی لاری جووت، گاپیر لێی بەرپرسە.

لایەنێکی تر سونەی عەرەبە هەر لەوەیانەوە وەک گا لە هەولێر پاڵی داوەتەوە و ساڵەیلی ساڵە بە دەم لەوەڕەوە دەبۆڕێنێ و کوردستان دەکات بە گۆڕەپانی ململانە هەتا ئەوەیان لە ریاز لەسەر تەختی شایەتیدا خەو دەیباتەوە، ئەویش وەک تیلەرسن درەنگ لە تەوەزەلیی خۆی بە ئاگا دێتەوە و تێ دەگا بە دۆڕانی لایەنی کوردی لە کەرکووکدا چ زیانێکی بەر کەوتووە. بەڵام ئێمە بەوەندەش لە هاوەڵەتیی سونەی عەرەب دەربچین دەبێ خۆمان بە براوە بژمێرین ئەگەر تاقیکردنەوەی راپەڕینی سووریە لەبەرچاو بگرین کە حەوت ساڵە گەلی ئەو وڵاتەیان کرد بە پەندی مێژوو.

با واز لە زیانی ئەم و ئەو بێنین و بێینە سەر زیانی خۆماڵی، لە خۆماڵییەکەشدا باس لە زیانی سەرکردایەتی لە هەردوو بەرەکەدا نەکەین لەبەرئەوەی دوور نییە ئەوان خۆیان بە براوە بزانن و ناشلوێ ئێمە لە بارێکی وادا جەویان لێ تێک بدەین. کورد لە کوردستانی عێراقدا بەو زیانە کاتییانەی بە گرتنی کەرکووک و شوێنانی تر لە لایەن سوپای (دەشێ بڵێین داگیرکەرەوە بۆ پشتیوانی لە کاک کۆسرەت) لێی دەکەون، ناچێتە دواوە. ٢٦ ساڵ لە ژیانی سەربەخۆییدا بۆ گەلێک، بەسە بۆ ئەوەی ئەو گەلە نەیەتەوە داگیرکردن. هەرێمی کوردستان لە هەموو رووێکەوە بێتو لەگەڵ بەشەیلی تری عێراقدا بێتە بەراورد، یەکجار پێشکەوتووە و دەسەڵاتێک لەو شوێنە دواکەوتووەی خۆیەوە هاتبێ ناتوانێ هیچی بەسەردا بسەپێنێتەوە. ئەوە نەما دەسەڵاتی عێراق، کورد لە شار دەرپەڕێنێ و رووبەڕووبوونەوە ببات بۆ سەفین و قەندیل. وێنەی ئەو لاوەی لە کەرکووک ئاڵای عێراقی هێنایە خوارەوە نیشانەیە بۆ سەرەتای جۆرێکی تر لە خەبات. 

هۆی ئەو قسەیەم ئەوەیە دەسەڵات لە بەغدا نایشارێتەوە کەوا نەخشەیەکی بە دەستەوەیە دەیەوێ سیستەمی فیدراڵی لە عێراق هەڵوەشێنێتەوە. دەسپێکی ئەو نەخشەیەش لە ئاخاوتنێکی نووری مالیکیدا دەرکەوت کە وتی "ئێمە لەگەڵ یەکێتی و ئەوانی تر لە سلێمانیدا رێک کەوتووین ناوچەکەیان بکەین بە ناوچەیەکی سەربەخۆ تا لەمەولا هیچ پێوەندییان بە هەولێرەوە نەمێنێ”. چەند هەواڵێکی لابەلایش دەکەونە گوێ دەڵێ بەغدا هانی وڵاتانی داوە کونسوڵگەی خۆیان لە هەولێر بکێشنەوە. بە دووریش نایەتە دیتن گەڕی ئاسمانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و دەرەوەدا لەم باری زاڵییەی بەغدا بەسەر هەڵوێست، تا ماوەیەک جێی چاوەڕوانی نەبێتەوە. ئەو لیستی زیانەی کەوا باسی دەکەین تەنیا بۆ ئەوە باشە، بێ ناوەڕۆکیی لایەنە کوردییەکەی خۆی بەدەستی ئێرانەوە داوە دەر بکەوێ ئەگینا ئەو خەیاڵەی بەغدا لە ئاست کوردستاندا هەیەتی خەیاڵێکی پووچە و لە زڕەخەویشدا نایەتە بەدیهاتن. راستیشت دەوێ ئەو خەیاڵە زیاتر برێتییە لە لنگەلەرزەی ترس و تۆقینی کۆماری ئیسلامی لەو زەبرەی لەگەڵ تەواوبوونی شەڕی سووریەدا، لەلایەن ئەمەریکاوە رەنگە تێی بسرەوێ.

لە دوای چەپاوی سوپای عێراقەوە بۆ کوردستان نەخاسمە بەو شێوە دڕندایەتییەی لە تووزخورماتوودا کردی، ئەگەر پێشتر بیرکردنەوە لە ریفراندۆم بۆ یەکسانیی کورد و عەرەب لە چوارچێوەی عێراقی چ فیدراڵی چ کۆنفیدراڵیدا بووبێ، لێرە بە دواوە، سەربەخۆیی تاکە یەک واتە دەگەیەنێ ئەویش قەبووڵنەکردنی ژیانی هاوبەشە لەگەڵ عەرەبدا. لەبەرئەوە بە ئەگەری فرەوە، ئەو بارەی کرژییەی لە نێوان بەغدا و هەولێردا لە سۆنگەی کەوتنەوە بنەدەستی کەرکووک و شوێنانی تر بەوان هاتووەتە گۆڕێ، بارێکە هەر بە نیوەچڵی و کاتی دەمێنێتەوە.

هاتنی ریکس تیلەرسن بۆ بەغدا بۆ هاندانی دەست پێکردنی دانوستاندن لەگەڵ هەولێردا، وێڕای هاندانی وڵاتانی تری وەک فرەنسا و رووسیا بۆ بەجێهێڵانی گۆڕەپانی کرژی و رووکردنە لابیانی دانیشتن، زۆر زوو دەری دەخات بەغدا نیازی دانوستاندن یان دداننان بە یەکسانیی نێوان ئێمە و ئەوانی نییە لەم وڵاتەدا و ئەمەش دنیای دەرەکی ناچار دەکاتەوە بە مافی جیابوونەوەی تەواو ددان بە کوردستاندا بنێ، لەبەرئەوە با ئێمە هەر گەشبین بین.