بۆچی پارتی هەر پێشەنگ دەمێنێتەوە؟

پارتی دیموكراتی كوردستان كە بناغەكەی لەسەر دەستی باوكی رۆحی كورد مستەفا بارزانی دانراوە و ئاڤا كراوە، بە كۆمەڵێك بەرنامە و پلانی ستراتیجی  كوردپەوەرانە و نیشتمانپەوەریی بنیات نراوە. هاوكات داكۆكیكردن و بەرگریی لە دۆزی كورد و سازش نەكردن لەسەر مافە ڕەوا نەتەوەییەكان و هەڵوێستی نەگۆڕیی بە درێژایی مێژوو لە ڕووی نەتەوەییەوە، وایكردووە هەمیشە جێی باوەر بێت، جگە لەو باوەڕە دیموكراسی و ئازادییانەی بە كردەوە كاری لەسەر كردووە لە حوكمڕانیدا و كوردستانی كردووەتە نموونەی جوانی پێكەوەژیان و ئاشتی و سەقامگیریی.

پارتی بە رابەرایەتیی سەرۆك بارزانی، ئەندازیاری پرۆسەی حوكمڕانی و بە دامەزراوەییكردنی كوردستانە، هەردەم كاری كردووە بۆ ئەوەی گەل و نیشتمانەكەی لە گشت روویەكەوە بەرەوپێشەوە ببات و بە كردەوەیش ئەوە ڕاستییانەی سەلماندووە، هەر ئەوەیە وایكردووە لە ھەڵبژاردنەكانی رابردوودا وەك پارتێكی بەھێز لە ھەڵبژادنەكاندا بەشدار بووە و بووەتە جێی متمانەی زۆرینەی خەڵكی كوردستان و زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانی مسۆگەر كردووە.

هۆكاری سەرەكیش بۆ خۆ بە خاوەنزانین و راستگۆیی و هەموو ئەو بەرپرسیاریەتییانە دەگەڕێتەوە، كە لە ماوەی رابردوو و ئێستەیش جیای دەكاتەوە لە هێز و لایەنەكانی تر، وەك دەبینین لە هەر كێشە و قەیرانێكدا هەموو خۆیان لە بەرپرسیارێتی دەدزنەوە، بەڵام پارتی هەمیشە بەرپرسیارانە كێشە و سەركەوتنەكانیش دەگرێتە ئەستۆ، ئەمە جگە لە شەڕە دیموكراسییەكان وەك چەسپاندنی مادە دەستوورییەكانی عێراق تایبەت بە مافی گەلەكەمان، بۆیە پێویستە لە هەڵبژاردندا بە وریایی مامەڵە بكەین و جارێكی تر لەپێناو زیاتر بەهێزبوونی پارتی كە بەهێزبوونی گەلی كوردستانە، وابكەین پارتی وەك هێزی یەكەم بمێنێتەوە.

پارتی ئەو هێزە جێ متمانەیەی كورد و كوردستانە كە هیچ كات بە دروشمی بریقەداری بێ‌ كردەوە، ئەندام و لایەنگر و جەماوەر سەرقاڵ ناكات، بۆ ئەوەی بەشێوەی كاتی دەنگ كۆ بكاتەوە، بەڵكو لە هەموو كاتێكدا بەگوێرەی واقیع كار دەكات و دروشم هەڵدەگرێت، بە كردەوەیش دەركەوتووە هەركات پێویست بووبێت، لە سەنگەری پێشەوەی داكۆكیكردن بووە لە مافەكانی گەل و نیشتمانەكەی، ئەوە وایكردووە هەردەم لە ئاست متمانەی خەڵك و جەماوەرەكەیدا بێت.

ئەوەی بە لای پارتی و سەركردایەتییەكەوە گرنگە، پرسی خاك و نیشتمان و شكۆ و ئیرادەی گەلە، بەتایبەت ئەگەر هەڵوەستە لەسەر پرسی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بكەین، هەڵوێستی  ئەو قوتابخانەیە لە هەموو قۆناغەكاندا بە باشی دێتە بەرچاو.

لە هەموو قۆناغە سەخت و دژوارەكاندا خاوەن هەڵوێستی نیشتمانی و نەتەوەیی بووە


پارتی دیموكراتی كوردستان بە درێژایی مێژووەكەی، قوتابخانەی كردار بووە نەك گوتەی بریقەدار و بێ‌ ناوەڕۆك، لەگەڵ گەلەكەی ڕاستگۆ بووە، لە هەموو قۆناغە سەخت و دژوارەكاندا خاوەن هەڵوێستی نیشتمانی و نەتەوەیی بووە، هەردەم ویستوویەتی كورد و كوردستان هاوشێوەی گەل و نەتەوەكانی دنیا و زیاتریش گەشەسەندوو و خۆشگوزەران بن، چونكە ئەم حزبە لە ناخی جەماوەرێكی تێكۆشەر و قارەمانەوە هەڵقوڵاوە، هەردەم پشتئەستووریشە بەو جەماوەرە و ئەوانیش وەفادارانە هەرگیز ململانێی ناوخۆ و كێشە نەتەوەییەكان تێكەڵ ناكەن، واتە جەماوەر ئەگەر رەخنەیشی هەبێت لە ناوخۆ، بەڵام لە بابەتی چارەنووسسازدا متمانەی هەر بە پارتییە و وەك لایەنی بەرپرسیار هەڵیبژێرێ.


بە دڵنیاییەوە هەموو ئەو هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرانەی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ڕابەرایەتیی سەرۆك بارزانی، وا دەكات حزبەكەی تاقانە و پێشەنگی كوردستان بێت لەسەر ئاستی عێراقیش، بۆ ئێمەی كوردیش كە هێشتا زۆر ململانێ و ئامانجمان ماوە، دەبێ هەر پارتی بكەینە حزبی براوە، ئەوكات دڵنیا دەبین هەرێمەكەمان لە دەستێكی ئەمیندایە.

ئەگەر تەنیا هەڵوەستە لەسەر سێ‌ دەیەی حوكمڕانی و كردەوەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بكەین، بۆ ئەو پێشكەوتن و بووژانەوانەی لە كوردستان ڕوویان داوە، ئەو پێگە بەهێزەی هەرێم لە ئاستی دیپلۆماسیدا، دەبێت بڵێین پارتی شایانی ئەوەیە هەردەم پێشەنگ بێت.