كابینەی نۆیەم خەونی ئیدارەی سەربەخۆ، چاكسازی و پڕۆژەی ستراتیجی و كردار

بڕیاردان لە ئیدارەی سەربەخۆ بۆ دەڤەرەكانی سۆران و زاخۆ، بڕیارێكی زۆرباش و گونجاو و بوێرانە بوو،  دەستكەوتێكی ستراتیج و گرنگە بۆ كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی  مەسروور بارزانی، دەبێتە هەنگاوێكی زۆرباش بۆ گەشەسەندنی ئابووری و كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و تا سیاسیش لەو سنوورەدا، پێشكەوتن و بەجێگەیاندنی بەڵێن و جێبەجێكردنی كار و بەرنامە لە پێناو كوردستانێكی بەهێزتر و گەشەسەندووتر .

كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسروور بارزانی، لە بارودۆخێكی پڕ گرفت دەستی بە كارەكانی كرد، لە دۆخێكدا كە خەڵك چاوەڕوانییەكی زۆری ھەیە، لەم كابینەیەدا توانرا سەرەڕای ئاستەنگە سیاسی، تەندروستی و ئابوورییەكان، یاسای چاكسازی بباتە قۆناغی جێبەجێكردنەوە، بەرهەمی ئەم یاسایە دەبێتە هۆی بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ مووچەخۆران، فەرمانبەران و خانەنشینان، هەروەها یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە، لە داهاتووشدا هەنگاو بۆ چاكسازی لە سێكتەرەكانی تریش دەنێت. 

كابینەی نۆیەم دواجار سەركەوتوو بوون بەسەر بەربەستە سیاسییەكانی بەردەم جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی و گشت وەزارەتەكانی حكوومەت، سەرقاڵی جێبەجێكردنی ئەو رێكارانەن كە دەبێ بەپێی مادەكانی یاساكە جێبەجێی بكەن. پەرلەمانتاران ئەمە بە دەستكەوتی گەورەی كابینەی نۆیەم دەزانن كە لە ماوەی یەك ساڵی تەمەنیدا، ئەو هەنگاوە گەورەیەی لە بواری چاكسازیدا ناوە. رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و چاكسازیی گشتگیر، كارنامەی سەرەكیی كابینەی نۆیەمن و لە بواری مووچە و رێكخستنەوەی دەرماڵە و خانەنشینی، یاساكە لە قۆناغی جێبەجێكردندایه، بەتایبەت چاكسازی و پاكسازی لە داهات و خاڵە سنوورییەكان، سێكتەرەكانی تریش هەنگاو بە هەنگاو چوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە  . 

مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی كوردستان كە كابینەی نۆیەمی پێكھێناوە، تا بەبێ‌ جیاوازی خزمەتی كوردستانیان بكات، گشت تواناكانی خستووەتەگەڕ لە بەرژەوەندیی رێكخستنەوەی كاری حكوومەت و دامەزراوە گشتییەكان، گەشبینییەكی زۆریشی بۆ خەڵك دروست كردووە. كابینەی نۆ كارنامەیەكی دەوڵەمەند و ژمارەیەك پلانی گەورە و ستراتیج لە پێناو كوردستانێكی بەهێزتر، گشت هەوڵەكانی بەكردەوە خراونەتەگەڕ بۆ جێبەجێكردنی ئەو كارنامەیە، ھەنگاوە كردەنییەكانی لە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵی رابردوو و سووربوون بۆ جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانە، ئاماژەیەكی روونن بۆ ئاسۆیەكی گەشی كوردستان لە گشت سێكتەرەكانی ژیان كە دەكرێ ئاماژەیان پێ بكرێت .

یەكەم، بەرنامەی چاكسازی و پاكسازی لە گشت سێكتەرەكانی ئیدارە و بەڕێوەبردن لە پێناو نەهێشتنی رۆتین، ئاسانكاری و خزمەتكردن و بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكی كوردستان .

دووەم، گرنگیدان بە كەرتی كارەبا و نەهێشتنی زیادەڕۆیی، لە پێناو باشتركردنی ئەو پێداویستە سەرەكییە لە ڕێی پلانی ورد و ژیرانەوە .

سێیەم، جێبەجێكردنی پلان و بەرنامەی تایبەت لە بواری پێشخستنی كەرتی پیشەسازیی گشت بوارەكانی ئابووری و بەرهەمهێنان، لە پێناو گرنگیدان بە بەرهەمی ناوخۆیی و  ئابووری سەربەخۆ، دانانی چەندان پڕۆژەی ستراتیجی و گرنگ كە لە ماوەیەكی كورتدا بەرهەم و ئەنجامەكانی ئاشكرا دەبن .

چوارەم، شۆڕكردنەوەی دەسەڵات بۆ پارێزگاكان، لە پێناو باشتر خزمەتكردنی هاووڵاتییانی دەڤەرەكان و لە چوارچێوەی حكوومەتی كوردستان، بەشێوەیەكی سەربەخۆ و ئاسانكاریی زیاتر لە گشت بوارەكاندا .

ئیدارەی سەربەخۆ، یەكێكی تر لە دەستكەوتە ستراتیجی و گرنگەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی كوردستانە


پێنجەم، ئیدارەی سەربەخۆ، یەكێكی تر لە دەستكەوتە ستراتیجی و گرنگەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی كوردستانە بۆ چەند ناوچەیەكی ستراتیجیی كوردستان، لە پێناو گەیاندنی خزمەتی زۆر بۆ خەڵكی دەڤەرەكان و بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ ناوەندی پارێزگاكان، ئەوەش پێشاندەری متمانە بەخشینی حكوومەتی كوردستانە بۆ زیاتر لامەركەزییەت و ئاسانكاریی زیاتر .

شەشەم، چەسپاندنی یاسای نەوت و غاز بە یەكێك لەو دەستكەوتە ستراتیج و گرنگانەی كابینەی نۆیەمی هەژمار دەكرێت كە كوردستانی لە رووی فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەكان و ئابووری، سەربەخۆ كرد، ئەوەش هەرێمی كوردستان لە گوشار و گەمارۆ داراییانەی كە ساڵانێكی زۆرە دەسەڵاتدارانی عێراق، دژ بە گەلی كورد جێبەجێ دەكەن، بێ‌ نیاز دەكات، بەتایبەت كە پشتیوانییە نێودەوڵەتییەكان و سیاسەت و دیپلۆماسیی كوردستان، پشتیوانی ئەو مافە رەوایانەی كوردستانیان كرد .

حكوومەتی كوردستان هەر لە سەرەتاوە بە ئامانجی خزمەتكردنی بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان و حكوومەتی هاووڵاتی و خزمەتكاری خەڵكی كوردستان، دەستی بە كۆمەڵێك پڕۆژەی گرنگ و ستراتیجی لەلایەك و لەلایەكی تریش پێدانی دەسەڵات بە پارێزگاكان و دەسەڵاتی لامەركەزی، لە پێناو ئاسانكاری بۆ خزمەتكردنی كوردستانیان، هەروەها بڕیاردان لەسەر دوو ئیدارەی سەربەخۆ لە زاخۆ و سۆران، ئاماژەیەكی روون و ئاشكرای هەموو هەنگاوە كردەنییەكانی حكوومەتی كوردستانە لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی كورد و كوردستان .